Draw Media

سەرمایەی ترس

سەرمایەی ترس

2022-01-26 18:00:59


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ترس دۆخێكی زۆر تایبەتی دروستكراوی سروشت و مرۆڤە. مۆدێرنە بە پەیمانێكی گەورەوە هاتە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە، پەیمانی رزگاركردنی عەقڵی ڕاگەیاند لە مەترسییەكانی دین و خورافەت و زاڵبوون بەسەر سروشت و پاراستنی ئینسان لە كارەسات و مەترسییە سروشتییەكان. پەیمانی مۆدێرنە سەروەركردنی زانست و نەهێشتنی مەترسییەكانی نەخۆشیی و دۆزینەوەی چارەسەر بوو بۆ پەتا كوشندەكان. مۆدێرنە واتە دۆزینەوەی ئەنتیبیۆتیكا بۆ نەخۆشییە مەترسییدارەكان لەبری خواردنەوەی ئاوی نوشتە و زیكر و دوعا.

لەدوای ئەزموونی سەدان ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی ئایین و کەنیسەوە کە ترس لە سزای ئەم دونیا و ئەو دونیا سەرچاوەی پاراستنی دەسەڵات بوو و شەخسی پاپاش نوێنەری ڕاستەوخۆی خودا بوو لەسەر زەوی، دەوڵەتی مۆدێرن سەرهەڵدەدات. دەوڵەتی مۆدێرنیش کە لەسەر بناغەی پەیمانی کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت، هەم مرۆڤی لە زۆر مەترسیی پاراست و هەم چەندین مەترسیی نوێشی بۆ بەرهەمهێنا. دەوڵەتی تۆتالیتاری لەسەدەی بیستەمدا باڵاترین ئاستی دروستکردنی ترس و جەور بوو بۆ ئینسان. هۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژییش ماشێنی گۆڕینی زانست و عەقڵ و بیرۆکراسییەت بوو بۆ خزمەتی ئایدیۆلۆژیا وەحشەتگەرەکان لە نموونەی فاشیزم و نازیزم و بەعسیزم. لە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە ستەمگەرەکاندا ترس بەناوەکیی دەکرێت و دەبێت بە دۆخێکی ئاسایی کە مرۆڤ تیایدا هێندەی لە ناوەوەی خۆی دەترسێت، ئەوەندە لە دەرەوەی خۆی ناترسێت. لە سەدەی دەسەڵاتدارێتییە تۆتالیتارییەکاندا ترس دەبێت بە دۆخێک کە مرۆڤ سانسۆری ناوەکیی خۆی دەکات و رێگەبەخۆی نادات، تەنانەت بەنهێنیش لەناوەوەی خۆیدا جیاواز لە حیزب و سەرۆک و دەوڵەت، بیربکاتەوە.


  
دەوڵەتی سۆسیالیستییش نموونەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەک بوو کە هەروەکو چۆن لە ئاستی ئابوورییدا نەوتی بەخۆماڵییکرد، ئاوهاش لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا ترسی بەخۆماڵییکرد. واتە ترس لە دەوڵەتی سۆسیالیستیی یان کۆمۆنیستییدا بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆمەڵگادا دابەشکرا، ئەم یەکسانییە بەهایەکی دادپەروەرانەی نییە، بەڵکو بەهایەکی ماتماتیکیی هەیە، واتە بڕ و هێزی ئەو ترسە بەسەر کۆی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگادا دابەشکرابوو. کۆمەڵگا لەم جۆرە سیستەمانەدا بەسەر دوژمن و دۆستدا دابەشدەکرێت. ئەوانەی دۆستن و بەشێکن لە راگرتنی سیستەمەکە ترسی هیچیان نییە، ئەوانەی دوژمنیشن دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین، چونکە شوێنێک نییە خۆیانی تێدا حەشاربدەن و ژیانی خۆیان بپارێزن.

چ لە دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان و چ لە دەوڵەتی بەعسیشدا ترس بەپلەی یەکەم رەهەندێکی سیاسیی هەبوو، نەک کۆمەڵایەتیی، چونکە لەم سیستەمەدا هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستیی و پەروەردە و فێرکردن و خانوو و کار، بەشێوەیەکی گشتیی فەراهەمکرابوون، تاکە مەترسییەک کە مرۆڤ هەیبوو ژیانی بکەوێتە بەر هەڕەشەوە، ترسی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بوو. جۆری ترسەکان کە دەبوونە مەترسیی بۆ سەر ژیان، بریتیی بوون لە بیرکردنەوەی جیاواز و دونیابینییەکی جیاواز لەو دونیابینییەی کە دەسەڵات دیکتاتۆرییەتی پێ دروستکردووە.

ترس لە سیستەمی سەرمایەداریی و بەتایبەت دوای داڕمانی سیستەمی سۆسیالیستیی، ترسێکە بە قسەی سیگمۆند باومان شلدەبێتەوە و دابەشدەبێت. لە ئێستادا ترس وەک کۆمپانیایەک بەپرایڤت و بەتایبەتدەکرێت، سەرمایەیەکە و دەوڵەت و کۆمپانیا ئەهلییەکان سەرمایەگوزاریی تێدا دەکەن. بە بۆچوونی باومان لەم سەردەمەماندا تاک خۆی بەپرس دەبێت لە پاراستنی زیاتر و توندوتوڵکردنی ژیان و ماڵی خۆی. لەپاڵ خزمەتگوزاریی گشتیی دەوڵەتیی کە بۆ پاراستنی مرۆڤ و کۆمەڵگا تەرخانکراوە، چەندین سێکتەر و هەلی تر دروستبوون کە مرۆڤ دەتوانێت لێیان سودمەند بێت بۆئەوەی ژیانی پارێزراوبێت و مەترسییەکانی کەمتر ببنەوە. بۆ نموونە لەبری ڕاگرتنی سەگ کە کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی تەقلیدیی خۆپاراستنە لە مەترسیی و هەڕەشەی دەرەکیی، ئێستا خانووی تایبەت و دەرگا و پەنجەرەی تایبەت، دانانی سیستەمی چاودێریی کامێرا و تەنانەت تیشکی سەرووی وەنەوشەیی هەیە، هەموو ئەمانە تادەگات بە کرێگرتنی خزمەتگوزاریی دەزگای سێکیوریتی تایبەتەکان بۆ پارەداران و هەبووان، بەشێکن لە خزمەتگوزاریی پاراستن و ڕەواندنەوەی مەترسیی.

باومان باس لە مەترسییەکانی سروشت ناکات کە مەترسییگەلێکن لەدەرەوەی ئیرادە و خواستی ئێمەدان، بەڵکو باس لە شکستی مۆدێرنە دەکات لە نەتوانینی پاراستنی مرۆڤ لە هەڕەشەی سروشت. لەمڕۆشدا دەتوانین باس لە پەتای کۆرۆنا بکەین کە فەشەلی مۆدێرنە لە پاراستنی مرۆڤ، جارێکی تر دەخاتە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نوێوە. 

باومان باس لە رەهەندێکی مەترسییدار دەکات کە دەسەڵات چ لە فۆرمە تۆتالیتارییەکەی و چ لە فۆرمە سەرمایەدارییەکەی دەتوانێت بەشێوەیەکی وەحشەتگەرا خۆی نماییشبکات. ئەو نموونەی ساڵی ٢٠٠٥ی ئەمریکا دەهێنێتەوە کە چۆن تۆفانی کاترینا، باشووری ئەمریکای وێرانکرد و لەدوتوێیەوە بەهێزترین دەوڵەتی جیهان و گەورەترین دیموکراسییەتی ئەم سەردەمەمان ڕووە تاریکەکەی خۆی نماییشکرد. فەشەلی ئەمریکا لە پاراستنی هاونیشتیمانیان و خراپی ئیدارەدانی ئەو کارەساتەدا بوو. دوای ئەوەی دۆخێکی فەوزا و لەدەستدەرچوو دروستبوو، دەوڵەت جەبەروتی خۆی نارد، بۆئەوەی نیزام بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی خۆی. ئەم نیزامەش بەڕای باومان ناردنی گاردی نیشتیمانی بوو بە فرمانی کوشتنەوە، بەبێ جیاوازیی بۆ هەموو ئەوانەی نیزام تێکدەدەن. ئەمەش مانای جیاوازیینەکردنە لە نێوان کەسێکدا کە کەرەسەی تەلەفیزیۆنێک دەدزێت و کەسێکیش کە لە برسانا خواردن دەدزێت. واتە دەوڵەت پێشئەوەی بڕوات ئەوانە بنێژێت کە لەبرسانا مردوون و جێگەوڕێگاش بۆئەوانە دابینبکات کە ئاوارە و دەربەدەرن، فەرمانی تەقەکردن و کوشتنی دەرکرد. بەم چەشنە بۆ دەوڵەتی سەرمایەدارییش وەک هەر دەوڵەتێکی تر، ترس لە فەوزا و نەمانی دەسەڵات گەورەترە لە ترسی مردنی هاونیشتیمانیان و شکستی دەوڵەتی مۆدێرن لە پاراستنیان.

پرسیارەکە بۆ کۆمەڵگای کوردیی ئەوەیە: ترس چ خەسڵەت و ڕۆڵێک لەناو ستراتیژی دەسەڵاتدا دەگێڕێت؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی چۆن سەرمایەگوزاریی لە ترسدا دەکات؟

ماویەتی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand