سوننەکان شەڕی خۆیان دەبەنە ناو ماڵەکەی بارزانییەوە
2020-11-03 19:22:44
راپۆرت: درەو
هەوڵی کۆتایهێنان بە هەژموونی محەمەد حەلبوسی، سەری ئوسامە نوجێفی وەکو سەرکردەیەکی دیاری سوننەکان کرد بەناو ماڵەکەی بارزانی و شیعەکاندا، نزیکەی حەوت مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، لەناو پێکهاتەی سوننەدا شەڕ لەسەر کورسی سەرۆکی پەرلەمان دەستی پێکردووە، ماڵی سوننە لە عێراق هێشتا ماڵێکی شێواو و لێکترازاوە، نوجێفی بەرەیەکی دژی حەلبوسی دروستکردووەو
نوجێفی لە ماڵی بارزانی
دوێنێ سەرکردەکانی هاوپەیمانی بەرەی عێراقی سەردانی هەولێریان کردو چاویان بە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت.
بەرەی عێراقی هاوپەیمانێتییەکەی نوێی سوننەکانی عێراقە کە بەقسەی خۆیان (٣٥) ئەندامی پەرلەمانی عێراقیان لەگەڵدایەو ئوسامە نوجێفی سەرۆکایەتی دەکات.
سایتی "بارەگای بارزانی" کە بەردەوام هەواڵی چالاکییەکانی مەسعود بارزانی بڵاودەکاتەوە، هەواڵی سەردانی سەرکردەکانی بەرەی عێراقی بۆلای بارزانی بڵاو نەکردەوە.
بەڵام میدیایەکی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەکەوە باسی لەوەکرد، لەو دیدارەدا سەرکردەکانی بەرەی عێراقی داوایان لە بارزانی کردووە پاڵپشتییان بکات بۆ دورخستنەوە محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بەقسەی سەرچاوەکە، بارزانی بەمەرجێک رازی بووە پاڵپشتییان بکات، کە محەمەد حەلبوسی و بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار پێکەوە لە پۆستەکانیان دوربخرێنەوە.
راستی ئەم قسەوباسانە تائێستا بەتەواوەتی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام لە بەیاننامەی هاوپەیمانی عێراقدا سەبارەت بە دیدارەکەی بارزانی باسلەوەکراوە" هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی هەڵگرتنی هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ چاکسازیکردن لە پرۆسەی سیاسی"و هەردوولا بەڵێنیانداوە بەردەوامی بدەن بە گفتوگۆکانیان لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە".
نوجێفی تەنیا سەردانی بارزانی نەکرد، دوای گەڕانەوەی لە هەولێر چاوی بە عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە کەوتووەو دەیەوێت سەرکردەی لایەنە شیعەکانی تریش ببینێت.
لە عێراقی دوای سەددامدا بووە بە نەریت سێ پۆستە سەرۆکایەتییەکە بەمشێوەیە لەنێوان پێکهاتەکاندا دابەشکراوە:
٭ پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە
٭ پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد
٭ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە
بۆیە هەرکاتێک لەناو یەکێک لەو پێکهاتانەدا کێشە لەسەر پۆستێک دروست دەبێت، پەنا بۆ یەکتری دەبەن.
هەرچۆنێک بێت ئەگەر رێککەوتنێکیش کرابێت بۆ دورخستنەوەی حەلبوسی و بەرهەم ساڵح لە پۆستەکانیان، ئەم رێککەونە دەبێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و بۆ خولی داهاتووی حکومەت و پەرلەمان بێت، چونکە لە ئێستادا محەمەد حەلبوسی و بەرهەم ساڵح خۆیان لە کۆتایی دەسەڵاتەکانیان نزیکدەبنەوە، بەتایبەتی ئەگەر مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە بچێت.
هاوپەیمانی بۆ خستنی حەلبوسی
٢٥ی مانگی رابردوو، ئوسامە نوجێفی کە یەکێکە لە کارەکتەرە سیاسییە دیارەکانی پێکهاتەی سوننە، هاوپەیمانێتییەکی نوێی بەناوی "بەرەی عێراقی" راگەیاند.
ئەوکات نوجێفی وتی هاوپەیمانێتییەکەی (٣٥) ئەندامی پەرلەمانی عێراقی لەگەڵدایەو پێکدێت لە پێنج لایەنی سیاسی کە ئەمانەن:
٭ جبهة الإنقاذ والتنمية
٭ كتلة المشروع العربي
٭ كتلة الجماهير الوطنية
٭ الحزب الإسلامي
٭ الكتلة العراقية المستقلة
بەڵام کۆتایی مانگی رابردوو (المشروع العربی) کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات، بێبەریبوونی خۆی لە هاوپەیمانێتییە نوێیەکەی نوجێفی راگەیاند.
بەرە نوێیەکەی نوجێفی وەکو ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات ئامانج لێی "یەکخستنی هەڵوێستی سوننەکانە"، بەڵام وا دەردەکەوێت ئامانجە سەرەکی و گەورەکەی لێدانە لە پێگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمە شەڕی سەرکردایەتیکردنی شەقامی سوننەی عێراقە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق.
حەلبوسی بەسودوەرگرتن لە پێگەکەی وەکو سەرۆکی پەرلەمان ئێستا نەک لە پارێزگای ئەنبار کە خۆی خەڵکی ئەو پارێزگایەیە، پەلی بۆ پارێزگای نەینەوای گۆڕەپانی ئوسامە نوجێفی-ش کێشاوەو پێگەی جەماوەری دروستکردووە، ئەمە سەرباری پارێزگای سەلاحەدین کە مەڵبەندی لایەنگرانی نەیارەکانی تریەتی بەتایبەتی ئەحمەد جبوری پارێزگاری پێشووی سەلاحەین و ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
ململانێی سەرکردەکانی سوننە لەسەر رێبەرایەتیکردن، لەکاتێکدایە ناوچەکانیان کە بەهۆی شەڕی "داعش"وە وێران بووە، دوای پێنج ساڵ لە کەوتنی "داعش" هێشتا وێرانەیەو ئاوەدان نەکراونەتەوە.
یاسای نوێی هەڵبژاردن و چۆنیەتی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن وەکو دەوترێت بە پلەی یەکەم لە ناو شیعەکاندا بەرژەوەندی رەوتی سەدر دانراوە، لەناو سوننەکانیش محەمەد حەلبوسی، بۆ کوردیش یاساکە زیاتر لە بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانە، نوجێفی و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت سنورێک بۆ حەلبوسی دابنێن ئەگەر لەلایەن کورد (بارزانی)و شیعەکانەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکرێت.
ناکۆکی ئەمجارەی نێو ماڵی سوننە لەکاتێکدایە هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوەدەچن ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لەناوچە سوننەنشینەکان رێژەیەکی زۆر کەم تۆماربکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا بەگوێرەی راپۆرتی مانگی شوباتی رابردووی نەتاوە یەکگرتووەکان هێشتا نزیکەی (ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار) کەسی لە ئاوارەکانی ئەو ناوچانە دور لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان دەژینو بەشێکی تریان لە زیندانەکاندان یاخو گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بەدەست بێکارییەو دەناڵێنن.
ماڵێکی لێکترازاو
لە کۆی (٢٩٣) کورسی، لەخولی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا هێزە سونییەکان (٧٣) کورسییان هەیە، ئەم کورسییانە دابەش بووبوو بەسەر ژمارەیەک کوتلەی سیاسیدا، بەڵام سوننەکان لە ئابی ٢٠١٨دا هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی "میحوەری نیشتمانی"ی راگەیاند، ئەمە گەورەترین کوتلەی سوننەکان بوو لەناو پەرلەمانی عێراق، کوتلەکە (٥٠) کورسی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام دواتر ناکۆکی کەوتە ناو هاوپەیمانێتییەکەو جیابونەوە رویدا، لەم ناکۆکییەدا هاوپەیمانێتییە گەورەکەی سوننە دابەشبوو بەسەر دوو هاوپەیمانێتی نوێدا:
٭ هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان
٭ هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر
واتا ئەو بەرە نوێیەی کە ئوسامە نوجێفی مانگی رابردوو لەناو سوننەکاندا دروستیکرد، لە دیمەنە گشتییەکیدا پەرتکردنی ماڵێک بوو کە خۆی لە بنەڕەتەوە لێکترازا بوو.
نوجێفی لەبەردەم رایگشتیدا وا بانگەشە دەکات گوایە بەرە نوێیەکەی بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی پارێزگا سوننەنشینەکان و دۆزینەوەی چارەنوسی هەزاران رۆڵەی سوننە دروستکردووە کە بێسەروشوێن کراون، بەڵام چاودێران و نەیارەکانی دەڵێن بەرەکەی تەنیا بۆ لێدانە لە پێگەی محەمەد سەرۆکی پەرلەمان کە تادێت هەژموونی لەناو سونەکاندا وەکو سەرکردەیەکی نوێ، فراوانتر دەبێت.
هەندێک لە چالاکوانانی سیاسی سوننە باسلەوەدەکەن، سەرکردەکانیان هێندەی سەرقاڵی ململانێن لەسەر دەستکەوتە سیاسییەکانیان، هێندە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی پێکهاتەکەیان بکەن و چارەسەری گونجاو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پێکهاتەی سوننە لە عێراقی دوای سەددامدا بدۆزنەوە.
هەندێک هۆکاری ئەم لاوازییەی سوننە بۆ ئەو هەڵمەتی پەراوێزخستن و دورخستنەوەیە دەگێڕنەوە کە لەسەردەمی حوکمی نوری مالیکیدا بەرامبەر بە سیمبولە دیارەکانی سوننە لە عێراق گیراوەتەبەرو بووەتەهۆی دەرکەوتنی هەندێک سەرکردەی نوێ، کە بەبەراورد بەوانەی پێشتر ئەو پێگەیان لەنا شەقامی سوننەدا نییە، سەرباری ئەمەش تێکچوونی تەونی کۆمەڵایەتی ناوچە سوننەنشینەکان لە شەڕی "داعش"دا زیاتر دۆخەکەی لە سوننەی عێراق ئاڵۆزکردووەو بەگشتی ئەم هۆکارانە بەوتەی ئەوان پێگەی نوێنەرایەتی سوننەی لە پەرلەمانی عێراق لە (٩٠) کورسییەوە بۆ (٧٣) کورسی لە خولی ئێستای پەرلەماندا کەمکردوەتەوە.
شەڕ لەسەر پۆستێک
پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ سوننەکان چەنێک کۆکەرەوەی ماڵی سوننە بوبێت بەهەمان ڕادە ماڵەکەشی پەرتکردووە.
ئێستا بەرە نوێیەکەی ئوسامە نوجێفی، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە "تاکڕەویی" دەکات بە بڕیاری سوننەکانەوە.
ئەمە سەرچاوەی ناکۆکییەکی نوێیە لەناو سوننەکاندا، تا ئەوڕادەیەی بەرە نوێیەکەی نوجێفی بێ سڵەمینەوە باس لە لابردنی حەلبوسی دەکەن لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، پەرلەمانێک کە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە وەکو ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، تەنیا (٧) مانگ تەمەنی ماوە، بەڵام وا دەردەکەوێت نوجێفی و هاوپەیمانەکانی ئامانجی دورمەوداتریان هەیە کە ئەویش خستنی حەلبوسییە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و کۆتایهێنانە بە هەژمونەکەی.
هەرچۆنێک بێت ئێستا ئیتر ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە لەناو سوننەکاندا دوو هاوپەیمانێتی بەرامبەر یە یەکترن، یەکەم هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکانی محەمەد حەلبوسی و دووەم هاوپەیمانی بەرەی عێراقی ئوسامە نوجێفی.
کێشەی پێکهاتەی سوننە بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان چڕبوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە شیعەکان کێشەی گەورەتریان هەیە کە فرەیی ناوەندی هێزو دەسەڵاتەو هەندێکجار ئەگەر مەرجەیەتی باڵاو ئێران دەستوەردان نەکەن بۆ راگرتنی ئەو ناکۆکییانە، دورنییە سەربکێشێت بۆ پێکدادانی چەکداری، کوردیش لە عێراقدا بێ کێشە نییە، ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەتەواوەتی بینرا، کاتێک یەکێتی بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی بەرهەم ساڵحی کرد بە سەرۆک کۆمار.
هەموو ئەم ناکۆکییە ناوخۆییانە لەناو پێکهاتەکاندا سەبارەت کورسی سێ سەرۆکایەتییەکەی بەغداد (سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی حکومەت) هەیە، بۆ خولی داهاتوو گۆڕانکاری لە سێ پۆستەکەدا دروست دەکەن و هەم گۆڕانکارییەش بە تەوافوق دەبێت لەنێوان هەرسێ پێکهاتەکەداو لەناو یەکێک لە پێکهاتەکانەوە بڕیاری لەسەر نادرێت.