كوردو سوننە نایانەوێت سەرچڵی بكەنو لەگەڵ لایەنێكی شیعە رێكبكەون
2021-10-23 13:18:31
(درەو):
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت:
🔹 تاقیكردنەوەی هێز لەنێوان كوتلەی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆكایەتی ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی شیعە پێی نایە هەفتەی دووەمەوە، تائێستا هیچ ئاسۆیەك چارەسەر دیار نییە.
🔹 پێشبینی دەكرا مەرجەعیەتی نەجەف لە وتاری هەینی دوێنێ كەربەلادا، نەخشە رێگایەك بۆ هەردوو بەرەی ناكۆكییەكە رابگەیەنێت، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی رانەگەیاند.
🔹 بێدەنگی مەرجەعیەت وا لێكەدەدرێتەوە قایل نەبێت بە دۆخەكە، سەرباری ئەمە بەر لە هەڵبژاردن مەرجەعیەت بەیاننامەیەكی دەركردو داوای لە خەڵك كرد بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەڵام سەرباری ئەم بانگەوازە، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە لە ئاستی پێویستدا نەبوو، جگە لە لایەنگرانی رەوتی سەدر كە بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كردو پابەندن بە فەرمانەی موقتەدا سەدری رێبەریانەوە، چەند رۆژێك لەمەوبەر سەدر وتی ئەو هێشتا خوێندكارێكی حەوزەی عیلمییە، بەڵام سەرقاڵبوونی بە كاروباری گشتییەوە وایكردووە لە خوێندنی ئاینیی دوابكەوێت.
🔹 ئەنجامی هەڵبژاردن پێشبینی نەكراو بوو، ئەمە ململانێی شیعە- شیعەی تەقاندەوە، ئەم ململانێیە ئێستا سەریكێشاوە بۆ هەوڵی لادانی موقتەدا سەدر لەلایەن هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە دەیانەوێت لەرێگەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كوردو سوننە، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان دروست بكەن، بەڵام سەدر كە پلەی یەكەمی بەدەستهێناوەو (73) كورسی هەیە، هێشتا پەنا بۆ دەستور دەبات كە مافی ئەوەی پێدەدات حكومەتی داهاتووی عێراق دروست بكات.
🔹 كوردو سوننە هێشتا چاوەڕێی كۆتایی ئەم ململانێیە دەكەن لەنێوان لایەنە شیعەكاندا، ئەمە وایكردووە كوردو سوننە سەرچڵی نەكەن لە ئەنجامدانی لێكتێگەیشتن لەگەڵ هیچ لایەنێكی شیعە لەسەر حسابی لایەنەكەی تر، بەبێ لەبەرچاوكگرتنی ئەو دەستكەوتانەی كە دەكرێت بەدەستی بهێنن.
🔹 سەرباری ئەوەی چاوەڕێی تاقیكردنەوەی هێز دەكەن لەنێوان هەردوو بەرەكەی شیعەدا (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی)، كوردو سوننە كە دەزانن حكومەتی داهاتوو بەبێ ئەوان دروست ناكرێت، گرەو لەسەر خۆراگری سەدر لەلایەكو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەكی تر دەكەن.
🔹 پێدەچێت لێكتێگەیشتن لەگەڵ سەدر ئاسانتر بێت، بەوپێیەی یەك هێزەو زۆرینەی هەیە، بەڵام هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ شتێك نییە كۆیان بكاتەوە جگە لە یەك ئامانج كە ئەویش وەستانەوەیە بەڕووی تاكڕەوی سەدردا لە دەرگای هەڵبژاردنێكەوە كە ئەوان دانیان بە ئەنجامەكەیدا نەناوە.
🔹 بەگوێرەی دابەشكردنی زیان لەنێوان هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، بە هێزێكی دۆڕاو ئەژمار ناكرێت، بەڵكو براوەی دووەمی شیعەكانە دوای سەدر، سەرباری ئەوەی مالیكی لە دەرەوەی هاوكێشەی دۆڕاوەكانە، بەڵام بوونی لەگەڵ كۆدەنگی شیعەكان، لە پێویستی ئەو بۆ كورسی لایەنە دۆڕاوەكانەوە سەرچاوە گرتووە، تاوەكو كورسییەكانیان بخاتە پاڵ (33) كورسییەكەی خۆیو ببێت بە هێزێكی هاوتای سەدرو لەم رێگەیەوە بتوانێت مانۆڕ لەگەڵ سوننەو كورددا بكات بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان وەكو ئامادەكارییەك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.
🔹 هێزە دۆڕاوەكانی تر لەپێش هەمووشیانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی (بەدری هادی عامریو عەسائیبی قەیس خەزعەلی) سورە لەسەر توندكردنەوە لەرێگەی دان نەنان بە ئەنجامەكانو داواكردنی دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی دەستیی.
🔹 دوو لایەنی دۆڕاوی تریش هەن كە بریتین لە هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پێشوو تر (2 كورسی) هەروەها عەممار حەكیم (2 كورسی)، ئەمانە دەزانن كورسییەكانیان ئەنجامەكان لەبەرژەوەندییان ناشكێنێتەوە، بەڵام بێدەنگی عەبادی رەنگە بۆ ئەوەبێت چاوەڕێ بكات هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو كاندیدی چارەسەر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیازی بكەن، بەوپێیەی لاوازترینە لەنێویاندا لەڕووی قورسایی هەڵبژاردنو سەرباری ئەمەش ئەزمونی حوكمڕانی هەیە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، عەممار حەكیمیش قورسایی سیاسی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوكێشەی براوەو دۆڕاو بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی رۆڵی نێوەندگیر ببینێت، چونكە لە كۆتایدا عەممار حەكیم لای هەموو لایەنەكان قبوڵكراو ترە، هەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەم لەلای سەدریش، لای كوردو سوننەش پێگەیەكی رێزلێگیراوی هەیە.