ژمارەی ئەندمان و بودجەی حەشدی شەعبی لە عێراق
.png)
2025-07-21 16:54:25
راپۆرتی: درەو
🔹 بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی (2024) موچەی تەرخان کراو بۆ هێزەکانی حەشدی لە (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارەوە لە ساڵی (2023) بڕی (400 ملیار) دینار و بە ڕێژەی (11.4%) بۆ (3 ترلیۆن و 900 ملیار) دینار و لە ساڵی (2024) بەرزکراوەتەوە.
🔹 لە ساڵی 2014 عێراقییەکان لە کاتی شەڕی داعش خۆبەخشانە پەیوەندییان بە ریزەکانی "حەشدی شەعبی"ییەوە کردووە و لەو کاتەدا ژمارەیان گەیشتبووەتە نزیکەی (60 هەزار) خۆبەخش تا ساڵی 2021، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی (122 هەزار) چەکداری تێپەڕاند، لە کۆتایی ساڵی (2023) ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ (204 هەزار) چەکدار و ئێستا ژمارەیان گەیشتووە بە (238 هەزار) چەکدار، ئەم ژمارەیەش (16.5%)ی گشتی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی عێراق پێکدەهێنێت.
🔹 پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە.
پێکهاتەی حەشدی شەعبی
هێزەکانی حەشدی شەعبی دوای دەرکردنی فەتوای (جیهادی کفائی) لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعە "عەلی سیستانی"یەوە، لە ساڵی (2014)، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سێیەکی خاکی عێراقدا لە لایەن "داعش"ەوە پێکهێنرا. دواتر یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی پەسەندکرا، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە 26ی تشرینی دووەمی 2016 دەنگی لەسەردا و کردییە هێزێکی فەرمی ژێر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق. هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەکرێت، جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی عەبدولعەزیز ئەلمحەممەداوی (ئەبو فەداک)ە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی داڕشتنی سیاسەت، پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە.
ژمارەی موچەخۆران و بودجەی تەرخانکراوی حەشدی شەعبی
لە ساڵی 2014 عێراقییەکان لە کاتی شەڕی داعش خۆبەخشانە پەیوەندییان بە ریزەکانی "حەشدی شەعبی"ییەوە کردووە و لەو کاتەدا ژمارەیان گەیشتبووەتە نزیکەی (60 هەزار) خۆبەخش "تا ساڵی 2021، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی (122 هەزار) چەکداری تێپەڕان، لە مانگی نیسانی 2023، فالح ئەلفەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە "ژمارەی ئەندامان و چەکدارانی حەشدی شەعبی (170 هەزار) کەس بووە. لەناکاو و لە کۆتایی ساڵی (2023)، ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ (204 هەزار) چەکدار و ئێستا ژمارەیان گەیشتووە بە (238 هەزار) چەکدار، ئەم ژمارەیەش (16.5%)ی گشتی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی عێراق پێکدەهێنێت.
هاوکات بودجەی هێزەکانی حەشدی شەعبی ساڵانە بە خێرایی گەشە دەکات. لەساڵی (2019 - 2022) بوجەی گشتی دەستەی حشدی شەعبی (2 ملیار 160 ملیۆن) دۆلار بوو، لە بودجەی ساڵی (2023) دا، بودجەی دەستەکە بۆ (2 ملیار 600 ملیۆن) دۆلار بەرزکرایەوە، بەپێی خشتەکانی یاسای بودجە و لە ساڵی (2024) پشکی دەستەکە بۆ نزیکەی (2 ملیار 900 ملیۆن) دۆلار بەرزکرایەوە.
بە مانایەکی دیکە بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی (2024) موچەی تەرخان کراو بۆ هێزەکانی حەشدی لە (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارەوە لە ساڵی (2023) بڕی (400 ملیار) دینار و بە ڕێژەی (11.4%) بۆ (3 ترلیۆن و 900 ملیار) دینار و لە ساڵی (2024) بەرزکراوەتەوە، وردەکاری لە خشتەی ژمارە (1 و 2)دا ڕوونکراوەتەوە
خشتە ژمارە (1)
خشتە ژمارە (2)
بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەشدی شەعبی
- بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشد (ئەبو زەینەب ئەللامی)
- بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی حەشد (ئەبو ئیمان ئەلباهیلی)
- بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەشد (موهەنەد ئەعقابی)
- بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکان (محەمەد ڕەزا)
- بەڕێوەبەرایەتی قەڵاچۆکردنی تەقەمەنی (ئەبو شەمس ئەلعەگیلی)
- بەرێوەبەرایەتی حەرەکات (جەواد کازم ئەلربیعاوی)
- بەرێوەبەرایەتی ئاراستەکردن عەقائدی (سەید محەمەد ئەلحەیدەری)
لیواکانی حەشدی شەعبی و شێوازی دابەشبوونیان
ڕێکخراوی بەدر
ڕێکخراوێکی چەکداریە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات. ڕێکخراوەکە (15) لیوای هەیە لە چوارچێوەی "حەشدی شەعبی" هەیە، کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی سەلاح الدین، نەینەوا، دیالە، کەرکوک بڵاوبوونەتەوە. لیواکانیش بریتین لە؛
1. لیوای یەک (لیوای ئیمام محەمەد ئەلجواد)
2. لیوای سێ (تەشکیلەی ئەسەدی ئامرلی)
3. لیوای چوار (سەبازانی پێشڕەو)
4. لیوای پێنج (تەشکیلەی ئەلکەرار)
5. لیوای نۆ (لیوای کەربەلا)
6. لیوای دە (لیوای بەدر)
7. لیوای شانزە (هێزی تورکمان)
8. لیوای بیست و یەک (رێکخراوی بەدر)
9. لیوای بیست و دوو (رێکخراوی بەدر)
10. لیوای بیست و سێ (ڕێکخراوی بەدر)
11. لیوای بیست و چوار (ڕێکخراوی بەدر)
12. لیوای بیست و حەوت (هێزەکانی ئەبو مونتەزەر ئەلمحەممەداوی)
13. لیوای پەنجاو دوو (فوجی ئامرلی)
14. لیوای پەنجاو سێ (لیوای ئەلحسێن)
15. لیوای سەدو دە (لیوای کوردانی فەیلی)
حزبی دەعوەی ئیسلامی
یەکێکە لە پارتە سیاسییەکانی عێراق، بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، چەندین کوتلەی چەکداریی هەیە، لەنێویاندا چوار لیوای لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبییە، لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاح الدین و… نەینەوا. لیواکانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بریتین لە؛
1. لیوای پانزە (هێزەکانی سەدر)
2. لیوای بیست و پێنج (هێزەکانی سەدری یەکەم)
3. لیوای سی و یەک (کەتائبی رسالیون)
4. لیوای سی و پێنج (هێزەکانی سەدر)
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی)
لە ساڵی 1982 لە ئێران بە سەرکردایەتی جەلال الدین ئەلسەغیر دامەزراوە و چوار لیوای لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە جێگیرکراون. لیواکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بریتین لە؛
1. لیوای حەوت (هێزەکانی المونتەزەر)
2. لیوای هەشت (سەرایا عاشورا)
3. لیوای بیست و هەشت (سەرایا ئەنسار ئەلعقیدە)
4. لیوای شەست و شەش (سەرایا ئەنسارولعەقیدە)
ڕەوتی سەدری
لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری دامەزراوە و سێ لیوای ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، کە لە سەرانسەری پارێزگاری سەلاحەدین بڵاوبوونەتەوە، لیواکانی ڕەوتی سەدری بریتین لە؛
1. لیوای 313 (سەرایا ئەلسلام)
2. لیوای 314 (سەرایا ئەلسلام)
3. لیوای 315 (سەرایا ئەلسلام)
ئەو لیوایانەی لە ڕەوتی سەدری جیابونەتەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین بڵاوبوونەتەوە؛
1. لیوای 99 (سوپای موئەمەل)
2. لیوای 19 (ئەنسار اللەی ئەلئەوفیا)
کەتائبی حزبوڵای عێراق
لیواکانی حزبوڵای عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی ئەبو حسێن محەممەداوی و کۆمەڵێک سەرکردەی ڕانەگەیەنراو چالاکییەکانی دەستپێکردووە، چوار لیوای ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، و لە سەرتاسەری پشتێنەکانی بەغدا و ئەنبار و سەلاحەدین بڵاوبووەتەوە، ئەوانیش؛
1. لیوای 45 (سەرایای بەرگری شەعبی)
2. لیوای 46 (سەرایای بەرگری شەعبی)
3. لیوای 47 (سەرایای بەرگری شەعبی)
4. لیوای 17 (سەرایای جیهاد)
5. لیوای 12 (بزووتنەوەی نوجەبا)
عەسائیب ئەهلی حەق
لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی بە چالاکییەکانی کرد، دوای ئەوەی قەیس خەزعەلی و ئەکرەم کەعبی، لە "سوپای مەهدی"ی سەرکردەی ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدر جیابوونەوە بۆ ئەوەی هێزێکی چەکداری تایبەت بۆ خۆی دابمەزرێنێت. عەسائیب سێ لیوای لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە و لە باشووری سەلاحەدین و ئەنبار و پشتێنەی بەغدا بڵاوبوونەتەوە. لیواکانیش بریتین لە؛
1. لیوای 41 (ئەساعیب ئەهلی حەق)
2. لیوای 42 (هێزەکانی ئەبو موسا ئەلعامری)
3. لیوای 43 (سەبع ئەلدوجەیل)
حەشدی عەتەبات
لیواکانی "حەشدی عەتەبات" لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەربەلا، نەجەف، ئەنبار و سەڵاح الدین جێگیرکراون. بریتین لە؛
1. لیوای 44 (ئەنسار ئەلمرجەعیە _ ئەلعەتەبە لە نەجەف)
2. لیوای دوو (فیرقەی شەڕی ئیمام عەلی)
3. لیوای 26 (فیرقەی عباسی ئەلقتالی – ئەلعەتەبەی ئەلعباس)
4. لیوای 11 (عەلی ئەکبر - مەزارگەی ئەلحسێنیە)
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق
کوتلە چەکدارە جۆراوجۆرەکان کە خۆیان بە "مەقاوەمەئ ئیسلامی لە عێراق" ناودەبرد لە ساڵانی جیاوازدا پێکهاتن و بەشدارییان لە دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کرد. لە پارێزگاکانی بەغدا و سەڵاحەدین و ئەنبار بڵاوبووەتەوە، لیواکانیشتان بریتین لە؛
1. لیوای شەش (کەتیبەکانی جوند ئەلئیمام)
2. لیوای 13 (لیوای التفوف - جیابوونەتەوە لە عەتەبەی ئەلحوسێنیە)
3. لیوای 14 (کەتیبەکانی سەید ئەلشودا)
4. لیوای 18 (سارایا ئەلخوراسانی)
5. لیوای 20 (لیوای ئەلتفوف)
6. لیوای 29 (کەتیبەکانی ئەنسار ئەلحجه)
7. لیوای 39 (بزووتنەوەی ئەلئەبدال)
8. لیوای 40 (کەتیبەکانی ئیمام عەلی)
حەشدی کەمینەکان
1. حەرەکەی بابلیون
بزووتنەوەیەکی مەسیحیە کە لە ساڵی 2014 دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی یەک لەسەر سێی عێراق پێکهێنرا، لیوایەکی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە بە سەرۆکایەتی ڕایان ئەلکیلدانی، کە لە پارێزگای نەینەوا جێگیرکراون، بە ناوی؛
لیوای 50 (کەتایبەکانی بابلیون)، بە سەرۆکایەتی ڕەیان ئەلکیلدانی.
2. هێزەکانی دەشتی نەینەوا
هێزەکانی سەر بە پێکهاتەی شەبەک، گروپێکی دانیشتووانی کورد کە لە نزیکەی 60 گوندی دەشتی نەینەوا لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ بڵاوبوونەتەوە، لە ساڵی 2014 هێزێکی چەکداریان پێکهێنا دوای ئەوەی داعش ناوچەکانیان کۆنترۆڵکرد و بەشدارییان کرد لە دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەویش؛
- لیوای 30 (هێزەکانی دەشتی نەینەوا) بە سەرۆکایەتی زەین ئەلعابیدین جەمیل خدر
حزبی فەزیلەی ئیسلامی
پارتێکی سیاسییە کە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، سەرکردەی ڕۆحی ئەو پارتە محەممەد موسا ئەلیاقوبییە، پارتەکە لەلایەن عەبدولحسێن عەزیز حەمەد جەلیل موسەویەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لیوایەکی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنباردا بڵاوبووەتەوە، ئەویش؛
- لیوای 33 (هێزەکانی وەعوالله)، بە سەرۆکایەتی حەقیقی ئیسماعیل ئەمین.
حەشدی عەشائری
لە ساڵی 2014 پێکهێنرا، دوای ئەوەی داعش سێیەکی ناوچەی عێراقی کۆنترۆڵکرد، لە هۆزە سوننەکانی عێراق، و بەشداری لە دامەزراندنی هێزەکانی حشدی شەعبیدا کرد لەڕێگەی کۆمەڵێک لیوا و فەوجەوە، جگە لە بوونی (21) فەوجی سەربازی، لیواکانیش بریتین؛
1. لیوای 86 (لیوای ئەحرار ئەلعێراق)
2. لیوای 91 (نەوادر شەمر)
3. لیوای حەشد ئەلیاوەر
4. لیوای 51 (لیوای صلاح ئەلدین)
5. لیوای 56 (لیوای حەشدی شەهیدانی کەرکوک)
6. لیوای 88 (هێزی ئومەوی ئەلجەبارە)
7. لیوای 90 ( فورسان ئەلجبور)
8. لیوای سێ (حەشدی ئەنبار)
9. لیوای نیدائی دیالە
10. لیوای حەشدی فەللوجە
11. لیوای عامریەت ئەلسمود
12. لیوای 92 (لیوای ئەللویزیین)
13. لیوای 201 (حەرەس نەینەوا)
سەرچاوەکان؛
- درەو میدیا، حەشدی شەعبی... هێزێک بە تەنیشت سوپای عێراقەوە، 7/1/2025؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16205
- قانون رقم (١٣) لسنة ٢٠٢٣ قانون الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنوات المالية (٢٠٢٥ ــ ٢٠٢٤ ــ ٢٠٢٣(
https://moj.gov.iq/upload/pdf/4726_72.pdf
- المسلة تنشر جداول موازنة 2024 التي صوت عليها البرلمان، 3 يونيو، 2024؛
https://almasalah.com/archives/93272
- أمیر الکعبي و مایکل نایتس، زيادة غير عادية في عديد "قوات الحشد الشعبي"، بالأرقام، ٦ يونيو ٢٠٢٣؛
https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/zyadt-ghyr-adyt-fy-dyd-qwat-alhshd-alshby-balarqam
- تشكيلات الحشد الشعبي العراقي، موقع الساعة، 8/8/2023؛
https://alssaa.com/post/show/8654
- نزاع حول إدارة مديرية أمن الحشد الشعبي يكشف عن صراع على السلطة بين العراقيين الشيعة، موقع امواج میدیا، 2/8/2024؛
https://amwaj.media/ar/media-monitor/clash-over-pmu-security-directorate-exposes-iraqi-shiite-power-struggle
