نوجێفی: بۆچونمان لەگەڵ بارزانی وەك یەك بوو بۆ هەنگاوی یەكلاكەرەوە
2020-11-02 20:05:18
درەو:
هاوپەیمانی بەرەی عێراقی بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبونەوەو نوجێفی دەڵێت بۆچونمان لەگەڵ بارزانی وەك یەك بوو بۆ هەنگاوی یەكلاكەرەوە، میدیایەكی عێراقیش دەڵێت: بارزانی بەمەرجی لادانی بەرهەم ساڵح رازی بووە بە گۆڕینی محەمەد حەلبوسی، بەڵام سهعدی پیره ئەوە رەت دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت هیچ ههوڵێك نییه بۆ دروخستنهوهی بهرههم ساڵح لهپۆستهكهی، یاخود پێدانی ئهو پۆسته به پارتی.
ئەمڕۆ وەفدێكی بەرەی عێراقی بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەتەوەوە، هیچ میدیایەكی حزبی لە هەرێمی كوردستان هەواڵەكە نەگواستەوە، ئوسامە نوجێفی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندووە كە بەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی دۆخی سیاسیو ئەو قەیرانە مەترسیدارانەمان تاوتوێكردووە كە ئێستا عێراق پێیدا تێدەپەڕێت و بۆچۆونی هەردوولا وەك یەك بووە سەبارەت بە پێویستی هەنگاونانی یەكلاكەرەوە بۆ چاكسازیكردن لە پرۆسەی سیاسیو رزگاركردنی لە شكستی پێشبینیكراو، هەردوولاش بەڵێنیانداوە بەردەوام بن لە گفتوگۆو ڕا گۆڕینەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.
سایتی (الموقف العراقی) بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی زانیاری كۆبونەوەكەو هەڵوێستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی بڵاوكروەتەوەو رایگەیاندووە: مەسعود بارزانی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لابردنی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەكەی بەو مەرجەی لەبەرامبەردا بەرهەم سالًح سەرۆك كۆماریش لە پۆستەكەی لاببرێت.
لەبەرامبەردا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ (پۆلەتیك پرێس)رایگەیاندووە: هیچ ههوڵێك نییه بۆ دروخستنهوهی بهرههم ساڵح لهپۆستهكهی، یاخود پێدانی ئهو پۆسته به پارتی، دەشڵێت: پارتی خۆی دهخاته گۆشهیهكی ههڵهوه لهگهڵ سوننهكان كارێكی لهوشێوهیه بكات”.
سایتەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە ئەمڕۆ دووشەممە وەفدێكی بەرەی عێراقی كە پێكهاتبوو لە (ئوسامە نوجێفی, خەمیس خەنجەر, ئەحمەد جبوری ئەبومازن, حزبی ئیسلامی) كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ بارزانی كردووەو تێیدا هەڵوێستی بەرەكەیان بۆ لەسەركارلابردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رونكردووەتەوە.