کەمی ڤیتامین (D)و مەترسییەکانی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا

Draw Media

2020-10-30 20:40:57



(درەو):
نوێترین توێژینەوەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکرایەوە، توێژینەوەکە ئاشکراکردووە زۆرینەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کورتهێنانێکی زۆریان هەیە لە یەدەگی ڤیتامین (D)دا.
کێشەی کەمی ڤیتامین (D) لە وەرزی زستاندا بۆ ئەو کەسانە زیاتر دەبێت کە بەدێژایی ساڵ خۆیان بەدەستی کەمیی ئەم جۆرە ڤیتامینەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی نەمانی تیشکی خۆرەوەیە لەو وەرزەدا.
ماوەی چەند مانگێکە زانیایان و توێژەرانی بواری ڤایرۆسەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی، کەمیی یەدەگی ڤیتامین (D) کە لەناو کەسانی بەتەمەندا بەربڵاوە، پاڵنەرێکی مەترسیدارە کە دەرفەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکات، ئەمە بەپێی قسەی گۆڤاری "تراست مای سایانس"، کە گۆڤارێکی زانستییە.
بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر ٢١٦ نەخۆش لە نەخۆشخانەدا ئەنجامدراوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە رێژەی زیاتر لە ٨٠٪ی ئەوانەی توێژینەوەکەیان لەسەرکراوە، بەدەست کەمیی ڤیتامین (D)یەوە دەناڵێنن، تێبینی کراوە کەمی ڤیتامینەکە زیاتر لەناو پیاواندا بووە وەک لە ژنان.
لەلایەکی ترەوە ئەو توێژەرانەی کە کاریان لە توێژینەوە نوێیەکەدا کردووە، نەگەیشتوون بە هیچ دەرەنجامێک لەبارەی ئەوەی، ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان مەترسیی نەخۆشییەکەو ئاستی ڤیتامین (D) لە جەستەی نەخۆشەکاندا.
ئەو توێژینەوەیە کە لە نەخۆشخانەی زانکۆی "مارکی دی ڤالدیسیلا" کراوە، بەپێی ئەوەی گۆڤارەکە باسی کردووە، و پێناسەی ڤیتامین (D) بەوشێوەیە کردووە کە هۆرمۆنێکە گورچیلە دەریدەکات و کۆنتڕۆڵی کالیسیۆم دەکات لەناو خوێنداو کاریگەری لەسەر بەرگری لەش هەیە، بەشێوەیەکی بەردەوام کەمی ڤیتامین (D) دەبەسترێتەوە بە کۆمەڵێکی جۆراوجۆر  کێشەی تەندروستییەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەندیدارن بەنەخۆشییەکانی بەرگری لەش و هەوکردنەکانەوە.
بەگوێرەی قسەی ئەوانەی توێژینەوەکەیان کردووە، ئێستا بەکارهێنانی حەبی ڤیتامین (D)، یەکێکە لە رێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە خۆیان کێشەی کەمی ئەم جۆرە ڤیتامینەیان هەیە، هەروەک رێگەیەکیشە بۆ کەمکردنەوەی توندی ئاستی توشبوون بە نەخۆشییەکە، بەتایبەتیش بۆ کەسانی بەتەمەن.
توێژینەوەکە راستییەکی سەرەنجڕاکێشی تریشی ئاشکراکردووە، ئەویش ئەوەیە کە لەناو توشبوانی کۆرۆنادا، پیاوان بەئاستێکی کەمتر لە ژنان ڤیتامین (D)یان هەیە.
لەلایەکی ترەوە سایتی "بیزنیس ئینسایدەر"ی ئەڵمانی باسی لە توێژینەوەیەکی تر کردووە کە مانگی ئابی ئەمساڵ لە ئیتاڵیا ئەنجامدراوەو دەریخستووە، رێژەی نزیکەی ٤٢٪ی توشبوانی کۆڤید-١٩ ئەوانەیان کە کورتهێنانێکی زۆریان لە ڤیتامین (D)دا هەبووە، دوای (١٠) رۆژ لە نەخۆشخانەدا مردوون، لەبەرامبەردا رێژەی ٥٪ی ئەو کەسانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون کە کێشەی کەمی ڤیتامین (D)یان نەبووە.

سەرچاوە: DW

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand