درەو: بەشێك لە چاوپێكەوتنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەگەڵ كەناڵی (العربیة): 🔹هێزەكانمان چەكەكانی رادەستناكات و خۆشی هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵام دەیەوێت تێكەڵ بە سوپای سوریای ئایندە بێت. 🔹هەر رێگایەك جگە لە دانوستان لە پرسی تێكەڵكردنی هێزەكان لە وەزارەتی بەرگری بگیرێتەبەر، دەبێتە هۆی خولقاندنی كێشەی گەورە. 🔹بانگهێشتی كۆبونەوەی تێكەڵكردنی گروپە چەكدارەكان نەكراوین لە وەزارەتی بەرگری. 🔹ئەنجامی كۆبونەوەكەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ گروپە چەكدارەكان پەیوەندی بە هێزەكانی سوریا دیموكراتەوە نیە، چونكە ئەوان بەشێك نەبوون لێی. 🔹پێشنیازی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشمان كردووە بۆ دیراسەكردنی بابەتی تێكەڵكردنی هێزەكان، دژی بیرۆكەی بوونی دوو سوپاین لە سوریا. 🔹پەیوەندیمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا كردار دیاری دەكات نەك گوفتار. 🔹بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا گرنگە بۆ لێكنزیكردنەوەی دیدو بۆچونەكان. 🔹نە بەئاشكراو نەبە نهێنی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران نیەو فرۆكەی بێفرۆكەوانی پێنەداوین، ئەو هەواڵانە دورن لەڕاستیەوەو پێویستمان بە فرۆكەی ئێران نیە. 🔹بەتوانای خۆرسكی خۆمان فرۆكەی بێفرۆكەوان بەرهەمدەهێنین و توانای بەردەوانەوەی درۆنە پێشكەوتووەكانی توركیامان هەیە.
راپۆرتی: هێمن خۆشناو: رووداوه‌كانی 7 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023 و 8 كانوونی یه‌كه‌می 2024 گۆڕانكاری قوڵی له نه‌خشه‌ی سیاسی و دابه‌شبوونی هه‌ژموون دروستكرد. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریشی هه‌بوو له‌سه‌ر ره‌وت و رێبازی زلهێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ پرسه گه‌رم و هه‌نوكه‌یه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئێران ناوچه‌ی هه‌ژموونی خۆی له هه‌ریه‌ك له (فه‌ڵه‌ستین، باشووری لوبنان و سوریا) له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ها جوگرافیای (سوری) به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و ناڕوون له‌ژێر ده‌ستی (روسیا) ده‌ركه‌وت. دوای روخانی رژێمی ئه‌سه‌د و ده‌ركه‌وتنی هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشام (هه‌ته‌شه) وه‌كو هێزی دیفاكتۆ له دیمه‌شق، ئه‌م دوو هێزه بۆشایه‌كی گه‌وره‌یان له سوریا به‌جێهێشت،. پێدەچێت ئه‌م گۆڕانكاریانه فۆرمێکی نوێی له پەیوەندییەکان دروست كردبێت، له‌یه‌ككاتدا ئیسرائیل و توركیا، ڕۆڵی گرنگ، هەمەچەشن و دژبەیەك ده‌گێڕن له‌ناوچه‌كه‌دا. وڵاتانی زلهێزیش له‌ناو ئه‌م گۆڕانكاریانه رۆڵی به‌رچاویان ده‌بێت، له ململانێی نێوان ئیسرائیل و توركیاشدا به‌لای یه‌كه‌مینیاندا ده‌شكێنه‌وه. زۆربه‌ی پێشبینیه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چوون كه توركیا سوودمه‌ندی یه‌كه‌مینه له رووخانی (رژێمی ئه‌سه‌د) و گه‌یشتنی (هه‌ته‌شه) به ده‌سه‌ڵات، ئه‌م پێشبینیانه‌ش به بانگه‌شه‌كانی میدیای توركیا و به سه‌ردانی به په‌له‌ی هه‌ریه‌ك له (ئیبراهیم كاڵن) راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (MIT) و (هاكان فیدان) وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ دیمه‌شق به‌سترایه‌وه، له پێناو به‌رفراوانكردنی هه‌ژموونی توركیا چه‌ندین پڕۆژه‌ی حه‌ماسی پێشنیار كرد، بۆ دروستكردنی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی زه‌مینی و ده‌ریایی له‌م وڵاته. نا لۆژیكی و نا واقیعیبوونی هه‌وڵ و پێشبینیه‌كانی ئه‌نقه‌ره كاتێك ده‌ركه‌وت كه سه‌ردانه یه‌كه‌مه‌كانی شاندی (هه‌ته‌شه) بۆ پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو، له به‌رامبه‌ریشدا دره‌نگخستنی سه‌ردانیان بوو بۆ ئه‌نقه‌ره. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی دیمه‌شق نیشانده‌دات له‌مه‌ڕ زه‌مینه خۆشكردن بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌رووی هه‌موویاندا (عه‌ره‌بستانی سعودی) بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌هێزتر له‌ناو رووداوه‌كانی داهاتووی سوریادا جێگه‌ی خۆی بگرن و بۆشایه‌كانی ناو گۆڕه‌پانی سوریا پڕ بكه‌نه‌وه و ده‌رفه‌ته‌كان له به‌رده‌م توركیا به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه. به گوێره‌ی لۆژیكیش بێت، ده‌بێت (هه‌ته‌شه) خۆی به قه‌رزاری ئیسرائیل بزانێت له گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، چونكه هێرشه سه‌ربازیه‌كانی ئیسرائیل كه (حزبولڵا و هه‌ژموونی ئێرانی) كرده ئامانج له‌ناو سوریادا ئه‌م فاكته‌رانه‌ی له‌ناوبرد كه ده‌بوونه هۆی مانه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د. هه‌روه‌ها دووریشنیه ئیسرائیل رۆڵی راسته‌وخۆشی هه‌بێت له رێگای تۆڕه‌كانی هه‌واڵگریه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی روسیا واز له به‌رگری كردن له رژێمی ئه‌سه‌د و رێگرتن له رووخانی بێنێت. دیسان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌م بۆشایه پڕ بكاته‌وه كه دوای رووخانی ئه‌سه‌د دروستبووه، سوپای ئیسرائیل بێ دوودڵی له به‌رزایه‌كانی جۆلان پێشڕه‌وی كرد به‌ره‌و به‌رزایه‌كانی (ئه‌لحه‌رمون)، له ئێستاشدا ئه‌م سوپایه به درێژایی سنووری وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوریادا به قوڵایی (60) كم هاتۆته ناو خاكی ئه‌م وڵاته كه (ته‌لئه‌بیب) وه‌كو رێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی له قه‌ڵه‌می ده‌دات. سوپای ئیسرائیل به‌مه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو چه‌كه ستراتیژیه‌كانی سوپای سوریای له‌باربرد نه‌وه‌كو بكه‌وێته ده‌ست گرووپه نزیكه‌كانی ئیداره‌ی نوێی سوریا. له هه‌مان كاتدا، پێگه‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له سوریا به‌هێز ده‌بێت. دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له سوریا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی (داعش) بۆ ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی سوریا گۆڕاوه، رۆژ له‌دوای رۆژ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه تێڕوانینه‌كانی ده‌سه‌پێنێت كه دیمه‌شق ناتوانێ به‌هه‌ند وه‌رینه‌گرێت و حیسابی بۆ نه‌كات. چونكه له ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌وڵه‌كانی (هه‌ته‌شه) بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا و ئه‌وروپا سزاكان له‌سه‌ر سوریا هه‌ڵگرن و ناوی هه‌ریه‌ك له (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع/ ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانی) و هه‌ته‌شه له لیستی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربێنن. له خوێنده‌وه‌ی هاوكێشه نوێیه‌كانی ناو سوریادا، خاوی ته‌مبه‌ڵی وڵاتانی عه‌ره‌بی و سوڕانه‌وه‌یان له‌ناو سنووری سیاسی دیاریكراوی خۆیاندا، هه‌وڵدانی دوور له رێگه‌ی پاره و راگه‌یاندن بۆ بوونه خاوه‌ن سه‌نگ له‌ناو ئه‌م وڵاته، ناتوانێ ببێته به‌ربه‌ستێكی به‌هێز بۆ راگرتنی توركیا، كه ئه‌نقه‌ره ده‌خوازى له رێگای لینكی تائیفی به‌ده‌ستی بێنێت. چونكه به درێژایی ساڵانی رابردوو توركیا پشتگیری ماددی و مه‌عنوی گرووپه چه‌كداریه‌كانی سوریا بووه، به‌بیانووی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاته‌كه‌ی. له ئێستاشدا توركیا به رێگای (قه‌ته‌ڕ) هه‌وڵده‌دات خۆی به خاوه‌ن مافی یه‌كه‌م له سوریادا بسه‌پێنێت. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هاتوو (هه‌ته‌شه) نه‌توانێ رۆڵی خۆی له سوریادا بگێڕێت و دامه‌زراوه حوكمداری رێكبخاته‌وه و سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ بونیادنانه‌وه به‌ده‌ستنه‌هێنێت. له ئێستادا هه‌بوونی توركیا له‌سه‌ر جوگرافیای سوری و دروستبوونی هێزێكی ئیسلامی سوننی تۆكممه، ترس له دڵی ئیسرائیل ده‌چێنێت، به تایبه‌تی دوای رووخانی ئه‌سه‌د كه پێشتر ده‌بووه به‌ربه‌ست له به‌یه‌كگه‌یشتنی راسته‌وخۆ له نێوان ئیسرائیل و توركیا له ناوچه‌كه‌دا. له‌وانه‌شه (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌ركۆماری توركیا به‌م دوایه دركی به‌و مه‌سه‌له‌یه كردبێت كه دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د و ئێران نۆره‌ی ئه‌ویش دێت وه‌كو به‌شێك له یاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا. بۆ رێگرتن له‌م یاریه‌ش، ئه‌ردۆغان ویستی په‌نا بباته به‌ر (به‌شار ئه‌سه‌د) په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵدا ئاسایی بكاته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ رووخانی به په‌له و له‌ناكاوی ئه‌سه‌د، ئیتر ئیسرائیل و توركیا بوونه دراوسێ له رێگای ناوچه‌كانی هه‌ژموونی ژێر ده‌ستی سوپای وڵاته‌كه‌یان، كه ئه‌مه‌ش ئیسرائیلی ناچاركرد تا له رێگای "كۆمیته‌ی ناغل/ كۆمیته‌ی پشكنین بودجه‌ی ئاسایش و دروستكردنی هێز" پێداچوونه‌وه‌ی ورد و گشتگیر بكات بۆ سروشتی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل توركیادا بكات. كۆمیته‌ی ناوبراو له راپۆرته‌كه‌یدا له (7-1-2025) بۆ سه‌رۆك وه‌زیران (بنیامین ناتانیاهۆ) داوای ئاماده‌كاری له حكوومه‌ت كردووه بۆ ئه‌گه‌ری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیادا. راپۆرته‌كه‌ی ناغل ده‌رباره‌ی مه‌ترسیه‌كانی هاوپه‌یمانی سوری - توركی ده‌ڵێت:" له‌وانه‌یه ئه‌م هاوپه‌یمانیه مه‌ترسیه‌كی نوێ و گه‌وره بێت له‌سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل. ئه‌م مه‌ترسیه به تێپه‌ڕبوونی كات گه‌وره‌تر ده‌بێت له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانیش". راپۆرته‌كه‌ی كۆمیته‌ی (ناغل) ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌یه به‌و تێڕوانینه گشتیه‌ی كه له‌دوای (7 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023) دروستبووه ده‌رباره‌ی پڕۆسه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) كه پێیوایه پرۆسه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) به سه‌رۆكایه‌تی ئیسرائیل قۆناخێكی دیكه‌شی بڕیووه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشتر به‌ره‌وپێش ده‌چێت و به‌ڕوونی سه‌ره‌داوه‌كانی ده‌ركه‌وتوون. ئه‌گه‌رێكی زۆره خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی تورك بۆ ئه‌م دۆخه، به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌رباره‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) باخچه‌لی و ئه‌ردۆغانی پاڵ نابێت تا به‌ره‌و دوورگه‌ی (ئیمڕالی) بچن و رێبه‌ری په‌كه‌كه (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رازی بكه‌ن به چه‌كدانانی (په‌كه‌كه). ئه‌وه‌ی له ئێستادا به زه‌قی دیاره توركیا هه‌وڵی بازدان ده‌دات به‌سه‌ر كێشه‌ی كورد، كه كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌یه، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه پڕۆژه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری نیه، ده‌خوازێت به پێشكه‌شكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شه‌پێدان و ئابووری له‌ناوچه كوردیه‌كان، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه رازی بكات تا چاو له راستی كێشه‌كه‌یان بگرن، كه كێشه‌ی خاك و میلله‌ته، نه‌وه‌كو كێشه‌یه‌كی ئابووریانه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه (په‌كه‌كه) به چه‌كدانان رازی بكات، له كاتێكدا كه خه‌ریكه گرژیه‌كانی ئیسرائیل – توركیا له كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چن. توركیا ده‌ترسێت نه‌وه‌كو په‌یوه‌ندی و هاوبه‌شی ستراتیژی له نێوان كورد – ئیسرائیل دروست بێت، له كاتی به‌فیڕۆدراودا هه‌وڵده‌دات ئه‌م بۆشایه پڕ بكاته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه له دوا سه‌ردانی بۆ شاری ئامه‌د له باكووری كوردستان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا ده‌ڵێت:" نه‌وه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ زایۆنیه‌كان ناكه‌ن". رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ش (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له به‌رگی پێنجه‌مینی په‌رتووكه‌كه‌ی مانیفێستۆی شارستانی دیموكراتیدا، له ساڵی 2010 له باره‌ی ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندی كورد و ئیسرائیل ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، له پێش هه‌موویاندا توركیا، به‌ره‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هه‌نگاو نه‌نێن و چاره‌سه‌ری دیموكرایتانه پێشكه‌ش نه‌كه‌ن، كورد خۆیان له به‌ره‌ی ئیسرائیل – ئه‌مریكا ده‌بینه‌وه". ره‌وشێكی نوێ و یه‌كلاكه‌ره‌وه له ئارادایه كه ئاماژه‌كانی سه‌ره‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش هه‌وڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی ئیسرائیله بۆ نزیكبوونه‌وه له كورد. ئه‌مه‌ش به راشكاوانه ئاماژه‌كانی پێشبڕكێ بگره ململانێی داهاتوو له نێوان (ته‌لئه‌بیب) و (ئه‌نقه‌ره) ده‌خاته‌ڕوو، كه له‌وانه‌یه كورد پارسه‌نگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت.
راپۆرت: درەو گەورەترین كێڵگەی غازی كوردستان و عێراق لەبەردەم پرۆژەیەكی نوێدایە، كۆمپانیایەكی ئێرانی دەیەوێت بە بۆری غازی كێڵگەكە بگوازێتەوە بۆ هەردوو ناوچەی پیشەسازی (بازیان)و (عەربەت)، غازی ئەم كێڵگەیە دەگاتە ئەفغانستان، بەڵام هەناردەكردنی بە بۆری بۆ توركیا، لەنێوان پارتی و یەكێتیدا كێشەی لەسەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا سورە لەسەر ئەوەی غازی ئەم كێڵگەیە بگاتە توركیا، ئەنكەرە لەدوای نەوتەوە چاوی بڕیوەتە غازی كوردستان، وردەكاری زیاتر لەبارەی كێڵگەی (كۆرمۆر) لەم راپۆرتەدا. كۆرمۆر بە كورتی • رووبەری كێڵگە: 510 كیلۆمەتر چوارگۆشە • ناوچە: سنوری قەزای چەمچەماڵ • گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق • یەدەگی سەلمێندراو: 16 ترلیۆن پێ سێجا كورتەیەكی مێژوویی كێڵگەی (كۆرمۆر) دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی (قادركەرەم) لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كرا‌و خراوەتەسەر قەزای چەمچەماڵ. سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووە‌و بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە. ساڵی 1953 جارێكی تر دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەرەكان زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە كێڵگەكە زیاتر غازی تێدایە، بەجۆرێك بڕەكەی دەگاتە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا. لە كۆتای شەڕی ئێران- عێراقدا، دوای چۆڵكردنی ناحیەی قادر كەرەم‌و شاڵاوی ئەنفال، حكومەتی عێراق جارێكی تر لەڕێگەی هەردوو كۆمپانیای نەوت‌و غازی باكورەوە دەستیكردوەتەوە بە كاركردن لە كێڵگەی (كۆرمۆر)و چەند بیرێكی نوێی لێداوە. لە ساڵی 1990 بەهۆی شەڕی كوەیت‌و گەمارۆی ئابوری سەر عێراقەوە، رژێمی پێشوو كارەكانی خۆی لە (كۆرمۆر) راگرت، لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا كێلگەكە كەوتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی (نرخ لەسەردانان، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕكردن و فرۆشتنی هایدرۆكاربۆنەكان) لە كێڵگەكەدا بە كۆمپانیاكان دەبەخشێت. بەرهەمهێنانی غاز ئۆكتۆبەری 2008دا غاز لە كۆرمۆر بەرهەمهێنرا، لەڕێگای بۆرییەكی 24 ئینجی‌و بەدرێژایی (180) كیلۆمەتر غاز گەیەندرایە وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و وێستگەی كارەبای هەولێر. ساڵی 2009وە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكەكانی ئەو كۆمپانیایانەدا روویدا كە گرێبەستی (كۆرمۆر)یان وەرگرتبوو، هاوپەیمانی (پێرڵ پترلیۆم) دروستكرا كە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (دانە غاز)و (هیلال)ی ئیماراتی لەخۆدەگرت، كە هەریەكەیان پشكی 50%ی گرێبەستەكەیان برد، دواتر پشكی هەریەكەیان بۆ 35% دابەزی بەهۆی هاتنەناوەوەی هەرسێ كۆمپانیای (MOV)ی نەمساوی و (MOL)ی هەنگاری و (RWE)ی ئەڵمانی بۆ ناو هاوپەیمانێتییەكە، كە هەریەكەیان رێژەی 10%ی پشكەكانیان وەرگرت. بەڵام دواجار كارەكە لای كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی مایەوە، (دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوە‌و لە بازاڕی دراوی (ئەبوزەبی) تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسر‌و ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات. بەپێی قسەی مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز بەپێی خەمڵاندنەکانمان، سەلمێنراوە کە 15 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی سروشتی لە کوردستان هەیە‌و ئەگەر هەیە 80 ترلیۆنی دیکەش هەبێت. بەپێی خەمڵاندنەکانیشمان پێویستی بازاڕی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیارێک پێ سێجایە لە رۆژێکدا. بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویەتی، كۆمپانیای (دانەغاز) لە كێڵگەی كۆرمۆر تەنیا بەرهەمهێنان دەكات و خۆی بەرهەمەكانی غاز و نەوتی كێڵگەكە دەفرۆشێتەوە، ئەمە وایكردووە هەندێك پێیان وابێت حكومەتی هەرێم دەستی بۆ گێڵگەكە نەبردایە باشتر بوو، چونكە قازانجێكی ئەوتۆی دەستناكەوێت. دەستپێکی ساڵی 2022 كۆمپانیای "دانە گاز" بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی پێوانەیی راگەیاند. ئاشكرایكرد لە كێڵگەی كۆرمۆ ئاستی بەرهەمهێنانی غازی بۆ (452) ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بەرزكردوەتەوە، بەم پێیەش بەراورد بە ساڵی 2018 ئاستی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 50% زیادیكرد بوو، وەك ئەوەی كۆمپانیاكە ئەوكات رایگەیاندبوو، پلانی هەبوو تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە (700) ملیۆن پێ سێجای رۆژانە. وەكو (دانە غاز) خۆی دەڵێ: لەدوای ساڵی 2009وە كێڵگەی (كۆرمۆر) چەندین چاكسازیی تێدا كراوە، یەكێك لە پرۆژەكان لە 2020دا تەواو بووە، دوو پرۆژەی تر بۆ فراوانكاریی كە لە ساڵانی 2018و 2022 جێبەجێكراون، بونەتە هۆی ئەوەی توانای بەرهەمهێنان بەرێژەی 60% زیاد بكات، بەجۆرێك ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشتی كە لە 2018دا بڕی (305 ملیۆن) پێ سێجا بووە، لە كۆتایی 2022دا بۆ (500 ملیۆن) پێ سێجا بەرزبوەتەوە. كۆمپانیای (دانەغاز) لە ساڵی 2019دا رێككەوتنێكی (20 ساڵە)ی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزا كردووە، ئەمە وایكرد كۆمپانیا ئیماراتییەكەو هاوبەشەكانی، بڕیار بدەن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنان و پرۆسێسكردن (250 ملیۆن) پێ سێجای غاز‌و (7 هەزار) بەرمیل كۆندێنسەیت بەشێوەی رۆژانە، بەمەبەستی فرۆشتنی بە حكومەتی هەرێم، ئەمەش لەڕێگەی پرۆژەیەكەوە بەناوی (كۆرمۆر 250)، پرۆژەیەك كە بە قسەی كۆمپانیاكە دەبوو لە چارەكی دووەمی 2024دا تەواو ببێت و بڕی (806 ملیۆن) دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، بەڵام تائێستا پرۆژەی فراوانكردنەكە تەواو نەبووە. لە ئابی 2024دا كۆمپانیای (دانەغاز) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، کۆنسێرتیۆمی (پێرڵ پترلیۆم) كۆتایی بە گرێبەستی كاركردن لەگەڵ (ئینەرفلێكس) هێناوە. كۆمپانیای (ئینەرفلێكس) بەڵێندەری پەرەپێدانی كێڵگەی غازی كۆرمۆر بوو لە (كۆرمۆر 250). وەكو دانە غاز باسی كردووە، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە لاوازی ئاستی كاركردنی (ئینەرفلێكس) بووە، كە بەشێوەیەكی جەوهەری گاریگەریی لەسەر توانای كۆمپانیای ناوبراو لە پابەندبوون بە گرێبەستەكەیەوە دروستكردووە، ئەمە جگە لە دواكەوتنی پرۆسەی پەرەپێدانی (كۆرمۆر 250)و تەواونەكردنی لە وادەی خۆیدا. لەبەرەنجامی ئەمەدا، كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم (هاوپەیمانی ئەو كۆمپانیایانەی كە كۆمپانیای هیلال و دانەغاز سەرۆكایەتیی دەكەن)، ناچار بووە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستوەردان بكات بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆسەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر لە كاتێكی گونجاو‌دا؛ لەدوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای (ئینەرفلێكس)، ئیتر كۆمپانیای (پێرڵ پترلیۆم) خۆی بەشێوەی راستەخۆ قۆناغەكانی تری پرۆسەی پەرەپێدانی (كۆرمۆر 250)ی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەكردووە بەم هەنگاوە پرۆسەی پەرەپێدانی كێڵگەكەی خستوەتەوە سەر ئاڕاستە دروستەكەی خۆی. بەگشتیی، بڕیارە پرۆژەی (كۆرمۆر 250) ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە لە (500 ملیۆن) پێ سێجاوە بۆ (750 ملیۆن) پێ سێجا بەرزبكاتەوە. بەرهەمی كۆرمۆر كێڵگەی كۆرمۆر بەگشتیی سێ جۆر بەرهەمی هەیە، كە ئەمانەن: • یەكەم: گازی سروشتی رۆژانە (500 ملیۆن) پێ سێجا بەرهەم دەهێنێت، رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵ و بازیان و هەولێر، بەپێی قسەی (دانەغاز) پشكدارە لە بەرهەمهێنانی رێژەی زیاتر لە 80%ی تێكڕای كارەبای بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەر كاتێك ئەم كێڵگەیە توشی گرفتی تەكنیكی دەبێتەوە یان كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكرێت یاخود رووبەڕووی هێرشی موشەكی دەبێتەوە كارەبا لە كوردستان توشی قەیران دەبێت. • دووەم: نەفتا بەرهەمی رۆژانە بەگوێرەی دواین راپۆرتی (دانەغاز) بریتییە لە (38 هەزارو 200) بەرمیلە، ئەم نەوتە كە پێشتر دەخرایە ناو بۆریی نەوتی كوردستانەوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، ئێستا‌و لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە بە دوو كۆمپانیای ناوخۆیی دەفرۆشرێت، بەگوێرەی دواین بەدواداچوونی (درەو)، ئێستا مانگانە (40 هەزار) تەن نەفتا لەرێگەی ئەو دوو كۆمپانیایەوە رەوانەی ئێران و لەوێشەوە رەوانەی (دوبەی) دەكرێت، نرخی هەر تەنێك نەفتای كۆرمۆر بڕی (650 بۆ 700) دۆلارە، بەم نرخەوە 10%ی هەر تەنێك قازانج دەستی كۆمپانیا هەناردەكارەكان دەكەوێت. ئەوەی لە بابەتی نەفتای كۆرمۆردا قسەی جددی لەبارەوە دەكرێت ئەوەیە، بۆچی حكومەت و ئیدارەی یەكێتیی لە سنورەكە شكستیان هێناوە لە دروستكردنی پاڵاوگەیەك لە سنوری چەمچەماڵ بەمەبەستی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەكان بەتایبەتیش بەنزین بۆ دابینكردنی لانی كەمی پێداویستی نەوت و بەنزینی سنورەكەو لەبری ئەوە بە نرخێكی زۆر هەرزانتر لە بازاڕی جیهانی رەوانەی دەرەوە دەكرێت؟!. بەرهەمی نەوت لە (كۆرمۆر) لەماوەی ساڵانی 2016 بۆ 2020 بەمشێوەیە بووە: • 2016: 13 هەزار بەرمیلی رۆژانە • 2017: 13 هەزار بەرمیل • 2018: 15 هەزار بەرمیل • 2019: 15 هەزار بەرمیل • 2020: 15 هەزار بەرمیل • سێیەم: LPG ئەمە بریتییە لە غازی پێداویستی ماڵان، رۆژانە (هەزارو 150) تەن بەرهەمی هەیە، لەم بڕە بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رۆژانە (650) تەنی لەرێگای تانكەرەوە لە ئێرانەوە رەوانەی ئەفغانستان دەكرێت، هەر تەنێكی بۆ بازاڕی دەرەوە بە بڕی (ملیۆنێك و 200 هەزار) دینار دەفرۆشرێت، ئەو كۆمپانیایەی كە رەوانەی دەرەوەی دەكات لە هەر تەنێك 600 دۆلار قازانجی دەستدەكەوێت. كۆمپانیای (دانەغاز)، غازی (LPG) كۆرمۆر بۆ بازاڕی ناوخۆ بە كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەفرۆشێت كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە، ئەم كۆمپانیایە غازەكە بەتانكەر دەگوازێتەوە بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێم، ئەوەی دەمێنێتەوە رەوانەی ئەفغانستانی دەكات. هەر تەنێك لە غازی (LPG) بۆ بازاڕی ناوخۆ بۆ هەر تەنێك بە بڕی (518 هەزار) دەفرۆشرێت. بۆری كۆرمۆر- بازیان- عەربەت بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەمدواییانە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئێرانی لە گفتوگۆدایە بەمەبەستی راكێشانی بۆرییەكی غاز لە (كۆرمۆر)ەوە بۆ هەردووو ناوچەی پیشەسازیی (بازیان) و (عەرەبەت)، وەكو باسدەكرێت درێژیی بۆرییەكە (147 كیلۆمەتر)ەو خەمڵاندنی پوختەی داهات لەم پرۆژەیەدا مانگانە (15 بۆ 20 ملیۆن) دۆلارە كە بۆ ئیدارەی گشتیی یەكێتیی دەگەڕێتەوە. یەكێتیی نیشتمانی وەكو دەسەڵاتداری ئەو زۆنەی كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ی تێدایە، لە ساڵی 2019وە بیرۆكەی ئەوەی گەڵاڵە كردووە مامەڵە بە غازی ئەم كێڵگەیەوە بكات لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق. لە ساڵی 2021و بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆی یەكێتیی (تەقینەوەی ناكۆكی ئامۆزاكان و یەكلابوونەوەی یەكێتیی بۆ كوڕانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی)، وەفدێكی یەكێتیی بەنهێنی چووە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، یەكێتیی لەم گفتوگۆیەدا پێشنیازی ئەوەی كرد كۆمپانیایەك بەناوی "كۆمپانیای غازی سلێمانی" بە هاوبەشیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق دروست بكات، ئەم كۆمپانیایە هاوبەش بێت لەنێوان پارێزگای سلێمانی‌و وەزارەتی نەوتی عێراقداو كۆنترۆڵی هەموو كیڵگەكانی نەوت‌و غازی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی (تەقتەق، كۆرمۆر، حەسیرە، چیا سورخ) بكات، بە كیڵگەكانی سنوری كەركوك‌و خانەقینیشەوە. كرۆكی پرۆژەكە ئەوە بوو، غازی كۆرمۆر بە بۆریی بگەیەندرێتە هەموو ماڵێك لە زۆنی سەوز، دواتر ئەگەر پارتی قایل بێت پرۆژەكە بۆ سەرتاسەری كوردستان گەورە بكرێت. ئەوانەی شارەزای بواری وزە بوون لەناو یەكێتیدا، ئەوكات باسیان لەوە دەكرد، غازەكەی سنوری یەكێتیی دەتوانێت پێداویستی ناوخۆی عێراق پڕبكاتەوە‌و وادەكات چیتر عێراق پێویستی بە كڕینی غاز نەبێت لە ئێران بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمریكییەكانیش پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەكەن‌و یەكێتی دڵنیایی لە بەرپرسانی بواری وزەی ئەمریكا لەمبارەیەوە وەرگرتووە، بەڵام هەنگاوێكی لەمجۆرە رەنگە ئێرانییەكان نیگەران‌و توڕە بكات، بەتایبەتیش كە غازی هەرێمی كوردستان دەبێت بە بەدیلی غازەكەی ئێران لە عێراقدا. هەر لەوكاتەوە تائێستا یەكێتیی دەیەوێت هەموو ئەم كارانە بە مەرجی ئەوە بكات، بەغداد بە جیا موچەو خەرجیی سنوری سلێمانی دابین بكات‌و بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا بكات، نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە‌و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە لەو ساڵانەی دوایدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی بە ئاشكرا‌و لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وتی:" هەندێك كەیس هەیە ناتوانین دەستی بۆ ببەین، چونكە رەنگە ببێت بەهۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ". ئەم ساڵانەی دوایی زیاتر ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن بە غازی كۆرمۆرەوە دەركەوت، كێڵگەیەك كە سەرچاوەی سەرەكی غازی وێستگەكانی كارەباو ماڵانە لە هەرێمی كوردستان. شوباتی 2022 رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی ئەنكەرە كرد، دوای ئەم دیدارە سەرۆكی توركیا بە فەرمی رایگەیاند، داوای لە سەرۆكی هەرێم كردووە غازی سروشتی كوردستان هەناردەی توركیا بكات. ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی فیدراڵی عێراق‌و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو هەر لەو رۆژگارەدا بوو كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی دا‌و وتی:" دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراق‌و توركیاش دابین بكەین". هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوە‌و یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئەم بڕیارە پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق بردە دواوە، پێشتر ئەگەر وەفدەكانی هەرێمی لە دانوستانەكانیاندا بۆ پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت باسیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی تایبەت بە چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان‌و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كردبێت، ئێتر لەوكاتەوە تائێستا مانشێتی سەرەكی دانوستانەكانیان چارەنوسی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانە. ناوەڕاستی 2022 هەوڵی هەناردەكردنی غازی سروشتی كوردستان بۆ توركیا هاوشێوەی نەوتەكە، كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە؛ حكومەتی هەرێم بە فەرمی كۆمپانیای (كار)ی راسپارد دەست بە كاركردن بكات بەمەبەستی دروستكردنی بۆرییەكی غاز لە كێگەی كۆرمۆرەوە بۆ دهۆك، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیی رێگرییان لە كاركردنی كۆمپانیای (كار) كرد. رۆژی 28ی نیسانی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان‌و رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" دەبێت گرێبەست‌و شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە، نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێت‌و هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لەدەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روون‌و ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت". لەوكاتەوە تائێستا ئیتر چارەنوسی غازی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەی جیاوازی پارتی و یەكێتیی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، پرۆژەی پارتی هەناردەكردنی زیادەی غازەكەیە بۆ توركیا، پرۆژەی یەكێتیی مامەڵەكردنە بە غازەكەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق. كۆرمۆر لەنێوان دادگا‌و بۆردوماندا ! كۆرمۆر تەنیا لەنێوان پرۆژەی پارتی و یەكێتیدا گیری نەخواردووە، لەلایەكی تریشەوە كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە دەیەوێت ئەم كێڵگەیە لە هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە. رۆژی 5ی ئایاری 2022 كۆمپانیای نەوتی باكور بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر)، كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵە‌و كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە. سەرباری سكاڵا یاساییەكەی كۆمپانیای نەوتی باكور، لە حوزەیرانی 2022دا لە ماوەی سێ رۆژدا سێ‌جار بە موشەك هێرشكرایەسەر كێڵگەی كۆرمۆر، پێشتر‌و بەر لەم هێرشانە، (9) جاری تر بە موشەك و درۆن هێرش كرابووە سەر كێڵگەكە، لەوتەوە تائێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی نەگرتوەتە ئەستۆ، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبی درێژ دەكرێت كە نزیكن لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەر كاتێك باس لە هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بۆ توركیا یاخود زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی كێڵگەكەو ناردنی بۆ عێراق دەكرێت، هێرشەكان دەستپێدەكەنەوە، ئێران خۆی غازی سروشتی بە عێراق دەفرۆشێت، رەنگە نیگەران بێت لەوەی جێگرەوەی غازەكەی لە كۆرمۆرەوە بۆ دروست ببێت. غازی كۆرمۆر بۆ كارەبای كەركوك رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، بۆری گواستنەوەی غازی كێڵگەی "كۆرمۆر"ی بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك تەواو كردووە، بۆرییەكە 16 ئینجە‌و توانای هەیە رۆژانە (100 مقمق) غاز رەوانە بكات. ئەم هەواڵە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێشبینیكراو نەبوو، وەزارەت هەر زوو بێئاگایی خۆی لەم مامەڵەیە راگەیاند، هاوكات بەرپرسانی باڵای یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش وەكو دەسەڵاتدار بەسەر كێڵگەی "كۆرمۆر" بێئاگایی خۆیان نیشاندا. بەڵام دواتر دەركەوت، وەزارەتی نەوتی عێراق بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ژمارە (23392)ی ساڵی 2023 مامەڵەی كڕینی غازی كۆرمۆری لەگەڵ كۆمپانیای (هیلالی) ئیماراتی كردووە، كۆمپانیاكە پشكی خۆی لە غازەكە بە وێستگەی كارەبای كەركوك فرۆشتووە. په‌رله‌مانتار (عوده‌ی عه‌واد) سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئەم كەیسە لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تۆماركرد، 4ی كانونی یەكەمی 2023 سكاڵاكەی رەتكرایەوە، به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی سكاڵاكار (واتا عوده‌ی عه‌واد) هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی له‌و بابه‌ته‌دا نییه كه سكاڵاكه‌ی له‌سه‌ر تۆماركردووه، بەڵام دادبینییەكان لەسەر ئەم كەیسە هەندێك زانیاری نوێی ئاشكراكرد. ئەوكات پارێزه‌ری یاسایی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵیدا لەبارەی كەیسی كڕینی غازی كۆرمۆر بۆ وێستگەی غازی كەركوك دوو وه‌ڵامنامه‌ی پێشكه‌شكردووه، وه‌ڵامی یه‌كه‌م له رۆژی 13ی ئه‌یلولی 2023و ئه‌وی تر له 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2023دا بوو. به‌پێی ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامی پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا هاتبوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ پشتبه‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی كه له مادده‌ی (80)ی ده‌ستوردا هاتووه، فه‌رمانی بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌ركردووه بۆ ئه‌وه‌ی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر له كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی بكڕێت، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی سه‌رچاوه‌ی تری وزه بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماو كه‌مبوونه‌وه‌ی كاته‌كانی پێدانی كاره‌با به هاوڵاتیان. له به‌شێكی تری وه‌ڵامنامه‌كه‌یدا، پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، گفتوگۆ‌و دانوستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (هیلال)ی ئیماراتی كه له كێڵگه‌ی كۆرمۆر كارده‌كات، له‌ساڵی 2020وه ده‌ستیپێكردووه‌و پرۆسه‌ی كڕینی غازی كۆرمۆر له‌و كۆمپانیایه كاتێك ده‌ستپێده‌كات كه سه‌رجه‌م بابه‌ته یاساییه‌كان چاره‌سه‌رده‌كرێن، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیدا هاتوون. پارێزه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌رده‌م دادگادا بۆ به‌رگریكردن له بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت وتی" بڕیاری حكومه‌ت بۆ كڕینی غازی كۆرمۆر هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه بۆ دووباره كاركردنه‌وه‌ی به‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردویه‌تی، ئه‌م گرێبه‌ستانه به‌ر له ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لێكه‌وتی لاوه‌كیان به‌جێهێشتووه، له‌وانه غازی به‌رهه‌مهێنراو كه بووه به به‌رهه‌مێك بۆ فرۆشتن و ناتوانرێت جارێكی تر بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ كێڵگه‌كه، هه‌روه‌ك كڕینی ئه‌م به‌رهه‌مه به‌واتای نیشاندانی ره‌زامه‌ندی نییه له‌سه‌ر گرێبه‌ستی ئیمزاكراو له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای وه‌به‌رهێن (مه‌به‌ستی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتییه)، سه‌رباری ئه‌مه بڕیاری دادگای فیدراڵ (ژماره 59ی 2012 و كۆكراوه‌كه‌ی ژماره 110ی 2019) باسی له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان به‌رده‌وامبوونی ئه‌و گرێبه‌ستانه نه‌كردووه كه به‌پێی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان كراون (ئه‌م یاسایه به‌بڕیاری دادگای فیدراڵی هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه)". به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار عوده‌ی عه‌واد سكاڵای له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی نه‌وتیش كردبوو، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، پارێزه‌ری وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵیدا له رۆژی 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2023 لائیحه‌یه‌كی پێشكه‌شكردووه‌و ئاماژه‌ی به هه‌مان هۆكاره‌كانی پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كردووه له‌باره‌ی بابه‌تی كڕینی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك پاڵنه‌ری تریشی بۆ هۆكاری ده‌ركردنی بڕیاره‌كه باسكردووه، له‌وانه: • خه‌رجی كڕینی غازی كۆرمۆر كه‌متره له كڕینی غازی ئێران و زۆرتره له خه‌رجی كڕینی غازی به‌سره. • تائێستا هیچ گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای هیلالی ئیماراتیدا نه‌كراوه بۆ كڕینی غازی كۆرمۆر. • رۆڵی وه‌زاره‌تی نه‌وت ته‌نیا له بابه‌تی لۆجستی تایبه‌ت به كاروباری گواستنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا كورتده‌بێته‌وه، چونكه لایه‌نی تایبه‌تمه‌نده له‌م بابه‌ته‌دا هاوشێوه‌ی هاورده‌كردنی غازی ئێران و، لایه‌نی سودمه‌ند له گرێبه‌ستی پلانبۆدانراو له‌گه‌ڵ كۆمپانیای هیلال، وه‌زاره‌تی كاره‌بایه. • وه‌زاره‌تی نه‌وت هێشتا ده‌یه‌وێت رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ زامنكردنی یاسایبوونی گرێبه‌سته‌كه، به‌جۆرێك پێچه‌وانه نه‌بێت له‌گه‌ڵ یاسای به‌ركارو ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له‌لایه‌ن دادگاوه ده‌رچوون. به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سكاڵاكه‌ی په‌رله‌مانتار عوده‌ی عه‌واد دا وه‌كو سكاڵا له‌سه‌ر كرا‌و ناوی هێنراوه، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵیش پارێزه‌ری خۆی ناردوه‌ته دادگای فیدراڵی و؛ له لائیحه‌ی خۆیدا باسی له‌وه‌كردووه، هیچ بڕه پاره‌یه‌كی له به‌رژه‌وه‌ندی وه‌زاره‌تی نه‌وت پێنه‌دراوه بۆ ئه‌وه‌ی غازی به‌رهه‌مهێنراوی كێڵگه‌ی كۆرمۆری پێ بكڕێت (له كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی له‌چوارچێوه‌ی گروپی كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم كه ئێستا له كێڵگه‌ی كۆرمۆر له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان ده‌كات). پارێزه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، وه‌زاره‌تی دارایی هیچ داواكارییه‌كی ئاڕاسته نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕه پاره‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا دابنێت بۆ كڕینی غاز له كێڵگه‌ی كۆرمۆر. كۆرمۆر لە دادگای لەندەن گرێبەستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر یەكێك لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانە بووە ئۆكتۆبەری 2013 رووبەڕووی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بووە، ئاڵنگارییەك كە لە میدیا‌و شەقامی هەرێمی كوردستان وەكو شكستێكی گەورە بۆ وەزارەت تەماشا دەكرا، كەیسی ئەم كێشەیە گەیشتە دادگای لەندەن، لێرەدا دەقی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاودەكەینەوە كە رۆژی 30ی ئابی 2017 بڵاوكراوەتەوە، راگەیەندراوەكە بە وردی گوزارشت لە كێشەكەو چۆنییەتی رێككەوتنەكە دەكات: دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 30 ئابى2017 بڵاوكراوه‌ى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆنسۆرتیۆمى پێڕل سه‌باره‌ت به گه‌یشتنیان به یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كۆتاییى سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كانی نێوانیان. ڕێككه‌وتنامه‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى عیراق و كۆمپانیاكانى (دانا گاز، هیلال پترۆلیۆمى نێوده‌وڵه‌تى، پێڕل پترۆلیۆم) كه به یه‌كه‌وه به (كۆنسۆرتیۆم) ناویان دێت. ڕۆژى 4 ى نیسانى ساڵى 2007 (حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان) و كۆنسۆرتیۆمى كۆمپانیاكان به‌یه‌كه‌وه ڕێككه‌وتنێكى به‌راییان ئیمزا كرد له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان له هه‌ردوو كێڵگه‌ى (كۆڕمۆڕ و چه‌مچه‌ماڵ)، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكى دیاریكراوى ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه ناكۆكى سه‌ری هه‌ڵدا و ڕۆژى 21 ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2013 ئه‌و ناكۆكیانه ئاڕاسته‌ى ناوبژیوانیى نێوده‌وڵه‌تى كرا له چوارچێوه‌ى ڕێساكانى (دادگاى له‌نده‌ن بۆ ناوبژیوانیى نێوده‌وڵه‌تى) و به كه‌یسى ژماره 132527 تۆمار كرا بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه له لایه‌ن چه‌ند داوه‌رێكى ناوبژیوانییه‌وه له له‌نده‌ن. لایه‌نه‌كان ئه‌مڕۆ به هاوبه‌شى ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كۆتاییى سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كانى نێوانیان به شێوه‌یه‌كى دۆستانه له ڕێگاى كۆتایهێنان به ناوبژیوانیى نێوانیان و هه‌ر پرۆسه‌یه‌كى تر‌ى په‌یوه‌ندیدار به دادگاوه، هه‌ره‌وها كۆتاییهێنان به هه‌موو داوا هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوانیشیان، له‌وانه‌ش داواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و زیانانه‌ى له لایه‌ن كۆنسۆرتیۆمه‌وه كراوه له به‌رامبه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كان ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانى میكانیزمێك بۆ دانه‌وه‌ى بڕى ( 2 دوو ملیار و 239 دوو سه‌د و سى و نۆ ملیۆن دۆلار) كه تا ئێستا له لایه‌ن دادوه‌رانى ناوبژیوانییه‌وه بڕیارى له‌سه‌ر دراوه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌كان ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستكردنى خێرا به گه‌شه‌پێدانى زیاترى ده‌رفه‌ته‌كانى هاتوو له ڕێككه‌وتنى ساڵى 2007 له به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شى لایه‌نه‌كان، سه‌ره‌ڕاى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق. خاڵه دیاره‌كانى ڕێككه‌وتنى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كان بریتین له‌مانه‌ى خواره‌وه: • حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى 600 شه‌ش سه‌د ملیۆن دۆلار به (پێڕڵ) ده‌دات. • حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى 400 چوار سه‌د ملیۆن دۆلارى تر به (پێڕڵ) ده‌دات كه پێویسته له حسابێكى تایبه‌ت دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ى ته‌نها خه‌رج بكرێت بۆ مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنان له بوارى گه‌شه‌پێدانى زیاتر به مه‌به‌ستى فراوانكردنى به‌رهه‌مهێنان. • به‌پێى ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌یه (پێڕڵ) به‌رهه‌مهێنانى گاز زیاد ده‌كات له كێڵگه‌ى (كۆڕمۆڕ) به تواناى (500 پێنج سه‌د مه‌قمه‌ق له ڕۆژێكدا) وه‌ك گازى زیاده به ڕێژه‌ى 160% ى ئاستى ئێستاى به‌رهه‌مهێنانى گاز و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له نزیكه‌ى ماوه‌ى دوو ساڵدا به‌رهه‌مهێنان ده‌ست پێبكات. • ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى ده‌مێنێته‌وه له بڕیارى ناوبژیوانییه‌كه كه ده‌كاته بڕى (1 یه‌ك ملیار و 239 دوو سه‌د و سى و نۆ ملیۆن دۆلار) ئیتر وه‌كو قه‌رز له ئه‌ستۆى حكوومه‌تى هه‌رێم نامێنێت، به‌ڵكو پۆڵێن ده‌كرێته‌وه و تۆمار ده‌كرێت وه‌كو تێچووى خه‌رجكراو له لایه‌ن كۆنسۆرتیۆمه‌وه به هه‌ڵپه‌سێردراوى ده‌مێنێته‌وه و شایانى وه‌رگرتنه‌وه‌یه له داهاتى به‌ده‌ستهاتوو له وه‌به‌رهێنان له ناوچه‌كانى ڕێككه‌وتنى ساڵى 2007 وه‌كو تێچوو. • ته‌رخانكردنى به‌شه قازانجى (پێڕڵ) له داهاتى به ده‌ستهاتوو له پاشه‌ڕۆژدا له ناوچه‌كانى دیاریكراو له ڕێككه‌وتنى ساڵى 2007 له سه‌ر هه‌مان بنه‌ماى كارپێكراو ده‌بێت كه دیاری كراوه بۆ ئاستى قازانجى گشتیى كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى نه‌وت له چوارچێوه‌ى (گرێبه‌سته‌كانى هاوبه‌شیكردن له به‌رهه‌مهێنان) له هه‌رێمى كوردستان، له‌م خاڵه‌ى ڕێككه‌وتنى یه‌كلاكردنه‌وه‌كه ڕه‌چاوى هه‌بوونى مه‌ترسیى زیاترى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه كراوه له بوارى گه‌شه‌پێدانى سه‌رچاوه‌كانى گازى سروشتى به به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانى نه‌وت و له دواى به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى تێچووى ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ى كه كۆنسیۆتێرمه‌كه ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، ئه‌وا داهاتى به ده‌ستهاتوو وه‌كو قازانج به ڕێژه‌ى 78% له ناوچه‌كانى ڕێككه‌وتنه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت و ڕێژه‌ى 22% بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى (پێڕڵ) ده‌بێت. • ڕێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنى سنوورى بلۆكى كۆڕمۆڕ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنانى داوه به كۆنسۆرتیۆم له هه‌ردوو بلۆكى نزیكى 19 و 20 ، ئه‌م دوو بلۆكه‌ش زیادكراون بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى ڕێككه‌وتنى ساڵى 2007، له‌گه‌ڵ پابه‌ندیى كۆنسۆرتیۆم بۆ وه‌به‌رهێنانى سه‌ره‌تایى له‌سه‌ر ئه‌م بلۆكانه و گه‌شه‌پێدانی بلۆكه‌كان ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ى نه‌وت و گازى بازرگانى دۆزرانه‌وه. • حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵده‌ستێت به كڕینه‌وه‌ى ڕێژه‌ى 50% ى ئه‌و بڕه زیاده گازه‌ى كه له داهاتوو به‌رهه‌م ده‌هێنرێت به‌پێى ئه‌و مه‌رجانه‌ى لایه‌نه‌كان له‌سه‌رى ڕێكده‌كه‌ون و به‌كار ده‌هێنرێت بۆ مه‌به‌ستى دابینكردنى گاز بۆ وێستگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و ڕێژه‌ى 50%ى تریش كه ده‌مێنێته‌وه له گازى زیاده‌ى به‌رهه‌مهێنراو كه ده‌كاته 250 مه‌قمه‌ق له لایه‌ن (پێڕڵ)ـه‌وه به بازاڕ ده‌كرێت چ له ڕێگاى فرۆشتنى به كڕیارانى كه‌رتى تایبه‌ت له ناو عێراق، یان له ڕێگاى هه‌نارده‌كردنه‌وه، یاخود ده‌كرێت به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بفرۆشرێت بۆ هه‌مان مه‌به‌ستى فراوانكردنى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له چوارچێوه‌ى عێراقدا. • هه‌روه‌ها (پێڕڵ) هه‌ڵده‌ستێت به فراوانكردنى به‌رنامه‌كانى ڕاهێنانى ناوخۆیی و ده‌سته‌به‌ركردنى هه‌لى كار له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى به‌رزترین ئاست له به‌كارهێنانى سه‌رچاوه‌ى ناوخۆیی، هه‌روه‌ها پشتیوانیكردنى كۆمه‌ڵگه‌ى خۆجێیه‌تى له ڕێگاى چالاكییه‌كانى تایبه‌ت به به‌رنامه و پڕۆژه‌كانى به‌رپرسیارێتى هاوبه‌شیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. • لایه‌نه‌كان پێكه‌وه ده‌ستبه‌ردار بوون و ته‌نازولیان كرد له هه‌موو داوا یاساییه‌كانیان له ناوبژیوانى و هه‌ر پرۆسه‌یه‌كى تر‌ى په‌یوه‌ندیدار به دادگاكانه‌وه. • لایه‌نه‌كان هه‌ستان به هه‌مواركردن و ڕوونكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك له مه‌رج و داڕشتنه‌كانى ڕێككه‌وتنى ساڵى 2007 له ناویشیاندا درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى ڕێككه‌وتنامه‌كه تاوه‌كو ساڵى 2049. لایه‌كان زۆر خۆشحاڵ بوون به ڕێككه‌وتنى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانی نێوانیان و چاوه‌ڕوانن پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به به‌رزترین ده‌رفه‌ته‌كانى ناوچه‌كانى ناو ڕێككه‌وتنى نێوانیان، ئه‌ویش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شى لایه‌نه‌كان و هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵكانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق كه سوودمه‌ند ده‌بن له زیادكردنى داهاتى گشتى و دابینكردنى كاره‌باى باشتر و لایه‌نه‌كانى ئه‌م ڕێككه‌وتنه باوه‌ڕییان وایه كه ڕێككه‌وتنه‌كه ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى نێوده‌وڵه‌تى كه هه‌رێمى كوردستانى عێراق ژینگه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێش و دڵنیایه بۆ وه‌به‌رهێنان. هه‌ر له باره‌ى ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌وه، به‌ڕێز دكتۆر ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتى: (وه‌به‌رهێنانى ئه‌و كۆمپانیایانه له بوارى به‌رهه‌مهێنانى گاز تا ئێستا بۆته به‌ده‌ستهێنانى سوودى گه‌وره بۆ هه‌رێمى كوردستان له ڕێگاى پشتیوانیى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با به تێچوویه‌كى گونجاو. ئێمه خۆشحاڵین به ده‌رئه‌نجامى ئه‌م ڕێككه‌وتنه كه ده‌بێته هۆى هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له په‌یوه‌ندیى نێوان لایه‌نه‌كان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى به‌رهه‌مهێنانى گازى سروشتى له هه‌رێمى كوردستان ده‌خاته ئاستێكى نوێى به‌رزه‌وه.) هه‌روه‌ها به‌ڕێز مه‌جید جه‌عفه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاى هیلال پیترۆلۆم و به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕیى بۆردى (دانا گاز) گوتى: (كۆمپانیاكان هه‌میشه پابه‌ندیى خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆستانه‌ى بابه‌ته‌كان به ئاڕاسته‌ى گه‌شه‌پێدانى گونجاوى كێڵگه‌كانى كۆڕمۆڕ و چه‌مچه‌ماڵ، ئێمه خۆشحاڵین و له چوارچێوه‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتنامه گرنگه‌دا كه دوای دانوستان و گفتوگۆى بنیاتنه‌ر هاته‌دى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پابه‌ند ده‌بین به به‌دیهێنانى به‌هاى گرنگى هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ى جێگه‌ى گرنگیى لایه‌نه‌كانن، هه‌روه‌ها یه‌كلاكردنه‌وه‌ى گشت قه‌رزه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگیى ته‌واوى نێوان لایه‌نه‌كان كه ئاسۆیه‌كى ئه‌رێنى ده‌خاته ڕوو بۆ وه‌به‌رهێنانى زیاتر و به ئاگابوونى ته‌واو بۆ هه‌بوونى ده‌رفه‌تى سه‌رچاوه‌ى گه‌وره له‌و ناوچانه‌ى كه ڕێكه‌وتنه‌كه ده‌یانگرێته‌وه.) سەرچاوەكان: • سایتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان https://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/ku.html • سایتی كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی https://www.danagas.com/?lang=ar • چاوپێكەوتنی مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەگەڵ (رووداو) https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2710202313 • دابەشبوونی جوگرافی بلۆکە غازییەکانی هەرێمی كوردستان، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10229 • پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر كێشەی تێكەوت، هەواڵ لە سایتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=15527 • كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتی‌و یەكێتیدا گیری خواردووە https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10542 • "ئه‌مه نۆیه‌م جاره هێرش ده‌كرێته سه‌ر كۆرمۆر"، هەواڵ لە سایتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=15009 • كێ هێرش دەكات ؟، هەواڵ لە سایتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10548 • یەكێتی كارتی غاز بەرامبەر پارتی بەرزدەكاتەوە، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=7720 • به‌غداد له كڕینی غازی كوردستان پاشگه‌زده‌بێته‌وه، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14424
درەو: راپۆرتی: سەرتیپ جەوهەر 🔻 تەواوی فەرمانگەكانی مەركەزیی لەرۆژئاوای كوردستان پەكیان كەوتووە 🔻 موچەی فەرمانبەرێكی دیمەشق كەمتر لە 25 دۆلارە، هەر سەربازێكیش كەمتر لە 10 دۆلار 🔻 كەمترین موچەی رێڤەبەری 90 دۆلارەو زۆرترینیشی 600 دۆلار 🔻 ئەگەر موچەی فەرمانبەرانیان بە 400% زیادبكرێت ئینجا دەگاتە 80 دۆلارێك 🔻 هەر خێزانێكی سوریا مانگانە لایەنیكەم زیاتر لە 150 دۆلاری پێویستە، كەچی هەیە 25 دۆلار موچەكەیەتی 🔻 یەك ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەر لەهەموو سوریا هەیە، نزیكەی 300 هەزاریان وەهمین 🔻 250 هەزار فەرمانبەری دەوڵەت لەرۆژئاوایە، محەمەد جۆلانیی هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵ بڕیون 🔻 رێڤەبەری خۆسەر 135 هەزار كارمەندی هەیە، جگە هێزەی سەربازیی و ئەمنی 🔻 رێڤەبەری خۆسەر نزیكەی 150 هەزار چەكدارو هێزی ئەمنی هەیە موچەكانیان لەنێوان 150 بۆ 500 دۆلارە 🔻 لەنێوان 85% بۆ 95% نەوت و لە 60% بۆ 70% گازی سروشتی سوریا لەرۆژئاوای كوردستانە تائێستا دۆخی رۆژئاوای كوردستان روون نییە. هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان رێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق نییەو دووری نێوانیان زۆر زیاترە لەوەی باسی لێوەدەكرێت. پێدەچێت ئەم دۆخەی ئێستا درێژە بكێشێت و بەمزوانە چارەنوسی ئەو ناوچەیە یەكلایی نەبێتەوە. لەدوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانیی لەسوریا پەكیان كەوتووە. خزمەتگوزارییەكان لەخراپترین دۆخدایە. محەمەد جۆلانیی حاكمی نوێی دیمەشق، هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵ تەواوی جومگەكانی حوكمڕانیی و فەرمانگەكانی دەوڵەت لە رۆژئاوای كوردستان پچڕاندووە. واتە هیچ دامودەزگایەكی دەوڵەت لەرۆژئاوای كوردستان كارناكات و بەتەواوی گۆد بووە. ئەمەش بۆشایی و كاریگەرییەكی گەورەی جێهێشتووە، بەڵام فەرمانگەكانی رێڤەبەری كاری خۆیان دەكەن. دەوام و كاركردن لەهەموو خوێندنگا‌و فەرمانگەكانی تەندروستیی و تەواوی فەرمانگەكانی دیكە وەستاوەو هیچ بەرچاوڕوونیەك نییە لەبارەیانەوە، بەڵام فەرمانگەو یەكە ئیدارییەكانی سەر بەرێڤەبەری خۆسەر كە جیاوازە لەفەرمانگەكانی دەوڵەتی مەركەزیی كاردەكەن. واتە خوێندنگا‌و نەخۆشخانەو یەكە ئیدارییەكانی سەر بەرێڤەبەری دەوامی خۆیان دەكەن. دۆخی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان كەمێك ئاڵۆزە، چونكە دوو ئیدارەو دوو ناوەندی ئیداریی هەیە. یەكێكیان یەكە ئیدارییەكانی دەوڵەتی پێدەگوترێت كە لەرووی ئیدارییەوە سەر بەدیمەشقن و موچەو پێداویستی كاركردنیان لەوێ بۆ دابین دەكرێت، ئەویدیكەیان یەكە ئیدارییەكانی سەربە رێڤەبەری خۆسەرە كە موچەو پێداویستیەكانیان لەلایەن رێڤەبەری خۆسەر دابیندەكرێت. لەوێ دوو دادگا‌و دوو پەروەردەو دوو فەرمانگەی تەندروستیی و دوو شارەوانیی و ..تد هەیە. یەكێكیان سەر بەرێڤەبەری خۆسەرەو ئەویدیكەشیان سەر بەحكومەتی ناوەندە. هەریەكەیان موچەو شێوەی ئیشكردنیان تەواو جیاوازە. بەپێی لێدوانی رەسمیی نزیكەی یەك ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەر لە سوریا هەیە كە دەكاتە 30% هێزی كاری ئەو وڵاتە. لەو ژمارەیە روون نییە چەند فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لە رۆژهەڵاتی فورات و ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیمەكرات هەیە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان كە لەنێوان 4.5 بۆ 4.8 ملیۆن كەس دەبێتدەردەكەوێت نزیكەی 250 هەزار فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لەرۆژئاوای كوردستان هەیە. لەبەرامبەر ئەو ژمارەیەی فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەند، ئێستا نزیكەی 135 هەزار كارمەندو كرێكاری رێڤەبەری خۆسەر هەیە، ئەمە جگە لەهێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە ئەمنیەكانی دیكە كەكۆی ئەو هێزانە بەپێی سەرچاوەی ناڕەسمیی دەگاتە نزیكەی 150 هەزار چەكدار. بەر لەرووخانی رژێمی ئەسەد نرخی لیرەی سوریا بۆ یەك دۆلار 14500 لیرە بوو، بەڵام لەدوای رووخانی رژێمی سوریا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبۆتەوە ئێستا یەك دۆلار بەرامبەر 11500بۆ 12000 لیرەی سوریایە. بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستە، بەرزترین موچەی فەرمانبەرێكی دەوڵەت لە سوریا كە ئێستا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبۆتەوە، لەنێوان 25 بۆ 30 دۆلارە. ئەو بڕە پارەیە لەهەندێك بارودۆخ رەنگە نەكاتە خەرجی تەنها یەك رۆژی خێزانێك. ئەمە لەكاتێكدا هەر خێزانێكی سوریا لایەنیكەم مانگانە پێویستی بە 150 دۆلار هەیە بۆ نزمترین ئاستی ژیان. بەپێی لێدوانی رەسمیی كاربەدەستانی ئێستای حكومەتەكەی محەمەد جۆلانیی گوایە لە 400% لەمانگی داهاتووەوە بەرز دەكاتەوە، لەباشترین حالەت موچەی فەرمانبەرێكی حكومەتی ناوەندی نزیك دەبێتەوە لە 80 دۆلاری ئەمریكیی، بەڵام ئەو زیادكردنە هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە بەڵكو زیادكردنەكە مەرجدارە. بەهۆی ئەو زیادكردنەوە مانگانە حكومەت پێویستی بە 127 ملیۆن دۆلاری دیكە دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا خەرجی حكومەت بۆ موچە بەر لەزیادكردن بۆ مانگێك نزیكەی 30 ملیۆن دۆلارێك بووە، بڕیارێكیش هەیە فەرمانبەرانی وەهمی لەلیستی موچەدا بسڕێنەوە كە بەنزیكەی 300 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. بێگومان ژیان لەرۆژئاوای كوردستان تەواو جیاوازترە. جۆرێك لەسەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئابوریی هەیە. لەژێر فەرمانڕەوایی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەنزیكەی 135 هەزار فەرمانبەر هەیە. موچەی فەرمانبەرانی ئیدارەی رێڤەبەری خۆسەر هەمیشە جیاواز بووە لەفەرمانگەكانی حكومەتی ناوەند، چونكە بەپێی گۆڕانی نرخی دۆلار لەقۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكە جیاوازە. بەپێی لێدوانی رەسمیی، موچەی فەرمانبەرانی رێڤەبەری خۆسەر لەنێوان 90 دۆلار بۆ نزیكەی 600 دۆلاری ئەمریكیە. واتە لەنێوان یەك ملیۆن و 40 هەزار لیرەی سوریا بۆ 8 ملیۆن لیرەیە. ئەم جیاوازییە لەموچەدا لەهێزە ئەمنی و سەربازییەكانیش بەروونی هەبووە. بۆنمونە موچەی مانگێكی سەربازێكی سوریا تا رووخانی ئەسەد لەنێوان 8 دۆلارێك بوو، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئاسایش لەنێوان 150 بۆ 500 دۆلارە. یەكێك ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم حوكمڕانیی نوێی دیمەشق رووبەرووبونەوەی دۆخی داتەپیوی ئابورییە. حكومڕانانی نوێ لەبەردەم دۆخێكی زۆر ئاڵۆزدان ئاسان نییە چارەسەركردنی. لەلایەك ئەو وڵاتە لەژێر بارێكی گرانی قەرزدایە، هاوكات خاوەنی سامانێكی ئەوتۆی سروشتیی نییە، ئەمە جگە لەلێكەوتەی وێرانەیی و باری گرانی دوای شەڕو ماڵوێرانیی. سەرباری خراپی دۆخی ژیان و وێرانەیی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەری رۆژهەڵاتی فورات جگە لەوەی لەرووی كشتوكاڵەوە زۆرباشترە هاوكات خاوەنی سامانێكی زۆری سروشتییە، بۆیە بەراورد بەناوچەكانی دیكەی سوریا بارودۆخی ئابوریی لەو ناوچانە باشترە. سەبارەت بەسامانی نەوت، پێشتر‌و لەباشترین بارودۆخ دەوڵەتی سوریا رۆژانە بەنزیكەی 390 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێناو نزیكەی 150 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكردو ئەویدیكەی لەناوخۆ بەكاردەهێنرا، بەڵام لەدوای 2011 ئەو رێژەیە زۆردەبەزیوەو ئێستا بەرهەمەكە بەشی ناوخۆ ناكات. بەپێی ئەو داتا‌و زانیاریانەی بەردەستن، یەدەگی نەوتی چەسپێنراوی سوریا 2.5 ملیار بەرمیلە، بەڵام یەدەگی نەچەسپێنراو دەگاتە 27 ملیار بەرمیل. بەنزیكەی 85% بۆ 95%ی نەوتی سوریا دەكەوێتە بەری رۆژهەڵاتی فورات، واتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات. ئەوانیش بریتیە لە كێڵگەكانی وەك تەنەك، عومەر، جفرە، كۆنیكۆ، رمێلان و هەندێك ناوچەش لەحەسەكە..تد. بەپێی زانیاریی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر بەرهەمهێنانی نەوت پەكیكەوتبوو، بەتوانای ناوخۆ بەرزكرایەوە تا لە 2020 گەیشتە 87 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، بەڵام پەلاماردانەكانی تورك زیانی گەورەی بەكەرتی بەهەمهێنانی نەوت گەیاند، بۆیە ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ نیوان 40 بۆ 45 هەزار بەرمیل. لەبەرامبەر ئەو رێژەیە لەناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر، لەناوچەكانی رۆژئاوای فورات، یان ناوچەكانی دیمەشق، رێژەی بەرهەمهێنان لە ساڵی2024 زۆر دابەزی بەر لەرووخانی ئەسەد گەیشتە تەنها 15 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا. سەبارەت بە سامانی غازی سروشتیی، یەدەگی غازی سروشتیی سوریا بە 8.5 تریلیون پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، لەو رێژەیە لەنێوان 60% بۆ 70%ی ئەو رێژەیە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات لەكێڵگەكانی شەدادی و تەنەك. پێشتر توانای بەرهەمهێنانی غاز لەسوریا لەرۆژێكدا نزیكەی 30 ملیۆن پێ سێجا بوو، بەڵام بەهۆی هێرش و پەرمارە كانی تورك و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە، ئەو رێژەیە زۆر دابەزی گەیشتە نزیكەی 5 ملیۆن پێ سێجا. بەپێی دوایین زانیاریی ناڕەسمیی لەناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر رێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی دەگاتە نیو ملیۆن پێ سێجا.
درەو: شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا لە هه‌وڵی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هەرێمی كوردستاندایە، ئاماده‌ییە (6) وه‌زاره‌ت به وه‌زیر و بریكار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كانیشه‌وه بداته نەوەی نوێ، ئه‌گه‌ر پارتی به داواكارییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ رازی نه‌بێت به‌شداری حكومه‌ت ناكه‌ین، ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت بەشداری ناكەین، كوشته‌ی پۆست نین و به‌لامانه‌وه گرنگ نییه. ئه‌گه‌ر بێڕێزی و كاری نایاسایی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان بكرێت به‌شێك نابین لێی، له دانیشتمان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی رایانگه‌یاند كه ئاماده‌ن ته‌واوی شه‌ش وه‌زاره‌ت بده‌نه نه‌وه‌ی نوێ. پارتی ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه كه جگه له پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌موو پۆستێكی تر شایه‌نی ئه‌وه‌یه كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و باسی ئه‌وه‌شیان كردووه كه 30 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و 20 بریكار و پۆستی دیكه‌ی سیدیمان ده‌درێتێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری حكومه‌تێك ناكه‌ین ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بێت و به‌م سیغه‌یه‌ی ئێستا وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه". به‌پێی یاسا ده‌بوایه له ماوه‌ی 45 رۆژدا یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان بكرایه و په‌رله‌مانتاران سوێندیان بخواردایه و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێردرایه، به‌ڵام نه‌یان كرد، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ی یاسایی هه‌یه و پارتی و یه‌كێتی به ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك لێی به‌رپرسن".تا چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی كوردستان كۆنه‌بێته‌وه، سه‌رۆكی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه و ده‌بێته‌وه به په‌رله‌مانتارێكی ئاسایی". ئه‌گه‌ر له داهاتوودا یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن و پارتی رازی بوو پۆستی سیادی و خاوه‌ن بڕیار و ئه‌وانه‌ی داوامانكردووه بداته نه‌وه‌ی نوێ، به‌ڵام ئه‌و خاڵانه‌ی داوامانكردووه كه 16 خاڵه و داومانه به پارتی جێبه‌جێ نه‌كرێت، وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه"، ۆ ئه‌وانه‌شی كه پێیانوایه نه‌وه‌ی نوێ ده‌چێته پاڵ ئه‌م و ئه‌و یان رێكه‌وتنی ژێربه‌ژێری هه‌یه، یه‌ك قسه هه‌یه بۆ مێژوو به هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نم، "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و هێزه‌كانی دیكه راستده‌كه‌ن و نایانه‌وێت سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پارتی بێت، بابێن رێكبكه‌وین و كه‌سێك دیاری بكه‌ن من و 15 په‌رله‌مانتاره‌كه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌سه‌كه كێیه ده‌نگی پێده‌ده‌ین و یه‌ك وه‌زاره‌تیشمان ناوێت به‌ڵام له پارتی نه‌بێت".
درەو: بە بەراورد بە ساڵی رابردوو پێشێلكاری و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بەرێژەی (27%) كەمیكردووە، پێشێلكاری لە (249) حاڵەتەوە بۆ (182) حاڵەت كەمیكردووە، دەستگیركردن لە (37) حاڵەتەوە بۆ (23) حاڵەت كەمیكردووە. سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان راپۆرتی ساڵانەی رەوشی رۆژنامەنووسانی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ لە ساڵی رابردوو (2024)دا (182) پێشێلكاری بەرامبەر (176) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە بەجۆرێك: - كوشتنی رۆژنامەنووس (3) حاڵەت - رێگریكردن و جیاكاری: (103) حاڵەت - دەستبەسەركردنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسان: (17) حاڵەت - دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان: (24) حاڵەت - هێرش و هەڕەشەو سوكایەتی : (27) - هێرشی ئەلكترۆنی: (6) حاڵەت - شكاندنی كەل و پەلی رۆژنامەنووس (2) حاڵەت بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ لە ساڵاَی رابردوو (2023)دا (249) پێشێلكاری بەرامبەر (247) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە بەجۆرێك: رێگریكردن و جیاكاری: (134) حاڵەت دەستبەسەركردنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسان: (38) حاڵەت دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان: (37) حاڵەت هێرش و هەڕەشەو سوكایەتی : (27) دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای رۆژنامەنووسی (5) حاڵەت هێرشی ئەلكترۆنی: (4) حاڵەت شكاندنی كەل و پەلی رۆژنامەنووس (2) حاڵەت هەڵكوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووسان: (2) حاڵەت پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ساڵی 2023: (249) ساڵی 2024: (249) كەمیكردووە: (67) بەرێژەی (27%) دەستگیركردنى رۆژنامەنووسان ساڵی 2023: (37) دەستگیركردن ساڵی 2024: (24) دەستگیركردن كەمیكردووە: (13) حاڵەت بەرێژەی: (35%) كەمیكردووە
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق روونكردنەوەیەكی تری لەسەر خەرجی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوەو دەڵێت: تا ئێستا حکومەتی هەرێمی كوردستان تەوتینی موچەی موچەخۆرانی نەکردووە، بەداخەوە تا مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەم و کانونی یەکەمیش لیستی مووچە ناوی دووبارەی تێدابووە، بەڵام ئێمە تەواوی موچەمان ڕەوانە کردووە. لێدوانێك لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە: 🔹حكومەتی هەرێم، نە پابەندنەبووە بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەقی یاسای مادەی (12/دووەم) (ئەلف و ب،ج،د،ه)ی، بودجەی فیدراڵی و نە بەبڕیاڕی دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان بۆ خەزێنەی گشتی لەوادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەوە. 🔹هەرێم لەسەرەتای مانگەكانی ساڵی پاردا نەیتوانی داهاتی نەوت رادەستبكات، بەهۆی بڕیاری راگرتنی نەوتی هەرێم، نەوتی بەسرە بڕی بەرهەمهێنانی زیادكرد بۆ قەربوكردنەوەی، بەڵام لە دوای ئەوەوە هەرێم خۆی دەستی كردەوە بە نەوت فرۆشتن لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام هیچ داهاتێكی رادەستنەكردووە، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەشدا ئاشكرانەكراوە. 🔹ئەوەش وایكردووە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی تێچوی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بگرێتە ئەستۆ كە ئۆپێك سەپاندویەتی بەسەریدا، كە كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر نەختینەی دارایی خەزێنەی گشتی دەوڵەت: 1-كەمركردنەوەی بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاو. 2-دابەزینی نرخی نەوت لەمانگی تەمموزە. 3-هەرێمی كوردستان لەمانگی تەمموزەوە تائێستا هیچ داهاتێكی نەوتی نەناردووە، داهاتی نا نەوتیشی نەناردووە كە بڕكەی (4) تریلیۆن دینارە، تەنها (399) ملیار دیناری ناردووە. 🔹هەرێم لە تێچوی رەوەن(نفقات جاری)ی خەرجكردووە، هەروەها زیادەڕۆیكردووە لە تەرخانكراوی دارایی، هاوكات موچەی و دەرماڵەی زیادەی لە تەرخانكراو بۆ فەرمانبەرەكانی خەرجكردووە، كە ئەوەش وایكردووە وەزارەتی دارایی نەتوانێت پارە بۆ لیستە نێردراوەكان بەشێوەیەكی تەواو و وردبینیكراو لەلایەن فەرمانگەی بودجەوە دابین بكات، بەڵكو لە تەرخانكراوی ماوە پارەكەی دابینكردووە بەهۆی نەبونی پاڵپشتیەكی یاسایی كە رێگە بە وەزیری دارایی بدات پارەی زیادە لە تەرخانكراو یان لە پشكی تەرخانكراویان بۆ دابین بكات بە گوێرەی ئەحكامەكانی مادەی (11/دووەم) لە خەرجی راستەقینە بۆ ساڵی (2024). 🔹هەرێم زیادەڕۆیكردووە لە تەرخانكراو بۆ خەرجی موچەی خانەنشیان، كە ئەوەش وایكردووە وەزارەتی دارایی نەتوانێت پارەی مانگی كانونی یەكەمی (2024) بدات، بەهۆی ئەوەی هەرێم پێشێلكاری كردووە لە خەرجی موچەی تەرخانكراوی موچەی خانەنیشنی، لەسەرەتای تەمموزەوە وادەی دەرچونی بڕیاری دادگا فیدراڵی كە دەڵێت، خانەنیشنانی هەرێم یاسای خانەنیشنی ژمارەی (9)ی ساڵی (2019)ی هەمواركراو دەیانگرێتەوە. 🔹لیژنەیەك بە فەرمانی دیوانی بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و نوێنەری هەرێم پێكهات، بۆ گەیشتن بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكە لەسەر خانەنشینانی هەرێم، بەڵام هەرێم موچەی خانەنیشیانی هەرێمی خەرجكرد، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بوونی تەرخانكراو یان چاوەڕێكردنی كارەكانی لیژنەكە، كە بووە هۆی زیادەڕۆیكردن لە تەرخانكراو و نەتوانینی وەزارەتی دارایی بە پارەداكردنی زیادە لە تەرخاكراو و رێژەی (12.67) پشكی هەرێم، لەبەر رۆشنایی خەرجی راستەقینە، سەرەڕای پێشێلكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی. 🔹بەگوێرەی ئەحكامەكانی مادەی (12/و) كە وەزارەتی دارایی پابەندكردووە بە گێڕانەوەی قەرزەكانی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی، بەگوێرەی قیستی مانگانە كە لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت لەسەرەتای ساڵی (2023)وە، وەزارەتی دارایی نەیتوانی شایستەكان بدات، بەهۆی ئەوەی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتیەكانی رادەست نەكرد، كە بڕكەی (4) تریلیۆن دینارە، بەڵكو داهاتەكانی قۆستەوە بۆ پارەداركردنی تێچوی بەكاربردن و وەبەرهێنان و پلەبەرزكردنەوەو جێبەجێكردنی یاسای خانەنیشنی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بوونی تەرخانكراو یان دەقەكانی یاسای بودجە. 🔹هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە نوێنەرانی هەرێم، كە لایەنێكی چاودێرین، دەبوو لێپرسینەوە لەهەرێم بكەن بەهۆی پێشێلكردنی تەرخانكراوی دارایی و سەرپێچیكردنی و جێبەجێنەكردنی دەقەكانی یاسای بودجەی گشتی و بڕیارەكانی دگای فیدراڵی، نەك دەركەوتن لە میدیاكان و تۆمەتباركردنی وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی، بەوەی دەقەكانی بودجە جێبەجێناكەن ئەوان دایانڕشتووە. 🔹لەبری لێپرسینەوە لە هەرێم و پابەندكردنی بە جێبەجێكردنی بڕگە یاساییەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و، پێشێلكردن لە خەرجی موچەو تەوتین كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە تائێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ فەرمانگەی ژمێركاری هاوشێوەی وەزارەت و پارێزگاكانی عێراق، كە لیستی ناوی كەسەكان و ئەو بانكانانە رەوانە دەكەن كەهەر یەكێكیان موچەی لێوەردەگرن، نەك وەك ئەوەی پەرلەمانتار ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی بانگەشەی بۆ دەكات كە هەرێم (75%) موچەی فەرمانبەرانی تەوتین كردووە. 🔹ئەگەر هەرێم بە كرداری موچەی فەرمانبەرەكانی تەوتین بكردایە لیستەكانی رەوانەی فەرمانگەی ژمێركاری وەزارەتی دارایی دەكرد، بەمەبەستی دابەزاندنی موچەكانیان، جگە لەوەش هەرێم تائێستا ژمارەی وەزیفی تەواونەكردووە، سەرەڕای كۆتایهاتنی ساڵی دارایی (2024). 🔹داوا لە هەرێم دەكەین لەسەرەتای ساڵی (2025) پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیاری دادگای فیدراڵی بەبێ كەمتەرخەمیكردن و، پێویستە لەسەر لیژنەی دارایی و لیژنەی دەستپاكی بەدواداچونی بۆ بكەن.
راپۆرت: درەو یەكێك لەو كێڵگانەی ناوچەی گەرمیانە كە هەر لە سەرەتای چالاكییە نەوتییەكانەوە گرێبەستی بۆ كراوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەكی جێگیر، بەمدواییە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر كێڵگەكەدا هەیە دەیانەوێت غازەكەی بەكاربهێنن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەمەبەستی فرۆشتنی كارەباكە بە حكومەتی عێراق، ئەمە چیرۆكی كێڵگەی (كوردەمیر)ە، كە شەڕی پشكەكانی گەیشتە دادگای شاهانەی لەندەن. بلۆكی كورده‌میر: - دەكەوێتە سنوری ناحیەی شێخ تەویلی كەلارو سەنگاوی سەربە چەمچەماڵ، تا سه‌ر روباری سیروان درێژدەبێتەوە. - رووبه‌ره‌كه‌ی (620) كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە. - لەم كێڵگەیەدا بەرهەمی غاز لە نەوتی رەش زیاترە. - بڕی (5.129) ملیار به‌رمیل یەدەگی نه‌وتی تێدایه. - بڕی (65) ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت لەم بلۆكەدا هەیە. - یەدەگی سەلمێندراو نەسەلمێندراوی غازی سروشتی لەم كێڵگەیەدا بە نزیکەی (2.3) ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت. - شەش بیری نەوتی تێدایە كە ئەمانەن (K4-K3-K2-K1-K39-K44). لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێرو سلێمانی دوای شەڕی ناوخۆیی پارتی و یەكێتیی، ئیدارەی یەكێتیی لە سلێمانی لە رۆژی 4ی ئایاری 2006دا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) ئیمزاكرد بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی (کوردەمیر) لە سنوری گەرمیان، ئەمە یەكێك لە گرێبەستە سەرەتاییەكانی كەرتی نەوت بوو لە هەرێمی كوردستان. دواتر‌و پاش كەوتنی رژێمی سەددام لە 2005دا، كە هەردوو حكومەتی پارتی و یەكێتیی یەكیانگرتەوە، گرێبەستی كێڵگەی كوردەمیر كە لە جۆری (هاوبەشیی لە بەرهەمهێناندا)یە، لە 28ی شوباتی 2008دا نوێكرایەوە، ئەمجارە پشكەكانی كێڵگەكە بەمشێوەیە دابەشكرایەوە: • 40% بۆ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسی كەنەدی • 40% بۆ كۆمپانیای تالیسمان ئینەرجی كەنەدی • 20% بۆ (کیپکۆ)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاری 2019 كۆمپانیایەكی بواری وزەی ئیسپانی بەناوی (ریپسۆڵ) خۆی هاویشتە ناو پشكەكانی كێڵگەی كوردەمیر، پشكی كۆمپانیای (تالیسمان)ی كڕییەوەو فرۆشتی بە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بەناوی (دایناستی)، ئەمە كێشەی دروستكرد، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان ناڕازیی بوو، كەیسەكە گەیشتە دادگای لەندەن، ئەمە وایكرد ئاشتی هەورامی پشكەكانی لە كۆمپانیای (تالیسمان)ی كەنەدی وەرگرتەوەو كۆمپانیا ئیسپانییەكەشی كردە دەرەوە، پشكەكانی لەنێوان كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی و (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی دابەشكردەوە، بەمشێوەیە: • 40% بۆ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسی كەنەدی • 40% بۆ كۆمپانیای گازپرۆمی روسی • 20% بۆ (کیپکۆ)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان كوالێتی نەوتەی ئەم كێڵگەیە لە جۆری (سوك)ە، API نەوتەكەی لەنێوان 38 بۆ 42 بۆ 61دایە بەپێی بیرە جیاوازەكانی، نەوتەكەی كبریت (گۆگرد)ی تێدا نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی غازی سروشتی لە كێڵگەكەدا زیاترە لە نەوتی رەش، بۆیە هەرگیز بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە نەگەیشتە ئاستێكی جێگیر. لە ساڵی 2020وە بۆ ماوەیەك كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تردا دەستیكردەوە بە هەڵكۆڵینی بیرەكان لە كێڵگەی (كوردەمیر)، ئەوكات رۆژنە (750 بۆ هەزار) بەرمیلی رۆژانە وەكو تێست تەنیا لە یەك بیر لەم كێڵگەیە بەرهەمبهێنن، بەڵام دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتی غازی هەرێم و دواتر دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە ئازاری 2023دا كە بووە هۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ توركیا، وا لە كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس كرد بەتەواوەتی كارەبانی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە رابگرێت. بەڵام ئەم كۆمپانیایە هێشتا دەستی لە خەونەكانی لە كێڵگەی كوردەمیر هەڵنەگرتووە، سەرباری ئەوە نە نەوت و نە غازیشی لەم كێڵگەیە بەرهەم نەهێناوە، بەڵام هێشتا دەستی بە گرێبەستەكەیەوە گرتووەو رۆژی 7ی كانونی یەكەمی 2023 دوای چەند مانگێك لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا لەرێگەی بۆرییەوە، ویسترن زاگرۆس بە فەرمی پەیوەندی لە گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستانەوە كرد، گروپێك كە كورتكراوەكەی "ئەپیكور"ەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت، ئامانجی گروپەكە یەكخستنی هەوڵەكانە بەمەبەستی بەرگریكردن لە كار‌و شایستە داراییەكانیان لە هەرێم، هەروەها فشاركردن بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. ئیستا بیرە نەوتەكانی كوردەمیر قوفڵیان لێدراوە، بەهۆی زۆری ئاو لە بیرەكاندا، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە دەسەڵاتداری سنورەكەیە پرۆژەیەكی ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە كێڵگەی (كوردەمیر)، بەڵام ئەمجارەیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵكو بۆ بەرهەمهێنانی غاز‌و دروستكردنی وێستگەیەكی كارەبا لە ناوچەكە، ئامانج لەم پرۆژەیە بەرهەمهێنانی كارەبایە لە غازی (كوردەمیر) بەمەبەستی فرۆشتنی بە حكومەتی فیدراڵی عێراق. ئەوانەی ئاگاداری پرۆژە نوێیەكەی ئیدارەی گشتیی یەكێتین باسلەوە دەكەن، بۆ بەرهەمهێنانی غازی كوردەمیر، ئیدارەی گشتیی یەكێتیی هەم لەگەڵ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و هەم لەگەڵ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس قسەی كردووە كە خاوەنی پشكەكانی كێڵگەكەیە، بەڵام دیار نییە لەحاڵی جێبەجێبوونی ئەم پرۆژەیەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی چۆن دەبێت. كوردەمیر لە دادگای لەندەن كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانی بوو بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركرد، داوای بڕی (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكرد، بەبەهانەی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان زیانی بە كۆمپانیاكەی گەیاندووە. (دایناستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان‌و سنورداری بواری نەوت‌و غاز بوو، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە: * بلۆكی نەوتی (K 39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەم‌و ناوچەی جەبارە. * بلۆكی نەوتی (K 44) لە كێڵگەی نەوت‌و غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار. كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو. ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوە‌و دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، ئەوكات یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) گەیشتوەتە (2 ملیار‌و 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆن‌و 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە لە ئایاری 2021دا رۆژانە دەگەیشتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێڵگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا. كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیدا كرد‌و پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە، بەپێی بەدواداچووكانی (درەو)، ئەوكاتیش كۆمپانیای (دایناستی) زیاتر چاوی لە غازەكەی كوردەمیر بووە. كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد. پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوابوو ئاشتی هەورامی یاسا‌و مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشیان دەكرد بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوام‌و نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیان‌و هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریپسۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) راوەستاوە‌و سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە، لەم كەیسەدا ناوی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتیش دەهات كە هەڕەشەی لە خاوەنی كۆمپانیای (دایناستی) كردووە، ئەم بابەتەش لە چەند میدیایەكی خۆرئاوا بڵاوكرایەوە. دوای سێ دانیشتن‌و گوێگرتن لە قسەی پارێزەرانی هەردوولا، دادگای لەندەن رۆژی 23ی نیسانی 2021، بە (54) لاپەڕە حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە دەركرد كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكرد بوو. دادوەری دادگای لەندەن كە ناوی (بوچەر)ە، ئەوكات وتی:" حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەغدادەوە سەروەری هەیە‌و دەتوانێت مامەڵە بە نەوت‌و غازەوە بكات، دادگای فیدراڵی یاخود حكومەتی عێراق دەتوانن ئەوە یەكلابكەنەوە ئایا سەروەریی مامەڵەكردنیان بە نەوت‌و غازەوە بە هەرێمی كوردستان داوە یاخود نا؟". دادوەر رایگەیاند:" ئەمە ئیشی دادگای لەندەن نییە یەكلای بكاتەوە كێ سەروەریی هەیە لەوەی مامەڵە بە نەوت‌و غازەوە بكات یاخود نەیكات، دەبێت دادگای فیدراڵی عێراق ئەم بابەتە یەكلابكاتەوە"، ئیتر بەمشێوەیە دۆسیەكەی لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی عێراق كردەوە. شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئەمە چانسێكی گەورە بوو بۆ كۆمپانیای (دایناستی) بۆ ئەوەی لە بەغدادەوە سكاڵایەكی نوێ تۆماربكاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی كە وەكو خۆی بانگەشەی بۆ دەكرد لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەكانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، بەڵام خاوەنی ئەم كۆمپانیایە تائێستا بێدەنگەو هیچ هەنگاوێكی تری یاسایی هەڵنەگرتووە. دوای ئەم گرێبەستە‌و كێشەكانی وایكرد دواجار ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرێتەوە‌و رادەستی هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسی‌و (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی بكات. سەرچاوەكان: • سایتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان https://gov.krd/mnr/publications/%DA%AF%D8%B1%DB%8E%D8%A8%DB%95%D8%B3%D8%AA%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/ • سایتی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" https://www.apikur.uk/about-us/ • جۆر و كوالێتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10248 • دۆسیەكەی دایناستی‌و ئاشتی هەورامی گەڕێندرایەوە بۆ عێراق، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8398
راپۆرتی: درەو 🔻 رۆژی (16/1/2025) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، ڕاپۆرتی بەرایی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) لە کێڵگەی تاوکێ و فیشخابور ڕاگەیاند؛ 🔹لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (74 هەزار و 163) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024)، ئەو بەرهەمەش سەروو (10 هەزار) بەرمیلی بەڕێژەی (12%) کەمترە بەراورد بە بەرهەمی کۆمپانیاکە چارەکی سێیەمی هەمان ساڵ. 🔹هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، نەوتی بەرهەمێنراوی هەرێم بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە. 🔹 بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024)دا، بۆمان دەردەکەوێت بە تێکڕای ڕۆژانە (78 هەزار و 617) بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و فیشخابور بەرهەمهێنراوە، لە تەواوی ساڵی (2024)دا کۆی بەرهەمی کۆمپانیاکە سەروو (28 ملیۆن و 695 هەزار) بەرمیل نەوت بووە. یەکەم؛ پوختەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی رۆژی (16/1/2025) کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی بەرهەمی خۆی بۆ چارەکی چوارەمی (2024) ڕاگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛ كۆمپانیاكە دەڵێت: بەهۆی بەردەوامیی داخرانی هێڵی بۆری عێراق_توركیا نەوتە خاوەكەیان لە چارەكی چوارەمی ساڵی پار بە كڕیاڕە ناوخۆییەكان فرۆشتووە، كۆی پارەكان پێشەكی وەرگیراوەو راستەوخۆ زۆرینەی رەوانەی هەژمارەكانی بانكی نێودەوڵەتی كۆمپانیای (DNO) كراوە. بەرهەمهێنانی گشتی لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ کە کۆمپانیای (DNO) پشکی (75%)ی تێدا هەیە، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و داخستنی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە مانگی ئازاری (2023)ەوە تاڕادەیەکی زۆر کەوتووەتەوە سەر پێ. لە چارەكی چوارەمدا، كۆمپانیا نەرویجییەكە قازانجی بە بڕی (0.3125) كرۆنی نەرویجی بە هەر پشكێك داوە، كە كۆی قازانجەكەی (27.400) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، كە لەسەر ئاستی ساڵانە دەگاتە (1.25) كرۆنی نەرویجی بۆ هەر پشكێك. بەگوێرەی ئەو خشتەیەی كۆمپانیاكە بڵاویكردووەتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (74 هەزار و 163) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024)، ئەو بەرهەمەش سەروو (10 هەزار) بەرمیلی بەڕێژەی (12%) کەمترە بەراورد بە بەرهەمی کۆمپانیاکە چارەکی سێیەمی هەمان ساڵ. (بڕوانە خشتەی خوارەوە) هاوکات بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیاکە نەوتی هەرێمی بەشێوەی کاش و بە بازرگانان فرۆشتووەو بەرهەمەکان بە تانکەر یان بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان. خشتە (بەرهەمی کۆپانیای (DNO) لە چارەکی چوارەمی (2024) دووەم؛ کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەجۆرێک؛ 1. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان، بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات. 2. کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان. سێیەم؛ بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لە تەواوی ساڵی (2024)دا پاڵپشت بەو داتایانەی کۆمپانیای (DNO) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕابردووش‌دا وەرزانە ڕاپۆرتی کار‌و چالاکییەکانی خۆی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە سەرجەم ئەو ناوچەو کێڵگانەی پشکدارە تێیدا، لە تەواوی ساڵی (2024)دا بە تێکڕای رۆژانە (78 هەزار و 617) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوەو لە تەواوی ساڵدا بەرهەمەکەی بریتی بووە لە (28 ملیۆن و 695 هەزار و 205) بەرمیل نەوت لە خشتەی خوارەوەدا، رونکراوەتەوە، کە بەشێوەی وەرزی (چارەکە ساڵ)ەکانی ڕابردوو بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێک‌دا بووە. خشتە (بەرهەمی کۆپانیای (DNO) لە تەواوی ساڵی (2024) سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەندراوەکانی (DNO) لە بۆ چوار وەرزی ساڵی (2024)؛ • DNO Reports Strong First Quarter Results, Steps Up North Sea Activity https://www.dno.no/en/investors/announcements/dno-reports-strong-first-quarter-results-steps-up-north-sea-activity-2024-05-08/ • Q2 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call; https://www.dno.no/en/investors/announcements/q2-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-08-06/ • Q3 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call; https://www.dno.no/en/investors/announcements/q3-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-10-14/ • Q4 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call; https://www.dno.no/en/investors/announcements/q4-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2025-01-16/
درەو: وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانمان وت، دەمانەوێت رۆڵتان هەبێت لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر پێشێلكاری بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، ئەوا هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەبێت لەوبارەیەوە كە لەوانەیە كاریگەری هەبێت لەسەر سەقامگیری سیاسی عێراق، دڵنیابن وەك ساڵانی رابردوو مافی هەرێم پێشێلبكرێت، قبوڵی ناكەین، ئەم قبوڵنەكردنەش تەنیا بە قسە نابێت" ئەمڕۆ شاندێكی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرانی 23 وڵات لە هەولێر كۆبووەوە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا بە روونی وترا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، ئەیەوێت فاكتەری سەقامگیری بێت لەم ناوچەیە وازحە بۆ ئێوە هەموو كێشەكانی ئەم ناوچەیە رەبتیان بەیەكەوە هەیە، ئێوە بەشێكتان رۆڵتان بینیوە لە درووستكردنی سەقامگیری ئەم ناوچەیە، بۆیە ئەگەر ئەم كێشەیە بەردەوام بێت، بەم جۆرە مافی هەرێمی كوردستان پێشێلبكرێت. هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەبێت لەوبارەیەوە كە لەوانەیە كاریگەری هەبێت لەسەر سەقامگیری سیاسی عێراق ، پێش ئەوەی بگاتە ئەو حەدە با ئێوە رۆڵتان هەبێت بۆ ئەوەی نەگاتە ئەو حەدە، مەهێڵن بگاتە ئەو حەدەو ئێمە هەتاوەكو ئەم دەقەیەش بەدوای چارەسەرەوەین، بەدوای رێزگرتنین لە دەستور، بەڵام ئەوەی ساڵانی 2023 و 2024 قبوڵمان كردووە ئەمساڵ قبوڵی ناكەین و ئەم قبوڵنەكردنەش تەنیا قسە نابێت. لە كۆبوونەوەكەدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی دانوستانكاری هەرێمی کوردستان ( ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ) پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هرەێمی كوردستان بەشداربوون.
راپۆرت: درەو - ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە سنوری قەزای (شێخان) لە پارێزگای (دهۆك). - رووبه‌ره‌كه‌ی (283) كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە. - یه‌ده‌گی نه‌وتی شێخان بە نزیكه‌ی (10.5) ملیار به‌رمیل مەزەندە دەکرێت. - کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم)ی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەكەدا دەکات. کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە تشرینی دووەمی 2007دا گرێبەستی (هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان) لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ كێڵگەی (شێخان)، 80%ی پشکی کارکردنی لەچوارچێوەی گرێبەستی (شێخان) بەدەستەوەیە، 20%ی تری پشكەكانی ئەم كێڵگەیە لای كۆمپانیای (MOL)ی هه‌نگارییە. مانگی ئابی (2009) یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزراوەتەوە، بۆ یەکەم جار لە تەموزی ساڵی (2013)دا کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان، لەوکاتەوە تاوەكو ئازاری 2024 زیاتر لە (124 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەم كێڵگەیەدا بەرهەمهێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزارو 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە. تاوەكو بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی بۆ توركیا (لە 20ی ئازاری 2023دا)، بەرهەمی كێڵگەكە لە چەند رۆژێكی مانگی ئازاری ئەو ساڵەدا بۆ (55 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بووە. کێڵگەکە (18) بیری تێدایە، بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێستگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگە، لەوێوە رەوانەی بۆریی نەوتی کوردستان دەكرێن. گرافیكی خشتەی كێڵگەكان... نەوتی ئەم كێڵگەیە لە جۆری مامناوەندەو بە نەوتی قورس ئەژمار دەكرێت، APIی نەوتەكەی (27) پلەیەو رێژەیەكی كەم كبریت (كۆگرد)و بڕێكی زۆر غازی تێدایە، ئەم كوالیتییە نزمە وایكردووە نرخی نەوتی ئەم كێڵگەیە بە زیاتر لە (20) دۆلار لە خوار نرخی نەوتی برێنت و بازاڕی جیهانییەوە بفرۆشرێت. بەگوێرەی خەمڵاندنی كۆتایی ساڵی 2023ی كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن، تێكڕای یەدەگی سەلمێندراوی نەوت لەم كێڵگەیەدا دەگاتە (458 ملیۆن) بەرمیل و بەشی نزیكەی 28 ساڵ دەكات، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی وەستانی هەناردەی نەوت لە 2023و راوەستانی كارەكانی پەرەپێدانی كێڵگەكە. 27ی ئازاری 2023، كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێێدا رایگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداریكردینەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بۆری كوردستان - توركیاوە راگیراوەو ئەگەر راگرتنی گواستنەوە بەردەوام بێت ناچارین بەرهەمهێنان رابگرین". كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن توانایەكی سنورداریی هەیە لە كلدانەوەی نەوتدا، بۆیە هۆشداریدا لەوەی بەرهەمهێننی نەوت لە كێڵگەی شێخان رادەگرێت. دوای راوەستانی هەناردە بە بۆریی، 19ی تەموزی 2023، كۆمپانیای گۆلف كیستۆن دەستیكردەوە بە وەبەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان بەمەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی، تاوەكو كۆتایی تەموز رۆژانە 4 هەزارو 900 بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، لەمانگی ئابی 2023دا بەرهەمی رۆژانە بۆ 11 هەزارو 700 بەرمیل بەرزكردەوە. هاوشێوەی كۆمپانیا بیانییەكانی تری كەرتی نەوتی هەرێم، كۆمپانیای كارپێكەری كێڵگەی شێخانیش لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بە بۆریی، پشكی خۆی لە نەوتی كێڵگەی شێخان دەفرۆشێت بە بازرگانە ناوخۆییەكان و ئەوانیش بە تانكەر هەناردەی دەرەوەی دەكەن، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو) لە ئایاری ئەمساڵدا (2024) هەر تەنێك لە نەوتی كێڵگەی (شێخان) بەبڕی (218 دۆلار) فرۆشراوە، واتا نرخی بەر بەرمیلێك لە نەوتی ئەم كێڵگەیە بە نزیكەی (29 دۆلار) ئەژماركراوە، كە زۆر لە خوار نرخی جیهانی نەوتەوەیە. داهاتی نەوتی شێخان بۆ كۆمپانیاكان تەنیا لە ساڵی 2023دا سەباری ئەوەی هەناردەی نەوت لە كۆتاییەكانی مانگی ئازاری ئەو ساڵەشدا راوەستاوە، ئەو دوو كۆمپانیای كە لە كێڵگەی (شێخان) وەبەرهێنان دەكەن بڕی زیاتر لە (136 ملیۆن) دۆلاریان وەكو داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت وەرگرتووە، بەمشێوەیە: • كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن كە 80%ی پشكەكانی كێڵگەكەی هەیە: بڕی 109.2 ملیۆن دۆلار • كۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ كە 20%ی پشكەكانی هەیە: بڕی 27.97 ملیۆن دۆلار بەرهەمی كێڵگەی شێخان لە ماوەی ساڵانی 2016 بۆ 2024: • 2016: 35 هەزار بەرمیلی رۆژانە • 2017: 35 هەزار بەرمیل • 2018: 32 هەزار بەرمیل • 2019: 33 هەزار بەرمیل • 2020: 37 هەزار بەرمیل • 2021: 43 هەزار بەرمیل • 2022: 44 هەزار بەرمیل • 2023: 22 هەزار بەرمیل (بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆری بۆ توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەگەیشتە 55 هەزار بەرمیلی رۆژانە) • 2024: 40 هەزار بەرمیل سەرچاوەكان: • سایتی كۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن) https://www.gulfkeystone.com/ • حكومەتی هەرێم : راگرتنی نەوت كاتیەو بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان- هەواڵ لە (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12442 • پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا- راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680 • جۆر و كوالێتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟. نەوزادی موهەندیس، (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10248 • چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2023دا- ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12442 • بازاڕی كڕین و فرۆشتنی نەوت گەرمە، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=15120
(درەو): نزیكەی هەزارو 500 تانكەر لە سنوری سلێمانی كاری گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان دەكەن بۆ ئێران، ئەمانە ئەمڕۆ رێگەی تانجەرۆیان گرت، نیگەرانن لەوەی خاوەن تانكەرە ئێرانییەكان بە نرخێكی كەمتر نەوت دەگوازنەوەو بەهۆیەوە ئەمان بێكار بوون. لە ناوچەی پیشەسازیی تانجەرۆ، ژمارەیەك لە شۆفێری تانكەرەكان چونەتە سەر رێگای سەرەكی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی، ئەمجار هەر خۆیان نەهاتوون، تانكەرەكانیشیان هێناوە. وەكو خۆیان باسی دەكەن، نزیكەی (هەزارو 500 شۆفێر) دەبن، كە نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان دەگوازنەوە بۆ ئێران، باجی رێگا‌و ژینگەو سەرپێچی كامێرا دەدەن، بەڵام باریان پێ‌نادرێت و ئامادە نین بەو نرخە بارە نەوتەكان بگوازنەوە كە خاوەن تانكەرە ئێڕانییەكان دەیكەن. لەبەر ئەوەی شۆفێری تانكەرە ئێرانییەكان بە 10 دۆلار كەمتر باردەكەن، بار‌مان بە ئێمە نادەن یەكێكی تر لە شۆفێرەكان دەڵێ: ئێمە كە باری نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان دەبەین، لە مەرزی باشماخ و لە دیوی ئێران (500 دۆلارمان) لێ وەردەگیرێت، با چارەسەری ئەم خەرجییەمان بۆ بكەن، گروپێك لە تانجەرۆ بە ناوی "ناقل"و "مەندوب"ەوە دروستبوون بە خاوەن بارەكان دەڵێن بارەكانتان بە تانكەری ئێرانی بار بكەن كرێی كەمتر دەكەوێت، راستە كرێی ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان كەمترە چونكە ئەوان لە باشماخ پارە نادەن. خاوەن تانكەرەكان ئێستا رێگە سەرەكییەكەیان گرتووەو دەڵێن رێگە بە رۆیشتنی هیچ تانكەرێك نادەن ئەگەر كێشەكەیان بۆ چارەسەر نەكرێت. ئەوەی لەم ناوچەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئێران بریتییە لە (نەفتا، نەوتی خاو، گاز‌و قیری رەش). لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە، پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت و بەروبومە نەوتییەكان لە كوردستان بە تانكەر دەستی پێكردەوە. بەشی زۆری ئەو نەوتەی كە بە تانكەر دەگوازرێتەوە، پشكی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانە، ئەمانە گرێبەستەكانیان لە جۆری (هاوبەشیكردنە لە بەرهەم)دا، بۆیە پشكی خۆیان هەیە لە كێڵگە نەوتییەكان و بەهۆی ئەوەی هەناردە بە بۆریی راوەستاوە، بەتانكەر هەناردەی دەكەن، هەر بەرمیلێك نەوت بە بڕی (31.3 دۆلار) دەفرۆشن، ئەمە بەپێی قسەی وەزیری دارایی.
" درەو: وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" لە هەرێمی كوردستان تەنیا سێ پاڵاوگەی یاسایی هەیە‌و 229 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە" ئاماژە بەوەش دەكات مانگانە (38) ملیۆن دۆلار دەدەین بە دانەغاز و ئەوانی تر بۆ كرێی كارەبا كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان لە لێدوانێكدابۆ كوردستان 24: لە ئێستادا هەر بەرهەمێكی نەوت هەبێت بەشێكی بۆ كۆمپانیاكانەو بەشێكی بۆ حوكەتی هەرێمی كوردستانە، بەشێ ئێمە لەبەرهەمهێنا بۆ پاڵاوگەكانی خۆمان (46) هەزار بەرمیلی رۆژانە لە پاڵاوگەكانی (كار‌و لاناز) دەپاڵێوین بۆ تەسفیەی بەدەستهێنانی نەوتی رەش بۆ وێستگەكانی كارەبا ، بڕێكی بەنزینە كە ( ملیۆن و 500 هەزار) لیتری رۆژانە، لە گەڵ دیزڵ (گاز) بۆ وێستگەی كاشێ بەكاردێنێن. مانگانە (38) ملیۆن دۆلار بۆ دەیدەینە دانەغازو ئەوانی تر، كرێنی نەوتی سپی، پاڵپشتی نەوتی سپی بۆ ماڵان، گواستنەوەی نەوت بۆ وێستگەكانی كارەبا، فرۆشتنی دەروەمان نیە، ئەوەی هەیە نەوت بۆ ناوخۆیە. سەبارەت بە پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكانی ئاماژە بەوەش دەكات: تەنیا سێ پاڵاوگەی یاسایی هەیە لە هەرێمی كوردستان ئەوانیش( كار، قەیوان ، لاناز)ە، بەڵام (229) پاڵاوگەی نایاسایی هەیە: هەولێر: 158 پاڵاوگەی نایاسایی سلێمانی: 21 پاڵاوگەی نایاسایی دهۆك: 50 پاڵاوگەی نایاسایی
راپۆرتی: درەو 🔻 پشکی موچەی "فەرمانبەرانی هەرێم" لە یاسای بودجە زیاتر(9 ترلیۆن و 556 ملیار) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زیاتر(9 ترلیۆن و 556 ملیار) دینارمان ناردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ نزیکەی (9 ترلیۆن و 248 ملیار) دینارتان ناردووە. 🔻 پشکی موچەی "چاودێری کۆمەڵایەتی، خانەنشینان و زیندانیان"ی هەرێم لە یاسای بودجە زۆتر لە (2 ترلیۆن و 20 ملیار) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ (2 ترلیۆن و 5 ملیار) دینارمان ناردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ (ترلیۆنێک و 506 ملیار) دینارتان ناردووە. 🔻 پشکی هەرێم لە "پێداویستی خزمەتگوزاری" لە یاسای بودجە (2 ترلیۆن و 126 ملیار) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (251 ملیار و 699 ملیار) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم لە "پێداویستی شمەک" لە یاسای بودجە نزیکەی (539 ملیار و 206 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (285 ملیار و 143 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم بۆ نۆژەنکردنەوەی"صیانة الموجودات" لە یاسای بودجە (255 ملیار و 914 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (130 ملیار و 825 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم بۆ بەخشینەکان"المنح والاعانات والمصروفات" لە یاسای بودجە (431 ملیار و 690 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (485 ملیار و 831 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم بۆ "خەرجی سەرمایەگوزاری" لە یاسای بودجە (79 ملیار و 104 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (86 ملیار و 648 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. خشتە و چارت پشکی هەرێم لە نێوان یاسای بودجە و داتاکانی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق هەرێم ڕۆژی (14/1/2025) وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانێکی بە هاوپێچ کردنی کۆمەڵێک بەڵگەنامەوە بە زمانی عەرەبی و دواتریش بە زمانی بڵاوکردەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، کە لە ڕۆژی (12/1/2025) بەیانێکی تایبەت بە تەمویل کردنی حکومەتی هەرێمی بۆ ساڵی (2024) تایبەت بە خەرجی موچە و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق ڕاگەیاندبوو، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داریی عێراق، بە بڕی (11 ترلیۆن و 561 ملیار و 522 ملیۆن) دیناری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە؛ • تەرخاكراوی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ قەربوی موچەی فەرمانگە مەدەنی و هێزە ئەمنیەكان گەیشتووەتە (9 ترلیۆن و 556 ملیار‌و 348 ملیۆن) دینار. • موچەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی (130 ملیار‌و 931 ملیۆن) دینار. • موچەی خانەنشینی سەربازی (650 ملیار‌و 40 ملیۆن) دینار. • موچەی خانەنشینی مەدەنی (776 ملیار‌و 657 ملیۆن) دینار. • موچەی ئەنفالكراون (98 ملیار‌و 346 ملیۆن) دینار. • موچەی سەربازی ئەنفالكراون (338 ملیار‌و 479 ملیۆن) دینار. • مینحەی زیندانیان (10 ملیار‌و 721 ملیۆن) دینار. گرافیک لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2024)دا تەنها بڕی (10 ترلیۆن و 753 ملیار و 879 ملیۆن و 319 هەزار و 963) دیناری ڕەوانەی هەرێم کردووە بە جۆرێک؛ • بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم (9 ترلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن و 5 هەزار) دینار خەرج کراوە. • بۆ موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینان بڕی (ترلیۆنێک و 506 ملیار و 52 ملیۆن و 520 هەزار) دینار خەرج کراوە. • بڕی (726 ملیار و 995 ملیۆن و 775 هەزار) دینار بۆ ڕاگرتنی خانەنشینی و باجی داهات لە پشکی هەرێم بڕاوە. • پوختەی تەواوی پارەی هاتوو بۆ هەرێم بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 544 هەزار) دینار. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان (20 ترلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار) دینارە، وەک لە خشتەکەی وەزارەتی داریی هەرێمدا ڕوونکراوەتەوە. پشکی هەرێم لە یاسای بودجە خشتەی وەزارەتی دارایی هەرێم هەروەک لە خشتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕوونکراوەتەوە، حکومەتی عێراق جگە لە خەرجی موچە، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پێداویستی خزمەتگوزاری، پێداویستی شمەک، نۆژەنکردوە (صیانة الموجودات)، بەخشین و خەرجییەکانی دیکە، قەرز، سەمایەگوزاری و وەبەرهێنان خەرج نەکردووە. بەڵام بەگۆێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە (24ی کانونی یەکەمی 2024) تایبەت بە داهات و خەرجی وەزارەتەکە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2024 بڵاوکردووەتەوە، • بڕی (251 ملیار و 699 ملیۆن و 449 هەزار) دیناری بۆ بواری خزمەتگوزاری خەرج کردووە. • بڕی (285 ملیار و 143 ملیۆن و 528 هەزار) دیناری بۆ بواری شمەک خەرج کردووە. • بڕی (130 ملیار و 825 ملیۆن و 557 هەزار) دیناری بۆ بواری نۆژەنکردنەوە خەرج کردووە. • بڕی (485 ملیار و 831 ملیۆن و 378 هەزار) دیناری بۆ بەخشین و خەجییەکانی تر خەرج کردووە. • بڕی (86 ملیار و 648 ملیۆن و 443 هەزار) دیناری بۆ تێچووی سەرمایەگوزاری خەرج کردووە. ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەرچاوەکان • ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، 14/1/2025؛ https://www.facebook.com/share/p/1Bng1WfqGm/ • ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، 12/1/2025؛ https://www.facebook.com/share/p/1Tt1CxsbeC/ • درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16237 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16253 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=%2016245 https://www.facebook.com/share/p/1Tt1CxsbeC/ • حساب الدولة لغاية تشرين الاول لسنة 2024 للموازنة الاتحادية؛ https://mof.gov.iq/Pages/MOFPublicReports.aspx
راپۆرت: درەو ئەتروش یەكێك لە بلۆكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانە كە جۆری نەوتەكەی زۆر باشە، ئەم كێڵگەیە لە 2017وە دەستی بە بەرهەمهێنان كردووە، چەندجارێك پشكەكانی لەنێوان كۆمپانیا ئیماراتی و كەنەدی و ئەمریكییەكاندا دەستاودەستی پێكراوە، ئەتروش هەر نەوتی نییە، وەزیرێكی نەوتیشی هەبوو، بەڵام تەنیا ساڵ و نیوێك دەوامی كرد، كە رۆیشت ئیتر نەگەڕایەوە. بلۆكی ئه‌تروش دەكەوێتە سنوری ناحیه‌ی ئه‌تروش لە پارێزگای دهۆک، رووبه‌ری ئەم بلۆكە (269) كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە‌و، بڕی (3) ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی نەوتی تێدایه. لە ساڵی 2011 نەوت لە (ئەتروش) دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆ یەکەم جار لە تەموزی 2017 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لە کێڵگەکەدا. وەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، نەوتی کێڵگەکە "کوالیتی بەرزە، بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیە‌و توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە". کۆمپانیای شاماران لە ساڵی 2010ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات. كۆمپانیای نیشتمانی ئەبوزەبی بۆ وزە "الطاقة" لە ساڵی 2013دا، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی، دەستیكردووە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ئەتروش، ئەوكات باسی لەوەكردووە ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكە دەگاتە (30 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا. تاوەكو بەر لە پرۆسەی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای ئەبوزەبی "تاقە"، دابەشبوونی پشكی كۆمپانیاكان لە كێڵگەی (ئەتروش) بەمشێوەیە بوو: • كۆمپانیای ئەبوزەبی "طاقة،: 47.4% • كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی: 27.6% • پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم: 25% بەڵام سەرەتاكانی ئابی 2024، كۆمپانیای (تاقە)ی ئیماراتی بەتەواوەتی پرۆسەی فرۆشتنی هەموو پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی (ئەتروش) یەكلاكردەوە؛ كۆمپانیای (ژەنەراڵ ئیكسپلرۆیشن بارتنرز)ی بەریتانیی پشكەكانی كۆمپانیای (تاقەی)ی لە كێڵگەی ئەتروش كڕییەوە كە 47.4% بوو، ئەم كۆمپانیایەش هەر لەلایەن كۆمپانیای (شاماران)ی كەنەدییەوە خاوەندارێتیی دەكرا. دواتر‌و لە سەرەتای 2024دا كۆمپانیای شاماران ئاشكرایكرد، رێژەی 25%ی پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی (ئەتروش) بە كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی فرۆشتوەتەوە. ئێستا‌و دواین ئەم زنجیرە مامەڵەو كڕین و فرۆشتنە، پشكەكانی كێڵگەی ئەتروش بەمشێوەیە: • كۆمپانیای (شاماران)ی كەنەدی: 50%ی پشكەكان • كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی: 25% پشكەكان • پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم: 25%ی پشكەكان راوەستانی هەناردەی نەوت و دواكەوتنی پێدانی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هۆكار بوون بۆ ئەوەی كۆمپانیای "تاقە"ی ئیمارات پشكەكانی خۆی لە (ئەتروش) بفرۆشێت. وەكو خۆی دەڵێ، کۆمپانیای (شاماران) لە ساڵی (2022)دا بڕی (116 ملیۆن) دۆلار تەرخان کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی (ئەتروش)، بەرنامەی پەرەپێدانەکەش بریتی بووە لە؛ * هەڵکەندن و تەواوکردنی (3) بیری گەشەپێدان، لەنێویاندا یەک بیری ئاو. * دەستپێکردنی پرۆژەی چارەسەری غاز کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی ژەهراوی کەمدەکاتەوە، سەرەڕای بەکارهێنانی بۆ ژێرخانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە غازی بەرهەم هێنراو. بەوپێیەی کێڵگەی ئەتروش پشت بە مۆلیدەو سوتەمەنی دیزڵ دەبەستێت بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا، بە سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە چاوەڕوان دەکرێت تێچووی کارکردن لە داهاتوودا زۆر کەمدەکاتەوە. کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی (ئەتروش) لە چارەکی یەکەمی 2023دا (واتا بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا) بریتی بووە لە (55.2 ملیۆن) دۆلار، كۆمپانیای (شاماران) كە 27.6%ی پشكەكانی کێڵگەکەی هەبووە بڕی (20.33 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووەو، کۆمپانیای (تاقە)ی ئیماراتی کە خاوەنی 47.4%ی پشکەکان بووە بڕی (34.91 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی (ئەتروش) لە ساڵی 2022دا لە (11) بیری بەرهەمهێنەوە بریتی بووە لە (36 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، تا 31/12/2022 کۆی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە (67 ملیۆن) بەرمیل. لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە بە بۆری لە 25ی ئازاری 2023دا، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ئەتروش تاوەكو چارەكی سێیەمی 2023 راوەستا، لە رۆژی 7ی تشرینی دووەمەوە بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیەدا دەستیپێكردەوەو نەوتەكەی رەوانەی پاڵاوگەیەكی ناوخۆ دەكراو بەقسە كۆمپانیای شاماران لەم ماوەیەدا هەر بەرمێك نەوتی بە بڕی (35 دۆلار‌و 65 سەنت) فرۆشتووە. بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای (شاماران پترۆلیۆم)، لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2024)دا كە كۆمپانیاكان نەوت بە بە پاڵاوگەكان دەفرۆشن یاخود بە تانكەر هەناردەی دەرەوەی دەكەن، لە کێڵگەی ئەتروش بەتێکڕا رۆژانە (26 هەزار 800) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، کۆی گشتی بەرهەمەکەش لەماوەی ئەو سێ مانگەدا بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 463 هەزار) بەرمیل؛ بەرهەمی سێ چارەكی 2024 نەوتی کێڵگەکە بریتی بووە لە (23 هەزارو 900) بەرمیل نەوتی رۆژانەو (6 ملیۆن و 559 هەزار) بەرمیل نەوت لە کۆی هەر سێ چارەکی ساڵەکە. ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە لەماوەی ساڵانی 2016 بۆ 2024 بەمشێوەیە بووە: • 2016: 0 بەرمیل • 2017: 9 هەزار بەرمیل بە رۆژێكدا • 2018: 22 هەزار بەرمیل • 2019: 32 هەزار بەرمیل • 2020: 46 هەزار بەرمیل • 2021: 47 هەزار بەرمیل • 2022: 36 هەزار بەرمیل • 2023: 39 هەزار بەرمیل • 2024: 25 هەزار بەرمیل 21ی ئابی 2019 كۆمپانیای (ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە) كە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) بەڕێوەدەبات رایگەیاند، بۆ یەكەمجار لەدوای دەستپێكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە لە كێڵگەكەدا، ئاستێكی پێوانەیی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە، بەجۆرێك تێكڕای قەبارەی بەرهەمی مانگانە لە تەموزی 2019دا (ملیۆنێك) بەرمیلی تێپەڕاندووە. بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیەدا رۆژانە (36 هەزار) بەرمیل بوو، دوای راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی ئاستی بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیەدا بەدیاریكراویش بلە ساڵی 2024دا بۆ (22 هەزارو 500) بەرمیلی رۆژانە دابەزی. نەوتی (ئەتروش)و وەزارەتی ئەتروشی! دواین شت كە لەبارەی ئەتروشەوە بوترێت رەنگە ناوی (كەمال ئەتروشی) بێت، ئەو پیاوەی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 وەكو دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد‌و هەڕەشەی پارچەپارچەكردنی ئەو كەسانەی دەكرد كە گەندەڵی دەكەن. كەمال ئەتروشی كە لەدایكبوونی ناوچەی ئەتروشی دهۆك بوو واتا سنوری كێڵگە نەوتییەكە، لەكابینەی نۆیەمی حكومەتدا بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، كۆتایی بە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵ دەستڕۆیشتویی (ئاشتی هەورامی) هێنا بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، بەڵام خۆشی زۆر لە پۆستەكەیدا نەمایەوەو دوای نزیكەی ساڵ و نیوێك كاركردن، بە هۆكارێكی نادیار دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو لەوكاتەوە تائێستا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لەلایەن (كەمال محەمەد)ی وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت. سەرچاوەكان: • (Reuters) https://www.reuters.com/article/business/energy/abu-dhabis-taqa-suspends-activity-in-kurdistan-block-due-to-instability-statem-idUSL4N0QF081/ • سایتی كۆمپانیای (شاماران) https://shamaranpetroleum.com/operations/atrush-project/ • سایتی كۆمپانیای (HKN) https://www.hknenergy.com/about-us/who-we-are/ • چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2023 دا. یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14923 • «طاقة» تستكمل بيع حصتها بحقل في كردستان العراق- جريدة الخليج https://www.alkhaleej.ae • كەمال ئەتروشی.. نەخۆشە یان نیگەرانە؟- راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10352