بردنەوەی ساختە و درۆزنانە
2021-10-24 11:02:36
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە کتێبی ”ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی“دا، تێزێکی بەناوبانگی مارکس و ئەنگلس ھەیە، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت بیروبۆچونی چینە باڵادەست و حوکمڕانەکان، لە ھەر سەردەمێکی مێژوویدا، بیروبۆچونی بڵاو و باڵادەست و حوکمڕانن. ئەو چینەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی مادییە، لە ھەمانکاتدا ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی عەقڵیی و زیھنیشی لەژێردەستدایە. ئەمەش وادەکات حوکمڕانییە سیاسییەکەی ھاوشانبێت، بە حوکمڕانییەکی ئایدیۆلۆژیی و فەرھەنگیی. کە ئەمەش مەیسەربوو ئەوشتەی لە کۆمەڵگادا ناوی ”تێگەیشتنی باو“ە، بە ئینگلیزیی commonsense دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو باڵادەستییە فەرھەنگیی و کاریگەریی ئایدیۆلۆژییەی چینە حوکمڕانەکەوە.
یەکێک لە بیرۆکە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان لای مارکس ئەوەیە کە نە سەروەت و سامان و نە دەسەڵات بەشێوەیەکی یەکسان لە کۆمەڵگادا، دابەشنەکراوە. ئەم دابەشکردنە نایەکسانە سەرچاوەی چەندەھا ململانێیە و شتێک بەناوی ھاریکاریی کۆمەڵایەتییەوە ناھێڵێتەوە، گەر ھەشبێت گرنگیەکی ئەوتۆی نییە. ئەوەی گرنگ و بنەڕەتییە، ئامادەیی ئەو ململانێ و بەریەککەوتن و ناکۆکییانەیە کە لە ئەنجامی ئەم نایەکسانییەوە دروستدەبێت. ئەوەی مارکس بەلایەوە گرنگە نیشانیبدات ئەوەیە، ئەو ھێزانەی حوکمڕانان چۆن باڵادەستبوون و چۆن سەپاندنی ئەو نایەکسانیانەیان بۆ دەچێتە سەر؟ مارکس لە وەڵامدا بەو دەرەنجامە دەگات کە حوکمڕانیی تەنھا لەڕێگای خۆسەپاندن لەڕێگای دەزگاکانی فشاردانان و ترساندن و گرتن و ڕاونان و کوشتنەوە ئیشناکات، بەڵکو پێویستی بە بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک باوەڕ و بۆچوون و دید و ڕوانینیشە بەناو کۆمەڵگادا تا ئەو ئاستەی دەبن بە دید و باوەڕ و ڕوانینی باڵادەست. مارکس ئەم جۆرە لە ھۆشیارییە باڵادەستە ناودەنێت ”ھۆشیاریی ساختە“.
نیو سەدەیەک دواتر ئانتۆنیۆ گرامشی لەناو ژینگە لیبرالەکەی ئەوروپای سەدەی بیستەمدا، کە تیایدا سیستمی فرەحیزبیی و کۆمەڵگای مەدەنیی گەشەیەکی بەرچاویان کردوە، ھاوکات میکانیزمی ناتوندتیژ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ئارادایە، گەشەیەکی زیاتر بەو تێزەی مارکس و ئەنگلس ئەدات و جەغت لەوەدەکات ھەر ھێزێک بیەوێت حوکمڕانبێت و حوکمڕانیەکەشی پشتبەسبێت بە لانیکەمی قبووڵبکردن لە کۆمەڵگادا، پێویستە ھێزێک بێت خاوەنی ”ھەیمەنە“، ھەیمەنەی کولتوریی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی. چەمکی ھەیمەنە لای گرامشی ھێما بۆ بوون و ئامادەگیی ھێزێک دەکات کە دونیابینیی و زمان و دید و ڕوانین و لێکدانەوەکانی بوون بە زمان و دید و ڕوانینی باڵادەست لە وڵاتەکەدا. ئەوەی ئەو ھێزە دەیڵێت و بڵاویدەکاتەوە، زۆرینەی کۆمەڵگا بەڕاستی دەزانێت و ئەوەی ئەو ھێزە بڵاویدەکاتەوە دەبێت بە بەشێک لە تێگەیشتنی باو لەو کۆمەڵگایەدا. بەم مانایە ھێزی حوکمڕان مانای ھێزێک کە ناوەروک و مانا باڵادەستەکانی ناو تێگەیشتنی باو دەستنیشاندەکات. ئەم دابەزینەی ئایدیۆلۆژیا و دید و ڕوانینی حوکمڕانان بۆ ناو ”تێگەیشتنی باو“، بەناو دروستکردنی چەندان پردی متمانە و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیدا تێدەپەڕێت.
ئەوەی دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراقدا نیشانی ئەدەن، ھەم ڕاستیی و ھەم ناڕاستیی ئەم تێزە مارکسییەیە.
بەر لە ھەمووشتێک ئەوەی بینیمان بەشدارینەکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگای عێراقییە لەم ھەڵبژاردنەدا، ئەمەش وەک دەرنجامی لە دەستدانی متمانەی سیاسیی، پشتکردنە سەرجەمی ئەو گوتار و حیکایەت و لێکدانەوانەی ھێزە حوکمڕانەکانی ئەو وڵاتە بەرھەمیانھێناوە و بڵاویانکردۆتەوە.. ئەوەی بینیمان لەدەستدانێکی تەواوەتی ھەیمەنەی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژیی ئەو ھێزانە و شوێنگرتنەوەی ئەم لەدەستدانەیە، بە دووشت.
یەکەم، بە دروستکردنی بۆشاییەکی سیاسیی گەورە، پڕ لە ناکۆکیی و ڕق و تەماحی ترسناک.
دووھەم، پەنابردن بۆ ھێز، ھێزی ڕووت بۆ سەرلەنوێ سەپاندنەوەی ھاوکێشەکان، ئیتر لە ھێزی کۆنترۆڵکردنی ئابورییەوە بیگرە بۆ ھێزی سەربازیی و ھێزی ئەمنیی و ھێزی خێڵەکیی و ھێزی ئیقلیمی. ئەوەی ڕوویدا بردنەوەیەکی ساختە و درۆزنانەبوو، بردنەوەیەک لە غیابی متمانەی زۆرینەی کۆمەڵگاکەدا. حوکمڕانانی وڵاتەکە نەک توانای دەستنیشانکردنی لانی ھەرەکەمی ناوەرۆکی ”تێگەیشتنی باویان“ لە وڵاتەکەدا نەماوە، بەڵکو توانای وەگەڕخستنی لانی ھەرەکەمی ”ھۆشیاریی ساختەشیان“ لە مێشکی زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەدا نەماوە.
بەڵام ئەم تێزەی مارکس شتێکیش لە ڕاستی تێدایە، ئاخر ھێزی حوکمڕان ئەو ھێزەیە حیکایەت و ڕوانین و مژدە و ڕاڤەکردنەکانی لای کۆمەڵگا قابیلی لانیکەمی باوەڕپێکردنە. ئەگەر تەنھا خاوەنی درۆش بێت، درۆکانی پەردەیەکی تەنک لە عەقڵانیەت و شتێک لە متمانەکردنی، بەسەردادراوە. ھێزی حوکمڕان جیاوازە لە ھێزی خۆسەپێن. حوکمڕانینکردن و ئیغتیسابکردنی دەسەڵات دووشتی جیاوازن. جەردەیی و حوکمڕانیکردن ھەمانشت نین.
بە کورتیی، ئەو ھێزانەی لە عێراق و ھەرێمدا ئامادەن ھێزی حوکمڕان و ھێزی حوکمڕانیکردن نین، بەڵکو ھێزی خۆسەپێن و جەردەیین، گروپ و توێژ و تاقمی بێزمان و بێحیکایەت و بێدیدن، شتێکیان نییە قابیلی لانیکەمی باوەڕپێکردنبێت. ھێزگەلێکن لە ئاستی ئایدیۆلۆژیی و فەرھەنگیدا ئیفلاسێکی سەرتاسەریان کردوە. لەدەستدانی تێگەیشتنی باویش، مانای کۆتایی ئەو لانیکەمەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، کە لەم سەردەمەدا ھەموو کۆمەڵگایەک پێویسیی پێیەتی.