Draw Media

ئاژانسێكی عێراقی: دۆخی هەرێمی كوردستان لەهەموو ڕوویەكەوە خراپە

ئاژانسێكی عێراقی: دۆخی هەرێمی كوردستان لەهەموو ڕوویەكەوە خراپە

2023-03-29 09:30:52


درەو:
ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)ی عێراقی لەڕاپۆرتێكدا:
🔹ئەو پەراوێزە لەئازادی و دیموكراسی و ژیانی مەدەنی لەكوردستان هەبووە, تاكە شت بوو ساڵانێك حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم شانازییان پێوەدەكرد.
🔹كێشمەكێشی حزبی و خێزانی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان, سەرەڕای ئەو پشكە زەبەلاحەی لەبودجەو هەناردەكردنی نەوت و داهاتەكانی تر و پشتیوانی نێودەوڵەتی, بەتایبەتی ئەمریكا بەدەستیهێناوە.  
🔹پێدەچێت پێداگری مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و عینادیكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە, سەرەتای داڕمانی پەیوەندییەكانی كوردبێت لەگەڵ هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی .
🔹دۆخی كوردستان لەهەموو ڕویەكەوە, بەتایبەت لەبواری ئابوریدا خراپە, لەساڵی (2014) موچەی فەرمانبەران كەوتووەتە گێژاوەوە, جارێك بەتەواوی نایاندرێتێ‌, جارێك بەشێكی زۆری لێدەبڕێت, هەندێك جاریش بۆ زیاتر لە (50) ڕۆژ دوادەكەوێت, وێڕای بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێكاری و زیادكردنی باج و بەرزبونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی بەنزین و نەوت.
🔹هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەزیاد لەبۆنەیەكدا هەڕەشەی بڕینی هاوكارییە دارایی و سەربازییەكانی پێشمەرگەی كردووە, ئەگەر هێزەكانیان یەك نەخنەوە, هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێزاربووە لەهێزی حزبی پارتی و یەكێتی.
🔹پێگەی فۆرین پۆلەسی ئەمریكی, لەڕاپۆرتێكدا باسی لەو قەیرانانە كردووە كە هەرێمی كوردستان لەئاستە سیاسی و ئابوری و ئیدارییەكاندا گیرۆدەی بووە, هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەڕاپۆرتێكدا باس لەپاشەكشێی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان كردووە لەهەرێم.
🔹ئیرفین هیكس كۆنسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكان چەندین جار هۆشداریداوە لە پاشەكشێی مافەكانی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان لەهەرێمی كوردستان و نیگەرانی وڵاتەكەی لەو باریەوە دەربڕیوە.  
🔹ساڵی ڕابردوو دەیان گەنجی عێراقی لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیا گیریان خوارد, كە بەنیازی رۆیشتن بوون بەرەو ئەوروپاو زۆرینەیان دانیشتوی هەرێمی كوردستان بوون, ئەوەش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دۆخی هەرێم بەكەڵكی ژیان نەماوە.
🔹ڕێكخراوێكی كوردی لەهەولێر لەسەرەتای ئەمساڵدا ڕاپرسیەكی ئەنجامدا, لەبارەی گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدادو كۆتایهاتنی قەوارەی هەرێم, ئەنجامەكان شۆكهێنەر بوون, بەوپێیەی زۆرینەی بەشداربوان لەگەڵ گەڕانەوە بوون بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی.
🔹 ڕۆژنامەنوس محەمەد ڕەئوف ڕاپرسیەكی ئەنجامداوە,  سەبارەت بەوەی  نەوتی هەرێم لەڕێی بەغدادوە هەناردە بكرێت یاخود لەڕێی حكومەتی هەرێمەوە, ڕێژەی 88%ی بەشداربوانی ڕاپرسیەكە دەنگیان بۆ ئەوە داوە كە نەوتی هەرێم لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی فیدراڵیدا هەناردەی دەرەوە بكرێت.

 

دەقی راپۆرتەكەی ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)ی عێراقی

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand