Draw Media

چارەنوسی هەڵبژاردن‌و كورسی پێكهاتەكان

چارەنوسی هەڵبژاردن‌و كورسی پێكهاتەكان

2023-12-03 14:14:35


راپۆرت: درەو
دوای زیاتر لە ساڵێك مشتومڕو دواكەوتنی هەڵبژاردن لە كوردستان، هێشتا كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان‌و چۆنیەتی دابەشكردنی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن یەكلانەبووەتەوە، ئەم بابەتە لەسەرەتاوە خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتیی بوو، ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق دەیەوێت یەكلای بكاتەوە، توركمان‌و مەسیحییەكان ژمارەیان چەندە لە هەرێمی كوردستان ؟ له‌ڕووی جوگرافییەوە چۆن دابەشبوون ؟ ژمارەی دەنگەكانیان لە یەكەم هەڵبژاردنەوە‌و بۆ دوا هەڵبژاردن چۆنە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 
  
چارەنوسی هەڵبژاردن‌و كورسی پێكهاتەكان
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، ئەم هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا نەكرا.
دواكەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ناچاركرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربكات‌و وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكات، كۆتاییەكانی ئازاری ئەمساڵ سەرۆكی هەرێم مەرسومی دووەمی دەركردو رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2002ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەكەم، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی‌و یەكێتیی. 
لە پرسی دواكەوتنی هەڵبژاردندا، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، ئەم ناكۆكییە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە‌و رەنگە دواجار سەربكێشێت بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت، كە بڕیارە 25ی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت.
"كۆتا" بەواتای تەرخانكردنی رێژە یان ژمارەیەك كورسی دێت بۆ پێكهاتەیەكی رەگەزیی یان نەتەوەیی‌و ئاینیی لە پەرلەمان‌و ئەنجومەنە لۆكاڵییەكان، رێوشوێنێكی كاتییە‌و ئامانج لێی ئەوەیە گرەنتی بەشداری پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتیی بكرێت لە بەشداریكردن لە بڕیاردا لەناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراو. 

توركمان‌و ترسی دابەشبوونی كورسییەكان 
ئایدن مەعروف وەزیری هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێكهاتەكان كە سەربە (بەرەی توركمانی)یە، ئەمڕۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد، تێیدا دژایەتی پێكهاتەكانی بۆ دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن راگەیاند.
ئایدن مەعروف دەڵێ" ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەسەر بنەمای جوگرافی دابەشبكرێت، چونكە لە كوردستان پێكهاتەكان وەكو نەتەوە كورسی كۆتایان بۆ تەرخان كراوە نەك وەكو ئاین". 
نیسانی ئەمساڵ كاتێك دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا (ئەوكات پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن)، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتیدا دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەی كرد كورسییەكی پێكهاتەی توركمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی (كفری)، بەڵام نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە. 
مەترسی سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ توركمانەكان هەرلەوەدا نییە كورسی "كۆتا"ی توركمان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكرێت، مەترسییەكە رەنگە سەربكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكجارەكی  "كۆتا"ی توركمانەكان، بۆیە هێزە نەریتییەكانی ناو ئەم پێكهاتەیە بەمدواییە هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ رێگریكردن لەم ئەگەرە، تەنانەت لەگەڵ باڵیۆزی توركیاش گفتوگۆیان لەسەر ئەم بابەتە كردووە. 
پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان، جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پەرلەمان، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پۆستێكی وزارییان وەرگرتووە كە پۆستی وەزیری هەرێمە بۆ كاروباری پێكهاتەكان‌و (ئایدن مەعروف) پۆستەكە بەڕێوەدەبات. 

توركمان لە كوردستان 
لەسەر ئاستی عێراق توركمانەكان وەكو پێكهاتەی سێیەم لەدوای (عەرەب‌و كورد) ئەژماركراون‌و كورسی "كۆتا"یان لە پەرلەمان بۆ تەرخان نەكراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان وەكو پێكهاتەی دووەم ئەژماركراون، بەڵام (5) كورسی "كۆتا"ی بۆ تەرخان كراوە.  
بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم  پێكهاتەیە، ژمارەی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان (350 بۆ 400 هەزار) كەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە (3 ملیۆن) كەس. 
ئەگەر ئەم ژمارانە دروست بن، وەكو بەرپرسانی توركمانی دەڵێن، مافی پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە (5) كورسی "كۆتا"، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك كە كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی توركمان خۆشیان دژی كورسی "كۆتا"ن‌و پێیانوایە ئەگەر لە دەرەوەی "كۆتا" بەشداری هەڵبژاردن بكەن‌و ریزەكانی خۆیان یەكبخەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەبێت‌و سەرباری ئەمەش لەژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەكان دێنە دەرەوە.
وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان دەڵێ: زۆرینەی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێردا نیشتەجێن، بەشێكی تریان لە سنوری قەزای كفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، واتە توركمانەكان دابەشبوون بەسەر هەردوو زۆنی دەسەڵاتدارێتی‌و پارتی‌و یەكێتیشدا‌و كێشمەكێشی ئەم دوو حزبەش لەسەر كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە، بەهۆی ئەم ململانێ سیاسییەو نەبوونی سەرژمێری گشتی، توركمانەكان قەبارەی خۆیان لەبیركردووەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی ئەم پێكهاتەیە مانەوەی كورسی "كۆتا" بە زەمانەت دەزانن.  
یەكێتیی لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیەوێت لەكۆی (5) كورسی "كۆتا"ی توركمان، (2) كورسی بدات بە قەزای كفری كە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 58 هەزار كەس لە قەزای كفریدا نیشتەجێن، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە كە ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری دەستنیشان بكات، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەرەی توركمانی (800) خێزانی توركمان لە كفریدا هەن، بەڵام لەدواین هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) كاندیدی توركمانەكان لەم قەزایە كە خاتونێك بوو بەناوی (بسن جیهاد محەمەد) لە بەرەی توركمانیی، تەنیا (334) دەنگی بەدەستهێنا.  
سەرباری ئەمەش، بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی تر كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئێستا ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری نزیكەی (2 هەزار) كەس دەبێت كە دابەشبوون بەسەر نزیكەی (450) خێزاندا.
هاوشێوەی قەزای كفری، لە سەنتەری شاری هەولێریش ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی توركمانەكان لەبەردەستدا نییە، ئەوەی دەوترێت زیاتر ژمارەیەكی سیاسییە، چونكە سەرژمێری نەكراوە‌و پێكهاتەكان تۆماری تایبەت بەخۆیان نییە.  

مەسیحییەكان لە كوردستان
ئەوە هەر لایەنە توركمانییەكان نین كە دژی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەندێك لە لایەنە مەسیحییەكانیش دژی ئەم دابەشكردنەن. 
رۆژی 24ی مانگی رابردوو، (جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو. 
ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو پێكهاتەی مەسیحی شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە‌و وتی:" یەكێتیی داوایكردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، وایان دابەشكردووە پێنج كورسیی مەسیحییەكان بەشێوەیەك دابەش بكرێت كە دوو كورسی بۆ سلێمانی، دوو كورسی بۆ دهۆك‌و یەك كورسی بۆ هەولێر بێت".
"لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن، بەڵام لە عەنكاوە (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە، ناكرێت بۆ 120 خێزان دوو كورسی تەرخان بكرێت‌و لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنكاوە یەك كورسی تەرخان بكرێت، جگە لە قەزاكانی شەقڵاوەو كۆیە كە ژمارەیەكی زۆر مەسیحی لەوێش هەن" پەرلەمانتارە مەسیحییەكە وا دەڵێ. 
بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لەناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین. 
رێژەی 67%ی مەسیحییەكانی عێراق كلدانی كاسۆلیكن، كە كلێساكانیان لە ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەكاندا پەیڕەوی نەریتی خۆرهەڵاتی دەكات، بەڵام دان بە دەسەڵاتی پاپای ڤاتیكاندا دەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی 20%ی مەسیحییەكانی عێراق سەربە كلێسای ئاشورییەكانن كە لە كۆنترین كلێساكانی عێراقە، ئەوەی دەمێنێتەوە سەربە سریانی ئۆرسۆدۆكس‌و سریانی كاسۆلیك‌و ئەرمەنی كاسۆلیك‌و ئینجیلییەكان‌و پرۆتستانت-ن.
مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، پۆستێكی وزاریشیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پێدراوە كە پۆستی وەزری گواستنەوەو گەیاندنەوە (ئانۆ جەوهەر) لە پۆستەكەدا دانراوە. 

"كۆتا"ی پێكهاتەكان لەبەردەم دادگادا
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین دانیشتنی دادبینی لەبارەی ئەو سكاڵایە بەڕێوەبرد كە یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە. 
دادگای فیدراڵی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كردبوو بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەچوو، چۆن كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەشدەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا. 
بەر لەدەستپێكردنی دانیشتنی دادگا، وەڵامی دادگا گەیشتە میدیاكان، بەپێی وەڵامەكە، كۆمسیۆن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، دەیەوێت هەرێمی كوردستان بكات بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن‌و (111) كورسییەكەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشبكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا:  
•    پارێزگای هەولێر: (38) كورسی بەردەكەوێت
•    پارێزگای سلێمانی (45) كورسی
•    پارێزگای دهۆك (28) كورسی 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا:
•     پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی
•    پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی
•    پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمان‌و (1) كورسی ئەرمەن‌و (1) كورسی مەسیحی 

لە بری دوو كورسی، یەكێتیی 4 كورسی بەردەكەوێت
تاوتوێكردنی ئەم بابەتە لە دانیشتنی دادبینی ئەمڕۆدا، نیشاندەری ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەو بڕگەی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەندكردووە كە داوا دەكات هەڵبژاردنی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بكرێت بە فرەبازنەیی، لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی داوای دەكرد هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 2021 بەڕێوەچوو بكرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونكە یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە شێوازی (یەك بازنەیی) ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمكردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت‌و لەشێوازی (فرە بازنەیی)دا دەنگەكان دابەشدەبن‌و پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبكات، ئەوكات لە گفتوگۆكاندا پارتی لەسەر ئەم داواكارییە قایل بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەكێتیی داوای دەكرد كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، بۆ ئەمە یەكێتیی داوای دەكرد (2 بۆ 4) كورسی لە كۆی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت.
ئێستا ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی‌و وەڵامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند بكات، سنوری پارێزگای سلێمانی كە یەكێتیی تێیدا باڵادەستە، لەبری (2) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان (4) كورسی بەردەكەوێت، بۆ یەكێتیی ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە لەرابردوودا پێیوا بووە (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان كاندیدەكانی لەلایەن پارتییەوە دیاریكراوە‌و بەردەوام پێكهاتەكانی لە خزمەتی پرۆژە سیاسییەكانی خۆی لە پەرلەمان بەكارهێناوە. 

هەڵبژاردن‌و بەشداری پێكهاتەكان
لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، (ملیۆنێك‌و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام لە دواین خولی هەڵبژاردندا (خولی پێنجەم) كە لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزارو 642) كەس مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا هەبوو، بەم پێیەش ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە تا دواین خولی هەڵبژاردن، مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە بەڕێژەی (178%) ژمارەیان زیادیكردووە.
بەڵام كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە (11 هەزارو 971) دەنگەوە زیادیكردووە بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم زیادكردنەش بەڕێژەی (94%) بووە، كە نزیكەی نیوەی ئەو گەشەكردنە گشتیەیە كە لە هەرێمی كوردستان ڕویداوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)و (2)) كە تایبەتە بە دەنگی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە هەردوو هەڵبژاردنی یەكەم‌و كۆتا خولی پەرلەمانی كوردستان. 

سەركەوتن بۆ پەرلەمان بەكەمترین دەنگ
كاندیدی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا كەمترین دەنگی ناو كاندیدەكانیان بەدەستهێناوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا:
- هیمداد سەباح بیلال لەبەرەی توركمانی: 138 دەنگی بەدەستهێناوە‌و سەركەوتووە بۆ پەرلەمان
- سارا دڵشاد بەكر لەبەرەی توركمانی: 194 دەنگی بەدەستهێناوە‌و سەركەوتووە بۆ پەرلەمان


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand