ئەم ھەڵبژاردنە چی نیشانداین؟

Draw Media

2021-10-17 11:58:51



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

لەگەڵ فەیلەسوفی فەرەنسیی،مێشێل فوکۆ دا، پرسیاریی ئەوەی ئێمە کێین؟ ئێمە لەم ساتەوەخت و ئێستایەدا چیین و کێن؟ ئێمە کراوین بە چ شتێک و چ بوونێکمان پێدراوە؟ دەبێت بە پرسیاری سەرەکیی ناو فیکر و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. ئەوەی لە پشتی ئەم پرسیارەشەوە ئامادەیە رەفزکردنی ئەو بوونەیە کە لە ئێستادا ھەمانە و ھەوڵدانە بۆ داھێنان و دروستکردنی بوونێکی نوێ و جیاواز. لە دەیەی ڕابوردوا بەشێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت ھەندێک لە سیاسییە ڕەخنەگرەکان، لەپاڵ ئەم جۆرە پرسیارەدا باسیان لەوە کردوە و گلەیی ئەوەیان کردوە کە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی دواکەوتو و نەزان و مەسڵەحچی و گەمژەیە، ھەندێک وەک حەشامەتێکی بێفیکر و بێڕوانین و دابڕاو لە لانی ھەرەکەمی عەقڵانیەت وێنایانکردوە. ھەندێکی تریش وەک ھۆردویەکی بێکاراکتەر و ساویلکە و خۆشباوەڕ ناساندویانە. لە پەیوەندیشدا بە دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوە، بەشێکی زۆریان ئەو بۆچونەیان ھەبووە”ئەو میلەتە ھەر ئەمانەی موستەحەقە“، ”ئەو خەڵکە سەرکردەکان وەک خودا دەبینن“ و  ئیسنانی ئەم دەڤەرە (ھەنێکجار ئینسانی ھەموو خۆرھەڵات) یەک خودا لە ئاسماندا بەشی ناکات بەڵکو پێویستی بە زیاد لە خودایەک ھەیە، لەوانەش چەندان خودای سیاسیی. ھەرچی دەسەڵاتدارانی ھەرێمە، بە تەیابەتی ئەندامانی خێزانە سوڵتانییەکان، خەڵکیان وەک دڵسۆز و گوێڕایەڵی خۆیان و وەک گیانفیدای درۆ و بەڵێن و تەماحە سوڵتانییەکانی خۆیان، بینیوە و نمایشکردوە، خۆشیان لە خەڵک بە گەورەتر و زاناتر و پیرۆزتر بینیوە. لە ھەمان کاتدا خەڵکیان وەک خزمەتکارێکی دڵسۆزی خۆیان و نەوەکانیان وێناکردوە. ھەڵبژارنی ئەم جارە شەپازلەیەکی وێرانکەربوو لە ڕوخساری ھەردوو گوتارەکە، ھەم گوتارە سیاسییەکە و ھەم گوتارە ڕۆشنبیرییەکە.
لە پشتی ئەو زمان و دەستەواژە و گوتارانەوە کە خەڵک بە گەمژە و نەزان و ھۆردو و حەشامەتێکی بێفیکر و بێکاراکتەر تاوانباردەکات، یان خەڵک بە سەپان و خزمەتکار و خود بە سەرۆک و پادشا و کاریزما دەبینێت. دەڵێم لە پشتی ئەو گوتارانەوە ڕۆحیەتێکی نارسیستی ترسناک ئامادەیە کە لەسەر بە ڕەھاکردنی وێنەکانی خۆی ئیشدەکات و پێیوایە جگە لەو خودە تۆمەتبەخش و ئیھانەکەر و خۆبەگەورەزانە نارسیستییە، بوونەوەرێکی تر بوونی نییە مانایەکی بۆ مێژووی خۆی و مێژووی کۆمەڵگاکەی و مێژووی ناوچەکە ھەبێت. ھەم ئەندامانی خێزانە سوڵتانییەکان ھەڵگری ئەم دیدەن، ھەم بڕێک لە نووسەران و خوێندەوارانی ئەم کۆمەڵگایە. لای ھەڵگرانی ئەم گوتارە ڕۆشنبیرییە سیاسییە نارسیستییە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئێمە کێین ئەوەیە ئێمە میلەتێکی بێمانا و بێنرخ و بێدەماخین و ئەوەی ھەیە و دروستکراوە پڕ بەبەری ئەو میلەتەیە، ئەم میلەتە جگە لە حەشامەت و ھۆردویەکی گەورەی بێکاراکتەر، جگە لە قەرەباڵخی و گاڕانێکی گەنمژە، شتێکی دیکە نییە.  لە پشتی دروستکردنی ئەم وێنە نێگەتیڤ و حەیوانییەوە بۆ کۆمەڵگا، ڕوانینێک بۆ ئەندامە نارسیستیەکانی ئەم گوتارەوە بەرھەمدێت، یەکسانیان دەکات بە زانا و عاریف و فەیەلسوف و کاریزما و سەرۆکی دەگمەن و کەم وێنە و ھەمیشەیی. ئەم گوتارە، چ لە ئاستە فیکرییەکەیدا و چ لە ئاستە سیاسییەکەیدا، ھەرچییەکی پێبکرێت، توانای پڕکردنەوەی ھیچ جۆرە بۆشاییەکی نییە، چ جای ئەو بۆشاییە سیاسییە گەورەیەی لە ھەرێمەکەدا ھەیە.


ئەوەی ئەم ھەڵبژاردنەی دوایی نیشانیداین، سەرەڕای تەکنیکە جیاوازەکانی ترساندن و فشاردانان و تەزویر و بێیاساییکردنی ھەمەجۆر، سەرەڕای پلانە جۆربەجۆرکانی ساختەکاریی و فێڵکردن، بەشدارییەکی ھێجگار کەمی ئەو خەڵکەبوو کە بەو دەستەواژە و گوتارانەی سەرەوە باسدەکران. ڕێژەی ھێجگار کەمی بەشداریکردنەکەش تەنھا ئیفلاسیی سیاسیی ھێز و بنەماڵە حوکمڕانەکانمان نیشاننادەن، تەنھا ئیفلاسیی پارتە سیاسییە باڵادەستەکانیش بەرجەستەناکەن، بەڵکو سێ ڕاستیی گرنگی تریشمان نیشانئەدەن. 
یەکەمیان، بوون و ئامادەگیی ھۆشیارییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ڕەخنەیی گرنگ کە وا لەو زۆرینە کۆمەڵایەتییە دەکات، نە باوەڕی بە ھێزە سوڵتانییە حوکمڕانەکان ھەبێت، نە گەمە و گوتار و مژدەکانیان توانای ھەلخەڵەتاندنیانی ھەبێت، نە باوەڕیشی بە ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیش ھەبێت، وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵاتی خێزانە سوڵتانییەکان لە ھەرێمدا. لە چەندان شوێنی ئەو ناوچەیەدا ھەڵھاتن لە پارتە سیاسییەکانی لە شێوەی پارتی و یەکێتی، زۆرینەی خەڵکی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەو پارتە ئیسلامییەکان بردوە. ئەوەی لە ھەرێمدا بینیمان ئامادەگی ھۆشیارییەکی سیاسییە کە ڕێ لەم ھەڵاتنە دەستەجەمعییە بەرەو ئامێزی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی دەگرێت.  
 دووھەمیان، ئیفلاسی سەرجەمی ئەو گوتارانەی بە زمانی بەگەمژە و بەحەشامەت و بەھۆردوکردنی کۆمەڵگا ئەدوێن و، ساڵانێکی درێژە ئەم دەستەواژە و جۆری نمایشکردنانە لە زیاد لە شوێنێکەوە بەم کۆمەڵگایەدا بڵاودەکەنەوە. ئیفلاسی ئەو قسانەی جارێک ئەم کۆمەڵگایە بە حەشامەتێک یەکسانندەکات کە جگە لە سەیرانکردن و ھەڵپەڕین و جگە لە خوردن و خواردنەوە و جگە  لە چوونە مزگەوت و گوێگرتن لە مەلا و خەتیبەکان و جگە لە دڵسۆزی بۆ حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان، شتێکی دیکە نازانن.  
سێھەم: بوونی بۆشاییەکی سیاسیی گەورە کە سنوورەکانی لە زاخۆوە بۆ ھەڵەبجەیە، بە تێپەڕین بە مەخمور و خانەقین و گەرمیاندا. ئەمەش سنووری ئامادەگیی زۆرینەیەکی ڕەخنەیی ناڕازیی و نائومێدە، کە بەدوای نوێنەرایەتیەکی سیاسیی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت. بەڵام  ئەم بۆشاییە نە بەو قسە و جنێودانە ھەمەجۆرانە و نە بەو بەکەم سەیرکردنەی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان پڕدەبێتەوە، نە بەو گوتاری خوڵامکاریی و بەقوربانبوونەی خەڵکیش بۆ خێزانە سوڵتانییەکان، کە پارتە سیاسییە باڵادەستەکان بڵاوی دەکەنەوە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand