راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو نه‌خۆشكه‌وتنی (سری سوره‌یا ئۆنده‌ر) له‌م كاته‌دا گورزێكی گه‌وره‌یه و زه‌حمه‌تی و ئاسته‌نگی بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی دروست ده‌كات. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانیش مكوڕبن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌ی كێشه‌ی كورد، ئه‌وه دۆزینه‌وه‌ی پڕۆفیلێك بۆ ئه‌وه‌ی جێگای ئۆنده‌ر بگرێته‌وه، پێویستی به كاتێكی درێژ هه‌یه تا ده‌وڵه‌ت و كورد له‌باره‌یه‌وه سازش بكه‌ن. سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا و ئه‌ندامی شاندی ئیمڕالی له شه‌وی 15 ئه‌م مانگه (نیسانی 2025) تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ بوو، له‌دوای ره‌وانه‌كردنی بۆ نه‌خۆشخانه له ئیستانبۆڵ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی قوڕسی بۆ ئه‌نجامدرا كه (8) كاتژمێری خایاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هێشتا ژیانی ناوبراو له مه‌ترسی دایه. نه‌خۆشكه‌وتنی سری سوره‌یا به‌م شێوه‌یه، له‌م كاته‌دا پڕۆسه‌ی گفتوگۆی نێوان (ئیمرالی – ده‌وڵه‌ت) رووبه‌ڕوی كێشه‌ی و زه‌حمه‌تی هێجگار زۆر ده‌كاته‌وه. چونكه كه‌سیه‌تی سازشكار و متمانه‌ی پێكراوی ئۆنده‌ر، بۆ هه‌ردوولا زوو به زوو قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه. ئۆنده‌ر خاوه‌ن زمانێكی سازشكارانه‌یه، توانای نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كانی هه‌یه، ده‌وڵه‌ت و بزوتنه‌وه‌ی كورد باش ده‌ناسێت، له‌ناو كۆمه‌ڵگای كورد و تورك كه‌سێكی خۆشه‌ویسته و به كه‌سێكی خۆنه‌ویست ناسراوه. له‌ژیانیدا به‌دوای په‌یداكردن و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و پاره نه‌كه‌وتووه، خاوه‌ن بزنس و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت نیه، كه ئه‌مه‌ش گومانكردن له هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاشتی و چاره‌سه‌ری ده‌ڕه‌وێنێته‌وه. (وه‌هاب جۆشكون) مامۆستای زانستی سیاسی له زانكۆی (دیجله) له ئامه‌د له لێدوانێكیدا له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" كاك سری له‌ناو پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له ساڵانی 2012 تا 2015 رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه. له پڕۆسه‌ی ئه‌مڕۆشدا ئاكته‌رێكی سه‌ره‌كیه. جێ په‌نجه‌ی دیاره له رازیكردنی خه‌ڵك به‌م پڕۆسه‌یه. له ئێستادا تووشی نه‌خۆشیه‌كی ترسناك بووه، نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی قوڕسی بۆ كراوه. ئاماده‌نه‌بوونی به‌ڕێز (سری) له‌م ساته‌وه‌خته‌دا دره‌نگخستن و زه‌حمه‌تی بۆ پڕۆسه‌كه دروست ده‌كات". ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی دیجله باسی ئه‌و زه‌حمه‌تیانه ده‌كات كه له ئه‌نجامی نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر رووبه‌ڕووی پڕۆسه‌ی دیالۆگی نێوان هه‌ردوولا ده‌بنه‌وه:" ئه‌گه‌ر به‌ڕێز ئۆنده‌ر نه‌خۆش نه‌ده‌بوو، شاندی ئیمرالی له‌گه‌ڵ وه‌زیری داد كۆده‌بوونه‌وه و له‌باره‌ی هه‌نگاوه یاسایه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه گفتوگۆیان ده‌كرد. به‌ڵام نه‌خۆشكه‌وتنی سری سوره‌یا ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی دواخست. هه‌روه‌ها نه‌خۆشكه‌وتنی پڕۆسه‌كه دره‌نگ ده‌خات". سری سوره‌یا ئۆنده‌ر كێیه؟ ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە شاری ئەدیەمان لەدایکبووە، باوكی یه‌كێك بووه له سیاسیه دیاره سۆسیالیسته‌كانی ئه‌م شاره، ئه‌مه‌ش ئۆنده‌ری له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریه‌وه په‌لكێشی ناو دونیای سیاسه‌ت و چه‌پڕه‌وی كردووه. ئۆنده‌ر، سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌كی توركه، به‌ڵام له شارێك چاوی به‌دونیا هه‌ڵێناوه كه زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كورد بوون. له ژیانیدا سری سوره‌یا ئۆنده‌ر به‌هۆی رێچكه سیاسیه‌كانی كه پێچه‌وانه و دژ به سیسته‌می ده‌وڵه‌ت بووه، چه‌ندین جار ده‌ستگیركراوه و سزادراوه. له ساڵی 1978 كاتێك خه‌ڵكی (مه‌ڕه‌ش) كۆمه‌ڵكوژی ده‌كرێت، ئۆنده‌ر دژ به تاوانه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌شداری له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌كات، له ئه‌نجامدا په‌لكێشی زیندان ده‌كرێت. بۆ خوێندنی زانستی سیاسی له ساڵی 1980 رووده‌كاته زانكۆی ئه‌نقه‌ره، له‌وێدا مه‌یلی سیاسه‌تكردن له كه‌سیه‌تی ئۆنده‌ر زیاتر چه‌كه‌ره ده‌كات. دوای به‌سه‌ربردنی حه‌وت ساڵ له زینداندا رووده‌كاته ئیستانبۆڵ و ده‌چێته ناو دونیای سینه‌ما و نووسینی سیناریۆی هونه‌ری. تا ساڵی 2010 له بواری هونه‌ردا به‌رده‌وام ده‌بێت و له چه‌ندین فیستیڤاڵدا خه‌ڵات ده‌كرێت و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات. له‌دوای سالی 2010 ئۆنده‌ر، له رۆژنامه چه‌پگر و ره‌خنه‌گره‌كانی ناو توركیا ده‌نووسێت، نووسینه‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی دونیابینی و ره‌وتی چه‌پگری نوێ و سه‌رده‌میانه‌ی ده‌بێت، له بواری دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ توێژی ئیسلامی موحافه‌زه‌كار و راستڕه‌و جیاواز ده‌بێت له چه‌پی تورك. ساڵی 2011 له ژیانی سیاسی سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، گۆڕانێكی ریشه‌یی رووده‌دات، كاتێك ناوبراو وه‌كو كاندیدی سه‌ربه‌خۆ له هه‌ڵبژاردنی گشتی ده‌بێته په‌رله‌مانتار. ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی ئۆنده‌ر له سیاسه‌تی كوردی ده‌ئافرێنێت. به‌م شێوه‌یه له ساڵی 2013 ئۆنده‌ر سه‌نگه‌ر ده‌گوازێته‌وه ناو پارتی ئاشتی و دیموكراتی (به‌ده‌په) كه سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و گولته‌ن كیشاناك هاوسه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌و كاته‌شدا ئۆنده‌ر ده‌بێته ئه‌ندامێكی شاندی لایه‌نی كورد له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریدا. به‌م هۆیه‌شه‌وه سه‌ردانی ئیمرالی، قه‌ندیل، هه‌ولێر و شوێنی دیكه ده‌كات و وه‌كو سیاسیه‌كی دانوستانكار ده‌ناسرێت. له گه‌یشتنه رێككه‌وتن و ئاماده‌كردنی ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئاكپارتی له 18 شوباتی 2015، كه دواتر نیگه‌رانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی توركیای لێكه‌وته‌وه و رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێنه‌كرا، ئۆنده‌ر رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له داڕشتن و نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نی كوردی و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاكپارتی. به‌ڵام له‌دوای تێكچوونی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له نێوان سوپای توركیا و گه‌ریلاكاندا، هه‌وڵه‌كانی ری سوره‌یا ئۆنده‌ر و هاوڕێكانی بێ ئه‌نجام ده‌بن. له ئۆپاراسیۆنی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاكپارتی دژ به ئه‌كته‌ره سیاسیه یاساییه كورده‌كاندا له 6 كانوونی یه‌كه‌می 2018، ئۆنده‌ر، هاوشانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، گولته‌ن كیشاناك، فیگان یوكسه‌كداغ و ئیدریس بالوكه‌ن، به‌تۆمه‌تی (كاری نایاسایی و پروپاگه‌نده بۆ تیرۆر) ده‌ستگیر ده‌كرێت تا له تشرینی یه‌كه‌می 2019 ئازاد ده‌كرێت. له هه‌ڵبژاردنی ئایاری ساڵی 2023 دا جارێكی دیكه ئۆنده‌ر به په‌رله‌مانتاری (پارتی ده‌م) هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه و ئه‌مجاره پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا وه‌رده‌گرێت. گومان له‌نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر ده‌كرێت! له مێژووی نزیكی توركیادا، له‌و كاتانه‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد یان كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر دراوه، رووداوی گومان‌لێكراو هاتوونه‌ته ئاراوه و دواتریش په‌رده‌پۆشكراون و پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ی پاڵنه‌ر و بكه‌ر بێ ئه‌نجام بووه. له ساڵی 1993، كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هاته ئاراوه و دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ و نامه گۆڕینه‌وه له نێوان (تۆرگوت ئۆزال) هه‌شته‌مین سه‌ركۆماری توركیا و (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) دروست بوو، له رۆژی 17 نیسانی هه‌مان ساڵ به شێوه‌یه‌كی گوماناوی (تورگوت ئۆزال) ژیانی له ده‌ستدا. ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌شێك له رای گشتی توركیا و كورد پێیانوایه له پای هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ئۆزال ژه‌هر خوارد كراوه. هه‌روه‌ها له 19 كانوونی دووه‌می ساڵی 2007 رۆژنامه‌نووسی ئه‌رمه‌نی (هیراند دینك) و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (ئه‌گۆس) له‌و كاته‌ی ناوبژیوانی له نێوان حكوومه‌تی توركیا و ئه‌رمه‌نستان ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوانیان له كرده‌وه‌یه‌كی بكه‌ر نادیار، له گه‌ڕه‌كێكی قه‌ره‌باڵغی ئیستانبۆڵ كوژرا. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په خاوه‌ن له رۆژنامه‌نووسی ناوبراو ده‌ركه‌وت و به‌ڵێنیدا پاڵنه‌ر و ده‌ستی پشت تاوانه‌كه ئاشكرا بكات، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م تاوانه ئاشكرا نه‌كران و بكوژ ده‌ستگیرنه‌كرا. ئه‌و دوو رووداوه و چه‌ند رووداوی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له رای گشتی توركیا له‌ناویاندا كوردیش گومان له نه‌خۆشكه‌وتنی (سری سوره‌یا ئۆنده‌ر) بكات. له لای خۆی كۆما جڤاكێن كوردستانێ (كه‌جه‌كه) گومانه‌كانی ناشارێته‌وه داوا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه له چۆنیه‌تی نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر بكرێت. له به‌یاننامه‌یه‌كدا له رۆژی هه‌ینی رابردوو (18 نیسانی 2025) كه‌جه‌كه هه‌وڵیداوه نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر، به رۆژه‌ڤبوونی پرسی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ببه‌ستێته‌وه. دوورنیه گومانی كه‌جه‌كه له‌و ده‌نگۆیانه سه‌رچاوه بگرێت كه سه‌باره‌ت به دۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بڵاوده‌كرێنه‌وه. به گوێره‌ی ئه‌م ده‌نگۆیانه له ئێستادا ئه‌مریكیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌رباره‌ت به سوریا ناكۆكیه‌كانی ئیسرائیل و توركیا خاو بكه‌نه‌وه. باس له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌مریكیه‌كان پێشنیاریان كردووه، باشووری سوریا له‌ژێر هه‌ژموونی ئیسرائیل بێت و باكووره‌كه‌شی بۆ توركیا بێت. به‌و پێیه‌ی سیسته‌م و دونیابینی (په‌كه‌كه و كه‌جه‌كه) له‌سه‌ر گومان كردن بونیادنراوه، دوورنیه قه‌ندیل پێیوابێ كه ده‌وڵه‌تی توركیا زه‌مینه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه له پڕۆسه‌كه خۆش ده‌كات و به‌نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر، بخوازێت پڕۆسه‌كه تێكبدات. چڕ كردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سوپای توركیا له‌م رۆژانه‌ی دوای بۆ سه‌ر قه‌ندیل و بادینان، هه‌روه‌ها بڵاوكراوه‌كانی سوپای توركیا له رێگای فڕۆكه له چیای ئاسۆس كه داوا له گه‌ریلاكان ده‌كات خۆیان راده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیا بكه‌ن، تا راده‌یه‌ك پاڵپشته بۆ گومانه‌كانی كه‌جه‌كه. كێ جێگای (ئۆنده‌ر) ده‌گرێته‌وه له‌ناو شاندی ئیمرالی؟ راپۆرته پزیشكیه‌كان ده‌رباره‌ی دۆخی ته‌ندروستی سری سوره‌یا ئۆنده‌ر هیوابه‌خش نین. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا پرسیاری كێ جێگای ئۆنده‌ر ده‌گرێته‌وه، له‌ناو شاندی ئیمرالی؟ دێنێته گۆڕێ. كه‌ناڵه جۆراوجۆره‌كانی میدیای تورك، گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند ناوێك ده‌كه‌ن كه گوایه یه‌كێكیان جێگای ئۆنده‌ر له‌ناو شاندی ئیمرالی ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام پارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان (پارتی ده‌م) به توندی ئه‌م ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه و له به‌یاننامه‌یه‌كیدا رۆژی یه‌كشه‌ممه (20 نیسانی 2025) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:" ده‌نگۆی كه‌سێكی دیكه شوێنی سری سوره‌یا ئۆنده‌ر له‌ناو شاندی ئیمڕالی ده‌گرێته‌وه دووره له راستی. پارتیمان له‌مباره‌یه‌وه گفتوگۆی ناوخۆیی كردووه، ئه‌وله‌ویه‌تمان له ئێستادا باشبوونی ته‌ندروستی هاوڕێمان سری سوره‌یا ئۆنده‌ره. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیشی هه‌یه به كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری داد، به‌هۆی نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر و گیرسانه‌وه‌ی په‌روین بۆڵدان له نه‌خۆشخانه له‌گه‌ڵ هاوڕێمان ئۆنده‌ر، هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی گرووپی په‌رله‌مان گولستان كلچ و سه‌زایی ته‌مه‌لی ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆ ده‌گرن". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ئێستادا له‌ناو رای گشتی توركیا و میدیاكانیدا ناوی هه‌ریه‌ك له تونجار باكیرهان هاوسه‌رۆكی (پارتی ده‌م)، جه‌نگیز چاندار رۆژنامه‌وان و په‌رله‌مانتاری ئه‌م پارته و چه‌ند ناوێكی دیكه‌ش ده‌كرێت كه له‌وانه‌یه شوێنی ئۆنده‌ر بگرنه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه مامۆستای زانكۆی وه‌هاب جۆشكون ده‌ڵێت:" پێموایه نه‌خۆشكه‌وتنی به‌ڕێز ئۆنده‌ر، نابێته هۆی راگرتنی پڕۆسه‌كه، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌رپرسانی پارتی ده‌م و ئاكه‌په جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م پڕۆسه‌یه ئیراده‌یه‌كی سیاسی له پشته و به‌ند نیه به هه‌بوون و نه‌بوونی كه‌سه‌كانه‌وه". له‌باره‌ی ئه‌م ناوانه‌ی گفتوگۆشیان له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سوره‌یا ئۆنده‌ر، ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌رێكی زۆره ئه‌و رۆڵه‌ی به‌ڕێز سری له ئه‌ستۆی گرتبوو، به ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ی سیاسی بسپـێردرێت. له‌باره‌ی كێ جێگای ده‌گرێته‌وه له‌ناو رای گشتی پێشبینی چه‌ند كه‌سێك ده‌كرێت. بۆ نموونه ناوی تونجار باكیرهان هاوسه‌رۆكی پارتی ده‌م له‌سه‌ر زمانه. بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سری تونجار نزیكترین و به‌رچاوترینیانه". هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه وه‌هاب جۆشكون به‌م شێوه‌یه درێژه به قسه‌كانی ده‌دات:" باسی ئه‌حمه‌د تورك ده‌كرێت به‌ڵام دۆخی ته‌ندروستی رێگای نادات. ناو جه‌نگیز چاندار ده‌هێندرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كه له ئێستادا په‌رله‌مانتاری دیاربه‌كره، كه له ئاستی توركیادا باشترین رۆژنامه‌نووسه به كێشه‌ی كورد ئاشنا بێت. له كاتی خۆیدا دۆستێكی زۆر نزیكی جه‌لال تاڵه‌بانی بووه. به‌ر له 10 ساڵ راپۆرتێكی ئاماده كردووه به ناونیشانی (په‌كه‌كه له شاخه‌كان چۆن دێته خواره‌وه)، له‌باره‌ی چۆن چاره‌سه‌ری به‌دیدێت زانا و به توانایه". جگه له‌م سێ ناوه‌ش، ناوی هه‌ریه‌ك له ئولوچ سارۆهان په‌له‌مانتاری پارتی ده‌م و سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆكی پێشتری (هاداپ) ده‌هێندرێت بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئۆنده‌ر. به‌ڵام دانانی كه‌سێك له شوێنی ئۆنده‌ر، پێویستی به سازشی كورد و ده‌وڵه‌ت هه‌یه! كه ئه‌مه‌ش پێویستی به كات و ئه‌رگومێنتی جیاواز هه‌یه تا له‌سه‌ر یه‌كێك له‌م ناوانه یان ناوێكی دیكه رێكده‌كه‌ون.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) «هەڵاتن لە ئێستا» و گەڕانەوە بۆ «سەردەمێکی تر» بەشێکە لە ئاکاری کەسانێک لە کۆمەڵگای ئێمە و هەندێک لە کۆمەڵگاکانی دراوسێماندا. بە حوکمی ئەوەیش هەڵاتن بەرەو ئایندە کارێکی مەحاڵە، چونکە ئایندە لێرە نییە و ئاکارەکانیشی دیارنییە، بۆیە گەڕانەوە بۆ «رابردوو»، بۆ دواوە، بۆ شوێن و رۆژگارێک کە سەردەمانێک هەبووە و «لێرە» بووە، دەبێتە ئەو شوێنەی کەسانێک دەخوازن بۆی بگەڕێنەوە. لە میسر یان لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کەسانێک هەن لە «ئێستا»ی ناشیرینی وڵاتەکەیان هەڵدێن. لە میسر بۆسەردەمی پاشایەتی بەر لە هاتنی جەمال عەبدول ناسر و بەر لە دروستبوونی ناسریزم دەگەڕێنەوە، لە عێراقیش بۆ سەردەمی سەدام حوسەین و رۆژگاری دەوڵەت و حوکمڕانییەکەی بەعس. بۆ ئەو کەسانە هەردوو سەردەمەکە وەک رۆژگارێک وێنادەکرێن کە پێیان وایە دەتوانن شتێک لە ئاسودەیی و بەخەوەریی تیادا بدۆزنەوە. بێگومان ئەم جۆرە وێناکردنە، وێناکردنێکی دەرونیی و نۆستالژییانەیە و ئەوەی دروستیکردون ناشیرینیەکانی ئێستایە، نەک جوانیی و باشی ئەو سەردەمانە خۆیان. بەبێ بوونی نۆستالجیا و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ سەردەمێکی باشتر، بە تایبەتی لە کاتێکدا ئومێد بە گۆڕانکاریی و دروستکردنی جیهانێکی باشتر لە ئارادا نەمابێت، ئەوەی بۆ خەڵکانێکی زۆر دەمێنێتەوە گیرخواردنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی سەختە بەدەست ناشیرینیی و تاریکاییەکانی، ئێستاوە. سەرەڕای ئەو راستییە سیاسیی و دەرونییە تاڵەی سەرەوە، لە پەیوەندیدا بە رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە، هەموو حەز و خواستێک بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو دونیایەی بەعس و سەدام حوسەیان لە عێراقدا دروستیان کردبوو، جگە لەوەی هەڵەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەیە، هاوکات هێمایەکی گەورەیشە بۆ هۆشیارییەکی تەواو شێواو و بیمار، کە نازانێت رژێمی بەعس و حوکمڕانییەکەی سەدام حوسەین لە عێراقدا چ جەهەنەمێکیان دروستکردبوو. ئەم نەناسینەش تەنها پەیوەندیی بە کەمی زانیارییەوە نییە، بەڵکو تاوانێکی سیاسیی و ئەخلاقییە. بە زۆر مانا نەناسینی سەدام حوسەین و رژێمە جینۆسایدیەکەی، بۆ هەر عێراقییەک بە گشتیی و بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، دەچێتە قاڵبی تاوانکردنەوە بەرامبەر بە کۆی ئەو قوربانیە زۆرانەی ئەم رژێمە دروستیکردن. وێناکردنی سەدام حوسەین وەک سەرۆکی وڵاتێک بە هەندێک «خراپەکاریی» و «موکەسەرات»ی تایبەتەوە، یان وێناکردنی وەک سیاسییەک بە هەندێک «نووقسانی»یەوە، دەلالەت لە بێئاگاییەکی نابەرپرسیار و ترسناک لە ئەزموونی حومکڕانیى رژێمەکەی سەدام حوسەین و کەسایەتییە ترسناکەکەی ئەو، دەکات. سەدام حوسەین یەکێکە لە خوێناویترن و توند‌وتیژترین و فاشیلترین حوکمڕانەکانی سەدەی بیستەمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پیاوە بەرپرسە لە ھەڵگیرسانی دوو جەنگی گەورە. جەنگی یەکەمیان، جەنگی عێراق و ئێرانە، هەشت ساڵ دەخایەنێت و نزیکەی یەک ملیۆن قوربانی لێدەکەوێتەوە. جەنگی دووھەمیان، جەنگی داگیرکردنی کوەیتە، کە دیسانەوە ھەزاران هەزار مرۆڤی بێتاوانی تێدا دەکوژرێت. هەنگاوی دواتری سەرکوتکردنی راپەرینەکانی عێراق و کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٩١دا و کوشتنی زیاد لە دووسەد ھەزار مرۆڤە. راونانی چەندان ملیۆن کورد و عێراقیی و ناچارکردنیانە بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان و بوون بە ئاوارە لە وڵاتانی دراوسێدا. مێژووی سیاسیی سەدام حوسەین خۆیشی مێژووی لەناوبردنی یار و نەیارە بە شێوەیەکی سیستماتیکیی و پلان بۆ دانراو. ئەم مێژووە بە پاکسازیی و تەسفیاتی ناوەکیی ناو حیزبی بەعس خۆی دەستپێدەکات. کوشتن و گرتن و ڕاوانانی ژمارەیەکی گەورە لە هاوڕێی و هاوکارە بەعسییەکانی خۆی لە رووداوە سەرەکییەکانی ناو مێژووی حیزبی بەعس خۆیەتی لە سەردەمی سەدامدا. ئینجا لێدان لە هاوپەیمانە کۆمۆنیستەکانی و گرتن و کوشتن و ڕاونانی دەیان ھەزار ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی عێراق. ئەمە جگە لە بەبەعسیکردنێکی تەواوی دەزگاکانی حوکمڕانیی و دەوڵەت و جیهازی بیرۆکراسیی لە وڵاتەکەدا. لە کۆتاییشدا بەخێزانیی و بنەماڵەیکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتەکەدا. لە هەموو ئەمانەشدا فۆبیا و گرێ دەرونییەکانی سەدام حوسەین خۆی دەبوون بە یاسا و بە پاڵنەری سەرەکیی رووداوەکانی ناو وڵاتەکە، بەبێ بوونی هەرە هەرە کەمی توانای لێپرسینەوە و سنووردانان بۆ ئەو سایکۆلۆژیا شێواوە. لە پەیوەندیدا بە کوردەوە سەدام حوسەین تاوانبارترین دەسەڵاتداری ناو مێژووی کوردە لە عێراقدا. کوشتن و گرتن و ڕاوانانی دەیان هەزار کورد، لەسێدارەدان و گواستنەوە و دەرکردنیان، پەلاماردانی دەیان ناوچەی کوردستان بە چەکی کیمیاوی و چەکی کۆمەڵکوژ رووکارە هەرە سەرەکییەکانی مێژووی ئەم ستمەگەرەیە بە کوردەوە. گەیشتنی تاوانەکانیشی لە پەلامارەکانی ئەنفالدا بە جینۆساید راستییە هەرە تاڵەکەی پەیوەندی نێوان ئەم دیکتاتۆرەیە بە خەڵکی کوردستانەوە. ئەنفال وەک تاوانی وێرانکردنی زۆرینەی هەرەزۆری گوندەکانی کوردستان و ڕاگواستنی زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤ و کۆکردنەوەیان لە چەند ئۆردوگایەکی زۆرملێیدا. ئینجا کوشتنی دەیان هەزار کەس و ناشتنی بەشێکی زۆریان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا لە بیابانەکانی عێراقدا. تاوانەکانی سەدام حوسەین تەنها تاوانی سیاسیی و دروستکردنی جەنگ و بەکارهێنانی توندوتیژیی کۆکوژیی نییە. تەنها راگواستنی خەڵک و وێرانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە. یەکێک لە تاوانە هەرە گەورەکانی سەدام حوسەین بریتییە لە تاوانی وێرانکردنێکی تەواوەتی ئابوریی عێراق. کاتێک سەدام حوسەین لە ساڵی ١٩٧٩دا بوو بە سەرۆکی عێراق، دینارێکی عێراقی بەرامبەر بە سێ دۆلاری ئەمریکی بوو. کەچی کاتێک رژێمەکەی روخێنرا و دەسەڵاتی بەجێهێشت یەک دۆلاری ئەمریکیی بەرامبەر بە زیاد لە دوو ھەزار دیناری عێراقی بوو. ئابوریی عێراق لەژێر دەستی رژێمەکەی سەدام حوسەین و لەناو جەنگە یەک بەدوای یەکەکانیدا، گۆرابوو بۆ «ئابووریەکی سەربازیی» و خودی جەنگەکانی سەدامیش خۆیشیان هەموو ئەو چەک و جبەخانانەی وێرانکرد کە ئەم ئابورییە سەربازییە دروستیکردبوو. ئەمە جگە لەوەی عێراقی خستنە ژێر باری قەرزێکی هێجگار گەورەوە کە ساڵانێکی درێژی دواتر دەوڵەتی عێراقی خەریکی دانەوەیان بوو. چەندان ئابووریناس باوەریان وابوو عێراق دەیتوانی ببێت بە «ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی ناوەراست»، کەچی حوکمڕانییەکەی سەدام حوسەین ئەم وڵاتەیان بۆ یەکەێک لە هەژارترین و دواکەوتوترین وڵاتەکانی جیهان، گۆری. لە ئاستی ژیانی خێزانیی و کۆمەڵایەتیدا رژێمەکەی سەدام حوسەین جۆرێک لە بێمتمانەیی و گومانکردنی گەورەی دروستکردبوو. باوک و دایک نەیاندەوێرا لەبەردەمی منداڵەکانیاندا باس لەم یان لەو خراپییەکانی رژێمەکەی سەدام حوسەین بکەن. چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو منداڵەکانیان قسەکانیان بۆ رێکخراوەکانی منداڵانی حیزبی بەعس بگێرنەوە. لەناو ژیانی گشتیدا دراوسێ لە دراوسێ دەترسا و هاوڕێ ترسی لە هاورێ هەبوو، چونکە دەکرا راپۆرت لەسەر یەکتری بنووسن و لەگەڵ بەعسدا تووشی کێشەی گەورە ببن. لە ئاستێکی دیکەدا کاتێک سەدام حوسەین بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق وڵاتێکی عەلمانی، یان نیمچە عەلمانی و خاوەن کۆمەڵگایەکی کراوە بوو. لە سەردەمی کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەیندا و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام خۆیدا، وڵاتەکە کرابووە هێلانەی دەیان ھێزی سەلەفیی وەھابیی جیهادیی و ناجیهادیی و خودی بەعس خۆیشی بەرەو ئەوە دەچو ببێت بە حیزبێکی دینیی یان نیمچە دینیی. بەم کارەشیان ناشیرینییەکانی بەعس و ناشیرینییەکانی ئیسلامی سیاسیان بەیەکتری تێکەڵدەکرد. سەدام حوسەین خۆیشی لە کەسێکەوە کە گوایە باوەڕی بە سۆسیالیزم و پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراق هەبوو، بوو بە «موجاهید»ێک گوایە بەرگری لە ئیسلام و خودا دەکات. ئەمە با واز لە تاوانی وشککردنەوە و بنکۆڵکردنی ئەھوارەکانی عێراق و گواستنەوەی بەزۆری دانیشتوانەکانیان و ناچارکردنیان بە کۆچکردن بۆ شارەکانی تری عێراق، بهێنین. کە وێرانکردنی یەکێک لە ژینگە هەرە تایبەت و هەرە دەگمەنەکانی جیهان بوو. هەر لە سەردەمی سەدام حوسەینیشدا بوو بازنەی حوکمڕانیکردن لە وڵاتەکەدا کورتبووەوە بۆ سەدام حوسەین خۆی و منداڵ و برا و خزم و کەسە ھەرە نزیکەکانی. دەسەلاتی بەعس بووبوو بە دەسەڵاتی تکریتییەکان. لەسەردەستی سەدام حوسەیندا مۆدێلی دەسەڵات لە عێراقدا گۆڕا بۆ مۆدێلێکی خێزانیی بچووک و داخراودا. یەکێک لە کارەساتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی ئەم ساتەی ئێستامان لەوەدایە، کەسانێک دروستبوون سۆز و خواست و نۆستالژیایان بۆ سەردەمی سەدام حوسەین و حوکمرانییەکەی لا دروستبووە. ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەو کۆمەڵگایەوە هەیە لەدوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە دروستکرا. دروستکەرانی ئەم دۆخە تازەیە بە ڕادەیەک گەندەڵ و دز و ناشیرین و نابەرپرسیارن، کەسانێکیان وا لەکردوە سەردەمی سەدام و حومکڕانییەکەی ئەویان پێ باشتربێت.
د. رێواز فایەق: درەو: د. رێواز فایەق سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لە (گفتوگۆی درەو) رایگەیاند: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكنایات و هەڵنابژێردرێت هەتا لەسەر هەموو تەفاسیل رێكنەكەوین. ئێمە كۆبوونەوەی یەكەممانكرد ئەم هەفتەیە لەسەر پۆستەكان، هەردوولایەكمان (پارتی و یەكێتی) روئیای خۆمان خستووەتەڕوو كەهەرلایەو ئەیەوێت چۆن بێت باسمان لە پێوەرەكانیش كردووە دابەشكردنەكە لەسەر چی بنەمایەك بێت. لە كۆبوونەوەی 17ی نیسان لەسەر روئیاكە رێككەوتووین و تەواوبووە، روئیاكە چەند تەوەرێكی ئەساسیە: • بواری سیاسی • پەیوەندییەكان • پێشمەرگەو كۆی هێە چەكدارەكان • شەراكەت • دارایی و بودجە • خزمەتگوزارییە گشتیەكان • ماف و ئازادییە گشتییەكان • ژنان و گەنجان • پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق روئیای هاوبەشی هەردوو حزبی تیایە
درەو: ئەمڕۆ لە (دامەزراوەی میدیایی درەو) گفتوگۆكرا لەسەر "دیوە یاسایی و سیاسیەكانی پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت" گفتوگۆكە بۆ (د. رێواز فایەق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی" میوانانی گفتوگۆكە، گفتوگۆیانكرد لەسەر گفتوگۆكانی پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان. ئەمڕۆ لە كاتی گفتوگۆكەدا كتێبی (پەرلەمانی كوردستان، دیوی پشتەوەی ململانێ و ناكۆكییەكان) بڵاوكرایەوە كەلەبەرهەمی ( دامەزراوەی میدیایی درەو). ئەم كتێبە بەشی یەكەمە لە زنجیرە كتێبی (خەرمانی درەو) كە بڕیارە لە داهاتوودا زنجیرەیەك كتێب بەرهەم و بڵاوبكرێتەوە.
سلێمان مستەفا - شارەزای هەڵبژاردن عێراق وڵاتێکی دروستکراو و سەپێنراو دوور لە ئیرادەی پێکهاتەکان، ساڵی ١٩٢١ لەسەر نەخشەی جوگرافیایی ناوچەی دوو ڕووبار وڵاتێک دروست کرا بە ناوی عێراق، وڵاتێک لە شێوەی مۆزەخانە، مۆزەخانەی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. ئەزموونی حوکمڕانی ١٠٠ ساڵەی عێراق پڕیەتی لە کارەسات، لە سەردەمی مەلەکەیەوە بۆ کۆماری، لە مەلیک فەیسەڵەوە بۆ سەددام، لە کابینەی ڕا گوزەری سەردەمی پۆڵ بڕیمەرەوە بۆ حکومەتی سوودانی، کێشە و ناکۆکی و ململانێکان بەردەوامن و درێژەیان هەیە. شاراوە نییە عێراق لە سێ پێکهاتەی سەرەکی پێک دێت: کورد، عەرەبی سوننە، و عەرەبی شیعە. شیعەکان زۆر جار لەژێر کاریگەریی ئێرانن، سوننەکانیش لە بازنەی تورکیا و وڵاتانی خەلیج دەخولێنەوە. گەلی کورد وەک گەلێکی ستەملێکراو لە مێژووی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەمڕۆ بەردەوامە لە بەرخودان بۆ دەستە بەرکردنی مافەکانی تا ساڵی ٢٠٠٥ کە بەفەرمی لە دەستووری عێراق مافەکانی بنە جێ کران، بەڵام تا ئەمڕۆ هەر سێ پێکهاتە باوەڕیان بە یەکتر نییە، ناکۆکی و ململانێکان بەردەوامن، گوێنەگرتن و بێ باوەڕی درێژەی هەیە. کورد داوای جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی بنەماکانی فیدراڵیزم و مافی چارەی خۆنوسین دەکات، عەرەبی سوونە خەون بەدەستە لاتی سوننە گەرایی کۆن دەخوازن و ئامادەی دیالۆگی بنیاتنەرانە نین. ڕاستێکی نکۆڵی لێ نەکراو هەیە ناکۆکی مەزهەبی و نەتەوەیی مینێکی ئامادە و بەردەوامە بۆ تەقینەوە، عەرەبی شیعە بەردەوامن لە توند کردنی گەمارۆی شیعە گەرایی بەسەر کورد و سوونە، سوونە لە خەونی قووڵی عەرەبەدا خەبەری نەبووەتەوە. بەدرێژایی ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران (٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٢)دیمەنی تایفە گەری و مەزهەبی و نەتەوەی قووڵتر کردووەتەوە، گەندەڵی و نا دادی و شەڕ و کوشتار و شەڕی داعش، بارودۆخی نالەباری ئابووری، ناکۆکی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێم و کورد بەردەوامن، خوێندنەوەی جیا بۆ دەستوور دەکرێت، لە هەمان کاتدا ڕاڤە کردنی دەستوور بە سیاسی کراوە. پرسی یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگای فیدراڵی، ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بنەماکانی دیموکراسی و تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتە دان پێ دانراوەکانی ناو دەستوور (دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی، دەسەڵاتە هاوبەشەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان، دەسەڵاتە باس نەکراوەکان) کێشە و ناکۆکی بەردەوامن. بیری تائیفی، مەزهەبی، نەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە. دیالۆگ و بەشداری و هاوبەشی لە نیشتمانێک بۆ هەمووان لە خەیاڵدانی شەقام و سەرکردەکاندا بوونی نییە، هەموو ئەو ڕاستیانە سنووری بێ باوەڕیی و بێ متمانەییان نەبەزاند، بەپێچەوانەوە خول لەدوای خول کێشە و گرفتەکان بە یەکتر دەسپێرن و تەقینەوەکان دوا دەخەن. ئەم وڵاتە سەپێنراو و دروستکراوە، مۆزەخانەی نەتەوە و پێکهاتەی ئایینی و دینی و مەزهەبی بەرەوە کوێ، لە داهاتووی نزیکدا، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١١ی یازدەی ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت ئایا ئەو هەڵبژاردنە دە بێتە جێگای ئومێد، یان بەرەو تونێلێکی تاریک و خەونی چۆلەکە دەڕوات. لیستی عێراقی نوێ: لیستی یەکگرتوو لە بەسرە بۆ زاخۆ؟ لەبەر دان نەنان بە ڕاست یەکی تاڵ، کە عێراق وڵاتێکی سەپێنراوە و دروستکراوە، لەبەر پەیڕەو نەکردنی بنەماکانی دیموکراسییەت و سەروەری یاسا، لەبەر نەبەزاندنی سنووری تایفە و مەزهەب و ئایین، لەبەر کار نەکردن بە دەستوور، شەمەندەفەری خولانەوە لە بازنەی نەهامەتی بەردەوامە. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە سیستەمی هەڵبژاردن دەگۆڕێت بە باڵای دیکتاتۆریت و تایفە گەری، هەموو حکومەتەکان لەسەر بنەمای پشک پشکێنە دروست بوون، پشک پشکێنەی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی، سەرەنجام دروست بوونی هێزی نا دەوڵەتی (نا یاسایی) چەکدار. ئایا کات ماوە بۆ دروست کردنی بەرەیەکی دیموکراسی بە نوێنەرایەتیی لیستی سیاسی بە بنەمای هاوبەشبوونی نەتەوەیی و یاسا سا زی. ئەم لیستە نوێیە - لیستی عێراقی نوێ دەتوانێت پەیوەندی ڕەهەندی نوێ لە نێوان کورد، سوننە و شیعە بێت. کورد، وەک پێکهاتەیەکی مەزن، دەوێت مافی نەتەوەیی و ڕوونی فیدراڵی پەیوەندیدار بگەیەنێت بە دوا مەنزڵ و متمانەی بۆ دروست بکرێت، وەک چۆن ئەڵمانیایەمان متمانەیان بۆ گەلی جوو دروست کرد. سوننە دەیەوێت متمانەی بۆ دروست بکرێت و بگەریتەوە ناو دەوڵەتی عێراق و لەسەر تاوانەکانی سەدام و بەعس سزا نەدرێت شیعەش دەیەوێت زۆرینەی خۆی لە دەوڵەتی عێراق بپارێزێت. کەواتە خاڵی هاوبەش بوونی هەیە، ئەگەر هەیە چییە، ئایا دەکرێت بازدانێک بکرێت، یان ئەوە خەونی چۆلەکەیە، ئەگەر دەرفەت هەیە دەکرێت ئەو هێزانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە لەسەر بەرنامەی بەیانی ڕێک بکە وەن، سنووری نەتەوە و ئایین و مەزهەب ببەزێنن بە ڕاگەیاندنی مانیفێستی نوێ بەناوی عێراقی نوێ کە ئەم ئامانجانە لە خۆ بگرێت و لیستێک لە ئێستاوە بۆ بەشدار بوون لە هەڵبژاردن ٢٠٢٥ ڕابگەێنرێت، یان دوای هەڵبژاردن لەسەر ئەو بنەمایە لیستی براوە ڕابگێنن: بەرنامەی لیستی عێراقی نوێ دەتوانێت لەسەر ئەم بنەمایانە بنیات بکرێت: ١-بەهێزکردنی فیدراڵیزمی نەتەوەیی و یاسایی (کورد، شیعە، سوننە) ٢-جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، دادگای فیدراڵی، مافی هەرێمەکان. ٣-ڕێکەوتن لەسەر دەرکردنی هێزی چەکداری (تورکیا و ئێران) و چاکسازییەکی فەرمی لە هێزە چەکدارەکان، دان نان بە واقیعی پێکهاتەی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێکهەڵکردنی بە سوپای عێراق. ٤-چاکسازی و هاوبەشکردنی فەرمیی لە بوارەکانی؛ کارەبا، ئابووری، و خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، هەمەجۆر کردنی ئابووری و گەشە پێدانی ناوخۆیی. ٥-بەستنی پەیوەندییەکی نوێی نیشتمانی لەسەر بنەمای ماف، ئاشتی، و یەکسانی، دیموکراسی و سەروەری یاسایی، دوور لە بنەمای مەزهەبی یان نەتەوەیی. ٦-گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و بە سزا گەیاندنی گەندەڵکاران و بڕینی دەستی مافیا گەری و چەتەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەدا. ٧=بەرنامەی لیستی عێراقی نوێ لەم هەڵبژاردنە بکرێتە پێوەر، ئەگەر گەلانی عێراق متمانەیان پێدا ئەوە دەکرێت وەک ڕا وەر گرتنێکی ڕاستەقینەی گەل مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر گەل متمانەی پێ نەدا، یان زەمینەی دروست کردنی ئەو بەرەیە بوونی نەبێت، پێویستە گەلانی عێراق بگەنە ڕێکەوتنێکی تر و شێوازێکی تری پێکەوە ژیان و واز لەو عێراقە بە زۆر دروستکراوە بهێنن. هەڵبژاردنی ١١ی یازدە دەکرێت بێت بە دەرفەتێکی نوێ بۆ عێراقی نوێ، یان دەکرێت ببێتە دوا وێستگەی عێراق، بەرەو ئەزموونی کۆنی پڕ لە شکست و دار و خان، بۆیە کورد و عەرەب لەبەردەم بەرپرسیاریەتی دان، پێکەوە ژیان یان لێکترازان، کورد و پارتە کوردییەکان لەبەردەم بەرپرسیاریەتی دان، پێداچوونەوە بەر و نەخشەی نوێ یان پێکەوە ژیان، هەموو ئەو پرسیارانە بەرئەنجامی خەیاڵ و لێکدانەوەی نا واقیعی نین بەڵکوو بەرئەنجامی مێژووی قۆناخەکانی عێراقی دروستکراون، دانیشتی کورد و عەرەبی شیعە و سوننە لەسەر مێزی خڕ، یان گەڕان بەرەو کۆنفیدراڵی و شێوازێکی نوێی حوکمڕانی. دەرفەتی نوێ بۆ ڕاهێنانێکی نیشتمانی. ئەگەر لیستی «عێراقی نوێ» بتوانێت بە تەواوی هاوبەش و نیشتمانی بێت، دەبێت نەک تەنیا لیستێکی هەڵبژاردن، بەڵکوو بێت بە پێکهاتەیەکی نوێ بۆ دروستکردنی عێراقێکی دیموکراتیک، فیدراڵی، و هاوبەش، کە یاسا و ماف باڵا بن و سەروەر بن. سلێمان مستەفا حەسەن
یادگار سدیق گەڵاڵی ▪️بۆ هەر کێڵگەیەکی نەوتی گرێبەستێک هەیە وە لەو گرێبەستەدا ماف و ئەرکەکانی لایەنەکانی گرێبەستەکە دیاری دەکرێت، هەر لە ماوەی گرێبەستەکە" ماوەی گەڕان و پشکنین تا بەرهەمهێنان و پەرەپێدان و سنوری کێڵگە کە و کۆتایی هێنان بەگرێبەستەکە". ▪️هەر لە گرێبەستەکاندا پشکی لایەنەکانی گرێبەستەکە و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و خەرجییەکان ( چ خەرجی بەرهەم هێنان Operation Expenditure و خەرجی سەرمایەگوزاری Capital Expenditure) رێژەی قازانجی کۆمپانیای نەوتی و بڕی موڵکانەی حکومەت و قازانجی وڵاتی خانەخوێ وە گەر باجێک هەبێت لەسەر کۆمپانیای نەوتی بڕەکەی چەندە. بڕی پاداشتەکان چەندە ـچ پاداشتی ئیمزاکردنی گرێبەست یان پاداشتی بەرهەم هێنان -. تەنانەت سوان و بەکارهێنانی ئامێرەکان و چۆنیەتی کۆتایی هێنانی گرێبەستەکە و داخستنی کێڵگە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت. هەر گرێبەستێکیش پاشکۆ یان چەند پاشکۆ و هەمواری هەیە. ▪️گرێبەستەکانی هەرێمیش وەکو هەر گرێبەستێکی تر هەموو ئەو توخمانەی تێدایە. ▪️کەواتە بۆ ئەوەی بزانین تێچوی نەوتی هەرکێڵگەیەک چەندە، ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ گرێبەستەکان. بەبێ گرێبەستەکان نازانرێت تا چ رادەیەک کۆمپانیا نەوتییەکان پابەندبوون بە گرێبەستەکان و پاشکۆکانی، و تا چ ئاستێک دەتوانرێت خەرجییەکان وەربگیرێتەوە، چەندی خەرجییە و چەندی قازانجە، ئایا خەرجییەکان بە پێی بەرنامەی پەرەپێدانی کێڵگەکانە یان نا؟ ئایا پاداشتەکان وەکو گریگێبەستەکان وەرگیراوە یان نا؟ وە بۆ ئەمانەش پێویستە ئەو لایەنەی هەڵدەستێ بە هەڵسەنگاندەنەکان جگە لەوەی گرێبەستەکانی لەبەردەستبێت بەهەموو هەموار و پاشکۆکانی سەردانی کێڵگەکان بکات پلانی پەرەپێدان و خەرجییەکان ببینێت و چاو پیاخشاندنەوەی بۆ بکات. ▪️کەواتە هیچ بەهانەیەک نییە کە گرێبەستەکان رادەستی ئەو لایەنە نەکرێت کە هەڵسەنگاندن بۆ خەرجییەکان دەکات و تێچووی نەوتی هەرێم دیاری دەکات. ▪️پێویستە بەردەوام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کێڵگە بە کێڵگە وردبینی وچاوپیاخشاندنەوەی ئاستی پابەند بوونی کۆمپانیا نەوتییەکانی بەگرێبەستەکانەوە کردبێت پێش ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی دابێت بە کۆمپانیا نەوتییەکان. ▪️هەرچەندە بەڵگە هەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەکو پێویست بەو کارە هەڵنەساوە و کەموکوڕی زۆری هەبووە. ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان بەهەر بیانویەک بەو خاڵانەی سەرەوە رازی نەبن ئەوا گومانی ئەوە دەخەنە سەرخۆیان کە پابەند نەبوون بە گرێبەستەکانەوە وەکو خۆی.
(درەو): بە نوسراو سەبارەت بە شایستە داراییەكانیان، دڵنیایمان بە كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان داوەو؛ سەردانی سودانی بۆ كوردستان كاریگەریی هەبوو لەسەر بەدیهاتنی لێكتێگەیشتنەكانی ئەمدواییە، ئەمە قسەی وەزیری نەوتی عێراق بوو لە سلێمانی. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە (دیداری سلێمانی)دا قسەكردو رایگەیاند" لەپێناو دابینكردنی كرێی كۆمپانیاكان كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان دانوستانمان كرد بۆ هەمواركردنی یاسای بودجەو بودجەمان هەمواركردەوە". وەزیری نەوت كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە وتی:" دڵنیاییمان بە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دا، لەرێگەی نوسراوێكی فەرمییەوە كە بەتەنیا لەلایەن وەزیری داراییەوە ئیمزای لەسەر كراوەو تێیدا بەڵێنی ئەوە دراوە شایستەی ئەو كۆمپانیایانە بدرێت، ئەمەش متمانەی گەڕاندەوەو مەترسییەكانی نەهێشت". "بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە پشكی عێراق لە (ئۆپێك) دەبڕدرێت، ناچاربووین بەرهەمهێنانی نەوتی فیدراڵی كەمبكەینەوە، بۆ ئەوەی بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە كوردستان زیان بە پشكی عێراق نەگات، بەڵام دەرەنجام كاریگەریی لەسەر پشكی هەناردە هەبووە" حەیان عەبدولغەنی وای وت. ئاشكرایكرد" سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كاریگەریی گەورەی هەبوو لە خێراكردنی رەوتی دانوستانەكان لەنێوان هەردوولاو بەدیهاتنی لێكتێگەیشتنەكانی ئەمدواییە".
(درەو): دادگای عێراق دووجار دانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا ناوە، باچیتر لەسەر ئەم بابەتە كێشە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست نەكرێت، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتووین تیمە تەكنیكییەكانمان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد، ئەمانە قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانن. مەسرور بارزانی لە (دیداری سلێمانی)دا باسی لە گرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەرێگەی بۆرییەوە، كە لە رۆژی 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگانی ناوبژیوانی پاریس و لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق راوەستاوەو تائێستا دەستیپێنەكردوەتەوە. مەسرور بارزانی رایگەیاند" لەوكاتەوە كە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان راوەستاوە (25ی ئازاری 2023) زیاتر لە (23 ملیار) دۆلار زیانمان بەركەوتووەو بەهیچ جۆرێك ئەم زیانە قەرەبوونەكراوەتەوە تاوەكو بوترێت هەرێمی كوردستان تێیدا سودمەند بووە". لەبارەی كێشەی گرێبەستی كۆمپانیاكان كە وەكو بەربەست لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت تەماشا دەكریت، سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتی:" جۆری كۆنتراكت و كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان جیاوازە لە جۆری كاركردنیان لە بەشەكانی تری عێراق، رێزگرتن لەو كۆنتراكتانە بەشێكی سەرەكییە كە ئەم كۆمپانیایانە داوای دەكەن، هەرچەندە دووجاریش لە دادگای عێراق شكایەت كرا‌و هەردوو جارەكە دادگا لە بەرژەوەندی كۆنتراكتەكان بڕیاریدا، كەواتە دانیان بە كۆنتراكتەكانی هەرێم و كۆمپانیاكاندا ناوەو پێویست ناكات چیتر لەسەر ئەم بابەتە كێشە دروستبكرێت". سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، مەسرور بارزانی دەڵێ:" كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن، چونكە بەشێك لە كێشەكە دەستنیشانكردنی تێچووی بەرهەمهێنانە، كە پێویستە ئەم تێچووەیان بۆ دابینبكرێت بەبێ ئەوەی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئێمەوە هەناردە بكرێت، كەواتە ئەگەر سۆمۆ هەناردەی بكات دەبێت ئەو میكانیزمە بدۆزرێتەوە چۆن بەشەكەی ئەوان دەدرێت، لەسەر ئەمەش رێككەوتن كراوە، لەگەڵ وەزارەتی نەوت نرخێك دیاریكراوە تا ئەوكاتەی لایەنی سێیەم دێت (مەبەستی لە 16 دۆلارەكەیە بۆ هەر بەرمیلێك)و تێچووی راستەقینە دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە تائێستا جێبەجێ نەكراوە، چونكە ئەو گەرەنتییانەی كە كۆمپانیاكان داوای دەكەن دەبێت كۆتایی بێت بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكرێت". "لە دواین دیداریمدا لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەسەر ئەوە رێككەوتووین كە تیمە تەكنیكییەكانمان جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ بەغدادو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گفتوگۆ بكرێت لەسەر بابەتە تەكنیكییەكان، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە ماون چارەسەر بكرێن و دەستبە هەناردەكردنی نەوت بكرێت" مەسرور بارزانی وای وت. باسی لەوەشكرد" كێشەی راوەستانی نەوتی هەرێم بەر لە هەموو شتێك سیاسییە، ئینجا تەكنیكی و یاساییە، بەڵام ئەگەر نیەتی سیاسی هەبێت دێتە سەر ئەم كێشە تەكنیكی و یاساییانە كە ئێمە ئێستا هەردوولامان خەریكین، واتا نیەتێكی سیاسی هەیە بۆ چارەسەركردن".
سه‌نگه‌ر رسول توێژه‌ر له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئابووری سیاسی به‌درێژایی مێژوو، زۆربه‌ی تاوانه جینۆسایده‌كان به‌ته‌نها نه‌بوونه‌ته جێهێشتنی برینێك له‌سه‌ر دڵی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵكو بوونه‌ته هۆی تێكدانی ژینگه‌و سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش كه لێی رووداوه. گوند‌و لادێكانی هه‌رێمی كوردستانیش نموونه‌ی زیندوون كه چۆن له‌كاتی كیمیابارانه‌كانی رژێمی سه‌ددام -ی دیكتاتۆر، جگه له به‌كۆمه‌ڵ مردن و برینداربوونی ده‌یان مرۆڤی بێ‌تاوان، سروشت و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ی ژه‌هراوی بوون و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی هه‌رچی داروبه‌ردو زینده‌وه‌ری ناوچه‌كه‌یه دروستكرد. وه‌كو ڕێزگرتنێكیش له‌قوربانییه‌كانی كاره‌ساته‌كه، ڕۆژی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان 16/4 كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش هۆكارو پاڵنه‌رێكی به‌هێزه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ژینگه‌یی له‌ناوچه‌كه په‌ره‌ی پێبدرێت. بۆیه ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌ی مۆدێلی بوژانه‌وه‌ی ئابووری خاوێنه‌وه، له‌بواری ووزه‌ی خاوێن، گه‌شتیاریی كشتوكاڵی و وه‌به‌رهێنان له‌به‌روبوومه‌كانی ئاژه‌ڵداری سه‌رچاوه‌یه‌كی نوێكاری بژێویی و داهات و ئابووری ناوچه‌كه بخاته‌ڕوو. مه‌به‌ست له‌م پرۆژانه‌ش ته‌نهاو ته‌نها دیوی ئابووری و قازانجكردنی ماددی نییه، به‌ڵكو هۆكارێكیش ده‌بێت بۆ سارێژكردنی برینه‌كان و بووژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه. چۆن ڕۆژی ژینگه له‌مانشێته‌وه بگۆڕین بۆ كردار له‌ساڵانی 80 كاندا، به‌هۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیای و به‌زۆره‌ملێ چۆڵكردنی لادێكان و پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال، باغ و بێستان و ڕه‌زو به‌روبوومی دیكه‌ی كشتوكاڵی ئه‌و لادێیانه‌ش نزیك له‌ناوچوون چوون به‌هۆی بێ خزمه‌تی و سووتاندنییان له‌لایه‌ن هێزه سه‌ربازییه‌كان و جگه له‌وه‌ش ژه‌هراویی بوونی دارودره‌خت و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌چه‌كی كیمیایی پێكرابوون. بۆیه له‌دوای هه‌ر جینۆسایدێك، سه‌ر له‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌و پشتگیریكردنی دانیشتووانی ناوچه‌كه بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی كاری باغداری و كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و پرۆژه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه ده‌بێت پشتگیری بكرێن تاوه‌كو بتوانرێت شوێنه‌واری ئه‌و زیانه رۆحی و ماددییانه‌ی به‌هۆی جینۆسایده‌كانه‌وه روویانداوه كه‌مبكرێنه‌وه‌و به پرۆژه‌ی داهێنه‌رانه‌ش له‌بواری ته‌كنه‌لۆژی و گه‌شتیاری و ئابوورییدا ده‌توانرێت قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه. یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی كه به‌ر كیمیاباران و ئه‌نفال و چۆڵكردنی زۆره ملێی گونده‌كانی بۆته‌وه، ئه‌وا ناوچه‌ی دۆڵی بالیسان-ه. لێره‌دا پێشنیاز ده‌كه‌ین چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دۆستی ژینگه له‌ناوچه‌كه جێبه‌جێبكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆكارانه‌ش یه‌كانگیر ده‌بێت كه وه‌كو رێز لێنانێكیش ڕۆژی 16ی 4 كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه‌و ده‌بێت ئه‌و به‌خشینه‌ش ته‌نهاو ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی نه‌زه‌ری و مانشێت نه‌مێنێته‌وه‌و به‌كرداری پرۆژه‌كانی ژینگه له‌ناوچه‌كه ڕه‌نگ بداته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م پرۆژانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو: یه‌كه‌م: به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێن یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ی كه پێویسته پشتیوانی لێبكرێت و ده‌بێته هۆی كارئاسانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی نرخی كاره‌باش له‌داهاتوودا له‌سه‌ر گیرفانی خه‌ڵكی، ئه‌وا په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی خاوێنه، له‌م دوو ڕێگه‌یه‌وه: له‌رێگه‌ی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆره‌وه له‌باره‌ی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆره‌وه، ده‌كرێت داوا له‌حكومه‌تی ناوه‌ندی بكرێت، بۆ ڕاسپاردنی بانكێكی نیشتیمانی عیراقی بۆ پێدانی پاڵپشتی دارایی و قه‌رزی درێژخایه‌ن بۆ دانیشتووان و پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی ناوچه‌كه به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆر بۆ به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی كاره‌با. له‌ڕێی تۆرباینه‌كانی باوه : بۆ دانانی تۆرباینه‌كانی با، ئه‌وا ده‌كرێت ببێته پرۆژه‌ی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگا‌و فه‌رمانگه‌كانی ناوچه‌كه ئه‌گه‌ر گونجا بۆ ئه‌م شێوه‌یه. ڕاهێنان بۆ چۆنییه‌تی كاركردن له‌ووزه‌ی خاوێن ده‌كرێت ڕاهێنان به‌ژماره‌یه‌ك دانیشتووانی دۆڵی بالیسان بكرێت بۆ چۆنیه‌تی كار له‌سه‌ركردن و چاكردنه‌وه‌و سیانه‌ی پانێل و پرۆژه‌كانی ووزه‌ی خاوێن و ده‌كرێت راهێنانه‌كه بۆ ژماره‌یه‌كییان چڕتربكرێنه‌وه‌و ببنه سه‌رچاوه‌ی كاریش بۆیان. به‌ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێنه‌وه، هه‌م ناوچه‌كه دوور ده‌كه‌وێته‌وه له گازی ژه‌هراوی مۆلیده‌كان و هه‌میش وه‌كو ناوچه‌یه‌ك كه ڕۆژی ژینگه‌ی به‌ناوكراوه، له‌گه‌ڵ په‌یامه ژینگه‌یه‌كه‌ش یه‌كده‌گرێته‌وه‌و به‌كردار له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت و جگه له‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارێكی كاریبوژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه‌ش. دووه‌م: گه‌شتیاریی كشتوكاڵی گه‌شتیاری كشتوكاڵی یه‌كێكه له‌میتۆده باوه‌كانی ئابووری سه‌رده‌م، ده‌كرێت له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌ئاوی دۆڵی بالیسان به‌تایبه‌تی له‌زینه‌تیره‌وه بۆ گوندی ده‌راش ئه‌و پانتاییه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاریی كشتوكاڵی تێدا بكرێت به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه: 1) بونیادنانی گوندێكی كه‌لتووری و مێژووی، چه‌ند خانوویه‌كی كه‌م، به‌پێی دیزاینی سه‌رده‌می كۆن و تێیدا كه‌ل و په‌له‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌و ئامێره كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی بخرێنه‌ڕوو. 2) مه‌یدانی ئه‌و لادێیانه بكرێته بازاڕێك بۆ ساغكردنه‌وه‌و فرۆشتنی به‌روبوومی سروشتی (ئۆرگانیكی) ناوچه‌كه. 3) ده‌كرێت چه‌ند پارچه زه‌وییه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومه كشتوكاڵییه وه‌رزییه‌كانی تێدا به‌رهه‌م بێت به‌بێ به‌كارهێنانی مه‌وادی كیمیایی بۆ سه‌رنجڕاكێشانی گه‌شتییاران. 4) ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه، له‌شێوه‌ی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و پشكێكی بۆ ئه‌و جووتیاره بێت كه سه‌رپه‌رشتی مه‌یدانی ده‌كات. 5) حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك لێخۆشبوونی باج بۆ ئه‌و پرۆژانه ده‌ربكات 6) به‌پێی پرۆژه‌ی یه‌كه‌ممان، كه تایبه‌تبوو به به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێنه‌وه، یارمه‌تیده‌رێكی دیكه ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان. 7) ده‌بێت ئه‌و باج لێخۆشبوو‌ن و ووزه‌ی خاوێنه نه‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی قازانجی خه‌یاڵی به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بێت نرخی به‌روبوومه‌كانیش گونجاو بێت. كشتوكاڵی گه‌شتیاریی ماكینه‌یه‌ك بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌لتوور له‌ڕێی كشتوكاڵی گه‌شتیارییه‌وه ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك كارلێكی كه‌لتووری لێبكه‌وێته‌وه و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕووداو و كاره‌ساته مێژووییه‌كان به‌بیر گه‌شتیاران بخاته‌وه به‌مشێوه‌یه: كاتێك گه‌شتیاران ڕووده‌كه‌نه پرۆژه‌كانی گوندی كشتوكاڵی گه‌شتیاریی، ئه‌وا ڕۆده‌چنه واقیعی ژیانی لادێی كۆنی كورد‌و ڕاسته‌وخۆ ده‌توانن خۆیان بچن هه‌نار یا هه‌نجیر یا ترێكان به‌ده‌ستی خۆیان لێ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌مه‌ش دووباره په‌یوه‌ست بوونه به‌سروشت و یه‌كانگیریشه له‌گه‌ڵ په‌یامه‌كانی ڕۆژی ژینگه. له‌رێی هاتنی گه‌شتیارانه‌وه، ده‌كرێت كاره‌ساتی كیمیاباران و چۆڵكردنی زۆره ملێی لادێكان و ئه‌نفال دووباره وه‌بیرییان بخه‌یه‌وه. ده‌كرێت ساڵانه فێستیڤاڵی ترێی ڕه‌ش یا ڕه‌شمیری له‌دۆڵی بالیسان سازبكرێت كه به‌روبوومی زۆر و باوه، تێیدا زۆرترین به‌رهه‌می میوه‌جات و به‌روبوومه‌كانی دیكه‌ی خۆماڵی تێدا نمایش بكرێت له‌پاڵیدا چاڵاكی هونه‌ری و میوزیك و هه‌ڵبه‌ستی كورده‌واری پێشكه‌ش بكرێت. (بۆ نموونه: له‌ده‌وڵه‌تی ڕوواندا، دوای جینۆسایده‌كانی 1994، له‌نێوان دوو پێكهاته‌ی ووڵاته‌كه ڕوویدا، له‌ئێستادا گه‌شتیاری گۆرێلا شێوه‌یه‌كی جیهانی وه‌رگرتووه). سێیه‌م: پرۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری و شیرداری ئه‌گه‌ر له‌نه‌خشه‌ی دۆڵی بالیسان ووردبینه‌وه، ئه‌وا ڕێگایه‌كی زیاتر له 9 كیلۆمه‌تری دۆڵه‌كه‌ی شه‌ق كردووه، ئه‌گه‌ر ته‌نها 7 كیلۆمه‌تر پانی وه‌ربگرین وه‌كو خه‌ملاندنێك به وه‌رگرتنی پانتایی و ڕوبه‌ری بناری شاخه‌كانی چوارده‌وری، ئه‌وا 63 كیلۆمه‌تر دووجا له‌وه‌ڕگه‌و پانتاییت هه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان له‌بواری ئاژه‌ڵدارییدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت ده‌توانێت سوودی لێ ببینێت به دوو شێواز: یه‌كه‌مییان: وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی شیره‌مه‌نی دووه‌مییان: پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی سوور به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌ر مانگایه‌ك ساڵانه له‌نێوان 1500 بۆ 2500 لتر شیر به‌رهه‌مدێنێت. بزن 150 بۆ 300 لترو مه‌ڕ 50 بۆ 150 لتر شیر به‌رهه‌م دێنن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و رووبه‌ره‌ی وه‌كو خه‌ملاندنێك دانراوه به 63 كم2 ئه‌وا ده‌توانرێت هه‌زار مانگا و 4 هه‌زار بزن و 4 هه‌زار مه‌ڕیش شوێنی له‌وه‌ڕی بۆ دابنرێت و به‌خێو بكرێت (ئه‌مه‌ش به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: مانگا 1.5 بۆ 3 هێكتارو بۆ هه‌ریه‌كه له بزن و مه‌ڕ 0.6 هێكتار). ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها مانگا وه‌كو پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌ربگرین، ئه‌وا ساڵانه ده‌توانرێت زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو لیتر شیر به‌رهه‌م بێت و به‌زیادكردنی شیری بزن و مه‌ڕیش ده‌گاته سه‌رووی دوو ملیۆن و نیو لیتر. ده‌كرێت ئه‌مه‌ش ته‌رجومه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌روبوومی سپیاتی وه‌كو ماست و په‌نیرو شیر بكرێت و هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گوندی گه‌شتیاریی كشتوكاڵیشه‌وه به‌بازاڕ بكرێت. جگه له‌وه‌ش، دۆڵی بالیسان له‌رووی پێگه‌ی جوگرافیشه‌وه، شوێنه‌كه‌ی زۆر باش و گونجاوه بۆ به بازاڕ كردن، تاڕاده‌یه‌ك له‌نێوان سه‌عاتێك كه‌متر بۆ سه‌عاتێك و بیست ده‌قیقه له‌ناوه‌ندی شاره‌كانی هه‌ولێرو سۆران و ڕانییه دوورییه‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه ده‌بێت بۆ سانا گه‌یاندنی به‌روبوومه‌كان له‌كاتی خۆیدا. بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش پێویستی به‌پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌رووی كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و پاڵپشتی حكومه‌تی عیراق بۆ پێدانی سلفه‌و قه‌رز بۆ بونیادنانی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌بواره‌كه‌دا. بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش، ده‌بێت ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌كانیان له پرۆژه‌ی له‌و شێوه‌یه. هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پاڵپشته داراییه‌كان له‌ڕێی بانكه نیشتیمانییه‌كانی عیراقه‌وه. ده‌رئه‌نجام ده‌كرێت و ده‌رفه‌تی زۆریش هه‌یه فرمێسكه‌كانی به‌هۆی گازی ژه‌هراوی چه‌كی كیمیاویی ڕژێمی سه‌ددامی دیكتاتۆره‌وه بگۆڕدرێن بۆ ده‌رفه‌تی پێچه‌وانه‌ی ژیانه‌ی ئاشتییانه‌و بوژانه‌وه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و بونیادنانی بناغه‌یه‌كی پته‌وی گه‌شتیاری كشتوكاڵی. ئه‌م پرۆژانه جگه له‌وه‌ی ده‌بنه هۆی بوژانه‌وه‌ی ئابووری، له‌ڕووی كه‌لتووری و مێژوویشه‌وه بایه‌خ و گرنگی خۆیان ده‌بێـت و ساڵانه‌ش له‌ڕێی فێستیڤاڵی ترێی ڕشمیرییه‌وه هه‌م خه‌ڵكی ئاشنای كاری جووتیاری ده‌بنه‌وه‌و هه‌میش تامی به‌روبوومی خۆماڵی وسروشتی ده‌كه‌نه‌وه. له‌رێی بونیادنانی سه‌رچاوه‌كانی ووزه‌ی خاوێنیش، ئه‌وا په‌یامی ڕۆژی ژینگه له‌مانشێت و قسه‌ی ناو كتێبه‌كانه‌وه ده‌هێنێـته وه ناو واقیع و به‌كرده‌یی ئه‌و په‌یامه ده‌سه‌لمێنێت و بۆ یاده‌وه‌ری خه‌ڵكیش گرنگه دووركه‌وتنه‌وه له‌هه‌رجۆره گازێكی ژه‌هراوی چونكه یاده‌وه‌ری ناخۆش دێنێته‌وه بیری خه‌ڵكی ناوچه‌كه. پرۆژه‌یه‌كی ئابووری بێ كه‌موكوڕی نییه‌و ده‌كرێت كه‌م و زیاد بكرێت، به‌ڵام ئێستا تۆپه‌كه له‌مه‌یدانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌و لایه‌نی دووه‌میش حكومه‌تی عیراقه بێته مه‌یدان، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌كی بچووكی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی كه حكومه‌تی عیراقی ئه‌وكات له‌ساڵانی 1980 كان ئه‌نجامیداوه. بۆیه ئه‌م بوژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه، كه دۆستی ژینگه‌ش بێت، ئه‌وا ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ردوو حكومه‌ته.
درەو: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبەجەی پەسەندكردو هەڵەبجە بووە (4)یەمین پارێزگای هەرێم و (19)یمین پارێزگای عێراق لە دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، مەشهەدانی و مەندەلاوی دانشتنەكەیان بەجێهێشت. مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرەتای دانیشتنەكەدا كۆبوونەوەكەی جێهێشت و موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەڕێوەبرد، هەرچوار مادەكەی خستە دەنگدانەوە مادە بە مادە پەسەندكران، دواتر یاسر مالكی لە دەوڵەتی یاسا ناڕەزایی دەربڕی بۆیە موحسین مەندەلاویش دانشتنەكەی جێهێشت، دواتر شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە شوێنی سەرۆكی پەرلەمان دانیشت و كۆی پرۆژە یاساكەی خستە دەنگدانەوەو پرۆژە یاساكە پەسەندكرا، بەڵام بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنە شیعەكان ناڕازیبوون و واژۆیان كۆكردەوە لە دژی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە، بەڵام سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان ئامادەبوون. شاخەوان عەبدووڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بەداخەوە خاوەنی بەڵێنەکانیان نەبون، هەم سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بەجێهێشت، هەم بەشێکیان پەرلەمانیان بەجێهێشت. پرۆژە یاساكە لە (4) مادەو هۆكاری دەرچواندنی پێكهاتووە. پارێزگای هەڵەبجە لە (2) قەزاو (3) ناحیە پێكهاتووە
درەو: سبەیینێ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كۆدەبنەوە، دوای چوار مانگ لە گفتوگۆ‌و چەندین كۆبوونەوە ئینجا رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی ئامادەكرا، گفتوۆكردن و رێككەوتن لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان چەندین كۆبوونەوەو دانیشتنی دەوێت ئەگەر سەرەتای مانگی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردن و متمانەدان بەكابینەی دەیەم دوو مانگی پێویستە و دەكەوێتە مانگی تەمووز واتا چاوەڕوان دەكرێت رۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای 176 رۆژ واتا نزیكەی شەش مانگ هێشتا پەرلەمان و حكومەت پێكنەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین لایەنی سیاسی كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا بەڵام گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت تەنیا لە نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت. كۆبوونەوەو دانوستانی پارتی و یەكێتی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویستی بوو لە (30/11/2024 یەكەم كۆبوونەوەكراو دوا كۆبوونەوەش 18/3/2025) بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیش زیاتر لە دوو مانگ پێوست بێت لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەدوای مانگی شەش و حەوتەوە بێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا بەشێوەی فەرمی لەسەرمێزی گفتوگۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی پاسی پۆستەكانیان نەكردووە، بەڵام گفتوگۆی یەكێتی و پارتی لەناو خۆیان و لەگەڵ یەكدی هەبووە لەسەر پۆستەكان. لای یەكێتی چەند بژاردەیەك لەبەردەستدایە بۆ شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەوانە: - دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی خاڵ واتا پۆستی سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و جێگری سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و وەزیرەكانیش هەریەكەو خاڵ بەخاڵ دیاری دەگرێت - دابەشكردنی پۆستەكان بە پێی ستونی دیاریكراوە واتا سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك لە ستونێك و جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك و پۆستەكانی دیكە لە ستونێكی تر . - پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی لیستی (A,B,C) لای پارتی دیموكراتی كوردستان: - پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی (A,B,C) واتا گروپێك لە وەزارەتەكان لە (A) دەبن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد،،، گروپێك لە وەزارەتەكان لە (B) دەبن بەو شێوەیە ئەوەی پارتی دەیەوێت لە دابەشكردنی پۆستەكان بەهەمان شێوازی كابینەی پێشوو واتا پۆستە باڵاكان بەم شێوەیە یەكلابكرێنەوە: - پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی - پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی - جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی - جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی - سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی - جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەی مەسیحی - توركمان لە حكومەت وەزارەتی پێدەدرێت سەرچاوەیەك لە یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند تا ئێستاش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بەدەستبهێنێت و تەركیزی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیە، چونكە یەكێتی پێی وایە سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی نیەو لەپەرلەمان سەرۆكایەتیە واتا بەهەرسێكیان بڕیارەكان دەردەكەن بەڵام بەپێچەوانەوە لە حكومەت سەرۆكی حكومەت خۆی بڕیار دەردەكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكاندا پارتی هێڵی سوری تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەلایەوە ئاساییە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان یان دارایی بداتە یەكێتی، یەكێتی و پارتی وا رێككەوتوون كە پۆستەكان لەنێوان خۆیان دابەشبكەن و هەریەكەیان لە پشكی خۆی ئەگەر ویستی پۆست بدات بەلایەن و پێكهاتەیەكی دیكە. رەنگە ووردەكاری دابەشكردنی پۆستەكان و یەكلاكردنەوەیان كاتێكی زۆری بوێت، بۆیە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان و رێككەوتن كاتێكی زۆری دەوێت، هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەسەرەتای مانگی داهاتوو پەرلەمان پێكبێت و سەرۆك و جێرو سكرتێر هەڵبژێردرێت و پەرلەمان كۆببێتەوە، دواتر سەرۆكی هەرێم و حكومەت پێكبهێندرێت. خۆ ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئایار (5)ەوە هەڵبژیێردرێت ئەوا پێكهێنانی حكومەت دەكەوێتە مانگی تەموز چونكە هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیكەی مانگێكی پێویستەو پێكهێنانی كابینەو سوێندخواردنی مانگێكی پێویستە. بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019یاسا كاراكردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواری شێوازی سەرۆكی هەرێم، بەپێی مادەی (4) لە خاڵی یەكەمی بڕگەی یەكەمی دا هاتووە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (30)رۆژدا رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەستپێدەكات. واتا هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی (30) رۆژ دەخایەنێت، بەپێی بڕگەی (3) و (4) لەمادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوی 1992 دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و متمانەپێدانی سەرۆكی ئەنجومەن و كابینەكەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە وبەڵام بەپێی برگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، (پاش ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات. واتا ناونان و راسپاردن و سوێندخوادرنی كابینەی نوێ ئەویش (30) رۆژی پێدەچێت بۆیە، واتا دوای رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و رێكارەكانی كابینەی نوێ و سوێندخواردنی بەهەردووكیان (60) رۆژی پێویستە، لەبەر ئەوە ئەگەر سەرەتای مانگی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێندرێت ئەوا لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز كابینەی نوێ پێكدەهێندرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. راپۆرتی پەیوەندیدار بەمزووانە كابینەی نوێی حكومەت پێكناهێندرێت زۆرینەی ڕەها بۆ هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داواكارییەكی دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی رەتكردەوە تایبەت بە بەستنی كۆنفرانسی برزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە كۆمسیۆن دانی نەناوە بە كۆنفرانسەكەی گردی زەرگەتەدا. لە نوسراوەكەی كۆمسیۆندا كە ئاماژەی بە نوسراوێكی دانا ئەحمەد مەجید كردووە ژمارە (13) لە رۆژی 24/3/2025 یه‌كه‌م: پاڵپشت به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ژماره (1)ـی كۆنووسی نائاسایی ژماره (48) له 11/9/2024، كه تێیدا ده‌سه‌ڵاتی رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندنی دیاریكردووه بۆ ماوه‌ی (6) مانگ كه له 11/3/2025 كۆتایی دێت. *داواكه‌ی دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بریكاری رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه (عومه‌ر عه‌لی حسێن) له 24/3/2025 له كاتێكدایه كه رێكخه‌ری گشتی حزب ماوه‌ی به‌سه‌رچووه. دووه‌م: نووسراوه‌كه‌تان له‌ژێر ناونیشانی به‌ستنی كۆنگره‌دایه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ به‌ستنی كۆنگره و دیاریكردنی شوێن و كات، به‌و پێیه‌ی كه له بڕیاری ئه‌نجومه‌ندا هاتووه. سێیه‌م: ئه‌و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بریكاری رێكخه‌ری گشتی ماوه‌به‌سه‌رچوو پێشكه‌ش كراون، پێویسته به داواكاری كه‌سی (كشانه‌وه) پێشكه‌ش بكرێن و كارتی نیشتمانی هاوپێچ بكرێت تا وردبینی بۆ بكرێت و له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كه‌وه پشتی پێببه‌سترێت. كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه كه "بۆیه له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ره‌زامه‌ندی نادرێت له‌سه‌ر داواكه‌تان بۆ به‌ستنی كۆنگره، چونكه داواكه‌تان پێچه‌وانه‌ی یاسای پارته سیاسییه‌كان و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی ئاماژه پێدراوه".
خالید سلێمان، توێژەری بواری ژینگەیی پرۆسەی ئەنفال كە جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان بوو لە ساڵی 1988، لە دەمێكدابوو كە زەوی گەرم بوو، هەموو ئاماژەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا درووست بووبوو، لەلایەكی ترەوە هەرچی شەڕو هەرچی ماڵوێرانی هەیە، لەسەردەمی كۆڵۆنیالیزمەوە تا ئەمڕۆ بەشدارییەكی راستەوخۆیان هەبووە لە تێكدانی سیستەمی سروشتی و سیستەمی ژینگەیی لە زۆرناوچەی جیهاندا. كوردستانیش لە ساڵی 1988 لەكاتی پرۆسەی ئەنفالدا توشی ئەمەبوو، چونكە هەموو هێرشەكانی سوپای بەعس بوونە هۆی وێرانكردنی سیستەمی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لە دارستانەكانەوە بیگرین، ئەگەر لەسەرچاوەكانی ئاوەوە بیگرین، تەنانەت ئەگەر لە خاكی كوردستانیشەوە بیگرین و هەروەها ئاو‌و هەوای كوردستانیش، ئەم خەسڵەتانە كە سیستەمی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن، كەوتنە بەر هێرشێكی بێوێنە، لەبەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و هەمووجۆرە چەكێكی نوێ كە ئەو كاتە رژێمی بەعس لەبەردەستیدابوو. لە كۆتاییدا ئەو سیستەمە ژینگەییەی كە هەبوو لە كوردستاندا گەیشتە ئاستێك كە ئیتر توانای ژیانی تیا نەمێنێت، لە زۆر شوێندا كە چەكی كیمیاوی و بۆمپی پێشكەوتوو بەكاردەهێندرا ئەمە تەنیا نابووە هۆی لەناوبردنی دارستان و خاكەكەی بەڵكو دەبووە هۆی لەناوبردنی كۆی سیستەمی ژینگەیی كە لەناویدا باڵندەو مێروویی ناوی هەیە ئەمە سەرەرای لەناوبردنی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی گیانەوەرە ئاوییەكانی ناو سەرچاوە ئاوییەكان كە لە كوردستاندا هەبوون. خاڵێكی تر كە كەمتر تەركیزی لەسەرە ئەوەیش ئەوەیە گوندنشینەكانی كوردستان كولتورێكی خۆڕسكیان هەبوو، لە پەیوەندیدا لەگەڵ سیستەمی ژینگەیی بە نمونە پەیوەندی لەگەڵ ئاودا لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەكانی وەك دارستان و خاكدا ئەم كلتورە لەناوبرا چونكە لادێكانی كوردستان ئەنفالكران و راگوێزران بۆناو كۆمەڵگا زۆرەملێكان، ئەمانە نەوەیەك هەبوون لە ژیاندا نەمان نەوەیەكی تر هەیە لەوانەیە مابێتن بەڵام ئەم نەوەیە لەماوەی ئەم دووسێ دەیەیەدا بنەما كولتورییەكانی خۆی لەدەستداوە، كە پەیوەندی چۆن بوو لەگەڵ سروشتدا لەگەڵ سیستەمی ژینگەییدا پەیوەندی چۆن بوو لەگةڵ خاك و ئاو‌و هەوادا، دواتر لە ئۆدوگا زۆرەملێكاندا نەوەیەكی تر لەدایك بوو ئەم نەوەیە بەهیچ شێوەیەك بە سیستەمی خۆڕسكی خۆی ئاشنا نەبووە. بەگشتی كۆمەڵگای گوندنشینانی كوردستان كۆمەڵگای ژینگە پارێزبوون، كە خاوەنی كلتورێكی خۆڕسكی بوون تەنانەت ئێستا جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان گوندنشینەكانی پێش ئەنفال و دوای ئەنفال، گوندەكانی پێش ئەنفال لەو كەرەستانە پێك هاتبوون كە بەشێك بوون لە سروشتی كوردستان خۆی، بۆ نمونە پێش ئەنفال خانووی قڕ هەبوو كە هیچ زیانێكی نەبوو بۆ ژینگە، چونكە وزەیەكی كەمی تیا بەكاردەهێندرا، گازی گەرمكەرەوە ی نەبوو بۆ كەشوهەوا بەڵام گوندەكانی ئەمڕۆ هەموویان بوونەتە كۆنكرێت، ئەمانە لەبری هەڵمژینی گازە گەرمخانەیەییەكان گازە، بەپێچەوانەوە گازی گەمرخانەیی دەمژن.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دەنگەدەنگ و هات و هاوارێکی زۆر، لە ڕاستیدا جەنگێکی رەمزیی سەرسەخت، لەسەر کەسایەتی و پێگەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە مێژوودا دروستبوو. لەم جەنگە رەمزییەدا دوو بەرەی ناکۆک بەریەک دەکەوتن و بەڕووی یەکتریدا دەتەقینەوە. یەکێكیان «بەرەی ئیسلامیزم»ە بە هەموو باڵە جیاوازەکانییەوە، ئەویتریان «بەرەی ناسیۆنالیزم»ە بە هەموو ئەوانەوە کە خۆیان وەک بەرگریکەر لە «نەتەوە» و «خەباتی نەتەوایەتی» نمایشدەکەن. هەردوو بەرەکە خۆیان بە نوێنەری دوو مێژووی جیاواز دەزانن، هەریەکێکیشیان وێنەیەکی تەواو جیاواز بۆ ئەو مێژووە دەکێشێت. وەک هەمیشەش زمانی جەنگە رەمزییەکەیان تەواو زمانێکی بریندارکەر و هێرشبەر و یەکتر نەفیکەرێکی هەمەلایەن بوو. با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە هەم «ئیسلامیزم» و هەم «ناسیۆنالیزم »دوو ئایدیۆلۆژیای سیاسی تازەن و بەرهەمی گۆڕانکارییە گەورەکانی سەدەی بیستەمن، بە تایبەتی بەرهەمی قۆناخی دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و هاتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوە بۆ ناوچەکەن. بەر لە سەدەی بیستەم هیچ یەکێکیان بوونی لەناو مێژووی ئێمە و مێژووی ناوچەکەدا، نەبووە. بەڵام نە ناسیۆنالیزم و نە ئیسلامیزم دان بەم تازەبوونەی خۆیاندا ناهێنن و هەردووکیان مێژو و کەلەپورێکی دێرین و «رەگوریشە»ی تایبەت بۆ خۆیان دروستدەکەن. مێژووی خۆیان بۆ سەدان ئەگەر نەڵێم هەزران ساڵ لەمەوبەر، دەبەنەوە. ئێرنست گیڵنەر، یەکێک لە گەورە تیوریستەکانی بواری ناسیۆنالیزم، لە وتارێکی بەناوبانگدا بەناوی «ئایا نەتەوە ناو‌کی هەیە»، باس لە تازەبوونی نەتەوە و ناسیۆنالیزم دەکات. گیڵنەر لەو وتارەدا دەپرسێت ئایا نەتەوە «ناوک» یان «سێنتەر» یان «باوک»ێکی دێرینی هەیە و ئایا نەتەوە لەو «ناوک»ە دێرینەوە دروستبووە؟ وەڵامی گیڵنەر ئەوەیە کە نەتەوە تەنانەت لەناو مێژووی ئەوروپا خۆیشیدا دروستکراوێکی تازەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم. گیڵنەر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نەتەوە و ناسیۆنالیزم «ناوک»یان نییە، هەردووکیان دروستکراوێکی تەواو تازەی ناو دونیای مۆدێرنن و پەیوەندییان بە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرنەوە نییە. «ئیسلامیزم»یش بەهەمان شێوە ئایدیۆلۆژیایەکی تازەیە، لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستەمدا دروستدەببێت. دروستکردنی یەکەمین ئۆرگانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٨ کاتێک حەسەن بەنا رێکخراوی «ئیخوانی موسلیمین» دروستدەکات. لە راستیدا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بەگشتیی و لە دونیای ئێمەدا بەتایبەتی، ناسیۆنالیزم شتێک لە ئیسلامیزم کۆنترە. ناسیۆنالیزم لە فۆرمە کولتورییە ناسیاسییەکەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بوونی هەیە، هەرچی ئیسلامیزمە بەرهەمی راستەوخۆی دوای کەوتن و کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. بەڵام هیج ئایدیۆلۆژیایەک نییە «ناوک» بۆ خۆی دروستنەکات و «رەگوریشە» و «ریشاڵ»ی دێرین بۆ خۆی دانەهێنێت. ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لەسەر مەسەلەی سەلاحەدینی ئەیوبی هاتەکایەوە، بەریەکەوتنی دوو «ناوک»ی ئایدیۆلۆژیی جیاواز و هەڵشاخانیانە بەرووی یەکتریدا. یەکەمیان، ناوکێکە ناسیۆنالیستە 'عەلمانی' یەکان بەرگری لێدەکەن. ئەم ناوکە مێژووی خۆی بۆ سەر نەورۆز و کەسایەتی کاوەی ئاسنگەر دەباتەوە. ئەم «ناوکسازییە» لە پیرەمێردی شاعیرەوە دەستپێدەکات و تا ئەمرۆش زۆر بە خەستی لەناو دەرکەوتە فەرهەنگیی و دەستەجەمعییەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا ئامادەیە و کاردەکات. ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە لە پەیوەندیدا بە کەسایەتی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە دیدگایەکی نێگەتیڤی هەیە و سەلاحەدین وەک بەشێک لە «ناوکە» مێژووییەکەی خۆی نابینێت. لەم گوتارەدا سەلاحەدین هیچ شتێکی قابیلی باسکردن و بەرگریلەکردنی بۆ «کورد» وەک هەڵگری جۆرێک لە شوناسی«ئەتنی» و وەک خوازیاری شوناسێکی «نەتەوەیی تایبەت» نەکردوە. بە حوکمی ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە رۆژی دروستبوونییەوە داوای مافی ئەتنی و نەتەوەیی دەکات، نەک مافی دینیی، بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دیدگایەکی نادینیی یان عەلمانییە. ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی کوردی لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا وەک کێشە لەسەر دین نەبینیوە، بەڵکو لەسەر مافی ئەتنیی و نەتەوەییەکان بووە، بۆ نموونە، لەسەر مافی بەکارهێنانی زمان، مافی هەبوونی جۆرێک لە سەربەخۆیی سیاسیی، مافی گەشەدان بەوەی ناو «کولتور» و فەرهەنگی کوردیی لێدەنێت، داواکردنی پێشخستنی «ناوچە کوردییەکان» و مامەڵەکردنیان وەک ناوچەکانی تری ئەو وڵاتانە، هتد.. بە کورتیی مافی نەچەوساندنەوە بێمافنەکردن لەسەر بنەمای شوناسی ئەتنی و نەتەوەیی. مافی هەبوون و ڕێزگرتن و پێشخستنی کورد وەک نەتەوە و کوردبوون وەک شوناسی سەرەکیی ئەو نەتەوەیە. هەرچی «ئیسلامیزم»ە مێژوویەکی زۆر کورتتری لە «ناسیۆنالیزم» لە مێژووی سیاسیی و لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە. ئەگەر ئیخوانی موسلیمین لە میسر لە ساڵی ١٩٢٨دا دروستبووبێت، ئەوا بوونی راستەقینەی باڵە جیاوازەکانی ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک هێزی سیاسیی رێکخراو، بۆ کۆتایی هەشتەکان و بۆ دونیای دوای راپەرین دەگەڕێتەوە. پرۆژەی ئیسلامیزم پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی دینییە، خاڵی هەرەسەرەکیی و بنەڕەتیی ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێداگرتنە لەسەر شوناسی دینیی کەسەکان و بینینی خەڵک وەک «موسڵمان». لێرەشەوە دروستکردنی دەسەڵاتێکی دینیی کە لەگەڵ ئەو موسڵمانبوونەدا بگونجێت. لە پرۆژەی ئیسلامیزمدا چۆنیەتی بەستنەوە و گرێدانی «موسڵمانبوون» بە «کوردبوون»ەوە، بەگشتیی و بە «مەسەلەی کورد»ەوە بە تایبەتی، جۆرێک لە پشێویی و فەوزا و تەمومژ لە بیرکردنەوەیاندا هەیە. لانیکەم لای بەشێکی زۆریان. ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا لەباتی بەرگریکردن لە شوناسی «کوردبوون»، بەرگریی لە شوناسی «موسڵمانبوون» دەکات، یان لە باشترین حاڵەتدا کوردبوون بۆ موسڵمانبوون کورتدەکاتەوە. ئەگەر «مەسەلەی کورد»، وەک باسمانکرد، پەیوەندیی بە مافی دینییەوە نەبێت و لە جەوهەریدا پەیوەندی بە مافی سیاسیی و نەتەوەیی و ئەتنییەوە هەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئیسلامييەكان چۆن پرۆژە سياسيیەکەیان بەم مەسەلە سەرەکییەوە گرێئەدەن.. ئەم خاڵە وادەکات سەلاحەدینی ئەیوبی، نەک تەنها رۆڵی «ناوک»ێک بۆ هێزە ئیسلامییەکان ببینێت و لە ڕێگای ئەو «ناوک»ەوە رەگوڕیشە و قوولاییەکی مێژووی بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵکو پێداگرتن لەسەر «کوردبوون»ی سەلاحەدین خۆیشی، شتێک لەو قەیرانە فیکرییەیان بۆ چارەسەردەکات کە لە بەستنەوەی «کوردبوون» بە «موسڵمانبوون»ەوە تێیکەوتون. قەیرانێک لە ساڵانی رابردوودا وای لە هەندێک لە بکەرە ئیسلامییە تازەکان کردوە، سڵ لە هێرشکردنە سەر «نەورۆز» نەکەنەوە و بە جەژنی کافران ناویببەن، هەروەها لە بۆنە و نابۆنەدا هەندێکیان پێ لەسەر ئەوە دابگرن کە بۆ ئەوان مەکە و مەدینە لە کوردستان گرنگتر و بایەخدارترە. بە کورتییەکەی، هەردوو بەرە ئایدیۆلۆژیەکە لە کردەی دروستکردنی «ناوک»ێکدا بۆ خۆیان ئەمیان سەلاحەدین وەک کەسێکی «ناپاک» بەرامبەر بە کوردبوون دەبینێت و مامەلەدەکات. ئەویتریان وەک «ناو‌کی» ئایدیۆلژیا دینییەکەی خۆی دەبینێت و بەناوی ئەو «ناوەک»ەشەوە بەرگری نەک تەنها لە سەلاحەدین دەکات، بەڵکو وەکو قارەمانێکی کورد نمایشی دەکات. ئەوەی شوێنی سەرنجە چۆنەیتی قسەکردن و بەرخوردی ئەم دوو بەریەیە لەگەڵ یەکدا. گوتار و زمان و شێوازی خۆدەربڕین و قسەکردنەکانیان. بەر لە هەمووشتێک. بە دەگمەن نەبێت، کەسانێک لەم دوو بەرەیەدا نادۆزیتەوە هەڵگری دیدگایەکی مێژوویی بن. واتە دیاردەکان بخەنە ناو رەوتە مێژووییە تایبەتەکانی خۆیانەوە و لەوێدا بەدوای ماناکانیاندا بگەڕێن، نەک مانایەک چەندە سەدە دواتر بەسەریاندا بسەپێنرێت. خاڵی دووهەم ئەوەیە، لەپشتی بیرکردنەوە نامێژوویی و نامەنهەجییەوە پرۆسەی «خۆ بە ئایدیاکردن»، خۆ بە پاکژ و باش و بەسود و چاکەکار، نمایشدەکەن. کاتێک ئیسلامییەکان بەرگری لە سەلاحەدین دەکەن و وەک موسڵمانێکی دەگمەن وێنایدەکەن، هاوکات دەخوازن بڵێن ئێمەش، وەک سەلاحەدین و بەهەمان شێوە موسڵمانی راستەقینە و چاکەکار و دەگمەنین. ئەوانەشی کە پێیان وایە سەلاحەدین «جاش» و «ناپاک» بووە، دەخوازن بڵێن ئێمە کەسانی پاک و خەباتگێرین و کار بۆ نەتەوەکەی خۆمان دەکەین، نامانەوێت وەک سەلاحەدین پیس و ناپاک بین و کار بۆ نەتەوەی تر بکەین. ئەوەی لەم جەنگە رەمزییەدا ڕووئەدات دۆخێکە نەک تەنها فیکر لەناویدا غائیبە، بەڵکو ئەوەی هەیە و کاردەکات کاردانەوەی نێگەتیڤ و توڕەبوون و یەکتری سڕینەوە و نەفیکردنێکی سەرتاسەریە بە بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی رەمزییەوە. هەر لەسەرەتاشەوە لۆژیکی ململانێکە لۆژیکی ئەوەیە کێ دەمی کێ دادەخات؟ کێ «سەرکەوتن» بەسەر ئەویتردا بەدەستدێنێت؟ کێ ئیهانەی زیاتری ئەویتر دەکات؟ کێ دەتوانێت ئەویتر زیاتر زەلیل بکات؟ لای هەردوو بەرەکە کۆمەڵێک گریمانە و داوەریکردنی دۆگمایی رەقهەڵاتو ئامادەیە و کاردەکات، کە هیچ شتێک نایانباتەوە ناو فیکر و بیرکردنەوەیەک لانی هەرەکەمی مێژوویبوون و مەنهەجیبوونی تێدابێت. ئەو جەنگە رەمزیی و هەوڵدانە گەورەیەی یەکتر زەلیلکردنەیش کە دروستبووە، جگە لە گەورەکردن و بەهێزکردنی «پرۆژەی خودنەفرەتیی» شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. ئەوەی لەناو ئەم ململانێیەدا ڕووئەدات رقبوونەوەیە لە خود لەڕێگای رقبوونەوەیەکی دینییەوە لەیەکتری. رقبوونەوەی دینیش یەکێکە لە شادەمارەکانی دیاردە و پرۆژەی خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا.
راپۆرتی شیكاری: هێمن خۆشناو له رۆژی پێنجشه‌ممه (10 نیسانی 2025) ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا له كۆشكی (باشته‌په) پێشوازی كرد له شاندی ئیمڕالی كه پێكهاتبوو له هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری پارتی یه‌كسانی و دیموكراسی گه‌لان (پارتی ده‌م) سری سوره‌یا ئۆنده‌ر و په‌روین بۆڵدان. له دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش (پارتی ده‌م) له به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌كه به ئه‌رێنی و زۆرباش وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت:" ئه‌مڕۆ له دوێنی ئومێده‌وارترین". له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌ریه‌ك له ئیبراهیم كاڵن راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) و ئه‌فغان ئاڵا (جێگری سه‌رۆكی ئاكه‌په) ئاماده‌بوون. ئه‌فغان ئاڵا له پڕۆسه‌ی پێشتری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له ساڵانی 2012 – 2015، فیگوڕێكی گرنگ بوو، تا شكستی پڕۆسه‌كه رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو. ئاماده‌بوونی ئیبراهیم كاڵنیش له ئێستادا به‌نده به گفتوگۆی ئیمرالیه‌وه كه پڕۆسه‌كه له‌لایه‌ن ده‌زگای میت به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سازدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌م ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه كه باس له كۆتایی هاتنی ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌كه‌ن. كۆبوونه‌وه‌ی پاشته‌په و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو! پێشوازیكردنی ئه‌ردۆغان له شاندی ئیمرالی له‌كاتێكدا دێت كه دۆخێكی سیاسی ناسه‌قامگیر و ئاڵۆز له‌ناو توركیا له ئارادایه. له دوای (19 ئاداری 2025) به‌هۆی ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ كه له هه‌مان كاتدا دیارترین ركابه‌ر و كاندیدی سه‌ركۆماری داهاتووی توركیایه، شه‌پۆڵێكی خۆپیشاندان، ناڕه‌زایی، ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسانی لێكه‌وتۆته‌وه كه زۆربه‌ی شاره گرنگه‌كانی توركیای گرتۆته‌وه. ئه‌ردۆغان، له ئۆپاراسیۆنی دژ به ئیمامئۆغڵو دوو ویستی هه‌بوو، یه‌كه‌مینیان ده‌یویست ناوبراو وه‌كو تاوانبارێك كه په‌یوه‌ندی به تیرۆره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها (به‌رتیل خۆر و گه‌نده‌ڵ) به كۆمه‌ڵگا و رای گشتی توركیا بناسێنێت، دووه‌میشیان، چاوه‌ڕێ بوو دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په) له هێز بكه‌وێت و دوای مایه‌وه‌ك ئۆزگور ئۆزه‌ل سه‌رۆكی ئه‌م پارته ئاڵای سپی له به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڵبكات. به‌ڵام خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كان كه بۆ پشتگیری ئیمامئۆغڵو به‌رده‌وام ساز ده‌كرێت، ئاماژه‌یه به شكستهێنانی ئه‌م ویسته‌ی ئه‌ردۆغان. ئیتر ئیمامئۆغڵو بووه سه‌مبۆلی دژ به زوڵم له چاوی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای توركیادا. له‌چاوی نه‌یار و ركابه‌رانی ئه‌ردۆغانیشدا، ئیمامئۆغڵو بووه ئه‌م كاندیده‌ی كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیادا شكست به ئه‌ردۆغان ده‌هێنێت. دیسان هه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌ردۆغان، دوای ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، خه‌ریكه جه‌هه‌په ده‌ستبه‌رداری كاره‌كته‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆرتۆنیست ده‌بێت، ئه‌م پارته ئۆپاراسیۆنی دژ به ئیمامئۆغڵوی له دژه ده‌رفه‌ت كرده ده‌رفه‌ت و خۆی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی كۆمه‌لایه‌تی ئاوێته‌ی یه‌كتر كرد، كه گه‌نجان و خوێندكارانی زانكۆ رێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامی ئۆپاراسیۆنی ئیمائۆغڵودا به‌رفراوانتر و كاراتر و قسه‌رۆیشتربووه له‌ناو شه‌قامی توركیدا. هه‌رچه‌نده ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو له كونجی زیندان دایه، به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می به‌ر له 19 ئادار پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری زیاتره بووه. كۆمه‌ڵگای توركیا، له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو نادادپه‌روه‌رانه‌یه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاندیدێكی به‌هێزی سه‌ركۆماریه راپێچی زیندان كراوه. ئه‌م هه‌سته كۆمه‌ڵگای توركیا جوڵاند، بازنه‌ی پشتگیركردنی له ئیمامئۆغڵو به‌رفراوانتر كرد. ئایا كوردانی باكوور ده‌بنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان؟ شكستنی ئۆپاراسیۆنی ئه‌ردۆغان دژ به جه‌هه‌په پێگه‌ی سه‌ركۆماری توركیا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه لاواز ده‌كات و ناچاری ده‌كات تا به‌دوای رێگایه‌كی دیكه‌دا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په و ئیمائۆغڵو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. ئایا رێگای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته به‌كوێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت؟ دۆخی ئابووری له‌خۆوه خراپ بوو، به‌ڵام دوای 19 ئادار خراپتر بووه. ئۆپاراسیۆنی 19 ئادار، له قه‌یه‌كی توندی له هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌دا كه (محه‌مه‌د شیمشه‌ك) وه‌زیری ئابووری و دارایی توركیا له دوای ساڵی 2023 گرتوویه‌تیه‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان. كاتێك ئه‌ردۆغان زانی له رێگای ئابووری ناتوانێ شتێك به شتێك بكات، ویستی شكسته‌كه‌ی له رێگای هه‌ڵمه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. دوای رووخانی رژێمی (به‌شار ئه‌سه‌د) سوریا بووه ناوه‌ندێكی هه‌ژموونی توركیا، به‌ڵام پڵانی ئیسرائیل و په‌لكێشی سه‌ربازی بۆ ناو سوریا، ئه‌نجامه‌كه‌ی گۆڕی. راسته هێشتا توركیا ئه‌كته‌رێكی گرنگ و به‌هێزه له‌ناو سوریا، به‌ڵام ناچاره به‌دوای رێگای رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن بگه‌ڕێت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. كه‌واته له سوریاشدا چیرۆكێكی پڕ له سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌ردۆغان نانووسرێته‌وه تا له‌ناوخۆی توركیادا باری لاسه‌نگی خۆی پێ راستبكاته‌وه. كاتێك ئه‌م دوو كارته له ده‌ست ئه‌ردۆغان نه‌مێنێ، ئه‌وه كارتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد دێته گۆڕێ. له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو (2024) كاتێك (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (مه‌هه‌په) له ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی توركیا، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی پارتی ده‌م كرد و بووه سه‌ره‌تایه‌كی ئاشكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، به‌شێك له چاو‌دێر و شرۆڤه‌كاران، پێیانوابوو ئه‌وه‌ی باخچه‌لی ده‌یكات هه‌وڵی ئه‌ردۆغانه بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌ركۆمار. له‌مباره‌یه‌وه ده‌گووترا:" ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت پشتگیری پارتی ده‌م و كورد به‌ده‌ست بێنێت و تا هه‌تایه ببێته‌وه به سه‌ركۆمار". به‌ڵام ئه‌م شرۆڤه‌یه له جێگای خۆیدا نه‌بوو، چونكه ئه‌ردۆغان وه‌ك ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی مكوڕ و به هه‌وه‌س نه‌بوو له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه، كه به شێوه‌یه‌كی مه‌جازی هه‌ندێك جار به (پڕۆسه‌ی باخچه‌لی) به‌ناو ده‌كرا. ئه‌ردۆغان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی گفتوگۆی ئیمرالی و ده‌وڵه‌ت، قسه‌ی نه‌كرد و بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، بێده‌نگی ئه‌ردۆغان ئاماژه‌یه كه پڕۆسه‌كه به ده‌ستپێشخه‌ری و ئاره‌زووی ئه‌ردۆغان ده‌ستپێنه‌كراوه. له پشت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیدا یه‌كێك له‌م دوو هۆكاره خۆی حه‌شار داوه: - له‌وانه‌یه ئه‌ردۆغان پێیوابێ ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ ناكرێت. - له‌وانه‌شه پێیوابێ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه جێبه‌جێش بكرێت، ناكه‌وێته خزمه‌ت به‌رنامه كه‌سی و تایبه‌تیه‌كانی! پاش تێپه‌ڕیوونی شه‌ش مانگ له‌سه‌ر ته‌وقه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ی باخچه‌لی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌ردۆغان پێشوازی له شاندی ئیمڕالی كرد، به گوێره‌ی ئه‌م پارته كۆبوونه‌وه‌كه زۆر ئه‌رێنی بووه. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوو خوێنده‌وه‌ی هێنایه گۆڕى كه هه‌ردووكیان یه‌ك جه‌وهه‌ریان هه‌یه: - به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئه‌ردۆغان، پێیوایه سه‌ركۆمار ده‌خوازێت به پشتگیری بزوتنه‌وه و ده‌نگده‌ری كورد باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه. - لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغانیش پێیانوایه ئه‌مجاره كورد ده‌بێته فریادره‌سی ئه‌وان. ئه‌ردۆغان پێویستی به فریادره‌سێك هه‌یه! دۆخی ناوخۆیی سیاسی و ئابووری توركیا، هه‌روه‌ها پێگه‌ی توركیا له‌ناو هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، هیچ گومانێك ناهێڵێته‌وه كه ئه‌ردۆغان پێویستی به فریادره‌سێكه! به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی دیار نابیندرێت كه كورد ده‌بنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان یان نا؟ چه‌ندین هۆكاری هه‌یه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه پشتڕاست ده‌كاته‌وه: - ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌ردۆغان تێیكه‌وتووه، دۆخێك نیه ته‌نیا به پشتگیری كورد راست ببێته‌وه. ئه‌مڕۆ بێزاری كۆمه‌ڵگای توركی له ئه‌ردۆغان له لوتكه دایه. - بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نیه تا بێ مه‌رج و بێ داواكاری پشتگیریه‌كی بێ به‌رامبه‌ری ئه‌ردۆغان بكات! كورد ئه‌زموونێكی زۆری په‌یدا كردووه، وانه‌كانی ئه‌زموونی رابردوو له‌ناو مێشكی كورد په‌نگی خواردۆته‌وه. له ئێستادا له سێ شاره‌وانی گه‌وره‌ی ناوچه كوردیه‌كان (وان، ماردین و دیاربه‌كر) دوو شاره‌وانی قه‌یوومی له‌سه‌ر سه‌پێندراوه. لۆژیكی نابێت كورد زوو به زوو ئه‌مه له‌بیر بكات و متمانه به ئه‌ردۆغان بێنێت. بێگومان كورد له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ناكشێته‌وه، كورد ده‌خوازێت ئه‌م پڕۆسه‌یه بگاته ئه‌نجام به تایبه‌تی كه (عه‌بدوللا ئۆجالان) موخاته‌به تیایدا به‌ڵام ئه‌مه بۆ خزمه‌تی ئه‌ردۆغان نیه، به‌ڵكو بۆ خاتری قه‌ندیل ده‌بێت. له ئه‌نجامگیری و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی ئیمرالی، بزوتنه‌وه‌ی كورد زۆر ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، توركیاش به هه‌مان شێوه چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، به‌ڵام دیاره نیه ده‌ستكه‌وتی ئه‌ردۆغان چی ده‌بێت! بۆ نموونه له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له ساڵی 2015، كاتێك پارتی دیموكراتی گه‌لان 13٪ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و به سه‌نگ گه‌یشته په‌رله‌مان، بۆ یه‌كه‌م جار ئاكه‌په ده‌رفه‌تی به ته‌نیا دروستكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی له‌ده‌ستدا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌كرێت بڵێین، كورد نابنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه فریادره‌سی خۆیان، ده‌خوازن كێشه سیاسی، ده‌ستووری، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان به‌ره‌و ئاقاری چاره‌سه‌ری ببه‌ن. لۆژیكی نیه، ئه‌گه‌ر بڵێین كورد له باكووری دركی به‌و دۆخه پڕه لاوازیه نه‌كردبێت كه ئه‌ردۆغان تێی كه‌وتووه، نه‌زانێ كه سه‌ركۆمار هێزی پێشتری نه‌ماوه، به‌بێ باخچه‌لی بۆی ناچێته‌سه‌ر، هه‌موو رێگایه‌ك تاقیده‌كاته‌وه تا دۆناڵد تره‌مپ رازی بكات یان لێی رازی بێت. له رابردوودا كه ئه‌ردۆغان تووشی قه‌یرانێك یان دۆخێكی نه‌خوازراو ده‌بوو، به لێدوانێك خه‌ڵك و هه‌وادارێكی زۆری له ده‌وری خۆی كۆده‌كرده‌وه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و لۆكسه‌ی جارانی نه‌ماوه. ئه‌م دۆخه هێزی سه‌وداكاری كوردی (ئیمرالی، قه‌ندیل و پارتی ده‌م) زیاتر كردووه. له رابردوو په‌یوه‌ندیه‌كی نایه‌كسان هه‌بوو، ئه‌ردۆغان زۆر به‌هێزتر بوو، كورد لاواز بوو. ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، تای ته‌رازوو گۆڕاوه. كورد ئه‌مه ده‌بینێت، بۆیه چاوه‌ڕوان ناكرێ، كورد له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی بچووك یان چه‌ند گفتێك سازشێكی گه‌وره بۆ ئه‌ردۆغان بكات. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبێت ئه‌ردۆغان تا زۆر ناچار نه‌بێت له باشته‌په له‌گه‌ڵ شاندی ئیمڕالی دانه‌نیشێت! كورد چه‌ند داواكاریه‌كی هه‌یه، بۆ نموونه قه‌ندیل بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌كه‌كه داوای ئاگربه‌ست و راگرتنی هێرشه ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان ده‌كات. ئایا ئه‌ردۆغان به پیر ئه‌م داواكاریه‌وه ده‌چێت؟ له‌لایه‌كی دیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان هێزی جارانی نه‌ماوه، بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد باخچه‌لی به خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مجاره ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش بژارده‌ی و بیرۆكه‌ی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌ی كورد دروست ده‌كات. ئه‌مڕۆ هاوشێوه‌ی ساڵانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری (2012 – 2015)، نه ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو، نه ئوزگور ئۆزه‌ل و نه جه‌هه‌په، رۆڵ و لێدوانێكیان نیه بزوتنه‌وه‌ی كورد نیگه‌ران بكات. چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو سه‌ردانی دیاربه‌كری كرد و له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد په‌یامی ئه‌رێنی به گوێی بزوتنه‌وه‌ی كورد چرپاند. ئوزگور ئۆزه‌ل به هه‌مان شێوه له كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌راجخانه و شیشلی له ئیستانبۆل پشتگیری خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد نیشاندا. واتا بادانه‌وه به‌ره‌و جه‌هه‌په له ئه‌گه‌ری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان، وه‌كو بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م كورد كراوه‌یه. بۆیه پێشبینی ناكرێت بزوتنه‌وه‌ی كورد بۆ خارتری ئه‌ردۆغان دژ به جه‌هه‌په و ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو بووه‌ستێته‌وه كه جه‌ماوه‌ر و پێگه‌یان له هه‌ڵكشاندایه و پشتگیری له ئه‌ردۆغانێك بكات كه رۆژانه لاوازتر ده‌بێت و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بچووكتر ده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، پێویست ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت، ناكرێت له توركیادا باس له به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری بكرێت و كه‌سێكی وه‌كو (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) له زیندان بێت. به كوردی و به پوختی، ئه‌گه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ش له باشته‌په بكرێت، كورد خۆی ناكوژێت و هه‌موو هێلكه‌كانی ناخاته ناو سه‌په‌ته ره‌ش و سه‌ر داپۆشراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو به پشووی درێژی و هه‌ندێك جاریش به‌بێ ده‌نگی هه‌نگاو ده‌نێت تا ئه‌ردۆغان خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه!