لادانی کاتیی ئێران؛ لەهەمبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا
2021-10-16 10:28:25
هەردی مەهدی میکە
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
گەرچی لایەنگرانی دەستەیەکی ئێران و باڵە سەربازییەکانی سوپای قودس لە هەڵبژاردنی عێراقدا، شکستێکی ڕوونییان ڕووبەڕوو بوویەوە، بەڵام هێشتا ئێران بێدەنگی و ماتی هەڵبژاردووە و لەگەڵ ئەوەی لەتونایدایە لەوە زیاتر و تووندتر هەڵوێست بنوێنێت و تاڕادەی دەستکاریی ئەنجام و هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکانیش بڕوات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئێران لەم قۆناغەدا بە هێندە بەسی کردووە و فشارەکانی خستووەتە ئەستۆی خودی پرۆکان و نایەوێت دۆخەکە هەڵکشانی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت؟ بۆچی دۆسێی عێراق لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێراندا لەم چەند مانگەدا، بوویە پلە دوو و جەختی ئێران لە جێگەی دیکەیە؟
بۆ وەڵامی پرسیارەکە، پێویستە بەر لە هەرشتێک ئەولەوییەتی سیاسەتی هەنووکەیی و ستراتیژی ئێران لەئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییدا بخرێتەڕوو، ئەوسا خۆبەخۆ وەڵامی بێدەنگی یاخود وەستانی کاتی و هۆکاری نەرمی هەڵوێستی ئێران لەهەمبەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ڕوون دەبێتەوە.
پێناچێت بۆ عێراقییەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەم ڕوخسارە سیاسیی و دەزگا ماندووانەی دەسەڵاتەوە، دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی خەڵک بگۆڕدرێت، بەڵام بە دڵنیایی کار دەکاتە سەر پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانیدا و دیسانەوە کاریش دەکاتە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی نێوان ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو و سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا.
بە گوێرەی ئاماژە و لێدوانە پێشینە و پاشینەکانی هەڵبژاردن، پێدەچێت هەریەک لە سەدر و حەلبوسی و بارزانی و (پاشتریش تشرینییەکان و یەکێتی گەر ڕازی بکرێن)، نزیکترین بن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی سادە و هاوپەیمانێتی و کۆکردنەوەی ١٦٥ کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی دادێی عێراق، بەمەش دوورنییە گڵۆپی سەوزی هەریەک لە تاران و واشنتۆن مسۆگەر بکات.
ئێرانییە نائێرانییەکان
کەوتنی دەستەیەکی پرۆئێرانییەکان ڕەنگە کەمبوونەوەی هەژموونی ئێرانی لێبکەوێتەوە، بەڵام هەرگیز بەمانای سەرکەوتنی تەواوەتی نەیارە ئەمریکی و ئیسرائیللی و کەنداوییەکانیشی ناگەیەنێت. خۆشباوەڕییەکی ڕەهایە گەر وا بیربکرێتەوە، تەنها حەشد و فەتح و دەعوە لایەنگر یاخود هاوبەرژەوەندی تاران بن، بەڵکو ئەوانی دیکەش بەرژەوەندیی فراوان و تەریب و پێویستییان لەگەڵ ئێراندا تا قوڵایی گۆمی سیاسەت هەیە. ئێران لەسیاسەتەکانیدا هەمیشە بە یەک دەست لەعێراقدا یاری نەکردووە و چەندین کارت و دەستی ئاشکرا و نهێنی دیکەی لە نەرمەهێز و توندەهێز وەبەرهێناوە، هەروەک چۆن لە کەوتنی جەعفەرییدا، مالیکی و لە پاش مالیکیش عەبادی و عەبدولمەهدی بەکارهێنا و هیچکامیشیان نەیانتووانی بە بێ تاران هەنگاوەکانییان وەپێش بخەن. بۆ پێشەنگی سەدریش دوور نییە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە. بەڵام ئەوەی جیاوازە بۆ ئێستا دۆخی ئێران گۆڕدراوە و خودی تاران پێویستی بە هێواشی و لادانی کاتیی و بێدەنگییەکی واتادارلە عێراقدا پێویستە تا سەرقاڵی مەلەفە گەرمەکانی تر و هەڕەشەکانی دیکەی سەری بێت کە لە ئازەربایجان، ئەفغانستان، لوبنان و یەمەن یەخەی پێگرتووە و نیگەرانی قوڵیان بۆ ڕژێمەکەی دروستکردووە.
هێشتا زووە بۆ نیشانەگرتنی دەرئەنجام و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی عێراق، بەڵام ئەنجامە بەراییە "ناجێگیرەکانی" خۆیان نمایش کرد و دەرکەوت، کە پرۆئێرانییە پەتییەکانی وەک فەتح و حەشد نیوە زیاتری کورسییەکانیان لەدەستداوە (٤٧ بۆ ١٤)، سەدرییەکانیش کە پێشەنگی لیستەکانن، هەڵکشاوون و پلەی یەکەمن (لەنێوان ٧٠-٨٠ کورسی)، بەگشتیش لەسەرجەم عێراقدا ئەو هێزانە کشاونەتەوە، کە هاوپەیمان یاخود بە هاوستراتیژی حەشد و فەتح و ئێران لەقەڵەم دەدران. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات شکستی پرۆ ئێرانییەکان بەمانای سەرکەوتنی بەرەی کەنداو و تورکیا و ئەمریکا نایەت، چونکە وەک ئەوەی بەشێوەی پەتی لەسەر تاران هەژمار نەکراوون، بەڵام هەریەک لەو هێزە هەردەم لە بوارێکی تەنگاوتەنگدا پەیوەندیی توندوتۆڵییان بە ئێرانەوە ماوە و بەجۆرێک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی بوون، پارتی دیموکرات و سەدرییەکان باشترین نموونەن و هەمیشە تاڵەمووی پەیوەندییەکانیان لە تەنگانەکاندا بە هەردوو بارەکەیدا لەگەڵ تاراندا گرێدراوە و لە ستراتیژە گشتییەکەی ئێراندا پێکەوە کارییان کردووە، چونکە:
١. موقتەدا سەدر لە سەرسەخترین هەوادارانی کردنەدەرەوەی هێزی بێگانە (ئەمریکا)یە لە عێراقدا و هەر ئەمەش کەرەستەی سەرەکی دەنگکۆکردنەوەی بووە لە ٢٠٠٣ەوە. ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژیی دوورمەودای تاران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا.
٢. پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پاراستنی بەشێکی سنوورە ڕۆژئاواییەکەی ئێراندا (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە سنوورەکانییەوە، توانیوویەتی سنوورێکی ئارام و سفرکردنەوەی هەڕەشە مەترسیدارەکانی سەر تاران دابین بکات، ئەمەش بۆ ئاسایشی سنووری ئێران ستراتیژە و بایەخدارە و رەنگە هیچ هێزێکی دیکەی عێراقی هێندە کاری کردەیی بۆ تاران نەکردبێت.
بێدەنگی و لادانی کاتیی ئێران لە عێراق
ئێران هەنووکە دۆخی چۆنە؟ گەر سەیری نێوخۆی ئێران و دراوسێکانی و سیاسەتی دەرەکی بکرێت، دەردەکەوێت، قەیرانی ئابووری و گەمارۆکان و دۆخی ناڕازێتیی خەڵک لەلایەک و سیاسەتی گەمارۆدراوی دەرەکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورییەوە (ئەفغانستان و ئازەربایجان و ئیسرائیل کە بنکەکانی لە ئازەربایجان جێگیرکردووە) و لە خواروویەوە کەنداو لەلیەکی ترەوە و لەدووریشەوە لوبنان کە پرۆکانی لە حزبوڵا و ئەمەل بەربوونەتە یەک و ئەگەری شەڕێکی هەژموونی و نێوخۆیی لە لوبناندا بەدیدەکرێت و ئەمەش دوورمەودا نائومێدکردنی تارانی لە قۆڵی لوبنانەوە لێدەکەوێتەوە، هەرچی یەمەنە ئەوا خەرجییەکی زۆری تێدا دەکات و تەنها لێکەوتەی مەزهەبی و ئامانجگەرایی بۆ تاران لێکەتووەتەوە، نەک سیاسیی و پراگماتیکی و ئابووریی. بۆ سوریاش لەبەر هەژموونی ڕووسیا و تورکیا لە پشکی کێکی سەرکەوتن شتێک بۆ ئێران نەماوەتەوە.
کەواتە تاران لە سیاسەتی دەرەوەیدا چی دەوێت و چی پێویستە؟
بە تێگەیشتن لە دۆخی ئێران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا، ئێران حاڵی حازر نایەوێت ترافیکی پێکدادانەکانی لەوە قەرەباڵغتر بێت و سەنگەری ماندووکەری دیکە بکاتەوە. لە پۆلێنبەندی سیاسەتی گشتی ئێراندا هەمیشە هەڕەشەی ڕۆژهەڵات و باکووری مەترسیدارترین بوون بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئابووریی و سەربازیی تاران، لە ڕابردوودا بەهۆی ئەرمینیا و ڕووسیا و حکومەتە لاوازەکەی بیست ساڵی ڕابردووی ئەفغانستانەوە، توانیبووی لەسەر پەتێکی باریک یاریزانێکی سەرەکی قەوقاز بێت و بەرەی ڕۆژهەڵات و باکووری جێگیر بکات، بەڵام بە گۆڕانی دۆخەکە و سەرکەوتنی ئازەربایجان بە پشتیوانی ئیسرائیل، تورکیا، بێدەنگی ڕوسیا و چین و کەوتنی هاوپەیمانە کریستیانەکەی (ئەرمینیا) لەلایەک و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول حساباتی تارانیش گۆڕدرا. بۆیە حسێبکردن بۆ ئەم هەڕەشانە لە وریایی تارانەوەیە چونکە مەترسییەکانی سەرکێشیان پێوەناکرێت و خۆ یەکلاکردنەوەی دەوێت و ئاسانیش نییە زوو لێی دەربچێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئێران بە هەموو توانای هەوڵی زیندووکردنەوەی گونجاوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ٥+١ دەدات لەپێناو سووککردنی گەمارۆکان و بوژاندنەوەی دۆخی پەرێشانی ئابووریی کە هەڕەشە نێوخۆیی و ناڕازێتییەکانی خەڵکی نزیک لە لوتکە کردووەتەوە، بۆیە گەر بیەوێت بگەڕێتەوە سەرمێزی ٥+١، دەبێت ڕەفتاری سیاسیی و سەربازیی خۆیی و پرۆکانی هێمن بکاتەوە.
دۆسێکانی لوبنان و یەمەنیش سەرەڕای تێچووی زۆر، قوڵایی ستراتیژی و ئاسایشی ئێرانن، بۆیە سەرقاڵی و کێشەکانی ئەوانیش دیسانەوە، ئێرانی ماندوو کردووە.
هەنووکە ئێران لەبەردەم ئەو مەترسیانەدایە کە پێشبینیکردنی ئاسان نییە، بۆیە باشترین سەرکەوتن لە عێراقدا ئەوەیە: تاران زۆر فشار بۆ گۆڕینی زۆر و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکات و بە ئەگەری زۆر بەسیناریۆی پێکهێنانی حکومەتێکی جۆری "نەشیش بسوتێت نەکەباب" ڕازی ببێت، چونکە ئەولەویەتی تاران لە عێراقدا ئارامی و ڕاگرتنی دۆخەکەیە وەک ئێستا، گەرنا لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و تێهەڵچوونەوەی شیعەکان لە نێوخۆیاندا، لەلایەک هەڵکشانی سوننە و کوردی لێدەکەوێتەوە و لەلایەکی دیکەوە خەرجی و تێچوونێکی سیاسیی و ئابووری دیکە دەخاتە ئەستۆی تاران کە چارکردنی ئاسان نییە و بەرەی ئازەربایجان-ئەفغانستانیش دەسکراوەتر دەکات لە کردەییکردنی هەڕەشەکانیان، دووریش نییە هەلی بەهێز بداتە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی و ئێرانی کە بەرەی ڕۆژئاوای ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەهواز لە خواروویەوە چالاکییان ببەنە قۆناغی جەنگی گەرمەوە.