بێکاری لە نێو گەنجانی عێراقیدا
2021-10-25 11:41:30
درەو:
ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوەیە بە تایبەت لە نێو چینی گەنجان و دەرچوانی پەیمانگاو زانکۆ و تەنانەت خاوەن بڕوانامە باڵاکانی وڵاتیشی گرتووەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی عێراق تێکڕای بێکاری لەکۆی ئەو هێزی کارەی گەنجانی تەمەن (15- 29) ساڵ پێکی دەهێنن لە ساڵی (2020) (13.74%)ی تێپەڕاندووەو. لەو ڕێژەیەش ناهاوسەنگی گەورە هەیە لە ڕووی ڕەگەزەوە و بەجۆرێک (10%)یان ڕەگەزی نێر و لە کاتێکدا پێوەری جیهانی بۆ بێکاری لە نێو (181) دەوڵەتی جیهاندا بۆ ڕەگەزی نێر بە تێکڕا (6.43%)ە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ لەو (181) دەوڵەتە (8.40%) تێکڕای پێوەری جهانییە، بەڵام لە عێراقدا (30.59%) بێکاری لە نێو ئافرەتانی گەنجی عێراقیدایە.
بەپێی لێکۆڵینەوەو توێژیەنەوەکان ئەم ڕێژە بەرزەی بێکاری لە عێراقدا کۆمەڵیک لێکەوەتەی خراپی دەبێت لە سەر سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری وڵات، بەپێی توێژینەوەیەکی (بانکی ئەفریقی بۆ گوشەپێدان) لەساڵی (2013) لەسەر (24) دەوڵەت ئەنجامدراوە، گەیشتووە بەو دەرەنجامەی کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری ڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتانە جێهێشتووە.
جا نوێترین بەڵگەی بەردەست هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لە مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری نزمترین ئاستی بەخۆوە بینی کە (41%)ی تێنەپەڕاندو ئەمەش دەکرێت بڵێین وەڵامدانەوەیەکی گەورەی هاوڵاتیانی عێراقە بۆ حیزبە سیاسییەکان کە وەک پێویست لە خزمەتی هاوڵاتیان نەبوونەو دەکرێت نەبوونی دەرفەتی کار یەکێک بێت لە هۆکارەکان و لە داهاتووشدا گرفتی گەورەتر بێتە پێشەوەو کاریگەری لەسەر سەقامگیری عێراق جێبهێڵێت.
پێشینەی بێکاری لە عێراق دوای 2003
لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە مەبەستمان لە بێکاری ئەو چینەیە کە وەک دەستی کار بەردەستن و ئامادەی کارن، بەڵام کارێک نیە بکەن و بەدوایدا دەگەڕێن.
سەرباری ئەوەی پەیماننامەو جاڕنامە جیهانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافی گەنجانە بەسەر دەوڵەتانەوە کە دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت لە بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا، ئەمە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005) و سیاسەتی گشتی وڵات و بەگەڕخستنی نیشتمانی (2013-2017) و سترتیجی نیشتمانی بۆ گەنجان (2013-2020) جەختیان لێکراوەتەوە.
بەپێی ڕوپیوی بێکاری لە ساڵی 2003، ڕێژەکەی لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێشتر هیچ کارێکیان نەبووەو بەدوای کاردا دەگەڕان لە تەمەنی (15-24) ساڵ گەیشتبووە (26.6%)، ئەوانەشی پێشتر کاریان هەبووەو بەدوای کاردا گەڕاون (3.7%) بووە لە هەمان گروپی ئەو تەمەنە.
لە ساڵی 2006 بە وەرگرتنی سامپڵێک لە نێوان (89 هەزار و 658) کەس (15 هەزار و 228) کەسیان بێکاربوونە، بۆ گروپەکانی دیکەی تەمەنی گەنجان گۆڕنکاری بەسەر ژمارەکاندا هاتووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1))
ساڵی (2017) ڕێژەی بێکاری بۆ دەستی کاری (15) ساڵ سەرو (14%) بووە، بۆ تەمەنی (15-24) ساڵ ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ (28%). بەشی هەر زۆری ئەو بێکارییەش لە نێو ئافرەتاندا بووە.
چارتی ژمارە (1)
زیادبوونی ڕێژەی بەرزی دیاردەی بێکاری بە تایبەت لە نێو گەنجاندا و نەڕەخساندنی هەلی کاری پێویست بەراورد بە خواستی دەستی کار، کاریگەری گەورە لەسەرکۆمەڵگاو ئاستی بژێوی هاوڵاتیان دەکات و ڕەنگدانەوەی جدی جێدەهێڵێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لادان و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تاوان و توندوتیژی گشتی و خێزانی و پەرەسەندنی هەژاری و ئاسایشی تەندروستی و ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەو خوێندەواری. سەرەنجام سەردەکێشێت بۆ دروسبوونی هەڕەشەی توند لەسەر سیستمی سیاسی و سەرهەڵدانی ململانێی کۆمەڵایەتی و دەرەنجام لەدەستدانی سەقامگیری وڵات. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) کە تێکڕای ڕێژەی بێکاری نیشان دەدات لە ماوەی نێوان ساڵانی (2013-2020).
چارتی ژمارە (2)
بێکاری لای ئافرەتان و ئامارە ترسناکەکان
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2020 ڕێژەی بێکاری بە (%13.74) تۆمار کراوە، لەسەر ئاستی لەنێو چینی گەنجان و لاواندا و ڕێژەی بێکاری بۆ ڕەگەزی نێر بە (10%) تۆمار کراوە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ تێکڕای بێکاری ئامارەکە زۆر گەورەترەو سێ هێندەی ڕەگەزی نێرەو دەگاتە (%30.59). (بڕوانە چارتی ژمارە (3))کە ڕێژەی بەرزی بێکاری لە نێو ئافرەتاندا نیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2012-2018).
چارتی ژمارە (3)
کاتێک لە ئامارەکانی سەرەوە دەڕوانین بەڕونی دەبینین تێکڕای بێ کاری لای ئافرەتان بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بۆ نمونە لە ساڵی 2012 ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەم ڕەگەزەدا (12.49%)یە، لە ساڵی 2013 گەیشتووە بە (16.9%)، تا زیاتر ساڵەکان بەرەو پێش دەچن وێنەکان بەرزبوونەوەی زیاتری بێکاری لە نێو ڕەگەزی مێدا نیشان دەدات، وەک دەبینین لە ساڵی 2018 تێکڕای بێکارییان گەیشتووە بە (30.75%) و لە 2019دا شتێکی ئەوتۆ ڕوی نەداوەو گەیشتووە بە (30.59%).
هۆکارەکانی ئەم دیارەیەش بێگومان لە چەند دانەیەک زیاترن، پاشەکشەی کەرتی گشتی و نەبوونی دامەزراندن بەشێکی گەورەی هۆکاری تەشەنەسەندنی بێکارییە بە تایبەت لە نێو ئافرەتاندا، سەرەڕای هۆکارەکانی کلتوری کومەڵایەتی و ئاستەنگەکانی کار لە کەرتی تایبەت و بەتایبەتیش بۆ ڕەگەزی مێ و تەسکبوونەوەی هەلی کار لەم کەرتەدا.
هێزی کاری ئافرەتان لە نێو کاردا ڕێژەیەکی بەرز نییەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))، کە هێزی کاری ئافرەتان دەردەخات لە بازاڕی کاردا لەماوەی نێوان ساڵانی (2012-2019) کە لە ساڵی (2016) بەرزترین ڕێژەی تۆمارە کردووەو گەیشتووە بە (14.58%)، نزمترینی هێزی کاری ئافرەتان لە (2017) تۆمار کراوە کە (11.28%) بووە.
چارتی ژمارە (4)
بێکاری لە نێو پیاواندا
لەگەڵ گەشەی دانیشتوان لە عێراقدا ڕێژەی بێکاری لە پەرەسەندندایە، چونکە گەشەی دانیشتوان فشارێکی گەورەیە لەسەر بازاڕی کار و نەیتوانیوە لە ئاستی پێداویستی گەشەسەندنی هێزی کاردابێت، لەگەڵ زیادبوو ژمارەی ساڵەکان تێکڕای بێکاریش زیادی کردووە، بۆ نمونە لە ساڵی (2012) بێکاری لە نێو ڕەگەزی نێردا (7.22%) بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تەدریجی ڕێژەکە لە سالێ (2017) گەیشتووە بە (10.28%)، هەربۆیە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و کۆنترۆڵ نەکردنی هەڵئاوسانی دانیشتوان، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، ئەمانەش ئاڵنگاری گەورە دەبن لەبەردەم کۆمەڵگاو حکومەت کە ساڵانی داهاتوودا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) کە ڕێژەی بێکاری لەنێو ڕەگەزی نێردا پیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2012-2019).
چارتی ژمارە (5)
ئەوەی دەربارەی بازاڕی کارە لە عێراقدا پیاون بەشی هەر زۆرییان پڕکردووەتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) هێزی کاری پیاوان نیشان دەدات لە بازاڕی کاردا لە ماوەی (2012-2019)، پیاوان لە ساڵی (2018) بەرزترین ڕێژەیان تۆمار کردووە لە بازاڕی کارداو گەیشتووە بە (74.31%) و کەمترین ڕێژەی تۆمارکراویش ساڵی (2012)یە کە ڕێژەکە (72.5%) بووە.
چارتی ژمارە (6)
سەرچاوە؛
ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوە و پلاندانان
https://www.bayancenter.org/2021/10/7589/