Draw Media

بەغداد وەفدی نەوت رەوانەی كوردستان دەكات

بەغداد وەفدی نەوت رەوانەی كوردستان دەكات

2025-02-18 15:21:31


(درەو):
بۆ رێككەوتن لەسەر میكانیزمی رادەستكردنی نەوت كە رۆژانە 300 هەزار بەرمیلە، وەزارەتی نەوتی عێراق وەفدێكی رەوانەی كوردستان كردووە، هاوكات جێگری وەزیری دەرەوەی توركیاش لە بەغدادەوە گەیشتە هەولێر.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند" وەفدێكی وەزارەتمان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەین بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر میكانیزمی رادەستكردنی نەوتی هەرێم و هەناردەكردنی لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە". 
وەزیری نەوت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق دەڵێ: وەفدی وەزارەتی نەوت بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێم لەبارەی رادەستكردنی نەوت، لەلایەن بریكاری وەزارەتەوە بۆ كاروباری دەرهێنان و فەرمانگەی یاسایی و ئابوریی و كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت.
باسلەوە دەكات، پەیوەندییان بە كەمال محەمەد ساڵحی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە كردووە لەبارەی میكانیزمی رادەستكردنی نەوتەوە. 
دوێنێ وەزیری نەوتی عێراق بۆ یەكەمجار ئەوەی ئاشكراكرد كە هەفتەی ئایندە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوەو رۆژانە (300)هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رادەستی عێراق دەکرێت.
لەدوێنوە جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا هاتوەتە عێراق، دوێنێ لە بەغداد وەزیری نەوتی بینی، ئەمڕۆش لە هەولێر سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، تەوەری سەرەكی قسەوباسەكانیشی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستانە، كە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسەوە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە. 
بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بە بۆریی بۆ توركیا، لە حوزەیرانی 2023 حكومەتی هەرێم قایل بوو بەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەی بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر ئەوەی بەغداد پشكی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ پێبدات، بۆیە لەدوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەوە ئیتر داهاتەكەی ناگەریتەوە بۆ حكومەتی هەرێم. 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە دیدارێكدا لەگەڵ ستیڤن بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە کوردستان رایگەیاند" کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچن. سەبارەت بەپرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، وەفدێکی عێراقی لە هەولێرن و کۆبوونەوەکانیان ئیجابی بوون و چاوەڕێی ئەنجامی باشین".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand