جاسەنە تورکیای بێ تیرۆر دەگۆڕێ بۆ ئاشتی تورکیا؟

2025-07-12 19:32:03
راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
گفتوگۆی نێوان ئۆجالان و ده‌وڵه‌تی توركیا له 11 ته‌مموزی 2025، به مه‌ڕاسیمی چه‌ك سووتاندنی 30 گه‌ریلا له ئه‌شكه‌وتی مێژوویی جاسه‌نه پێ ده‌نێته سه‌رده‌مێكی مێژوویی. ئه‌م پێشكه‌وتنه له سایه‌ی گفتوگۆی فه‌رمی نێوان ئۆجالان وه‌كو نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ده‌ستهاتووه.
ئه‌و شه‌ڕه‌ی بێ ناوبڕ له دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) 40 ساڵه درێژه‌ی هه‌یه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیا وه‌كو (شه‌ڕی قه‌باره بچووك و مامناوه‌ند) پێناسه‌كراوه. به‌ڵام ئه‌م راستیه‌ی ئه‌مڕۆ پێی گه‌یشتووین بریتیه له‌و شه‌ڕه‌ی 40 ساڵه درێژه ده‌كێشێت و كۆتایی به په‌كه‌كه نه‌هێنا. پڕۆسه سیاسیه نوێیه‌كه‌ی نێوان ئۆجالان و ده‌وڵه‌ت پێكردووه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه‌یه.
مه‌ڕاسیمی رۆژی هه‌ینی كه له ئه‌شكه‌وتی (جاسه‌نه) ئه‌نجامدرا و به‌شێك له میدیای تورك دیمه‌نه‌كانی گواسته‌وه، ده‌یسه‌لمێنێ به راده‌ی په‌كه‌كه ده‌وڵه‌تی توركیاش هێڵه سووره‌كانی تێكشكاندووه كه پێشتر وه‌كو تابو وێنای ده‌كرد. واته ده‌وڵه‌ت راستی په‌كه‌كه قه‌بوڵ ده‌كات و هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌گۆڕێت. بێگومان رووداوه جیهانیه‌كان و فاكته‌ره ناوچه‌یه‌كان له‌م پێشكه‌وتنه‌دا رۆڵی زۆر كاریگه‌ریان هه‌یه.
تیرۆریست كێیه؟
ده‌سته‌واژه‌ی "تیرۆریست" له توركیا به گوێره‌ی دۆخی سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌م وڵاته پێناسه كراوه. له بنه‌مادا "تیرۆریست" كه له ده‌سته‌واژه‌ی "تاوانبار" وه‌رگیراوه، زاراوه‌سازیه‌كی سه‌ربازیه. چه‌ندین وڵات به گوێره‌ی دۆخی سیاسی ناوخۆییان، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ ئه‌و كه‌س و رێكخراوانه به‌كاردێنن كه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر توندوتیژی. به‌ڵام به‌هۆی ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ململانێیه‌ی ده‌یگرنه‌به‌ر و ئه‌و بنه‌ما كۆمه‌ڵناسیه‌ی هێزی لێ به‌ده‌ستده‌هێنن، دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌م كه‌س و رێكخراوانه وه‌كو نوێنه‌ری سیاسی كۆمه‌ڵگاكانیان حسابیان بۆ ده‌كرێت. واته له كاتی خۆیدا ئه‌م رێكخراوه‌ی كه تا دوێنێ "تیرۆریست" بوو له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ داده‌نیشێت، وه‌كو هێزىكی سیاسی رۆڵ ده‌گێڕێت له به‌ده‌یهێنانی چاره‌سه‌ریدا.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك:
كۆنگره‌ی نیشتمانی ئه‌فریقیای باشوور، ماوه‌یه‌كی درێژ وه‌كو "تیرۆریست" به‌جیهان ناسێندرا، (نیلسۆن ماندێلا) سه‌رۆكی ئه‌م كۆنگره‌یه 27 ساڵ له زینداندا مایه‌وه. دواتر بووه سه‌ركۆماری ئه‌فریقیای باشوور.
بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی فه‌ڵه‌ستین (ئه‌لفه‌تح) به ساڵان له لایه‌ن ئیسرائیل، ئینگلته‌ڕا و ئه‌مریكا وه‌كو "تیرۆریست" مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرا، له‌ژێر ناوی "تیرۆریسته" به ساڵان هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی (یاسر عه‌ره‌فات) سه‌رۆكی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه دراوه. دواتریش وه‌كو سه‌رۆكی فه‌ڵه‌ستین رێككه‌وتنامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل مۆر كرد.
ئینگلته‌را، به ساڵان سوپای كۆماری ئیرله‌ندای (IRA) به‌تیرۆریست له‌قـﻪڵه‌مدا، دواتر رىككه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ مۆر كرد. كاتێك (IRA) كۆتایی به ململانێی چه‌كداری هێنا، به‌ناوی ئه‌م رێكخراوه (جێری ئاده‌م) ده‌ستی به دانوستان كرد. دواتر (IRA) به‌شداری له هه‌ڵبژاردن كرد و له په‌رله‌ماندا پێگه‌ی هێزێكی گرنگی به‌ده‌ستهێنا.
ده‌وڵه‌تی ئیسپانیا، له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی باسك و ئازادی ناسراو به (ETA) رێككه‌وتنامه‌ی ئاشتی واژوكرد، به گوێره‌ی رێككه‌وتنامه‌كه (ETA) كۆتایی به ململانێی چه‌كداری هێنا، له هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی باسك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.
جه‌نگی نێوان كۆڵۆمبیا و هێزی چه‌كداری شۆڕشگێڕی كۆڵۆمبی (FARC) نزیكه‌ی 75 هه‌زار قوربانی لێكه‌وته‌وه. به‌ڵام له رابردووی نزیكدا هه‌ردوولا رێككه‌وتننامه‌ی ئاشتیان مۆركرد. (FARC) ده‌ستبه‌رداری ململانێی چه‌كداری بوو، به‌شداری له هه‌ڵبژاردن كرد و له په‌رله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تی په‌یدا كرد. سه‌ركۆماری ئه‌مڕۆی كۆڵۆمبیا له ساڵانی 1970 گه‌ریلایه‌كی ئه‌م هێزه‌ی سه‌ره‌وه بووه.
ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه كه چاره‌سه‌ری راسته‌وخۆ له نێوان موخاته‌به‌كان به‌رقه‌رار ده‌بێت. تا ئه‌م راستیه قه‌بوڵ نه‌كرێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان مه‌حاڵ ده‌بێت.
ئایا به‌بێ په‌كه‌كه و ئۆجالان كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟
سیاسه‌تی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی توركیا، (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تیرۆر) یان ئه‌نجامدانی گفتوگۆی سیاسی له‌گه‌ل په‌كه‌كه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد وه‌كو شكست له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له‌به‌ر ئه‌مه 40 ساڵ له جیاتی چاره‌سه‌ركردنی (شه‌ڕی قه‌باره بچووك و مامناوه‌ند)، بنه‌مای (تا كۆتایی شه‌ڕ دژ به په‌كه‌كه) وه‌كو پره‌نسیپێكی وشك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه.
باشه له ماوه‌ی 40 ساڵدا چی روویدا؟
(ستراتیژی ئاسایشی سه‌ربازی) به‌شێوه‌یه‌كی دیار شكستی هێناوه. ده‌ركه‌وت له‌سه‌ر هه‌ر مێزێكی گفتوگۆ ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی سیاسی كێشه‌ی كورد ئاماده نه‌بن چاره‌سه‌ری مه‌حاڵ ده‌بێت. تێزی (چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵ تیرۆر له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگۆ دانیشین) كۆتایی پێهات. ئه‌وانه‌ی تا دوێنی تیرۆریست بوون، خه‌ریكه ئه‌مڕۆ وه‌كو سه‌ركرده‌ی سیاسی ده‌ناسێندرێن.
ئۆجالان كه تا دوێنى (تیرۆر باشی) بوو، ئه‌مڕۆ به (سه‌رۆكی دامه‌زرێنه‌ر) له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له‌م روانگه‌یه‌وه بۆ به‌رقه‌راركردنی چاره‌سه‌ری ده‌بێت میدیای ده‌وڵه‌ت زمانی خۆی بگۆڕێت.
ئه‌م توێژه‌ی له توركیا خۆی به رۆشه‌نبیر، ئه‌كادیمی، نووسه‌ر، توێژه‌ر، رۆژنامه‌نووس، سیاسه‌تمه‌دار پێناسه ده‌كات و هێزێكی گرنگه بۆ رێنوێییكردنی كۆمه‌ڵگا، به‌رده‌وام وه‌كو به‌شێك له شه‌ڕی ده‌روونی ئۆجالان و په‌كه‌كه تاوانبار و ناشیرین ده‌كه‌ن. بۆ له‌خشته‌بردنی كۆمه‌ڵگای توركیا به به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی وه‌كو (منداڵ كوژ و تیرۆریست) رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن.
ئه‌م گرووپه به چه‌پ و راستیانه‌وه كه رووبه‌رێكی به‌رفراوانیان داگیر كردووه، له‌ناو ستراتیژی ده‌وڵه‌ت دژ به په‌كه‌كه ده‌خولێنه‌وه. ئیتر له دوای مه‌ڕاسیمه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی له جاسه‌نه، ده‌بێت واز له‌م خوه بێنن. بۆ وازهێنان له‌م خوه ده‌بێت جیهانبینی خۆیان بگۆڕن. هه‌رچه‌نده ئه‌مانه به ئیراده‌ی خۆیان هـﻪڵسوكه‌وت ناكه‌ن و به رێنوێی دامه‌زراوه‌كانی شه‌ڕی ده‌روونی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و ئه‌م ده‌سته‌واژانه هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام لێكه‌وته‌ی گۆڕانكاریه‌كان ناچاریان ده‌كه‌ن زمانی خۆیان بگۆڕن. چۆن ئه‌مڕۆ كه‌سێكی وه‌كو ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی كه له هه‌مووان زیاتر مكوڕ بوو بۆ له سێداره‌دانی ئۆجالان ده‌سته‌واژه‌ی (سه‌رۆكی دامه‌زرێنه‌ر) به‌كاردێنێت، به هه‌مان شێوه ئه‌و دامه‌زراوه میدیایانه و نوێنه‌ره‌كانیان له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌سته‌واژه‌ی (به‌ڕێز ئۆجالان) به‌كاردێنن. هه‌روه‌ها ده‌بێت راستی په‌كه‌كه‌ش كه بۆته هێزێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌بوڵ بكرێت.
رووداوه‌كانی رۆژانی رابردوو ئه‌م راستیه‌ی خسته‌ڕوو: ده‌سته‌واژه‌ی "تیرۆریست" له‌ناوی په‌كه‌كه جیاده‌كرێته‌وه. ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، دینامیكی سۆسیۆلۆژی په‌كه‌كه و هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه قه‌بوڵ ده‌كه‌ن. به واتایه‌كی دیكه دوای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ده‌ستبه‌رداری چه‌ك ده‌بێت و شێوازێكی نوێی ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست پێده‌كات، راستی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشتری په‌كه‌كه ناگۆڕێت. واته ئه‌و دینامیكه سیاسی، كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی په‌كه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه، بێ دابڕان به‌رده‌وام ده‌بن.
واقیع هه‌موو كاتێك كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت تووشی زه‌حمه‌تی ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا زه‌مینه‌ی ده‌ستكه‌وتیشیان بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كات. له كه‌سیه‌تی ئۆجالان گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، ده‌بێته هۆی راستكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌ی په‌یوه‌ندیه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له دواڕۆژدا. ئۆجالان و په‌كه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ "تیرۆریست" نین، به‌ڵام تا دوێنێ "تیرۆریست" بوون.
سه‌رۆك و رێكخراوه "تیرۆریسته‌كان" ده‌بنه ناونیشانی چاره‌سه‌ری!
رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی ئه‌فریقیای باشوور، له‌گه‌ڵ ماندێلا و كۆنگره‌ی نیشتیمان رێككه‌وتنیان كرد. ئیسرائیل كه (ئه‌لفه‌تحی) به تیرۆریست ده‌زانی رێكه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كه‌ی واژو كرد. دیسان ئیسرائیل زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس و حزبولڵای كوشت به‌ڵام خه‌ریكه ئاگربه‌ستیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات. بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان كه ده‌یانگووت تیرۆریسته ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان به‌ڕێوه ده‌بات. هه‌ر چیه‌ك بكرێت ناتوانن كۆتایی به‌م راستیه بهێنن، هه‌رچه‌نده نكۆڵی له ناوه‌ڕۆك و رۆحی ئه‌و گفتوگۆیه بكرێت كه له‌گه‌ڵ ئۆجالان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ده‌وڵه‌تی توركیا ناتوانێ تا سه‌ر خۆی له‌م گفتوگۆ و دانوستانه سیاسیه نادیده بكات كه له‌گه‌ڵ ئۆجالان ده‌كرێت. چاره‌سه‌ری، راستی ده‌وڵه‌ت، په‌كه‌كه و ئۆجالان ده‌بینێت و ناچاریان ده‌كات به گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی راشكاوانه.
ده‌وڵه‌ت تێگه‌یه‌شتووه كه ئۆجالان خاوه‌ن هێزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه، په‌كه‌كه دونیابینی و رێنوێیه‌كانی ئۆجالانی قه‌بوڵ كرد، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه هه‌نگاوی پێویست و گونجاو ده‌نێت. مه‌ڕاسیمی 11 ته‌مموزی 2025 له جاسه‌نه لوتكه‌ی ئه‌م راستیه‌یه. یه‌كه‌مین بانگه‌وازی ئۆجالان له 27 شوباتی 2025، هه‌روه‌ها ڤیدیۆكه‌ی ئۆجالان له 19 حوزه‌یرانی 2025، له‌گه‌ڵ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ی 11 ته‌مموز كه به سه‌رۆكایه‌تی (به‌سه هۆزات) 30 گه‌ریلا چه‌كه‌كانیان سووتاند كێشه‌ی كورد له قۆناخێك برده قۆناخێكی دیكه. ئیتر كێشه‌ی كورد له توركیا، هیچیتر كێشه‌یه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی نیه، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه. چاره‌سه‌ریش له‌م چوارچێوه‌یه ده‌بێت. ئیتر ته‌كتیكی كات كوشتن هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی نابێت.
ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات له كه‌سیه‌تی ئۆجالاندا له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه و كۆمه‌ڵگای كورد له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دانیشتن، ئه‌مه مێزێكی سیاسیه و نكۆڵی لێ ناكرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌بێت زمانی میدیا بگۆڕدرێت، باشترین هه‌نگاویش له ئێستادا گۆڕینی دروشمی (توركیایه‌كی بێ تیرۆره) بۆ دروشمی (ئاشتی توركیا).
