Draw Media

ئێران گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەكانی عێراقە

ئێران گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەكانی عێراقە

2021-10-16 18:00:58


 درەو:
راپۆرت: گۆڤاری فۆرین پۆلەسی ئەمریكی  


حیزبەكانی نزیك لە ئێران پشتیوانی دەنگدەران لەدەست دەدەن، بەڵام ئەوان ئەنجامەكان رەتدەكەنەوەو هەرەشەی بەكارهێنانی هێز دەكەن
رۆژی یەك شەممەی رابردوو، عێراق پێنجەمین هەڵبژاردنی نیشتیمانی بەخۆوە بینی لە دوای روخانی سەدام حسەینەوە لە ساڵی 2003دا، بۆ هەڵبژاردنی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە.
لە كاتێكدا هێشتا ئەنجامەكان رانەگەیەنراون، بەڵام گەورەترین دۆراو وا پێدەچێت گروپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بن، كە هەر لە ئێستاوە رایانگەیاندووە ئەوان ئەنجامەكان رەتدەكەنەوەو بەشێوەیەكی نا راستەوخۆو هەندێك جاریش بە نیمچە راستەوخۆ هەرەشەر بەكارهێنانی توندوتیژی دەكەن.
یەكێكی دیكە لە دۆراوەكانی ئەم هەڵبژاردنە، خودی دیموكراسییە شڵۆق و ناجێگیرەكەیە، هاوڵاتییەكانی پێیانوایە سیستمەكەیان سەربەخۆ نییەو یاری پێدەكرێت، هەربۆیە 60%ی دەنگدەران بەشداری پرۆسەكەیان نەكرد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نەبوەهۆی ئەوەی حكومەت و چاودێرانی هەڵبژاردنەكە بانگەشەی سەركەوتنی پرۆسەی دەنگدانەكە نەكەن، كە بەشێوەیەكی ئارام بەرێوەچوو بەبێ رودانی هیچ كردەوەیەكی توندوتیژ. هەروەها زۆرینەی دەنگدەران بە ئاسانی دەیان توانی بگەنە ناوەندەكانی دەنگدان.
 لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدانی ئەلیكترۆنی و تۆماری بایۆمەتری كاری پێكرا هەروەك پێشتر بەڵێندرابوو بە مەبەستی كەم كردنەوەی جۆرەكانی تەزویر و گزیكاری كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە ساڵی 2018دا بەدی كرا.
هەرچەندە حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەڵێنیان دابوو لە پاش داخستنی سندوقەكان ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لە ماوەی 34 كاتژمێردا را بگەیەنن، بەوپێیەش دەبوو شەوی دوو شەمەی رابردوو ئەنجامەكان را بگەیەنرایە، بەڵام تەنها ئەنجامی 10 پارێزگا راگەیەندران، هەشت پارێزگای دیكە لەگەڵ بەغدادی پایتەخت ئەنجامەكانیان دواكەوت.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كاتێك ئەنجامەكانیان لە سەر ماڵپەری خۆیان بڵاو كردەوە، وێبسایتەكەیان لەكاركەوت لە كاتێكدا زۆرینەی عێراقییەكان شاڵاویان برد بۆ بینی ئەنجامەكان.
دواكەوتنی ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی، واتای ئەوە بوو كە هەندێك لە سندوقەكان پێویست بوو بە دەستی بژمێردرێن بە بێ ئامادەبوونی چاودێری دەرەكی، كە ئەمەش متمانەی عێراقییەكانی بە پرۆسەكە زیاتر لاواز كرد.
هێشتا دوو دڵی و نیگەرانییەكان بەردەوامن، پروپاگەندەكان سەبارەت بەوەی كە ئێران و هێزە بریكارەكانی ئەگەری ئەوە هەیە دەستكاری ئەنجامەكان بكەن زیاتر پەرەی سەند بە تایبەت پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی گەیشتنی فەرماندەی سوپای قودسی كۆماری ئیسلامی ئێران  ئیسماعیل قائانی بۆ بەغداد.
ئێران هۆكاری زۆرە بۆ ئەوەی نارازی بێت بە ئەنجامەكان، ئەویش بەهۆی ئەدای لاوازی هێزە بریكارەكانی لە هەڵبژاردنەكەدا.
كەسە دیارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق هەر زوو هەڵبژاردنەكەیان بە نا شەرعی ناساند. هادی عامری، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، كە پێدەچێت چەند كورسییەكی پەرلەمانی لەدەستدابێت، هەرەشەی رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی كرد.
سەركردەی دیاری هێزە میلیشیاكان، ئەبو عەلی عەسكەری، كە بە حوسەین مونیس ناسراوەو سەرپەرشتی هێزەكانی كەتائیبی (حیزب الله)ی نزیك لە ئێران دەكات بەشێوەیەكی نیمچە راستەوخۆ هەرەشەی بەكارهێنانی هێزی لە دژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد. كەتائیبی (حیزب الله) شكستی هێناوە لەوەی كە تەنها تاكە كورسییەكی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت.
بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، بەهێزترین هێزی سیاسی لە پەرلەمانی  داهاتوودا گروپەكەی مەقتەدا سەدر، پیاوی ئاینی شیعەكان دەبێت، كە 73 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوەو ژمارەی كورسییەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە.
وەك كەسی یەكەمی ئەو حیزبەی زۆرترین كورسی هێناوە، سەدر ئەو كەسە دەست نیشان دەكات كە حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێناوە سەدر پێویستی بە دروستكرنی هاوپەیمانێتی لایەنەكانی دیكە دەبێت.
لە پاش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان و راگەیاندنی سەركەوتنی پارتەكەی، سەدر لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا جەختی لە ئەنجامدانی چاكسازی و شەركردن دژی گەندەڵی كردەوە. 
ئەو وتی: سەركەوتنی پارتەكەی "سەركەوتن بوو بەسەر میلیشیاكاندا" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەمریكاو هێزەكانی دیكە. 
لە یەكێكی دیكە لە ئاماژە گرنگەكانی، پێشنیاری یەك خستن و كۆنترۆڵ كردنی میلیشیاكانی كردوو وتی: "لەمەودوا چەك بە تەنها لە دەستی حكومەتدا دەبێت".
ئەم یەك خستن و كۆنترۆڵكردنەی هێز لە لایەن حكومەتی عێراقەوە ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت سەر بكێشێ بۆ پێكدادان و توندوتیژی، بە تایبەت ئەگەر هێزە میلیشیاكان هەست بكەن كە كاریگەرییان كەم دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە هێزە میلیشیاكان لە ئێستاوە ئەنجامەكانیان رەت كردوەتەوە، داهاتووی وڵاتەكە دەكرێت بریاری لێ بدرێت لەسەر بنەمای ئەوەی چۆن هێزە ئەمنییەكان عێراق و پارتە سیاسییەكانی تر كاردانەوەیان دەبێت بۆ ئەم جۆرە لە هەرەشە. 
شكست هێنان لە سنورداركردنی توانای میلیشیاكان متمانەی خەڵك زیاتر لاواز دەكات نەك تەنها بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، بەڵكو ژێرخانی ئەمنی عێراق و بەرێوەبردنی وڵاتەكە دەخاتە بەر مەترسییەكی گەورە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand