Draw Media

هەرێم مەرجی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەیە

هەرێم مەرجی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەیە

2023-11-30 11:24:20


راپۆرت: درەو
هەرێمی كوردستان مەرجی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، مەرجەكە  ئەوەیە هەر دەستكاریكردنێكی گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، دەبێت رەزامەندی كۆمپانیا بیانییەكانی لەسەر بێت، چونكە كۆمپانیاكان هەڕەشەی پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانی لەندەن دەكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

"گرێبەستەكان دەستورین"
كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت رایگەیاند" ئەگەر گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان هەمواربكرێنەوە، دەبێت بەڕەزامەندی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت بێت".
رۆژی 8ی ئەم مانگە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (دوبە)ی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوە، داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردەوە، مەترسی خۆیان نیشاندا لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌، پێشنیازی ئەوەیان كرد پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن.
گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم گرێبەستی (هاوبەشی لە بەرهەم"، واتا بەشێك لە بەرهەمی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان دەبەن، وەزارەتی نەوتی عێراق بەم جۆرە گرێبەستانە رازی نییە، دەیەوێت هاوتایان بكات لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق‌و بیانكات بە گرێبەستی (خزمەتگوزاری)، لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 15ی شوباتی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵیدا كۆمپانیاكانی هەرێم ناچار بكات بە گۆڕینی گرێبەستەكانیان، بەڵام كۆمپانیاكان ملكەچ نەبوون، بەمدواییە وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازێكی تری بۆ دەستكاریكردنی گرێبەستەكان هێناوەتە پێش كە ئەویش گرێبەستی "هاوبەشیكردنە لە قازانج". 
دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارەكەی شوباتی 2022دا، یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات" گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان گرێبەستی دەستورین‌و لەچوارچێوەی عێراقی فیدرالی دایەو هەرێم یاسای نەوت و غازی خۆی هەیە".
رۆژی 16ی ئەم مانگە، گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە كورتكراوەكەی (ئەیپكور)ە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا هۆشداری دا بە وەزارەتی نەوتی عێراق‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەگەر دەستكاری گرێبەستەكان بكرێت، پەنا بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن دەبات. 
ئەپیكور كە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum) دەكات، دەڵێ:" گرێبەستەكانی هاوبەشكردنی بەرهەمهێنان (PSCs) هێشتا بەركارن‌و بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوەدەبرێن، چارەسەری ناكۆكییەكان لەبارەی گرێبەستەكانەوە لەرێگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن".

"داواكەی عێراق ناعەقڵانی بوو"
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، ئەمەش بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی سكاڵایەكی عێراق دژی توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، لەم سكاڵایەدا دادگای پاریس بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند، توركیا‌و عێراق هێشتا لەسەر چۆنیەتی پاكتاوكردنی ئەم قەرەبووە نەگەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی.
بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، راوەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕی (7 ملیار) دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە، كەمال محەمەد پێیوایە " داواكەی عێراق لە دادگای ناوبژیوانانی پاریس رەفتارێكی ناتەندروست‌و ناعەقڵانی بووە".

دەستپێكردنەوەی هەناردە
لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان قایل بووە بەوەی نەوتی خۆی لەرێگەی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراقەوە "سۆمۆ" بفرۆشێت‌و داهاتی نەوتیش بە تەواوەتی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكات، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتی فیدراڵ مانگانە پشكی خۆی لە بودجە پێبدات. 
رۆژی 11ی ئەم مانگە وەفدێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گفتوگۆی كرد لەبارەی میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە یەكێك لە كۆبونەوەكانی وەفدەكەی عێراقدا لە هەولێر، نوێنەری هەندێك لە كۆمپانیا بیانییەكانیش بانگهێشتكرابوون، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراقدا بۆ هەولێر، چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكراون‌و وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ بڕیارێكی نەداوە. 
"تێگەیشتنی باش هەیە، شاندی هەرێم‌و بەغدا لە گفتوگۆدان، هیوادارم بگەینە رێككەوتن‌و دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكەینەوە" وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم وا دەڵێ. 
توركیا رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگەیاندووە، بەڵام چارەسەری كێشەی گرێبەستی كۆمپانیاكان لەلایەك‌و نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەلایەكی تر، بەربەستی سەرەكین لەبەردەم دەستپَكردنەوەی هەناردە، چونكە لەیاسای بودجەی عێراقدا بڕی (6) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان دیاریكراوە، حكومەتی هەرێم بەمە رازی نییە‌و دەڵێ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت.
یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
بودجە پارەی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی:
•    كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆن‌و 428 ملیار) دینار.
•    كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنان‌و هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دینار.
واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆن‌و 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆن‌و 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە".

یاسای نەوت‌و غاز.. گرفتێكی تر
لە شوباتی ئەمساڵ‌و لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم دەستیان بە گفتوگۆیەكی نوێ كرد لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، یاسایەك كە دەبوو دوای پەسەندكردنی دەستوری عێراق لە 2005 دەربكرایەو بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغدادەوە تائێستا ئەم یاسایە دەرنەكراوە. سودانی لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا بەڵێنیدا لەماوەی شەش مانگی یەكەمی دەستبەكاربوونی حكومەتدا رەشنوسی یاساكە رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ پەسەند كردن، بەڵام ئەم بەڵێنەی جێبەجێ نەكرد، هەردوو حكومەت لەبارەی رەشنوسەكە ناكۆكن، سودانی بەر لە دەستبەكاربوونی بە نوێنەرانی كوردی لە پەرلەمانی عێراق وتبوو:" من ناتوانم بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان رابگرم، تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربكرێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەسەر كەرتی نەوت‌و غازدا یەكلابكرێتەوە.
ئەمریكییەكانیش چاودێری گفتوگۆی نێوان هەولێرو  بەغداد دەكەن سەبارەت بە یاسای نەوت‌و غاز، بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كونسوڵی ئەمریكا پرسیاری كردووە لەبارەی ئەوەی ئایا داڕشتنی یاساكە بەكوێ گەیشتووە. 
 
چوار مەرج بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت 
ئێستا كە هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێم چوونەتە ناو گفتوگۆیەكی نوێوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە بەپێی یاسای بودجە رۆژانە (400 هەزار) بەرمیلە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتیش هاتونەتە ناو گفتوگۆكان‌و ئامادە نین دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە بۆ كوردستان تاوەكو ئەم (4) مەرجەیان لەبەرچاو نەگیرێت: 
•    هەر زیادكردنێك دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت لەنێوان حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیاكانی ئەپیكور. 
•    دەبێت گرەنتی ئەوە بكرێت پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا دەدرێت. 
•    دەبێت پارەی فرۆشتنی نەوتی لە داهاتوودا بەشێوەی راستەوخۆ بۆ كۆمپانیاكان حەواڵە بكرێت. 
•    دەبێت پارێزگاری بكرێت لە مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا‌و مۆدێلی ئابوری كۆمپانیاكانی ئەندامی گروپی ئەپیكور. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand