حكومەتی هەرێم : راگرتنی نەوت كاتیەو بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان
2023-03-27 11:02:14
درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكانی بواری نەوتی هەرێمی ئاگاداركردووەتەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بە شێوەیەكی كاتی راگیراوە، بەڵام كۆمپانیاكان بەردەوام بن لەسەر بەرهەمێهانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم.
- كۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی:
كۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی توركی رایدەگەیەنێت، داخستنی بۆری نەوتی هەرێم بۆ توركیا كاتیەو ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كیڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوێكدا كۆمپانیای (گەنەڵ ئێنەرجی) توركی كە لە كێلگە نەوتییەكانی هەرێم كاردەكات دەڵێت:
🔹بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا داخراوە.
🔹كۆمپانیاكە ئەوە دەزانێت كە داخستنەكە لەسەر داوای توركیا بووە
🔹لێدوانە ئاشكراكانی وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایە كە داخستنەكە كاتیە.
🔹كۆمپانی گەنەڵ ئینەرجی بەردەوام دەبێت لەبەرهەمهێنانی نەوت لە كێلگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.
كۆمپانیای گەنەڵ ئینەرجی توركی لە كێلگە نەوتیەكانی (سەرتە لە هەولێر، تەقتەق، تاوكی لە دهۆك) كاری بەرهەمهێنانی نەوت دەكات.
- كۆمپانیای (DNO) نەرویجی:
كۆمپانیای (DNO) نەرویجی رایدەگەیەنێت: رێنماییمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێگەیشتووە كە بە شیوەیەكی كاتی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریەوە رابگرین، كۆمپانیاكەمان دەستی كردووە بە گواستنەوەی ئەو نەوتەی بەرهەمی دێنێت بۆ خەزانەكانی نەوت، ئەو خەزانانە توانای گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكانی (تاوكێ و فیشخاپور)یان هەیە بۆ چەند رۆژێك.
كۆمپانیای (DNO) پێی وایە گفتوگۆكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە.
- كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن:
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەریتانی رایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداریكردینەوە كە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆری كوردستان - توركیاوە راگیراوەو ئەگەر راگرتنی گواستنەوە بەردەوام بێت ناچارین بەرهەمهێنان رابگرین.
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی توانایەكی سنورداری كلدانەوەی نەوتی هەیە بۆیە ئەگەر راگرتنی هەناردەی نەوت بەردەوام بێت ناچارە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان رابگرێت.
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا روون نیە كەی پرۆسەی هەناردەكردن دەستپێدەكاتەوە بەڵام رونكردنەوە گشتیەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمان گەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە راگرتنی گواستنەوەی نەوتی هەرێم كاتیەوە بەم زووانە دەستپێدەكاتەوە.
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەریتانی لە كێڵگەی نەوتی شێخان سەربە پارێزگای دهۆك كار دەكات بە هاوبەشی كاردەكات و رۆژانە (33) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.