كورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا
2020-10-29 14:36:13
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
یاسای نوێی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، بەپێچەوانەی ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەر داوایان دەكرد، یاساكە لەبەرژەوەندی كاندیدی سەربەخۆو حزبە بچوكەكان نییە، لە هەرێمی كوردستان گۆڕان بیر لەوە دەكاتەوە بە هاوپەیمانێتییەكی سیقۆڵی لەگەڵ پارتیو یەكێتی بچێتە هەڵبژاردنەوە، كۆمەڵو یەكگرتووش دەیانەوێت هاوپەیمانێتی بكەن، لە دەرەوەی هاوپەیمانێتی، جگە لە پارتیو یەكێتی، لایەنەكانی تر و كاندیدە سەربەخۆكان چانسێكی ئەوتۆیان نیە بۆ سەركەوتن بۆ پەرلەمان، بەتایبەتیش هێشتا ئەگەری روودانی ساختەكاری گەورە لە ئارادایە، نەخشەی پێگەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەم راپۆرتەدا.
هەڵبژاردن بەیاسایەكی نوێوە
دوێنێ شەو بە دەنگدان لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك، پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە مشتومڕەكان هێنا لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان.
لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، یەكەمجارە گۆڕانكاری گەورە لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا دەكرێت، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندان لەعێراق دژ بە دەستەبژێری دەسەڵاتدارو ئەو حزبە سیاسییانە دەستی پێكرد كە لە (17 ساڵ) رابردوودا جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، خۆپیشاندانەكە بۆ یەكەمجار لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە سەرۆك وەزیرانێكی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد كە عادل عەبدولمەهدی بوو، لەپاڵ دژایەتی گەندەڵی، یەكێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندانی ئۆكتۆبەر ناڕەزایەتی بوو دژ بە یاسای هەڵبژاردن، كە بەوتەی ئەوان یاسایەك بوو لەبەرژەوەندی حزبە گەورەكانو رێگەی بە هاتنەپێشەوەی خەڵكانی سەربەخۆو دڵسۆز نەدەداو وایكردبوو روودانی گۆڕانكاری سیاسی لە عێراق كارێكی ئەستەم بێت، بۆیە دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بەمەرجی دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان، لەلایەن شەقامی ناڕازییەوە قبوڵكرا.
پەرلەمانی عێراق دوای چەند مانگێك مشتومڕ، یاسایەكی نوێی بۆ هەڵبژاردن پەسەندكرد، یاساكە شێوازی هەڵبژاردنی لە فرەبازنەیی لەسەر بنەمای پارێزگاكانەوە گۆڕی بۆ فرەبازنەیی لەچوارچێوەی پارێزگاكاندا، واتا یاسا نوێیەكە بازنەكانی هەڵبژاردنی لە (18) بازنەی (18) پارێزگای گۆڕی بۆ (83) بازنە، لەیاسای پێشتردا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بوو، ئێستا هەر پارێزگایەك بەپێی ژمارەی "كۆتا"ی ژنان بازنەكانی هەڵبژاردنی بەسەردا دابەشكراوە.
بەپێی یاسا كۆنەكە، (320) كورسی پەرلەمان لەگەڵ (9) كورسی كۆتاكان لە (18) بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرایەوە، بەڵام ئێستا كورسییەكانی پەرلەمان دابەشكراوە بەسەر (83) بازنەدا، لە هەر بازنەیەك ژنێك سەردەكەوێت، واتا یاسا نوێیەكە جارێكی تر پارێزگاری لە "كۆتا"ی ژنان لە پەرلەمان كردووە كە رێژەكەی 25%ە.
شێوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق "تاكیی نەگوازراوە"یە، واتا دەنگەكان لە كاندیدێكەوە بۆ كاندیدێكی ترو لە بازنەیەكەوە بۆ بازنەیەكی تر ناگوازرێتەوە، لە حاڵەتی سەرنەكەوتنی كاندیددا بۆ پەرلەمان، دەنگەكانی دەفەوتێتو ناچێت بۆسەر دەنگی كاندیدێكی تر لە حزبەكەی یان بۆسەر دەنگی كاندیدی ركابەری.
كورد لە هەڵبژاردنی عێراق
لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، ژمارەی كورسی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق وەكو خۆی ماوەتەوەو دەستكاری نەكراوە، كورسی كورد لە هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانیو دهۆك لە پەرلەمانی عێراق (44) كورسییە، پارێزگای هەڵەبجە لە یاسای نوێی هەڵبژاردندا وەكو پارێزگایەكی سەربەخۆ نەناسێندراوەو بازنەكەی لكێندراوە بە پارێزگای سلێمانییەوە.
بەشێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە بەسەر (12) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانەكانی هەڵبژاردن بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا:
پارێزگای هەولێر
ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق (15) كورسییە، هەولێر دابەشكراوە بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردندا، لەكۆی (15) كورسییەكە، (4) كورسییان بۆ ژنان دەبێت بەپێی سیستمی كۆتا.
بازنەكانی هەڵبژاردن لەپارێزگای هەولێر بەمشێوەیە دابەشكراون بەسەر ناوچەكاندا:
• بازنەی یەك: سۆران + مێرگەسوور + رواندز + چۆمان + شەقلاوە، ئەم بازنەیە (4) كورسی پەرلەمان لەخۆدەگرێت، واتا چوار كەس لەم بازنەیە سەردەكەون بۆ پەرلەمانی عێراق
• بازنەی دوو: دەشتی هەولێر + كۆیە + خەبات، ئەم بازنەیە بەهەمان شێوە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی سێ: بەشی رۆژئاوای قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی چوار: بەشی رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
بۆ زانینی دەنگو پێگەی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لە سنوری پارێزگای هەولێر، پەنا بۆ ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەین كە ساڵە 2018 بەڕێوەچوو، واتا بەر لە دوو ساڵ.
لە هەڵبژاردنی 2018دا، دەنگی لایەنەكان لە هەولێر بەمشێوەیە بوو:
• پارتی (321 هەزارو 920) دەنگ
• یەكێتی (79 هەزارو 745) دەنگ
• نەوەی نوێ (70 هەزارو 833) دەنگ
• گۆڕان (40 هەزارو 863) دەنگ
• هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (50 هەزارو 537) دەنگ
• كۆمەڵ ( 36 هەزارو 784) دەنگ
• یەكگرتوو ( 24 هەزارو 475) دەنگ
ئەمە دەنگی لایەنەكان لەناو بازنەی هەولێر بەشێوەیەكی گشتی، بەڵام بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كە بڕیارە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دەنگی لایەنەكان دابەش دەبێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، ئەمە هۆكارەكەیە كە دەوترێت یاسای نوێی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی حزبە گەورەكانو لەزیانی حزبە بچوكەكاندایە، بۆ نمونە لە پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی رابردوودا هێزێكی سیاسی وەكو كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر لە (36 هەزار) دەنگی لە بازنەی هەولێردا بەدەستهێناوە، هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم دەنگانە دابەش دەبن بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، واتا ئەگەر دەنگەكانی كۆمەڵ وەكو خۆشی بمێنێتەوەو كەم نەكات، ئەوكات (36 هەزار) دەنگەكەی دابەش دەبێت بەسەر چوار بازنەداو لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا كەمتر لە (10 هەزار) دەنگی دەبێت، ئەوكات ئەگەری سەركەوتنی كاندیدەكانی لە هەریەكێك لەو بازنانە ئەستەم دەبێتو ئەگەر كاندیدەكانی لە هەریەكێك لەو بازنانەدا دەنگی زۆرینە بەدەست نەهێننو سەرنەكەون بۆ پەرلەمانی عێراق، تەواوی دەنگەكانی دەفەوتێت.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا كۆمەڵ لە هەولێر یەك كاندیدی سەركەوتووە كە (سەلیم شوشكەیی)ە، ئەم پیاوە بە (17 هەزار) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا بووە كە هەولێر بەگشتی یەك بازنەی هەڵبژاردن بووە، هەڵبژاردنی داهاتوو هەمان سیناریۆ دووبارە نابێتەوە، (17 هەزار) دەنگەكەی سەلیم شوشكەیی دابەش دەبێت بەسەر چوار بازنەداو هیچ كاندیدێكی كۆمەڵ لە بازنەكاندا چانسی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان نابێت، مەگەر بە بردنەوەی كۆتایی ژنان كە دەنگی كەمتری پێویستە، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەڵبژاردنی كاندیدی دیارو ناسراو هەیە لەناو ژناندا.
دابەشبوونی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەولێر، بەپلەی یەكەم لە بەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەڵبژاردنی پێشوودا پارتی لە هەولێر زیاتر لە (321 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەم دەنگانە ئەگەر بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن دابەشبكرێت بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردندا، دەنگی پارتی لە هەر بازنەیەك دەبێت بە زیاتر لە (80 هەزار) دەنگ، ئەمەش ژمارەیەكی گەورەیە بەبەراود بە دەنگی هێزێكی وەكو كۆمەڵی ئیسلامی لە هەر بازنەیەكدا كە كەمتر لە (10 هەزار) دەنگە، ئەم زۆرینەیەی پارتی لەیاسای نوێی هەڵبژاردندا زامنی ئەوە دەكات ئەو كاندیدانەی كە پارتی پشتیوانیان دەكات زۆرینەی كورسییەكانی هەولێر ببەنەوە.
پارێزگای سلێمانی
ئەم پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق (18) كورسی هەیە، لەم ژمارەیە (5) كورسییان بۆ "كۆتا"ی ژنانە، پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە:
• بازنەی یەك: باكوری قەزای ناوەندی سلێمانی + چوارتا + ماوەت، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی دوو: باشوری قەزای ناوەندی سلێمانی + قەرەداغ، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی سێ: هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی چوار: پشدەر + رانیە + دوكان، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
• بازنەی پێنج: كەلار + دەربەندیخان + كفری + چەمچەماڵ + بەشێك لە خانەقین، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت.
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیە بووە:
• یەكێتی (259 هەزارو 378) دەنگ
• گۆڕان (154 هەزارو 947) دەنگ
• نەوەی نوێ (63 هەزارو 760) دەنگ
• پارتی (48 هەزارو 706) دەنگ
• هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (46 هەزارو 552) دەنگ
• كۆمەڵ (51 هەزارو 563) دەنگ
• یەكگرتوو (30 هەزارو 19) دەنگ
ئەمە دەنگی لایەنەكانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی كاتێك بەپێی یاسا كۆنەكە سلێمانی یەك بازنەی هەڵبژاردن بووە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەنگی لایەنەكان دابەش دەبێت بەسەر (5) بازنەدا، لەم فرەبازنەییەدا بۆ نمونە هێزێكی سیاسی وەكو یەكگرتووی ئیسلامی كە هەڵبژاردنی رابردوو (30 هەزار) دەنگی هێناوە، ئەم دەنگانە ئەمجارە دابەش دەبێت بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا، واتا یەكگرتووی ئیسلامی ئەگەر دەنگەكانی وەكو خۆی بمێنێتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن لە سلێمانی رێژەی دەنگەكانی كەمتر لە (6 هەزار) دەنگ دەبێت، ئەمە چانسی سەركەوتنی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمانی عێراق زۆر ئاستەم دەكات، مەگەر بەسودوەرگرتن لە كۆتای ژنان كە بەرێژەیەكی كەمتری دەنگ كورسییەكان دەبەنەوە.
لەبەرامبەردا بۆ هێزێكی وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هەڵبژاردنی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی (259 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەم ژمارەیە دابەش بكرێت بەسەر (5 بازنەی) هەڵبژاردندا، یەكێتی لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن زیاتر لە (50 هەزار) دەنگی دەبێت، واتا یەكێتی سودمەندی یەكەم دەبێت لەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكانو زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراق لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەباتەوە.
پارێزگای دهۆك
ئەم پارێزگایە (11) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، سیان لە كورسییەكان بەپێی سیستمی "كۆتا" بۆ ژنان دەبێت، پارێزگاكە دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەدا بەمشێوەیە:
• بازنەی یەك: دهۆك + ئامێدی، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە.
• بازنەی دوو: زاخۆ + سیمێل، ئەم بازنەیە (3) كورسی بۆ تەرخانكراوە.
• بازنەی سێ: ئاكرێ + شێخان + بەردەڕەش، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە.
هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەنگی لایەنەكان لە پاریزگای دهۆك بەمشێوەیە بووە:
• پارتی (354 هەزارو 101) دەنگ
• یەكگرتوو (43 هەزارو 525) دەنگ
• یەكێتی (25 هەزارو 515) دەنگ
• گۆڕان (3 هەزارو 801) دەنگ
• نەوەی نوێ (18 هەزارو 52) دەنگ
• هاوپەیمانی (25 هەزارو 664) دەنگ
• كۆمەڵ (3 هەزارو 621) دەنگ
ئەمە دەنگی لایەنەكانە كاتێك دهۆك یەك بازنەی هەڵبژاردن بووە، هەڵبژاردنی داهاتوو كە پارێزگاكە دەبێت بە سێ بازنەی هەڵبژاردن، دەنگو كورسی لایەنەكانیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆ نمونە هێزێكی سیاسی وەكو جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵبژاردنی رابردوو لە دهۆك (18 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم (18 هەزار) دەنگە دابەش دەبێت بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا، واتا لە هەر بازنەیەك ژمارەی دەنگەكانی نەوەی نوێ دەبێت بە (6 هەزار) دەنگ، ئەم ژمارەیە زامنی سەركەوتنی هیچ كاندیدێكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ناكات، مەگەر بەسودوەرگرتن لە كۆتای ژنان.
لەبەرامبەردا هێزێكی وەكو پارتی كە هەڵبژاردنی رابردوو (354 هەزار) دەنگی هەبوو، ئەگەر ئەم ژمارەیە دابەشبكرێت بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا، لە هەر بازنەیەك ژمارەی دەنگەكانی پارتی دەبێت نزیكەی (120 هەزار) دەنگ، بۆیە پارتی سودمەندی گەورە دەبێت لە فرەبازنەیی هەڵبژاردنو زۆرینەی كورسییەكانی دهۆك دەباتەوە.
حزبەكان چۆن دەچنە هەڵبژاردنەوە
ئێستا كە ئیتر بۆ هەموو لایەك رون بوەتەوە كە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان خزمەت بە كاندیدی لایەنە بچوكەكانو كاندیدی سەربەخۆكان ناكات، لایەنە سیاسییەكان بیر لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی دەكەنەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان كە هەڵبژاردنی رابردووی عێراق رێژەی 58%ی دەنگەكانی لەدەستدا، لەیاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراقدا روبەڕووی مەترسی گەورەتر دەبێتەوە، بۆیە سەركردەكانی گۆڕان ئێستا تاوتوێی دۆزینەوەی رێگای رزگاریی دەكەنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەركردەكانی گۆڕان دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی سێقۆڵیدا لەگەڵ پارتیو یەكێتی بچنە ناو هەڵبژاردنەكانەوە.
ئەوانەی لەناو گۆڕاندا پاڵپشتی ئەوە دەكەن گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتیو یەكێتیدا بچێتە هەڵبژاردنەوە، بەهانەیان بۆ ئەم كارە ئەوەیە گۆڕان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتیو یەكێتیدا لە حكومەتدا هاوبەشەو ناكرێت لە هەڵبژاردندا ئەو سێ لایەنە بچنە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن دژ بەیەكتریو ئەمە كاریگەری لەسەر ئەدای كاری حكومەتی هەرێم دەبێت.
دەوترێت مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان عەڕابی ئەم بیرۆكەیەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی سێقۆڵی لەوجۆرە، لانی كەم رێگر دەبێت لەوەی گۆڕان زیانی گەورەتری بەربكەوێتو زامنی چەند كورسییەكی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد بۆ دەكات، بەڵام لایەنە نەرێنییەكەی ئەوەیە بەتەواوەتی دیمەنی گۆڕان لەبەردەم دەنگدەرانی كوردستان دەكات بە هێزێكی هاوبەشی پارتیو یەكێتی، لەحاڵێكدا بزوتنەوەكە لە بنەڕەتەوە بۆ خۆجیاكردنەوەی لەو دوو هێزە هاتوەتە ناو گۆڕەپانە سیاسییەكەوە، بە كورتییەكەی هاوپەیمانێتییەكە لەوجۆرە خوێندنی "فاتیحە"ی لەسەر تەرمی گۆڕان لەناو شەقامو دەنگدەرانی كوردستاندا.
پارتی بیرۆكەكەی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی لەگەڵ گۆڕانو یەكێتیدا قبوڵ كردووە، بەڵام دەیەوێت هاوپەیمانێتییەكە فراوانبكرێت بۆ چوارچێوەی رێككەوتنێكی ستراتیژی نوێ لەنێوان هەرسێ لایەندا، یەكێتی خوازیاری رێككەوتنی ستراتیژی دوو قۆڵییە، نایەوێت لەهەر رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان ببێت بە برابەشی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتیو بەدیاریكراویش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكە دروستكردنی هاوپەیمانێتی سێقۆڵیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتدەكاتەوە، لەبری ئەمە لاهور شێخ جەنگی چاوی لە دروستكردنی بەرەیەكی هاوپەیمانە لە سنوری سلێمانی كە یەكێتی باڵادەست بێت تێیدا، لەم چوارچێوەیەدا دەیەوێت لایەنەكان لە كورسییەكانی ئەم زۆنەدا هاوبەش بكات، ئێستا گۆڕان لەبەرداشی پارتیو یەكێتیدایە، سەركردەكانی گۆڕان نایانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بچنە ریزی هێزە بچوكەكانو گورزی گەورەتر بەر ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی عێراق بكەوێت.
لە دەرەوەی سێ لایەنە پێكهێنەرەكەی حكومەتی هەرێم (واتا پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر زەرەرمەندی گەورە دەبن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا، هەندێك لەو لایەنانە بەمەبەستی زامنكردنی چەند كورسییەك لە پەرلەمانی ئایندەی عێراقدا بیری لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی دەكەنەوە، بەدیاریكراوی كۆمەڵیو ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی، ئەمەش تائێستا قسەو گفتوگۆی بەراییەو نەچوەتە بواری جێبەجێ كردن.
بەگشتی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدەرانی كوردستان لەسەر پرسە ناوخۆییەكانی هەرێم دەنگ بە كاندیدو حزبەكان دەدەن نەك پرسی كورد وەكو بەشێك لە عێراق، سەرباری ئەوەی پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردوو رێژەی بایكۆتی هەڵبژاردن لە ئاستێكی بەرزدا بێت، پێشبینی پاشەكشێی دەنگی ئەو لایەنانەش دەكرێت كە بەشدارن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، كابینەیەك كە ئێستا لە قەیرانێكی دارایی قوڵدایەو موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی پێ دابین ناكرێت، لەمەشدا زیاتر بزوتنەوەی گۆڕان زەرەرمەند دەبێت.
لەسەر ئاستی حزبەكانی دەرەوەی حكومەت، پێشبینی پاشەكشێی دەنگەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەموو ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراقو بەشێكی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لە جوڵانەوەكە جیابونەوە، ئەمە دیمەنێكی خراپی لای دەنگدەرانی جوڵانەوەكە دروستكردووە بەوەی دەنگدەكانیان بەهەدەرچووە.
كۆمەڵو یەكگرتوو بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن ئەگەر هاوپەیمانێتی نەكەنو لەچوارچێوەی بازنەكاندا كار بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكتر نەكەن، زیانی گەورە بەر پێگەو كورسییان دەكەوێت لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق.
لایەنە بچوكەكانی تری وەكو حزبی شیوعیو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان چانسی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق نییە.
لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكان، كۆمەڵێك خەڵكو كەسایەتی دیار دەیانەوێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەكو سەربەخۆ كاندید بكەن، لەمەشدا دەیانەوێت سود لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان وەربگرن كە دەرفەت بۆ كاندیدبوونی كەسانی سەربەخۆ دەكاتەوە، ئەم شێوازە لە كوردستان ئەزمون نەكراوەو پێشبینی ناكرێت لەناو ململانێی حزبەكاندا كاندیدە سەربەخۆكان بە ئاسانی سەركەون، ئەوانەی كە كاندیدە سەربەخۆكان هیوایان لەسەر هەڵچنیوە ئەو كەسانەن كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووەو بۆ هەڵبژاردنی داهوش تا ئێستا گۆڕانكاریەكی وا رووینەداوە كە وا لە بایكۆتچیەكان بكەات كە زۆرینەی ژمارەی دەنگدەرانن جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆسەر سندوقەكانی هەڵبژاردن و متمانە بە پرۆسەی سیاسی بدەنەوە، بەتایبەتیش هێشتا ئەگەری روودانی ساختەكاری گەورە لە پرۆسەكەدا ئەگەرێكی كراوەیەو حزبە باڵا دەستەكان هەژمونیان بەسەر وردەكاری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرئەنجامەكانیەوە هەیە.