Draw Media

هەرێمی كوردستان دەكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن

هەرێمی كوردستان دەكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن

2023-12-02 20:29:29




درەو:
بە گوێرەی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرێمی كوردستان دەكرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردنەوەو پارێزگای سلێمانی (چوار) كورسی كۆتای بەردەكەوێت، دوو كورسی توركمان و دوو كورسی مەسیحی، بە كورسی كۆتاكانەوە، پارێزگای هەولێر (38) كورسی بەردەكەوێت، پارێزگای سلێمانی (45) كورسی، پارێزگای دهۆك (28) كورسی بەردەكەوێت.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆچونی خۆی ئاراستەی دادگای فیدراڵی عێراق كردووە سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیەكانی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە بەم زووانە بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە رابگەیەنێت.
بە پێی نوسراوێكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، شێوازی دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر بازنەكاندا روونكراوەتەوە، بۆ دادگای فیدراڵی عێراق.  
لە نوسراوەكەی كۆمسیۆندا ئاماژە بەوە كراوە كە كۆمسیۆن پشت بە  تۆماری بایۆمەتری و كارتی بایۆمەتری دەبەستێت كە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان دەرچووە ژمارە (4) ی ساڵی 2018 هەمواری سێیەم.
كۆمسیۆن لە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا پشتی بە یاسای هەمواركراوی ساڵی 2018ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەستووە كە بەگوێرەی ئەو یاسایە هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی عێراق لە بازنەیەكی هەڵبژاردن پێكدێت و (320) كورسییە گشتییەكەی پەرلەمان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت.
بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان، سێ پارێزگاكەی هەرێم لە كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق ئەم ژمارانەیان بەردەكەوێت:
* سلێمانی: 18 كورسی
* هەولێر: 15 كورسی
* دهۆك: 11 كورسی
واتە كۆی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتە 44 كورسی، بەوپێیەش رێژەی هەر پارێزگایەكی هەرێم لەكۆی كورسییەكان بەمشێوەیە دەبێت:
 * سلێمانی 41%
* هەولێر 34%
*دهۆك 25%
خشتەی ژمارە 1

بە پێی مادەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەكی 1992 پەرلەمانی كوردستان لە (111) ئەندام پێكدێت كە لە (100) كورسی گشتی و (11) كورسی كۆتا پێكهاتووە،  ئەو (100) كورسیە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
* سلێمانی: 41 كورسی
* هەولێر: 34  كورسی
* دهۆك: 25 كورسی

خشتەی ژمارە 2

بەپێی نوسراوەكەی كۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ورسی كۆتاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان، بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشدەكرێت:
پارێزگای سلێمانی: ژمارەی دانیشتوان 41% واتا (4) كورسی كۆتای بەردەكەوێت (2) مەسیحی و (2) توركمان.
هەولێر: ژمارەی دانیشتوان 34% واتا (4) كورسی كۆتای بەردەكەوێت (2) مەسیحی و (2) توركمان.
دهۆك: ژمارەی دانیشتوان 25% واتا (3) كورسی كۆتای بەردەكەوێت (1) مەسیحی و (1) توركمان، (1) ئەرمەن.

خشتەی ژمارە 3

بە پێی ئەو خشتانەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق خستویەتیە روو بەركەوتەی پارێزگاكان بۆ كورسی پەرلەمانی كوردستان لە كۆی (111) كورسیەكە بەم شێوەیە دەبێت
پارێزگای سلێمانی: 45 كورسی
پارێزگای هەولێر: 38 كورسی
پارێزگای دهۆك: 28 كورسی

خشتەی ژمارە 4

نوسراوەكەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە كە بڕیارەی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەو سكاڵایانە بدات كە لەلایەن یەكێتیەوە لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand