پارتیو یەكێتی سەرمایەگوزاری خۆیان بۆ ئیمارات دەگوازنەوە
2022-01-27 14:15:12
راپۆرت: درەو
ئیمارات خەریكە شوێنی توركیا دەگرێتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی یەكجار سەردانی توركیای كردووە، بەڵام دووجار چوەتە ئیمارات، لەم سەردانانەدا مەسرور بارزانی كەسی لە تیمی یەكێتیو گۆڕان لەگەڵ خۆی نەبردووە، پارتیو یەكێتی دەیانەوێت سەرمایەگوزاری خۆیان بگوازنەوە بۆ (دوبەی)، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
ئارین لەبری یەكێتیو گۆڕان
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەسەردانێكی یەك رۆژە چووە ئیماراتی عەرەبیو گەڕایەوە، هیچ یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتیو گۆڕانی لەگەڵ خۆی نەبرد، لەم گەشتەدا (ئارین)ی كوڕی هاوەڵێتی دەكرد.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تیمی یەكێتیو گۆڕان تەنانەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئاگاداری سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی نەبوون، وا دەردەكەوێت سەردانەكەی سەرۆك وەزیران سەردانێكی خێزانی بوبێت، بەتایبەتیش كە ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی خێزانییەو لەلایەن چەند بنەماڵەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت.
پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزانیو بنەماڵەی فەرمانڕەوای ئەبوزەبی نوێ نییە، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە رۆژی 10ی تەموزی 2019دا، یەكەم سەردانی دەرەوەی بۆ توركیا بوو، سەردانی دووەمی بۆ ئیماراتی عەرەبی بوو.
1ی كانونی دووەمی 2019 مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا سەردانی ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتیان كرد بۆ بینینی پێشبڕكێی ئۆتۆمبیبلی "فۆرمێلا وەن"، لەوێ بەرپرسانی باڵای ئیماراتو محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەیان بینی.
سەردانكردنی ئیمارات بەمەبەستی بینینی پێشبڕكێی "فۆرمێلا وەن"و لەپاڵ ئەمەشدا سازدانی دیداری سیاسی، لە مەسعود بارزانییەوە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، بارزانی ئەوكاتەی سەرۆكی هەرێم بوو، ساڵانە سەردانی ئیماراتی دەكرد بۆ بینینی "فۆرمێلا وەن"، دواین سەردانی بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی لە رۆژی 23/11/2018دا بوو.
حوكمی خێزانیی لە ئیماراتەوە بۆ هەرێم
ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی فیدراڵی سەرۆكایەتی خێزانییە، لە حەوت ئیمارەت پێكدێت (ئەبو زەبی، دوبەی، شارقە، عەجمان، ئوم قەیوین، رەئس خەیمە، فوجێرە)، هەر ئیمارەتێك لەلایەن بنەماڵەیەكەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرۆكی ئەم ئیمارەتانە هەموویان ئەندامن لە ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی فیدراڵ)، لەم ئەنجومەنەدا سەرۆكی وڵاتو سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێردێت، تائێستا نەریت وابووە حاكمی ئەبوزەبی پایتەخت سەرۆكی وڵاتو حاكمی شاری (دوبەی) سەرۆك وەزیران بێت، ئەبوزەبی كە لەلایەن بنەماڵەی (ئال نەهەیان)ەوە بەڕێوەدەبرێت، (دوبەی) لەلایەن بنەماڵەی (ئال مەكتوم)، واتە سیستمێكی بنەماڵەیی رێكخراوە.
هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، تائێستا دەستوری نییە، سیستمی حوكمڕانییەكەی هێشتا دیار نییە، لەماوەی 12 ساڵی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا، جارێك سەرۆك لەناو پەرلەمانو جاری دووەم سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا، واتە روون نەبوو ئایا سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتییە یان پەرلەمانی یاخود تێكەڵ، بارزانی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە، نێچیرڤان بارزانی برازای شوێنی گرتەوە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە.
هاوشێوەی ئیمارات، هەرێمی كوردستان لەلایەن بنەماڵە سیاسییەكانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم سیستمە بنەماڵەییە بەپێچەوانەی ئیماراتەوە رێك نەخراوە، لەروخساردا پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لە واقیدا دوو بنەماڵە (بارزانیو تاڵەبانی) جڵەوی حوكمڕانییان بەدەستەوەیە، سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕینو گەرمیان لەژێر كۆنترۆڵی تاڵەبانییەكاندایە، هەولێری پایتەختو دهۆكو ئیدارەكانی سۆرانو زاخۆ لەژێر كۆنترۆڵی بارزانییەكاندایە.
بەپێچەوانەی بنەماڵە فەرمانڕەواكانی ئیماراتەوە، لەنێوان دوو بنەماڵە فەرمانڕەواكەی هەرێمدا ئێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم بوونی نییە، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەساڵی (1994)، هەرێمی كوردستانی دابەشكرد بەسەر دوو حكومەتدا (حكومەتی یەكێتیو حكومەتی پارتی)، دوای روخانی رژێمی سەددامو دروستبوونی گۆڕانكاری لەناوچەكە، دواجار تاڵەبانیو بارزانی بەناچاریی لە ساڵی 2005دا رێككەوتنێكیان كرد بۆ دروستكردنی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی"، بەپێی ئەم رێككەوتن تاڵەبانیو بارزانی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانو عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بردو تاڵەبانیش پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كورد بوو، لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی لە 2017دا، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی لاواز بوو، ئێستا ئەو رێككەوتنە بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەدەستەوەیەو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش پێشكەش كردووەو دەیەوێت ئەو پۆستەش لە یەكێتی وەربگرێتەوە.
هەرێمو ئیمارات لەڕووی ئابورییەوە
ئێستا ئیماراتی عەرەبی، لەدوای توركیاو ئێرانو چینەوە، بە چوارەمین هاوبەشی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئیمارات ساڵانە (یەك ملیار) دۆلارە، (120) كۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، قەبارەی سەرمایەگوزاری ئەم كۆمپانیایانە ساڵانە دەگاتە (3 ملیار) دۆلار.
یەكێك لە دیارترین كۆمپانیا ئیماراتییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكات كۆمپانیای (دانەغاز)ە كە لە كێڵگە نەوتیو غازییەكانی هەرێمدا كاردەكات، ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە لە ساڵانی رابردوودا دوو سكاڵای یاسایی لە حكومەتی هەرێم بردەوەو حكومەتی خستە ژێر قەرزەوە.
بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی ئابوری ئیمارات، لە ساڵی 2019دا قەبارەی بازرگانی ئیمارات لەگەڵ عێراق بەگشتی گەیشتوەتە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا.
ساڵی رابردوو ئیماراتییەكانی بەڵێنیان دا بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕی (3 ملیار) دۆلاری تر بۆ وەبەرهێنانی خۆیان لە عێراق زیاد بكەن.
ئەمساڵانەی دوایی ئیماراتی عەرەبی بووە بە روخسارێكی نوێی بزنس بۆ سەرمایەدارو سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆیی یەكێتی، ئیدارەی گشتی یەكێتی لە هەوڵی ئەوەدابووە، فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەستی چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی بكاتو گرێبەستی لەمبارەیەوە واژۆ كردووە، لە پاڵ ئەمەدا، زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، بۆ ماوەیەك، بەشێك لە پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان چوەتە ناو یەكێك لە بانكەكانی شاری (دوبەی) ئیمارات.
بەم دواییە رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كرد لە تۆماری خانووبەرەدا لە دووبەی دەركەوتووە كە بنەماڵەی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی (خەلیفە)و دوورگەی (نەخلە)دا موڵكو ماڵی گرانبەهایان هەیە.
ئێستا (دوبەی) بۆ زۆرێك لە بەرپرسانی باڵای حزبیو حكومی هەرێمی كوردستان شوێنی پایتەختەكانی ئەمریكاو ئەوروپای گرتوەتەوە، سەرباری ئەوەی سەروەتو سامانی خۆیان لەوێ دەخەنەگەڕ، ساڵانەو لە پشووەكاندا بۆ كاتبەسەربردن روو لە دوبەی دەكەن.
سەرسامی بەرپرسانی هەرێم بە گەشەكردنی دوبەی لەڕووی بیناسازیو ئابورییەوە، وایكرد هەولێر وەكو (دوبەی) عێراق ناوزەد بكرێت، بەڵام هەرگیز هەولێر نەبوو بە (دوبەی)، ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە هەولێر ئاو بردی.
هەرێمو ئیمارات لەڕووی سیاسییەوە
ئیماراتی عەرەبی بەمدواییە وەكو یەكەمین وڵاتی عەرەبی، بەشێوەیەكی ئاشكراو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە.
بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە، ئێستا ئیمارات بووە بە یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە كە لەلایەك دەیەوێت سنوری بۆ هەژمونی ئێران دابنێتو لەلایەكی ترەوە شەڕی توركیا دەكات، لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئیماراتییەكان بەردەوام رۆڵیان لەناو عێراقدا هەبووە، بەمدواییە ئیماراتییەكان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لە یەكخستنی ماڵی سوننەكانی عێراقو یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بارزانی ئێستا لەسەر ئەم خەتە گەمەی سیاسی دەكات، بارزانی لەگەڵ سوننەكاندا چوەتە ناو رێككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، ئەم رێككەوتنە ئێرانییەكانی توڕەو ماڵی شیعەكانیشی پەرتكردووە.
رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە شیعە دۆستەكانی ئێران دۆڕان، ئەم لایەنانە یەكسەر پەنجەی تۆمەتبار بۆ ئیماراتی عەرەبی راكێشاو تۆمەتباریان كرد بەوەی دەستی هەبووە لە ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا لەرێگەی تەكنەلۆژییەوە، ئێستا عێراق لەناو كاردانەوەكانی ئەم هەڵبژاردنەدا دەژیو دیارنییە داهاتووی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات.