Draw Media

بازرگانێكی سوتەمەنی: ئەو بەنزینەی لە بازاڕدایە بەنزینی حەقیقی نیە 

بازرگانێكی سوتەمەنی: ئەو بەنزینەی لە بازاڕدایە بەنزینی حەقیقی نیە 

2021-10-23 20:05:53


درەو:
" ئەو بەنزینەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە هیچی بەنزینی حەقیقی نیەو نەفتاو پترۆكیمیاویە، شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت نرخی لیترێك بەنزین نەك بە (475) بەڵكو بە (400) دیناریش بدات بەڵام زەرەرەكەی بدات، تەنیا چارەسەر بۆ دابەزینی نرخی بەنزین پاڵپشتی حكومەتی هەرێمە لە پاڵاوگە ناوخۆییەكان" ئەمە قسەی بازرگانێكی هاوردەكردنی سوتەمەنیە كە (درەو) بۆچونی وەرگرتووە.  
لە ئێستادا نرخی لیترێك بەنزین سەرو (هەزار) دیناری تێپەڕاندووە، مانگرتنی شۆفێرانی گواستنەوە دەستیپێكردووە، حكومەت دەستەوستانەو بازرگانانیش هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهان و نەفرۆشتنی سوتەمەنی لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێننەوە.
(درەو) بۆچونی هەمزە محەمەد بازرگانی هاوردەكردنی سوتەمەنی وەرگرتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای(ئاژمودە)یە بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لە سلێمانی ، لێرەدا دەقی بۆچونەكانی دەخەینە روو:

لە ئێرانەوە بۆ دوبەی..
لە ئێستادا بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتووەتە(84) دۆلار، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەكان بە گشتی گران بن، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە كۆماری ئیسلامی ئێران فرۆشتن و مەزادی بەنزینی راگرتووە، بارەكۆنەكان نەبێت كە پێشتر بە تەندەر كڕدراوە زۆر كەمە نزیكەی (15 هەزار) تەنە، ئەگەرنا ئەوەی ئێستا دێت هەمووی مەوادی پترۆ كیمیاوییەكانە، ئەمانە نرخی بەنزینیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەتەواوی گرانكردووە. 
بۆیە بەنزینی حەقیقی لە ئێستادا لە بازاڕەكانی (دوبەی) دەهێندرێت بەڵام نرخەكەی زۆر گران دەكەوێت، لە بازاڕەكانی دووبەی دەكڕدێت دەهێندرێت بۆ بەندەری (مام) لە ئێران لەوێشەوە دێت بۆ سلێمانی موحەسەنەكەی كە ئۆكتانی (92)ە، بە شێوەیەكی شێوەیەكی گشتی لیتری (هەزارو 45) دینار دەكەوێت،  
ئەو بەنزینەی لە دوبەی دەهێنرێت تەنی بە (780) دۆلار لەوێ دەكڕین، (35) دۆلار كرێی كەشتیەتی، (15) دۆلاری تر كرێی مەغزەن، دەكاتە (830) دۆلار، واتا تا دەكاتە سلێمانی بە گورمگ و خەرجیەكانی ترەوە تەنی بەنزین (960) دۆلار دەكەوێت، لیتری نزیكەی ( هەزارو 50) دینار دەكەوێت بەم شێوەیە:  
960 دۆلار * 148500 دابەش 1350 لیتر =  هەزارو 50 دینار
بەڵام ئەو بەنزینەی ئێمە لە زستانی پێشودا تەنی بە (230) دۆلار لە ئێران دەمانكڕی كە لە ئێستادا بە (820) دۆلارە و خۆمان دەماندا بە (355) دۆلار دەمانفرۆشت، ئێستا بە (960) دەفرۆشرێتەوە، بەڵام ئێستا هەر دەستناكەوێت، ئێستا سەرەرای ئەوەی بەنزینەكە نیە لە ئێران سێ قات نرخەكەی بەرزبووەتەوە.  

بەنزینی حەقیقی نیە!
ئەو بەنزینەی ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە هیچی بەنزینی حەقیقی نیە، بەتەواوی تێكەڵەیەو هیچی ساغ نیە، هەمووی نەفتای تێدەكرێت، ئەوەی ئێستا لە ئێرانەوە دێت تەنیا مادەی پترۆكیمیاویەكان دەیهێنین بۆ نمونە ( ریفۆرمیت، زائیلین،) دەیهێنین و لە گۆڕەپانەكانی سلێمانی  تێكەڵی دەكەین و بەنزینی پێ درووست دەكەین، ئەویش نرخەكانی زۆر  زۆر بەرزبووەتەوە، ئەو مادانە لەگەڵ نەفتا تێكەڵ دەكرێت لەبەر ئەوەی نەفتاكە هەرزانە تەنی بە (630) دۆلارە.
ئەو بەنزینەی ئێستا هەیە لە (80%)ی تێكەڵەیە هەرچی دێت لەو گۆڕەپانانە تێكەڵ دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بێننە خوارەوە و بە هەرزانتر بیفرۆشن، ئەوەی ئێستا لە بازاردایە لەوە درووست كراوە 
ئەو بەنزینە كەمەی كە لە ئێرانەوە دێت تەنی بە (815) دۆلار دەیفرۆشن بەڵام نۆرماڵەو ئۆكتانەكەی (87)ە بەم شێوەیە
 815* 148500 دابەش 1355= 893 دینار نۆرماڵەو هیچی تێكەڵ نەكراوە، واتا لیتری (893) دینار دەكەوێت نۆماڵ.

بەنزینەكەی شاسوار عەبدولواحید ..
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە رایگەیاندبوو ئەگەر رێگەمان بدەن بەنزین بهێنین ئەتوانین لیتری بدەینە 475 دینار، بەڵێ  دەتوانێت لیتری بە (475) دینار بفرۆشێت، بەڵام دەبێت زیانەكەی خۆی بدات كە نرخەكەی دوو ئەوەندەیە واتا دەبێت لیتری بە نزیكەی ( هەزار) دینار بكڕێت و بە (475) دینار بیفرۆشێتەوە بە (مەدعوم)، وەك حكومەتی عێراقی پاڵپشتی بكات، واتا شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت نەك بە (475) دینار بەڵكو لیتری بە (400) دیناریش بیفرۆشێت و زیانەكەی خۆی بدات، ئەوە كارێكی باشە، تەنیا لەو حاڵەتەدا دەتوانێت لیتری بداتە (475) دینارو بە زیان و نیوە قیمەت بیفرۆشێتەوە، ئەگەرنا موستەحیلە بەو نرخە بیكڕێت و بیفرۆشێتەوە. 
ساڵانە حكومەتی عێراق (3 ملیار) دۆلار لە بەنزین و بەرهەمە نەوتیەكان زیان دەكات، چونكە پاڵپشتی دەكات (مەدعوم)ە، كە حكومەتی عێراق لیتری بە (450) دینار دەفرۆشێت، لەسەر خۆیان زۆر زیاتر دەكەوێت بەڵام (مەدعومە) پاڵپشتی دەكات حكومەت.

چارەسەر..
تاكە چارەسەر ئەوەیە پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان ( كارو قەیوان) كە لە ئێستادا نەوت بۆ حكومەتی عێراقی دەپاڵێون، بۆ خۆمانی بپاڵێون و حكومەتی هەرێم پاڵپشتی بكات (مەدعوم) بێت ئەوكات نرخی بەنزین دادەبەزێت بەڵام زۆر زەحمەتە حكومەتی هەرێم ئەوكارە بكات.
 رۆژانە ئەو دوو پاڵاوگەیە توانای بەرهەمهێنانی (4 ملیۆن) لیتر بەنزینیان دەبێت، كە ئەمەش ئەزمەیەكی گەورە چارەسەر دەكات، لە هاویناندا هەرێمی كوردستان پێویستی بە ( 6 بۆ 7ملیۆن) لیتر بەنزین هەیە، بەڵام لە زستاناندا لەو رێژەیە كەمترە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand