Draw Media

جگە لە بڕی بەكارهێنانی ناوخۆیی، لەسەر زۆربەی بڕگەكان لەگەڵ هەرێم گەیشتوینەتە رێككەوتن

جگە لە بڕی بەكارهێنانی ناوخۆیی، لەسەر زۆربەی بڕگەكان لەگەڵ هەرێم گەیشتوینەتە رێككەوتن

2025-07-12 12:21:43


(درەو):
وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای دەكات، جگە لە بڕی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان، لەسەر زۆربەی بڕگەكان تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان گەیشتونەتە رێككەوتن.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بودجە بڕی ئەو نەوتە خاوەی دیاریكردووە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات بەمەبەستی هەناردەكردن، لەبەر ئەوەی بودجە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە، بۆیە دەبێت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) بكرێت بۆ ئەوەی لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە هەناردە بكرێت. 
وەزیری نەوت دەڵێ:" لەم ماوەیەدا گفتوگۆو دانوستانی زۆر هەبووە لەبارەی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە بەراییە یاخود ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، لەبەر رۆشنایی ئەم دانوستانانەدا پەنا برا بۆ هەمواری یاسای بودجە بەئامانجی پەلەكردن لە پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنەو رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە لەچوارچێوەی هەموارەكەدا هاتووە، بەجۆرێك بڕی 16 دۆلار دیاریكرا بۆ هەر بەرمیلێك كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنرێت بەشێوەی سولفە، لەبەر رۆشنایی ئەمەشدا كۆمپانیایەكی راوێژكاریی لەچوارچێوەیەكی رووندا دەستنیشان دەكرێت بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لە هەر كێڵگەیەك بەجیا". 
باسلەوە دەكات، ئەم رێككەوتنەو هەموارەكە خرایەبەردەم حكومەتی هەرێم و؛ لە هەموو لایەنەكانەوە رەزامەندی راستەقینەی لەسەر هەبوو، لەبەر ئەوە خراپە بەردەم پەرلەمان و هەموو ئەندامانی پەرلەمان رەزامەندییان لەسەر هەموارەكە نیشانداو داوامان لە هەرێم كرد جێبەجێی بكات. 
وەزیری نەوت ئاشكرایكرد" هەندێک پرس هەن کە بوونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، یەکێک لەو پرسە سەرەکییانە، تائێستا، لە یاسای بودجەدایەو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدایە. رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی بڕی پاڵاوگە یان بەکارهێنانی ناوخۆییە، کە بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرا. ئێستا هەرێم داوا دەکات ئەم بڕە 65 هەزار بەرمیل بێت لە رۆژێکدا، بۆیە سەرپێچی یاسای بودجە هەیە".
"لەسەر نزیکەی هەموو بڕگەکان جگە لەم بڕگەیە (مەبەستی بڕی بەكارهێنانی ناوخۆیی نەوتە لە هەرێم) رێککەوتووین، هیوادارین لە قۆناغەکانی کۆتاییدا هەرێم ئەم بڕەش قبوڵ بکات کە لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم رێککەوتنی لەسەر کراوە بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە" وەزیر وای وتووە.
"لەلای خۆمانەوە وەک حکومەتی فیدراڵی لایەنی تورکی و کوردمان لە ئامادەیی خۆمان بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە ئاگادارکردۆتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا بووم لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا، تورکیا ئامادەیە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراقی- تورکیاوە بۆ جەیهان دەستپێبکاتەوە، بەڵام چاوەڕێی براکانمان لە هەرێم دەکەین ئەم بڕە نەوتە رادەست بكەن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەناردە بکرێت".
بەپێی قسەی وەزیری نەوتی عێراق، حکومەتی فیدراڵی لە ئێستادا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لەدەستدەدات، چونکە ئەو بڕە بەرهەمەی کە هەرێم بەرهەمی دەهێنێت وەک بەشێک لە پشکی ئۆپێک لە عێراق هەژمار دەکرێت، هەرچەندە حکومەتی فیدراڵی سود لەم بڕە نەوتە نابینێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand