گیرخواردن بەدەست دوو نوخبەوە
2023-12-03 12:36:52
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
کۆمەڵگای ئێمە لە غیابی ئۆپۆزیسیۆنێکی عەقڵانیی و کراوە و دیموکراسیی و لە غیابی ناوەندێکی رۆشنبیریی و مەدەنیی چالاکدا، بەرەو ئەوەدەڕوات، بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاستی سیاسیدا لەلایەن کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی سوڵتانییەوە حوکمرانیی بکرێت و لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا ھێزە ئیسلامییەکان حوکمی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە بکەن. ھەم کایەی سیاسەت و ھەم کایەی کۆمەڵایەتیی ھێزگەلێک بەڕێوەیاندەبەن کە شایستەی کۆمەڵگایەک نین لە دەیەی سێھەمی سەدەی بیست و یەکەمدا بژیی.
ھەردوو بەرەکە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی دوو ئەگەری رەھا و خراپ دەکەنەوە: یان ڕازیبوون بە ستەمگەریی یان تێکچوونی سەرتاسەری ئاسایش، یان دین یان فیتنە و فەوزا و بەدڕەوشتیی، یان ئێمە وەک حوکمڕان یان نائارامیی و وێرانەیەکی تەواو. لە ھەردوو ئاستەکەدا دوو نوخبەی تەواو نارسیستیی و توندوتیژ ئامادەن کە نوخبە سیاسییەکەیان جگە لەوەی خۆیان بە تاقە ھێزی قابیلی حوکمڕانییکردن دەزانن و نوخبە دینییەکەش خۆی بە تاقە نوێنەری ڕاستەقینەی خوداوەند دەزانێت، ھەردووکیشیان ئامادەن جەھەنەمێک لە سەرزەوی بۆ ھەموو ئەوانە دابخەن کە لەگەڵ دید و روانین و لێکدانەوە و تێگەیشتنی ئەواندا بۆ دین و دنیا و دەوڵەت و حوکمڕانیی یەکناگرنەوە.
لە ڕاستیدا ئەوەی ئەم دوو نوخبەیە ئەنجامیئەدەن ستراتیژیەتی بەندکردنی تەواوی کۆمەڵگاکەیە لەناو ئەو دوو ئەگەرەدا، کە ھەردووکیان تەواو نەخوازراو و ترسناک و کوشندەن. ئەگەری یان ئەوان یان جەھەنەم، یان ئەوان یان فیتنە و پشێویی و نائارامیی، یان ئەوان یان کوفر و گومڕایی و بەدئەخلاقیی. ئەوەی لەم دۆخەدا غائیبە ئەو لانی کەمیی دانایی و عەقڵانیەت و حەکیمبوونەیە، کە ھەر کۆمەڵگایەک نیازی مانەوە و بەردەوامبوونی ھەبێت، پێویستی پێیەتی.
پێدەچێت ئەفلاتون دیمەنێکی وەک دیمەنی ئەمرۆکەی کۆمەڵگا و حوکمڕانیکردنی ئێمەی لەبەرچاوبووبێت کاتێک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت ئەو کەسەی کە پێویستە حوکمڕانبێت دەبێت حەکیم و دانا و عەقڵانی بێت، واتە بەرلەوەی توانای حوکمکردنی کەسانیتری ھەبێت، پێویستە توانای حوکمکردنی خۆی ھەبێت.توانای حوکمردنی خواستە غەریزی و ئاژەڵیی و نەرجەستییەکانی خۆی ھەبێت، توانای کۆنترۆڵکردنی چڵێسییە ھەمەجۆرەکان و توانای کۆنترۆڵکردنی زمان و تورەبوون و ڕقە نەفسییەکانی خۆی ھەبێت. بە کورتییەکەی، لای ئەفلاتوون ئەوەی توانای حوکمکردنی خۆی نەبێت، ئەوەی زانیاریی و مەعریفە و لێزانیی و ئەخلاقیی حوکمڕانیکردنی خواست و ویست و ھەڵچون و داچون و رق و بوغزەکانی خۆی نەبێت، توانای حوکمرانی ئەوانیتری نابێت. کەسانێک بیەانوێت حوکمڕانیی بەسەر خەڵکانی ترەوە بکەن، پێویستە سەرەتا بتوانن حوکمڕانیی بەسەر حەز و ویست و ئارەزووە جۆربەجۆرەکانی خۆیاندا بکەن، کۆنترۆڵی ھەڵچوون و داچوونەکانی خۆیان بکەن، دەسەڵاتیان بەسەر رق و کینەکانی خۆیاندا ھەبێت.
لای ئەفلاتوون تەنھا کەسی حەکیم و زانا، کەسی دانا و عەقڵانیی، ئەو شتانەی بۆ دەکرێت و بەر لەوەی حوکمڕانی کەسانیتر بکات حوکمڕانیی خواست و غەریزە و چڵێسییەکانی خۆی دەکات، تەنھا کەسێکی لەوجۆرە شایانی حوکمڕانییە، چ حوکمڕانیی سیاسیی یان حوکمڕانیی دینیی. ئاشکرایە لەم دیدگا تایبەتەدا بۆ حوکمڕانیی، ئەفلاتوون، لەناو خودی کەسەکان خۆیاندا بەدوای میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکرنی گونجاوی حوکمڕانیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا دەگەرێت، چاکەکارییەکانی دەسەڵاتدارێتیی و باش کارکردنی حوکمڕانیی بە باشی کەسەکان و زانایی و دانایی و عەقڵانیبوونی ئەوانەوە گرێئەدات. شتێکی ئەوتۆ لەسەر بوونی دەزگا و میکانیزمی دەزگایی و یاسایی دەرەکیی بۆ لێپرسینەوە و ئاراستەکردنی حوکمڕانیی ناڵێت. ھەرچی تیورە تازەکانی حوکمڕانییکردنە، حوکمڕانیکردن لە ھەموو شێوەکانیدا، بەتەنھا پێ لەسەر کەسایەتی حاکم و حوکمڕانەکە داناگرن، بەڵکو دەیبەستنەوە بە کۆی ئەو میکانیزمە دەرەکییەشانەوە کە ناھێڵن حوکمڕان سنوورەکان ببەزێنێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزادانی یاسایی و ئەخلاقیی، دەکەنەوە.
ئەوەی حاکم کەسایەتیەکی باش یان دانای ھەبێت، دەشێت شتێک لە چاکەکاریی لێ چاوەروان بکرێت، بەڵام لەمە گرنگتر پێداگرتنە لەسەر بوون و توانای لێپرسینەوەی دەزگایی و یاسایی لە حوکمرانەکان. میکانیزمی بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە و تاوانبارکردنی یاساییانەی دەسەڵاتدار ھەمیشە لە پێش کەسایەتی حوکمڕانەکەوەیە. حوکمرانیی باش ئەو حوکمڕانییە نییە کە دەسەڵاتدارێکی باش دەیبات بەرێوە، بەڵکو ئەو حوکمرانییەیە کە دەزگای باش و یاسای باش و میکانیزمی باشی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتادارانی ھەیە. ئەوەی ھەردوو نوخبەکە، ھەم نوخبە سیاسییەکە و ھەم نوخبە دینییەکە، لە دونیای ئێمەدا وێرانیان کردوە بوون و ئامادەگیی ئەم توانای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنەیە.
ئەگەر ئەوەی سەرەوە لە ئاستی حوکمڕانیی کردنی سیاسیدا ئامادەبێت، لەناو کۆمەڵگاکەدا دۆخێکی تر ئامادەیە کە ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی ئاراستەی دەکەن. ئەمەش بریتییە لە سەپاندنی شوناسێکی پۆلیسی بەسەر کۆمەڵگادا. بە مانایەکی دیکە، ئەوەی ئیسلامییەکان دەیانەوێت بیسەپێنن شوناسێکی پۆلیسییە، کە سەلەفیەتی دینیی ژێرخانی ئەو شوناسە و کۆی وردەکارییەکانی دیاریدەکات. شوناسێک تیایدا ئاشکرایە و روونە کە ئێمە کێین و چین و پێوستە چی بین؟
لە راستیدا لای ھێزەکانی ئیسلامیی سیاسیی و لای ھێزە سەلەفییەکان بەر لە کردنی پرسیاری ئێمە کێین، وەڵامەکەی حازر و ئاشکرا و زانراوە و ئەسڵەن پێویست بەکردنی پرسیارەکە ناکات. لای ئەم ھێزانە پرسیاری ئێمە کێین پرسیارێکە پەیوەندیی بەوەوە ھەیە ئایا ئێمە چ پەیوەندییەکمان بە ڕابوردووەوە ھەیە، بەو ڕابوردوەوە کە لای ئەوان ڕابوردویەکی دینییە. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوەیە ھەڵگرتنی کۆمەڵگایەک کە لە دەیەی سێھەمی سەدەی بیست و یەکەمدا دەژیی و فڕێدانی بۆناو مێژوویەکی ھەزار ساڵەی تێپەڕیو و نیشتەجێکردنی لەناو کۆمەڵێک تێکستی دینیی سەر بەو سەدانەدا.
لە کاتێکدا پرسیاری سەرکی سەبارەت بە شوناس، پرسیار نییە دەربارەی ئەوەی ئایا ئێمە چ پەیوەندییەکمان بە رابوردوەوە ھەیە، بەڵکو ئەوەیە چ پەیوەندییەکمان بە ئێستا و بە ئێستاییبوونی خۆمانەوە ھەیە، دەمانەوێت لەناو دونیای ئەمڕۆدا چی بین و ببین بەچی. پرسیاری شوناس ئەوە نییە ئێمە لە کوێوە ھاتووین، بەڵکو ئەوەیە ئێمە بەرەو کوێ دەرۆین، دەمانەێت چۆن لەناو جیھانی ئەمڕۆدا نیشتەجێبین.
بە کورتییەکەی پرسیاری شوناس لە ئێستادا لە پەیوەندیدا بە ھەردوو نوخبە دەسەڵاتدارەکەی ناو کۆمەڵگای ئێمەوە، نوخبە سیاسیی و نوخبە دینییەکە، ئەوەیە ئایا ئێمە چ جۆرە سیاسەتێکمان دەوێت، ئەی چ جۆرە دین و دیندارییەکمان دەوێت. چ جۆرە وێنەیەکمان بۆ حوکمڕان و بۆ خودا و بۆ موقەدەسی سیاسیی و دینیی ھەبێت.