بارزانی پرۆژەی دووئیدارەیی دەخاتە بەردەم یەكێتی

Draw Media

2020-10-31 16:04:00



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
مەسعود بارزانی كە بەر لە سێ ساڵ سەرۆكایەتی هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی دەكرد، ئەم رۆژانە لەنامەیەكدا بۆ یەكێتی داوای گەڕانەوە بۆ قۆناغی دووئیدارەیی دەكات، بەڵام بەمەرجێك پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم وەكو خۆیان بمێننەوە‌و زیان بە قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان نەگات، (درەو) لەم راپۆرتەدا ناوەڕۆكی نامەیەكی نوێی بارزانی بۆ یەكێتی ئاشكرا دەكات.

نامەكەی بارزانی  
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوو توێی نامەیەكدا، بەفەرمی پرۆژەی زیندوكردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتی پێشنیاز كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا، بارزانی نامەیەكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناردووە، نامەكە لە (8) خاڵ پێكدێت، پوختەكەی ئەمەیە:
•    پارتی‌و یەكێتی لەڕووی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆسەردەمی قۆناغی دوو ئیدارەیی واتا بەر لە یەكخستنی حكومەت لە ساڵی 2005.
•    بەڵام حكومەت‌و پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەكو خۆیان بەبێ دەستكاریكردن بمێننەوە لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان.
•    یەكێتی ئیدارەی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی بدات، پارتیش ناوچەی خۆی.
•    داهاتی ناوخۆ (گومرگ‌و باج‌و داهاتەكانی تر)ی سنوری یەكێتی بۆ یەكێتی‌و سنوری پارتیش بۆ پارتی بێت‌و هەریەكەیان ئەو داهاتانە بۆ ئیدارەدانی سنوری ناوچەكەی خۆیان بەكاربهێنن.
•    داهاتی نەوت‌و پشكی كورد لە بودجەی عێراق هاوشێوەی قۆناغی پێش یەكخستنی حكومەت، رێژەی 43%ی بۆ ناوچەی سەوز‌و رێژەی 57%ی بۆ ناوچەی زەردو هەریەكەیان بەو داهاتانە موچە‌و خەرجی ناوچەی خۆیان دابین بكەن.

نامەكەی بارزانی بۆ ؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، نامەكەی بارزانی بۆ یەكێتی دوای ئەو گرژیانە هاتووە كە بەمدواییە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی سەریهەڵداوە‌و بارزانی پێیوایە چیتر ناتوانن بەوشێوەیە لەگەڵ یەكێتی درێژە بە كاركردن بدەن، بەتایبەتیش لەبارەی ئەوەی تیمی یەكێتی‌و پارتی لە حكومەت كۆك نین‌و بەمدواییە لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تیمی یەكێتی بەفەرمی‌و لە بەیاننامەدا وەڵامی مەسرور بارزانییان داوەتەوە، هەروەها یەكێتی لەبارەی پرسی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی كۆك نییە بەتایبەتیش لە دۆخێكدا كە پارتی لەسەروبەندی شەڕو روبەڕووبونەوەدایە لەگەڵ پەكەكە.
هەندێك سەرچاوەی تر باسلەوەدەكەن، سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی بەغداد گفتوگۆیان كردووە‌و تاكلایەنە‌و بەبێ پارتی بەڵینیان بە عێراق داوە دەروازە سنورییەكانی ناوچەی ئیدارەی خۆیان بخەنەژێر چاودێری حكومەتی عێراقەوە، ئەمەش بارزانی توڕەو نیگەران كردووە.
بەگشتی بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بەر لەم نامەیەی بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەنیاز بووە، نامەیەك ئاڕاستەی پارتی بكات ‌و تێیدا سەقفێكی زەمەنی دیاری بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان لەناو حكومەت، بەدیاریكراویش پرسی "شەراكەتی راستەقینە" لە بڕیاردا كە یەكێتی زۆر قسەی لەبارەوە دەكات.
ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە، بارزانی بەناردنی ئەو نامەیە بۆ یەكێتی، پێشوەختە كارتە فشارەكەی دەستی یەكێتی سوتاندووە، تائەو رادەیەی ئەوسەری بابەتەكەی لە یەكێتی گرتووە‌و یەكێتی خستوەتە بەردەم بژاردەیەكی قورسەوە كە ناچار بە پاشەكشێیان بكات لە راكێشانی هەرجۆرە كارتێكی فشاری تر بەرامبەر بە پارتی‌و حكومەتەكەی مەسرور بارزانی كوڕی.

یەكێتی رازی نییە !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی قایل نییە بە پرۆژە نامەكەی مەسعود بارزانی‌و پێیوایە ئەو پرۆژەیە بۆ زیندوكردنەوەی دووئیدارییە لە هەرێمی كوردستان نەك ئەو لامەركەزیەتە ئیداریی‌و داراییەی كە یەكێتی بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی داوای دەكات.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، نامەكەی بارزانی بۆ یەكێتی رایگشتی پارتی لەسەر نییە‌و زیاتر گوزارشت لە خواستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەكات‌و نێچیرڤان بارزانی‌و لایەنگرەكانی لە مەكتەبی سیاسی پارتی پرۆژەكەیان پێ باش نییە‌و پێیانوایە زیندوكردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان "هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەیە"، لەناو یەكێتیش بەشێك لە مەكتەب سیاسییە كۆنەكانی حزب‌و گروپی سەركردە هەولێرییەكان دژی دروستكردنەوەی دووئیدارەین.
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی لەبارەی كرۆكی نامەكەی بارزانییەوە باسلەوە دەكەن، ئەوەی لەنامەكەدا هاتووە دروستكردنەوەی دووئیدارەییە، ئەگەر ئەو كارە بكرێت، ئیتر هیچ ماناو وەزیفەیەك بۆ حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان نامێنێت.

ئەگەر دووئیدارەیی دورست ببێتەوە ؟
ئەگەر پرۆژەكەی بارزانی بخرێتە بواری جێبەجێكردن‌و دووئیدارەیی دروستبكرێتەوە بەو واتایەی پارتی ئیدارەی ناوچەی خۆی بدات‌و یەكێتیش ناوچەی خۆی، ئەوكات داهات‌و خەرجی ناوچەی یەكێتی بەمشێوەیە دەبێت:
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان، خەرجی سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە (350 ملیۆن) دۆلارە، ئەم بڕە پارەیە مانگانە بەتەنیا (315 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچەی موچەخۆران سنورەكە دەڕوات.
ئایا یەكێتی ئەگەر پرۆژەكەی مەسعود بارزانی قبوڵ بكات، دەتوانێت بەو داهاتانەی كە لەنامەكەی بارزانیدا بۆی دیاریكراوە، ئیدارەی دارایی سنوری خۆی بدات ؟
ئەگەر داهاتی نەوتی كوردستان‌و بەشەبودجەی بەغدادو یارمەتی دارایی هاوپەیمانان بەشێوەی 43% بۆ یەكێتی‌و 57% بۆ پارتی دابەش بكرێت، داهاتی مانگانەی یەكێتی لەم هاوكێشەیەدا بەمشێوەیە دەبێت:
•    ئێستا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، مانگانە حكومەتی هەرێم وەكو موچەی فەرمانبەران (320 ملیار) دینار لە حكومەتی عێراق وەردەگرێت، ئەگەر ئەم پارەیە بەپێی كرۆكی نامەكەی بارزانی بەرێژەی 43% بۆ یەكێتی‌و 57% بۆ پارتی دابەشبكرێت، پشكی مانگانەی یەكێتی لە پارەكە (138 ملیار) دینار دەبێت‌و پشكی پارتیش (182 ملیار) دینار دەبێت.
•    ئێستاو دوای داڕمانی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم (270 ملیار) دینارە (ئەمە ئەو داهاتەی نەوتە كە بۆ موچە تەرخانكراوە)، ئەگەر بەپێی كرۆكی نامەكەی بارزانی ئەم داهاتە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی دابەش بكرێت، مانگانە یەكێتی (116 ملیار) دیناری دەبات‌و پارتیش (154 ملیار) دینار.
•    هاوپەیمانی نێودەڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا مانگانە وەكو كۆمەكی وەزارەتی پێشمەرگە بڕی (21 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات، ئەگەر ئەم پارەیەش دابەش بكرێت، یەكێتی مانگانە (9 ملیار) دیناری دەبات‌و پارتیش (11 ملیار) دیناری دەبات.
واتا تێكڕای داهاتی یەكێتی بۆ بەڕێوەبردنی سنوری خۆی لە نەوتی هەرێم‌و بەشە بودجەی بەغداد‌و پارەكەی هاوپەیمانان دەبێت بە (263 ملیار) دینار، ئەمە لەپاڵ (80 ملیار) دیناری مانگانەی داهاتی ناوخۆی سنورەكەدا، تێكڕای داهاتی مانگانەی یەكێتی دەگەیەنێتە (343 ملیار) دینار.
تەنیا خەرجی موچەی موچەخۆرانی سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە (315 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە نزیكەی (380 ملیار) دینار، واتا بەو داهاتانەی كە بارزانی پێشنیازی كردووە، هێشتا یەكێتی مانگانە تەنیا بۆ موچەی موچەخۆرانی سنورەكەی نزیكەی (40 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەمە جگە لەوەی پارەی پێویستی بۆ خەرجی تەشغیلی‌و پرۆژەكان  لەبەردەستدا نابێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت یەكێتی ناڕەزییە بە پێشنیازەكە.
بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، پارتی دەیەوێت بەم داهاتانە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ئیدارەی سنوری سلێمانی بگرێتەدەست‌و چیتر یەكێتی پرسی لامەركەزیەت‌و دەسەڵاتەكانی لە حكومەت نەجوڵێنێت‌و هەر كەسێك ئیدارەی سنوری خۆی بدات، بەبێ ئەوەی قەوارەی دەستوری هەرێم بخرێتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە.

ئەگەر سلێمانی لە هەولێر جیاببێتەوە ؟
ئەگەر سلێمانی لە هەولێر جیاببێتەوە چی رودەدات، (درەو) بەوردی باسی چۆنیەتی دابەشبوونی خەڵك‌و خاك‌و داهات‌و چەكدار دەكات لەنێوان هەردوولادا‌.

دێگەڵە.. سنوری دوو هەرێم 
لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوەو لەگەڵ توندبونەوەی ململانێكاندا، بەتایبەت پارتی ئەم سنورە بیری خەڵك‌و هێزە سیاسییەكانی تر دەهێنێتەوە، چی بەڕێگەگرتن بێت یان سنوردارشكردنی ئەو كەسانەی كە پارتی لەسنوری نفوزیدا خۆیدا حەز بەچارەیان ناكات.
لەدوای گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدادو پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەدوایدا گۆڕینی تەرازوی هێز لە هەرێمی كوردستان‌و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، ئەم پرسە بەجۆرێكی تر هاتەوە پێشەوە، دەستەواژە كۆنەكە "دوو ئیدارەیی" كە زیاتر وەك دەرەنجامی ململانێی چەكداری خۆی بەرجەستەكردبوو، گۆڕا بۆ دەستەواژەیەكی یاسایی بەناوی "دوو هەرێمیی"، كە لێكەوتی ململانێی سیاسی‌و هەستركردنە بەجۆرێك لەستەم‌و پەراوێزخستن‌و دابەش نەكردنی سامانی گشتی بەشێوەیەكی یەكسان‌و جیاوازیكردن لەنێوان شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەڕووی خزمەت‌و ئاوەدانی‌و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری‌و كۆی بوارە ژیاری‌و ئیداری‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكان. 

رووبەر‌و سنور
بەپێی ماددەی (53)ی دەستوری كاتیی عێراق، سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو سنورەیە كە لە (19/3/2003) هەبووە، واتە سنوری پێش روخانی رژێمەكەی سەددام حسێن.
بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، رووبەری هەرێمی كوردستان (41 هەزارو 939) كیلۆمەتر دوجایە، بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە:
•     سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی لەناو رووبەری گشتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (20 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە.
•     لەبەرامبەردا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەولێرو دهۆكە، رووبەرەكەی دەبێت بە نزیكەی (22 هەزار) كیلۆمەتر دوجا.

ژمارەی دانیشتوان
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بەمشێوەیەیە:
•     پارێزگای هەولێر: (ملیۆنێك‌و 986 هەزارو 113) كەس.
•     پارێزگای دهۆك: (ملیۆنێك‌و 397 هەزارو 515) كەس.
بەپێی ئەم ئامارانە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەگشتی دەبێت بە (3 ملیۆن‌و 383 هەزارو 628) كەس.
ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەمشێوەیەیە:
•     پارێزگای سلێمانی: (2 ملیۆن‌و 82 هەزارو 832) كەس.
•     پارێزگای هەڵەبجە: (111 هەزارو 355) كەس.
بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەگشتی دەبێت بە (2 ملیۆن‌و 194 هەزارو 187) كەس.

نەوت‌و سەرچاوەی داهات
نەوت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێمی كوردستان، لەنێوان سنوری قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا بەمشێوەیە دابەشبووە:
•     لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كە هەولێرو دهۆكە، رۆژانە نزیكەی (425 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا ئاستی بەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەگشتی رۆژانە (470 هەزار) بەرمیلە‌و هەندێكی هەناردە ناكرێت‌و بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیە.
•     لەسنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا، ئەوەی ئێستا بەرهەمدەهێنرێت رۆژانە نزیكەی (45 هەزار) بەرمیلە.

یەدەگی نەوت
یەدەگی نەوت بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە.
سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی پارتیدا:
•     یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە.
•     یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (300 ملیار) پێ سێجا.

سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی یەكێتیدا:
•     یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە.
•     یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (18 ترلیۆن‌و 300 ملیار) پێ سێجا.
سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی یەدەگی نەوتی زیاترە لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی، بەرهەمهێنانی نەوت لە سنوری پارتی زیاترە لە یەكێتی، بەڵام لە غازی سروشتیدا ناوچەی قەڵەمڕەوی یەكێتی سەرچاوەی دابینكردنی غازی ماڵان‌و وێستگەكانی كارەبایە لە هەموو هەرێمی كوردستان، ئێستا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتی‌و نەوتیش كارتی بەهیزی دەستی پارتییە، بەڵام رەنگە ئەم هاوكێشانە لە داهاتوودا گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، بەتایبەت ئەگەر یەكێتی هێڵێكی نوێ جگە لە هێڵەكەی ژێر كۆنترۆڵی پارتی بۆ هەناردەی نەوت‌و غاز بدۆزێتەوە.

داهاتەكانی تر
داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی داهاتی نەوت لەنێوان قەڵەمڕەویی پارتی‌و یەكێتی دابەشبووە، بەمشێوەیە:
•     داهاتی ناوخۆ واتە داهاتەكانی تر جگە لە نەوت، لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی پارتی زیاتر لە (200 ملیار) دینارە لە مانگێكدا (ئەمە لەدۆخی ئاساییدا واتە بەر لە روودانی قەیرانی كۆرۆنا یان هەر قەیرانێكی تر لە داهاتوودا).
•     داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتی نزیكەی (80 ملیار) دینارە لە مانگێكدا (ئەمە لەدۆخی ئاساییدا واتە بەر لە روودانی قەیرانی كۆرۆنا یان هەر قەیرانێكی تر لە داهاتوودا).

هێزی سەربازی چۆن دابەشبووە ؟
هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە:
هێزی سەربازی پارتی
•     پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (56 هەزار) كەسە.
•     پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە.
•     ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە هێزی دژە تیرۆرو هێزەكانی تریشەوە بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.

هێزی سەربازی یەكێتی
•     یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت.
•     هێزی بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە.
•     ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە نزیكەی (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.

سنوری‌و دەوازەكان
هەرێمی كوردستان لەڕووی جوگرافییەوە هاوسنورە لەگەڵ توركیا‌و ئێران‌و سوریا، ناوچەی قەڵەمڕەوی یەكێتی تەنیا سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیە‌و لەم سنورەدا دوو رێڕەوی سنوری نێودەوڵەتی هەن بەناوەكانی (باشماخ‌و پەروێزخان).
بەڵام ناوچەی قەڵەمڕەوی پارتی هاوسنورە لەگەڵ ئێران‌و سوریا‌و توركیادا، لەم سنورەدا پارتی سێ رێڕەوی سنوریی لەگەڵ هەرسێ وڵاتەكەدا هەیە، لەگەڵ ئێران دەروازی نێودەوڵەتی (حاجی ئۆمەران)، لەگەڵ سوریا دەروازەی (فیشخاپور)، لەگەڵ توركیاش دەروازی (ئیبراهیم خەلیل).

توانای مرۆیی
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی گشتی خاوەنی (ملیۆنێك‌و 249 هەزار) موچەخۆرە، لەم ژمارەیە (721 هەزار)ی فەرمانبەرن.
ژمارەی فەرمانبەران لە سنوری ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی (268 هەزار) فەرمانبەرە، واتە (453 هەزار) فەرمانبەری لە سنوری پارتیدایە.
بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی فەرمانبەران‌و موچەخۆران لە سنوری پارتی زیاترە لە سنوری یەكێتی، ئەمە لەحاڵی دروستبوونی دوو هەرێمیدا بارگرانیی دابینكردنی موچەكانیان دەكەوێتە سەرشانی هەریەكێك لەو ئیدارانە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لامەركەزی یان دوو هەرێمیی

ئەگەرەكانی دروستبوونی دوو هەرێمیی لە كوردستان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand