سوننەکان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا

Draw Media

2021-10-24 07:09:13



راپۆرت: درەو
سوننەکان چاوەڕێیان دەکرد لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی زێڕینی (٧٠) کورسییەکە، بەڵام ئەمە روینەدا، ترسیان ھەیە کورد بۆشایی کەمبونەوەی کورسییەکانیان پڕبکاتەوە، حەلبوسی وەکو سیاسییەکی "پراگماتی"و خەنجەریش بەتەکتیکی کۆنەوە دەچنە ناو دانوستان، شەڕە گەورەکەش کورسی سەرۆکی پەرلەمانە.

حەلبوسی و خەنجەر نزیکدەبنەوە
"ھاوپەیمانی عەزم گەیشتوەتە قۆناغێکی باشی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ھاوپەیمانی (تقدم) لەبارەی کارنامەی داھاتوو" سەلاح جبوری وتەبێژی ھاوپەیمانی عەزم وا دەڵێ.
دوای رکابەرێتییەکی سەخت لەگەڵ یەکتر، ئەنجامی ھەڵبژاردن خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی ناچار کردووە پێکەوە گفتوگۆ بکەن، چارەنوسی کورسی سەرۆکی پەرلەمانی داھاتووی عێراق لەنێوان ئەم دوو کەسەدا یەکلا دەکرێتەوە، بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردن حەلبوسی لە دوای سەدرەوە براوەی دووەمە، بەڵام دۆخەکە بەشێوەیەکە تەنیا ژمارەی کورسییەکان پۆستەکان یەکلاناکەنەوە، بەڵکو رێککەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەی شیعە کە کوتلەی گەورە دروست دەکات، بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی چ کەسێک لە سوننەکان دەبێت بە سەرۆکی پەرلەمانی داھاتووی عێراق، بەتایبەتی ئەگەر ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە نەگەنە چارەسەرو سەدرو مالێکی ھەریەکەیان بە جیا کوتلەی زۆرینە بخەنە بەردەم پەرلەمان.
 
سوننەکان چۆن چونە ھەڵبژاردنەوە؟
ھاوشێوەی شیعەکان و کورد، سوننەکانیش بە یەکڕیزیی نەچونە ناو ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوەو بە سێ ھاوپەیمانێتی سەرەکی بەشدارییان کرد کە ئەمانەن:

ھاوپەیمانی (عەزم):
ئەم ھاوپەیمانێتییە (خەمیس خەنجەر)ی سەرۆکی "پرۆژەی عەرەبی" سەرۆکایەتی دەکات و ھەریەکە لە (سەلیم جبوری، خالید عوبێدی، جەمال کەربولی، مەحمود مەشھەدانی) لەخۆدەگرێت، ئەم ھاوپەیمانێتییە لە رۆژانی سەرەتای دروستبونیدا گورزێکی گەورەی بەرکەوت کاتێک جەمال کەربولی یەکێکە لە سەرکردەکانی بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا، گومان دەکرا لایەنێکی نەیاری سیاسی لە پشت ھەوڵی دەستگیرکردنی کەربولییەوە بوبێت، بەتایبەتی ھاوپەیمانێتییەکەی حەلبوسی و کاریگەرییەکانی لەسەر لیژنەکەی حکومەت.
ئەم ھاوپەیمانێتییە کە رکابەرێتی بەھێزی ھاوپەیمانێتییەکەی حەلبوسی دەکرد، بەپێی ئەنجامەکان (١٢) کورسی پەرلەمانی عێراقی بردوەتەوە.
خەمیس خەنجەر کە یەکێکە لە سەرکردە کلاسیکییەکانی سوننەی دوای روخانی رژێمی سەددام، لە کەمپەینی ھەڵبژاردنی خۆیدا گرەوی لەسەر دەنگی ئاوارەکان کرد، سەرباری ئەمە وای نیشاندا کە توانای دانوستانی لەگەڵ یاریزانە سەرەکییەکاندا ھەیە واتا شیعەکان لە ناوخۆی عێراق و ئێران لە دەرەوە، ئەمەشی لە ھەوڵی رزگارکردنی شارۆچکەی "جرف الصخر" لە دەستی ھێزەکانی حەشدی شەعبی تاقیکردەوە، ئەمە بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ھەزاران ئاوارەی سوننەمەزھەب بوو کە میلیشا شیعەکان رێگەی گەڕانەوەیان لێگرتبوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو تێیدا.
بەپێچەوانەی حەلبوسییەوە، بەگشتی وا تەماشای خەمیس خەنجەر دەکرێت ھێشتا نوێنەرایەتی قوتابخانە کۆنەکەی دانوستان دەکات لەناو سوننەکاندا، قوتابخانەیەک کە ھێشتا تاکتیکەکانی بەر لە ساڵی ٢٠١٨ بەکاردەھێنێت، سەرباری ئەمەش ئەوانەی چونەتە ناو ھاوپەیمانێتییەکە ھەمان روخسارە کۆنەکانی پێکھاتەی سوننەن کە بەم ساڵانەی دوایی پێگەی جەماوەرییان کەوت، تا ئەو رادەی ھەندێکیان نەک کاندیدی زۆریان پێ سەرنەدەخرا بۆ پەرلەمان، خۆشیان بە زەحمەت سەردەکەوتن.
خەمیس خەنجەر کە پیاوێکی سەرمایەدارەو سێ کەناڵی ئاسمانی بۆ بانگەشەکردن خستبووە کار، لەم ھەڵبژاردنەدا بەرامبەر بە محەمەد حەلبوسی توشی شکان ھات، ھۆکاری ئەم شکانە بۆ نزیکی خەنجەر لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەردا دەگەڕێندرێتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی شکستی ھێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە سوننەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەر لە ھەڵبژاردن، سەرباری نزیکییەکەی لە ئێران و لایەنە شیعەکان نەیتوانی گروپە چەکدارەکان قایل بکات دەرگای گەڕانەوە بۆ ئاوارە سوننەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بکەنەوە.

ھاوپەیمانی (تقدم):
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی خولی ماوەتەواوبووی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی ئەم ھاوپەیمانێتییە دەکات، ئەم ھاوپەیمانێتییە سەرکەوتنێکی گەورەی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بەدەستھێناو بە بردنەوەی (٣٨) کورسی بوو بە براوەی دووەمی ھەڵبژاردن لەدوای رەوتی سەدرەوە.
حەلبوسی ئێستا نوێنەرایەتی زۆرینەی سوننەی عێراق دەکات، ئەم پیاوە بەوە ناسراوە دیاردەیەکی حزبی نوێیە لەناو سوننەکاندا، کە لە کاری حزبیدا پشت بە "مەرکەزیەت"ی رێکخستن دەبەستێت و لەگەڵ ھاوبەشە عێراقی و ھەرێمایەتییەکاندا بەشێوەیەکی " پراگماتی" مامەڵە دەکات. 
سەرکەوتنی حەلبوسی بەسەر رکابەرەکانیدا لەناو پێکھاتەی سوننە، بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێندرێتەوە، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە حەلبوسی سودی لە پێگەکەی وەکو سەرۆکی پەرلەمان وەرگرتووەو لەم رێگەیەوە بەر لە ھەڵبژاردن زامنی سەرکەوتنی کردووە، بەتایبەتی کە ئاگاداری وردەکاری یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردن بووە لە حاڵێدا کە ئێستاو دوای ھەڵبژاردنەکەش ھێشتا زۆرینەی ھێزە سیاسییەکان خوێندنەوەی وردیان بۆ یاساکەو مەترسییەکانی لەسەر پێگەی زۆیان نەکردووە، سەرباری ئەمە حەلبوسی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە سوننەنشینەکانی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن قۆستەوە، لەپاڵ ئەمەشدا حەلبوسی بەناو و نوێنەرایەتی پێکھاتەی سوننەوە مامەڵەی لەگەڵ دەنگدەرانی پێکھاتەکەیدا دەکردو پارێزگاری ئەنبارو ژمارەیەک لە سەرۆک ھۆزەکانی لەگەڵدا بووە، ئەمەش وایکرد جارێکی تر ببێتەوە بە کارەکتەری ژمارە (١)ی سوننەکان لە عێراق.

المشروع الوطني للإنقاذ- پرۆژەی نیشتمانی بۆ رزگاربوون: 
ئەم ھاوپەیمانێتییە لەلایەن (ئوسامە نوجێفی)یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ژمارەیەک کەسایەتی پارێزگای نەینەوا لەخۆدەگرێت لەوانە (خالید سوڵتان)ی کوڕی سوڵتان ھاشمی وەزیری بەرگریی عێراقی سەردەمی سەددام.
بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن، ئەم ھاوپەێمانێتییە تەنیا (٢) کورسی بردوەتەوە، کە یەکێکیان کوڕەکەی سوڵتان ھاشمە.
ئوسامە نوجێفی کە رۆژگارێک ژمارەیەکی گەورەی ناو پێکھاتەی سوننە بوو، لەدوای کۆنترۆڵکردنی ناوچە سوننەنشێنەکان لەلایەن "داعش"ەوە، ئەستێرەی بەختی کوژایەوە، ئێستا بەم ژمارە کەمەی کورسییەوە ھیچ چانسێکی لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی لەگەڵ حەلبوسی یان خەمیس خەنجەردا بچێتە ناو ھاوپەێمانێتییەوە.

سوننە لەنێوان دوو ھەڵبژاردندا
لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨د ژمارەی کورسی لایەنە سونییەکان بە تێکڕا (٥٣) کورسی بوو، بەڵام ھەندێک لە لایەنە شیعەو عەلمانییەکانیش خەڵکانی سوننەیان لە لیستەکانی خۆیاندا سەرخست بۆ پەرلەمان بە دیاریکراویش (ھاوپەیمانی عێراقیە) ی ئەیاد عەلاوی، واتا بەتێکڕا نزیکەی (٧٠) پەرلەمانتاری سوننە لە پەرلەماندا ھەبوون، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەیاد عەلاوی بایکۆتی ھەڵبژاردنی کرد.
سوننەکان کە لە یەکەمین ھەڵبژاردنی دوای روخانی سەددامەوە لە ٢٠٠٣ ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی عێراق دەگەیشتە نزیکەی (٧٠) کورسی، لەم ھەڵبژاردنەدا تێکڕای کورسییەکانیان بۆ (٥٨) کورسی دابەزیوە، ئەمە مەترسی لەناو سوننەکان دروستکردووە کورد بۆشاییەکەیان لە عێراق پڕبکاتەوە.
ھۆکاری دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی سوننە لە پەرلەمان بە پلەی یەکەم بۆ ئەو ململانێ توندە دەگەڕێندرێتەوە کە لەنێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەردا ھەبوو، کە بەپێی قسەی سەرکردەکانی سوننەکان، بوەتە ھۆی پەرتبوونی دەنگەکانیان، بەتایبەتیش لە بەغدادی پایتەخت.
بازنەکانی (ئەعزەمیە) لە باکورو (مەنسور) لە خۆرئاوای بەغداد ناوچەی دەنگدەرانی سوننە بوون، بەڵام ئەمجارە زۆربەی سوننەکانی بەغداد بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کرد، لە کۆی (٦٩) کورسی بەغدا، لایەنە سونییەکان تەنیا (١٦) کورسییان بردوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە رەوتی سەدر بەتەنیا خۆی (٢٧) کورسی بردووە، مشعان جبوری کە یەکێکە لە کاندیدە سەرکەوتووەکانی سوننەو چەند رۆژی رابردوو پەیوەندی بە ھاوپەیمانێتییەکەی خەمیس خەنجەرەوە کرد، محەمەد حەلبوسی بە ھۆکاری کەمبونەوە ژمارەی کورسی سوننەکان دەزانێ و دەڵێ" حەلبوسی رێککەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر کردووەو کورسی سوننەکانی لە بەغدادو ناوچەکانی باشوری بۆ سەدر جێھێشتووەو لەبەرامبەردا سەدریش پارێزگای ئەنباری بۆ حەلبوسی جێھێشتووە بۆ ئەوەی ھەموو کاندیدەکانی دەربچێت".
بەم ئەنجامەوە سوننەکان پێیانوایە (١٠) کورسی خۆیان لە بەغداو ناوچەکانی تر لەدەستداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand