لە کابینەی نۆیەمدا لە کۆی (53) مانگ تەنها (33) موچەی بەتەوای خەرجکردووە
2023-12-03 11:18:09
راپۆرتی: درەو
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (53) مانگی رابردوودا، تەنها (33) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە، کۆی ئەو پارانەی خەرج نەکراوە، دەخەمڵێندرێت بە؛
🔹 (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "خەرجنەکردنی 7 موچەی تەواو"
🔹 (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%"
🔹 (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%"
🔹 (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار "موچەی (3) مانگی 2023" دواکەوتووە.
🔹 کەواتە سەرجەم ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (10 ترلیۆن 986 ملیار) دینارە.
پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم
لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە (10/7/2019)ەوە، موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران.
سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا نزیک لە (11 ترلیۆن) دینارە، جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچەی فەرمانبەران.
قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لە موچەکانیان پاشەکەوت کرا.
بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە.
کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین _لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە قەبارەی خەرجی موچە (895 ملیار)بووە، بەڵام بەردەوام خەرجی موچە رووی لە زیادبوون کردووەو بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی کە خەرجییەکانی خۆی بۆ شەش مانگی یەکەمی (2023) بڵاوکردەوە بە تێکڕا کۆی خەرجی مانگێکی موچەی موچەخۆران سەرو (941 ملیار) دینابووە_، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛
• (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
• (9) مانگ بە لێبڕینی (21%) X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار
• (1) مانگ بە لێبڕینی (18%) X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار
• لە ئێستاشدا کە پێدەنێینە مانگی (12)ی (2023)ەوە بەڵام موچەی مانگەکانی (9و 10و 11) موچەخۆران دابەشنەکراوە کە بەرامبەرە بە؛
(3) مانگ موچەی دواکەتوو X (941 ملیار) دینار = (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار.
کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار "موچەی (3) مانگی 2023" = (10 ترلیۆن 986 ملیار) دینار.
بە مانایەکی دیکە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (53) مانگی رابردوودا، تەنها (33) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە. (وەک لەم خشتەیەی خوارەوەدا رونکراوەتەوە).