راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار
2023-03-28 18:07:20
درەو:
راپرسی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی
بەپێی راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی (65%) هاوڵاتیانی بەشداربوارنی راپرسیەكە شانازی بە عێراقی بوونی خۆیانەوە دەكەن، هەر بەپێی راپرسیەكە ئەوانەی ئامادەن بەرگری لە خاكی كوردستان و نیشتمان بكەن لە پارێزگای دهۆك (72%) و پارێزگای هەولێر (67%) و پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە (46%) واتا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (54%) ئامادەنین بەرگری لەخاك و نیشتمان بكەن.
بەپێی راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی لە مانگی ئازاری 2023 ئەنجامدراوەو (1250) كەس بەشداریان تێداكردووە، ٦٣% و رەگەزی نێرو ٣٧%ی رەگەزی مێ بووە، هەولێر ٣٣%، سلێمانی - هەڵەبجە ٤١% و دهۆک ٢٦%، ٦٨% نموونەکە بوون.
- 86%ی بەشداربوانی راپرسیەكە شانازی بە كوردبوونەوە دەكەن
- 65% شانازی بە عێراقی بوونەوە دەكەن
- 62% ئامادەی بەرگرین لە خاكی نیشتمان تا ئاستی خۆبەكوشتدان
- 94% بەرگریكردن لە ئایینەكەیان تا ئاستی گیانفیدایی
- 82% منداڵەكەیان لەسەر بیری نەتەواویەتی پەروەردە دەكەن
- 96% لەسەر بیری ئایینی ئیسلام پەروەردە دەكەن
كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. بنكەی سەرەكی لە شاری هەولێرە لەلایەن (مراد حكیم، رابەر تەڵعەت و مەهدی حەسەن)ەوە خاوەندارێتی دەكرێت.
🔹دوای 20 ساڵ لە روخانی بەعس، سێکوچکەی؛ کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان
دهروازه:
لهئێستادا خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی ناسنامەوە دەناڵێنێت، قەیرانێک کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناسکی ناسنامەی کوردبوون و نەبوونی ناسنامەیەکی توکمە و یەکگرتوو لە ئەنجامی نەبوونی قەوارەیەکی کوردستانی لە رابردوودا. خەڵکی لە هەرێم لە نێوان سێکوچکەی ناسنامەکانی کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتیدا تێداماون. ئەم سێ ناسنامەیە بە درێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام لە کێبڕکێدابوون، حزبە ناسیۆنالیستیە کوردستانیەکان زۆرتر کاریان بۆ ناسنامەی کوردایەتی کردووە، حزبە ئیسلامییەکان و رەوتی رابوونی ئیسلامیی جیهانی کاری بۆ ئیسلامگەرایی و هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و هەندێک گروپی ناوخۆیی بە ئاراستەی عێراقچییەتی کاریان کردووە. بۆیە ئەم سێکوچکەیە لە دوای راپەڕینەوە هیچ کات سێگوشەیەکیان پێکنەهێناوە کە گوشەکانی یەکسان بن، بەڵکو هەمیشە گوشەیەک لەسەر حیسابی گوشەکانی دیکە کشاوە یان بچووکبووتەوە، ئەو سێ ناسنامەیە ناتوانن تەواوکەری یەکتر بن، بەڵکو لە ململانێدان و دەکرێ یەکێکیان ئەوانی دیکە بکات بە پاشکۆی خۆی یان پشتیوانی خۆی، وەکو ئەوەی کە لە وڵاتانی دەوروبەر ئیسلامگەرایی کراوە بە پشتیوانێک بۆ گوتاری ناسیۆنالیستی.
لەسەرەتای راپەڕینەوە خەریک بوو عێراقچییەتی لەو سێگوشەیەدا نەدەما و گوتاری زاڵ کوردبوون بوو، بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، گوتاری ئیسلامگەرایی هاتە پێشەوەو جێگەی خۆی بە فراوانی کردەوە، هێشتاش مەیلی عێراقچییەتی هەر زۆر لاواز بوو. ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ لەسەر دەسەڵاتبوونی بەعس لە عێراق کە حزبەکان و جەماوەریش لە دژی راپەڕیبوون و کەس نەیدەویست، هەروەها نەوەی ئەوکاتیش لە هەرێم ئەو نەوەیە بوو کە لەگەڵ ئەو کارەساتە سامناکانە ژیابوو کە بەسەر کورد هاتبوون لە سەر دەستی بەعس، یادەوەرییە تاڵەکان هێشتا زیندوو و ئامادەبوون.
دوو گوتاری (کوردبوون و ئیسلامگەرایی) تا رزگاریی عێراق هەر لە بڕەوسەندندابوون. لەگەڵ رزگاری عێراق و لە ناوچوونی بەعس دەسەڵاتی کوردی لە سەر داوای رۆژئاوا و بە خەونی دروستبوونی عێراقێکی نوێی فیدرالی دیمۆکراتی یەکەمین هەنگاوەکانی هەڵهێنا بە ئاراستەی عێراقچییەتی. ئەم مەیلە زیاتر لای حزبەکان هەبوو نەک جەماوەر. وێڕای ئەوەی، لە رووی ئیدارییەوە (دوای ٢٠٠٤)، هەرێم بووەوە بە بەشێک لە عێراق، بەڵام مەیلی عێراقچییەتی لەو پەڕی لاوازیدابوو، هەڵبەت ئەوە تەنیا لای خەڵکی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە نەبوو، بەڵکو لای شیعەو سوونەکانیش ناسنامەی عێراقیبوون کەوتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە و ناسنامەی تایفی و ناوچەگەرێتی جێگەی ناسنامەی عێرایبوونی گرتەوە.
لە هەرێم، عێراقچییەتی بەرەبەرە لە ژێر کاریگەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا لە زۆنی سەوز خەریک بوو زیادی دەکرد، بەڵام ئەویش زۆر بە لاوازی. هۆکارەکەشی زیاتر دەگەڕایەوە بۆ ئامادەیی زیاتری یەکێتی نیشتیمانی لە بەغدا لە رێگەی سەرۆک کۆمارەوە. ئالای عێراق لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی زۆنی سەوز بەرزکرایەوە لەپاڵ ئالای کوردستان و جەخت لەسەر عێراقچییەتی دەکرایەوە لە بۆنەکان و خەڵکی شایەدی کۆمەڵێک هەنگاون بەو ئاراستەیە. لەولاشەوە پارتی، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی بەغدا و رەنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خۆراگری دەنواند و نەدەچووە ژێر ئەو بارەوە. بەدرێژایی ساڵەکانی ٢٠٠٥ -٢٠١٤ لە راپرسییەکاندا عێراقچییەتی لە هەرێمی کوردستان زۆر لاواز بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییە کەمەش کە لە نێوان هەردوو زۆنەکەدا هەبوو.
ئیسلامگەرایی لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و خۆرێکخستنەوەی ئیخوانەکان لە ژێر ئاڵای رابیتەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیدا و دواتریش دامەزراندنی کۆمەڵی ئیسلامی، هاوشان لەگەڵ بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی و بڕەوسەندنی رابوونی ئیسلامی لە ئاستی جیهانی ئیسلامیدا، هەروەها چاوداخستنی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە کاری رێکخراوە ئیسلامییەکان و پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە، دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستانیش ناسنامەی ئیسلامگەرایی بۆ یەکەمین جار بووە ناسنامەی سەردەست لای بەشێک (هەرچەند گروپێکی گەورەش نەبن) لە خەڵکی هەرێم. بۆیەشە رێکخراوێکی وەکو ئەنسار و لئیسلام سەریهەڵدا و ئیسلامییە توندڕەوەکان ژمارەیان زیادیکرد. لە ساڵانی دوای رزگاری عێراقیش لە ژێر کاریگەری راگەیاندنی جیهاد لە دژی داگیرکاری ئەمریکا تا دەهات توندڕەوەکان لە زۆر ناوچەی جیهانەوە روویان لە عێراق دەکرد و کوردەکانیش پشکیان لە ناو ئەو توندڕەوانەدا هەبوو.
لە باشووری عێراق هێزە شیعییە تایفییەکان لە زیادبووندابوون و ناسنامەی تایفەگەری لەو کاتەوە تا ئێستا ناسنامەی سەردەستی ئەوانە بە پشتیوانی ئێران و مەرجەعییەت و سروشتی تایفی و ئایینیانەی حزبە باڵادەستەکانیان، لە بەرامبەریشدا سوونەکانی عێراق وێڕای پەرتی و دابەشبوونە جیاجیاکانیان، لە هێنانە پێشەوەی ناسنامەی سوونەگەرایی هاوڕابوون و وەقفی سوونیش لە شێوەی مەرجەعییەتی شیعە بووە دامەزراوەیەکی دیار، سوونەکان بوونە پاڵپشت و پشتیوانی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان تا لە ٢٠١٤ داعشی لێ بەرهەم هات.
لە هەرێمی کوردستان لەدوای هاتنی داعش، حزبە ئیسلامییەکان و گروپە سەلەفییەکان خەریک بوو توشی ئیحراجی دەهاتن و ناسنامەی ئیسلامگەرایی بەرەو لاوازی دەچوو، بەڵام پشتیوانی دەسەڵات لە هەندێک بانگخواز و رەوتی سەلەفی مەدخەڵی وایکرد ژمارەی ئەوان زیاد ببێت و جورئەتی زیادتریش پەیدا بکەن، بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک سەلەفییەکان ژمارەیان زۆربووە و نیقاب لە زیادبووندایە.
سەبارەت بە کوردبوون و هەستی نەتەوایەتی، لەدوای هاتنی داعش (٢٠١٤) ئەم گوتارە خەریک بوو هەردوو گوتارەکەی دیکە (عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی) لە مەیدانەکە وەدەرنێت و ئەمە تا ئەو رادەیە رۆیشت کە پەلی بۆ ریفراندۆم هاوێشت، بەڵام لە دوای ریفراندۆمەوە لە بەر کۆمەڵێک هۆکار : بەردەوامی زیاتر و بەهێزتری یەکێتی لەسەر گوتاری عێراقچییەتی، بوونی گروپێکی کوردی عێراقچی دژە ریفراندۆم لە ناکۆکی لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کاری بەردەوامی حزبە ئیسلامییەکان بەمەبەستی لاوازکردنی گوتاری کوردبوون، پاشەکشەی پارتی لە گوتاری ناسیۆنالیستی، کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم لە چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن، زیادبوونی ژمارەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان، لاوازبوونی ئابووری حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا و گوشارەکانی دادگای فیدراڵی، هەموو ئەو هۆکارانە یارمەتیدەروون لە بەرزبوونەوەی مەیلی عێراقچییەتی و رەنگە زیادتریش ببێت.
لە ئێستادا ئەو سێ گوتارە (کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتی) زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانین بڵێین لە رووی پاڵپشتی جەماوەرییەوە بۆشایی نێوانیان کەمبووتەوە. ئەوەش لە راپرسییەکەماندا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە خوارەوە وردتر باسی دەکەین.
هەڵمەتی ئیمانیی و ئیسلامگەرایی:
هۆکارگەلێک هەن لە پشتی گەشەکردنی هەڵمەتە ئیمانیەکان و ئیسلامگەرایی لە هەرێمی کوردستاندا، لەوانە؛ ئامادەیی قوڵی ئاینی ئیسلامە لە مێژوو و کولتووری ناوچەکەدا، لەناویاندا کوردستان، بەشێک لە نۆرم و پراکتیک و بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی خۆی لە روانگەی ئیسلامەوە پەیڕەو دەکات. جوڵاندنی هەست و سۆزی ئاینیش بۆ خەڵکێکی باوەڕدار، رەنگە خێراتیرین رێگا بێت بۆ زۆر لەو هێز و کەسایەتیانەی کە بە مەرامی سیاسی پەنا بۆ ئیمان دەبەن. لەپاڵ ئەوەشدا، لە دەیەکانی رابردوودا ململانێ و ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازی، کاریگەریی قوڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا جێهێشتووە، کە وایکردووە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە ئایین بکەن وەک سەرچاوەیەکی ئاسوودەیی و سەقامگیری لە کاتە نادیارەکاندا. کەواتە جەنگ و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ پەراوێزێکی فراوانی بۆ تەشەنەکردنی ئاین و ئیمان وەک ئاسوودەیی روحی بۆ تاکەکان رەخساندووە.
فاکتەرێکی دیکەی بەهێزبوونی ئیسلامگەرایی یان ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرکردە سیاسی و ئایینییەکان لە بەرەوپێشبردنی ئەو بزاوتە ئاینیەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە ناسیۆنالیستییەکان هەوڵی پێشخستنی بەها و ناسنامەی ئیسلامییان داوە وەک ڕێگەیەک بۆ بەهێزکردنی کولتوور و ناسنامەی کوردی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە وەک وڵامدەرەوەیەک بۆ خواستی گشتی، زۆرجار چوونەتە ژێر رکێفی خواستی بزوتنەوە و رەوتە ئاینییەکان بەدژی رەوتە لیبڕاڵی و مۆدێرنەکان، ئەمەش وەک بانگەشەی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئادابی عام و رازیکردنی جەماوەر. هەروەها سەرکردە حزبیەکان لەپاڵ سەرکردە ئاینییەکاندا ڕۆڵیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان، زۆرجاریش بانگەشەیان بۆ لێکدانەوەیەکی کۆنەپەرستانەتر بۆ ئیسلام کردووە وەک ڕێگەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی بەها تەقلیدییەکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان.
لە گشتدا، دەتوانین رەوتی ئیسلامگەرایی یاخود ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانیەکان لە هەرێمی کوردستاندا وەک بەشێک لە ڕەوتێکی فراوانتر بەرەو بوژانەوەی ئایینی و کۆنسێرڤاتیزم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەیر بکرێت. بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە بەشێکی پەیوەندی هەیە بە شکستی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و عیلمانی لە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووەتەوە، بەشەکەی تریشی پەیوەستە بە گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییە نێودەوڵەتیەکان و سەروو دەوڵەتیەکانەوە لە نمونەی (داعش و ئەلقاعیدە)، هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی خەونی خەلافەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی کۆنەپەرستانەتر و تەقلیدیتر بۆ ئیسلام.
سەرەنجام؛ گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە سەرهەڵدانی ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە، کە ناتوانرێت لە یەک فاکتۆر یان ڕوونکردنەوەدا کورت بکرێتەوە. پاڵنەر و بزوێنەرەکانی پشت ئەم بزووتنەوانە ئەگەری زۆرە بەپێی ئەزموون و زەمینەی تاکەکەسی جیاواز بن و لێکۆڵینەوەی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە داینامیکی ئەم ڕەوتە تێبگەین.
نموونە و داتا؛ میتۆدی راپرسی:
نموونەی ئەم راپۆرتە ١٢٥٠ کەسە لەسەرووی تەمەنی ١٧ ساڵەوە لە هەرێمی کوردستان. نموونەکە بە ئاستی متمانەی ٩٥% و بە پەڕاوێزی هەڵەی -٣ و +٣ دیاریکراوە. بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەڕاوێزی هەڵە نموونەیەکی گەورەمان هەڵبژاردووە، هەروەها هۆکارێکی دیکە بەشداری زیاتری خەڵکە لە قەزا جیاوازەکان لەلایەک و بەشداریپێکردنی خەڵکی یەکە ئیدارییە جیاوازەکانە لە گوند، شارەدێ، ناحیە و قەزاکان. بۆیە دەتوانین بڵێین نموونەکە لە زۆربەی هەرە زۆری قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەوەش دەتوانین باشتر بانگەشەی گشتاندنی ئەو نموونەیە بکەین بەسەر هەرێمدا.
سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتا، داتاکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پرسیارەوە کۆکراونەتەوە، کە ئەم ئەپلیکەیشنە پلاتفۆرمی کۆمپانیای شیکار راپرسییە و یەکەم ئەپلیکەیشنی داتای مەیدانییە لە ئاستی عێراقدا. لە رێگەی ئەم ئەپلیکەیشنەوە پرسیارنامە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ خەڵکی جیاوز لە خالە جیاوازەکانی ئەم هەرێمە دەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیستەمی ئەپلیکەیشنەکە زیرەکە و دەتوانرێت پێشتر دیاربکرێت لە هەر رەگەزێک، قەزایەک، ئاستێکی خوێندن و تەمەنێک چەند کەس وەربگیرێت، کە ئەو رێژانەش بە پشت بەستن بە ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم و لەلایەن ستافی پسپۆری کۆمپانیاکەوە دیاریدەکرێن. بۆ کۆکردنەوەی داتا پشت بە پرسیارنامەی داخراو دەبەسترێت و پرسیارەکان بە جۆرێک دادەڕێژرێن کە سادە و ساکار بن و خەڵکی لە ئاستی رۆشنبیری جیاوازدا لێی تێبگەن و پێویستیان بەوە نەبێت بۆیان روونبکرێنەوە.
تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانی نموونەکە بەم شێوەیەن: رەگەزی نێر ٦٣% و رەگەزی مێ ٣٧%، هەولێر ٣٣%، سلێمانی - هەڵەبجە ٤١% و دهۆک ٢٦%، ٦٨% نموونەکە باری ئابوورییان ناوەند، ١٣% باش و ١٩% خراپ، هەروەها لە ئاستی خوێندنی جیاواز و پیشەی جیاجیا پێکهاتوون.
شیکردنەوەی داتاکان:
i. شانازیکردن لە نێوان کوردبوون و عێراقیبووندا:
لەپرسیاری تایبهت به شانازیكردن به كوردبوون دەردەکەوێت تێکڕا ٨٦% نموونەکەمان شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە دەکەن، لە بەرامبەریشدا نزیکەی ٦٥% نموونەکە شانازی بە عێراقیبوونی خۆیانەوە دەکەن. هەر دوو رێژەکە بەرزن. ئەگەر بەگشتی تەماشای ئەو شانازیکردنە بە عێراقیبوونەوە بکەین (٦٥%) هەندێک نائاسایی دەردەکەوێت، چونکە هەر ئەو خەڵکە بە رێژەی ٩٣% دەنگیان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە پەیوەندی کورد بە عێراقەوە هەرگیز پەیوەندییەکی ئاسایی نەبووە و هەمیشە کوردەکان خەباتیان کردووە بۆ رزگاربوون لە عێراق. نەک تەنها ئەوە بەڵکو یادەوەری زۆر ناخۆشیشیان لەگەڵ عێراق هەیە لەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردەکانیان هاتووە لە سەر دەستی دەوڵەتی عێراق.
ii. بەرگری لە خاک و ئایین:
هەرچەندە بەپێی ئایینی ئیسلام بێت بەرگری کردن لە خاک یان نیشتیمان پێویستە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کورد کێشەی خاکی هەیە و نیشتیمانی داگیرکراوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لە سەردەمی شێخ مەحموودەوە کورد بەرگری لە خاکی خۆی دەکات و ئایینەکەی کەمتر رووبەڕووی مەترسی بووتەوە، بەڵام ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە ئایین زۆر بەهێزترە لە ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە خاک.
ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت مرۆڤ بەرگری لە خاک و نیشتیمانەکەی بکات تا ئاستی خۆبەکوشتدان وەک ئەو هەزاران شەهیدەی کە پێشتر لە پێناو کوردستان بوونەتە قوربانی رێژەیان نزیکەی ٦٢% دەبیت کە لە راستیدا رێژەیەکی بەرزە، بەڵام بە بەراور بەو رێژەیەی کە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت بەرگری لە ئایین بکات تا ئاستی گیان فیداکردن جیاوازییەکە زۆرە، چونکە ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ بەرگری لە ئایین تا ئاستی گیانفیداکردن رێژەیان نزیکەی ٩٥% دەبیت.
هەروەها لە پرسیارێکی دیکەی نزیک لەوەی سەرەوە بەڵام راستەوخۆتر لە نموونەکەمان پرسیوە ئەگەر هەرێمی کوردستان کەوتە بەر شاڵاوێکی دوژمنکارانەی سەربازی ئامادەی بەرگری لێ بکەی؟ لە وەڵامدا ٥٠.٨% نموونەکە دەڵێن بەڵێ بە دڵنییاییەوە بەرگری دەکەین، رێژەیەکی بەرزی دیکەش کە دەکاتە ٣٢% دەڵێن لەوانەیە، بەڵام هەمان پرسیار سەبارەت با بەرگریکردن لە ئایین، ئەوانەی وەڵامیان بەڵێ بەدڵنیاییەوەیە رێژەیەکی یەکجار بەرزە کە دەکاتە ٨٧%.
iii. پەروەردەی منداڵ لەسەر بیری ئایینی یان نەتەوەیی:
خێزانەکان منداڵ لەسەر بیری نەتەوەیی، ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایەک یان فەلسەفە و جیهانبینیەک پەروەردە دەکەن. لەم راپۆرتەدا بۆ ئێمە گرنگ بوو بزانین چەندە خەڵکی هەرێم دەیانەوێت منداڵەکانیان لە سەر هەردوو بیری نەتەوەیی و ئایینی پەروەردە بکەن نەک هیچ ئایدیۆلۆجیا یان جیهانبینییەکی دیکە. دەرکەوت ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان منداڵەکانیان لە سەر بیری ئایینی پەروەردە بکەن رێژەیان نزیکەی ٩٦% دەبیت کە نزیکە لە ١٠٠%. لە بەرامبەردا ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان لە ئێستا و لە داهاتوودا منداڵەکانیان لەسەر بیری نەتەوایەتی (کوردایەتی) پەروەردە بکەن رێژەکەیان دەکاتە ٨٢%. دەردەکەوێت جیاوازی لە نێوان ئەو دوو رێژەییەدا هەیە و هەستی ئایینی بەهێزتر دەردەکەوێت لە هەستی نەتەوایەتی.
iv. موسڵمانبوون، عێراقیبوون و کوردبوون:
سەبارەت بە سێ ناسنامەکە بەپێی وەڵامەکانی نموونەکە بێت خەڵکی هەرێم زۆریان پێ باشترە کە موسڵمانن لەوەی کە سەر بە هەر ئاینێکی دیکە بن، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان رێژەیان ٩٤% دەبێت کە ئەمەش دەکرێ بڵێن هەمان ئەو رێژەیەیە کە ئامادەن تا ئاستی گیانفیداکردن بەرگری لە ئایینەکەیان بکەن. سەبارەت بەوەی کە پێیان باشترە کورد بن لەوەی لە هەر نەتەوەیەکی دیکە بن رێژەکە نزیکەی ٨٠% دەبێت، لێرەدا رێژەکە بەرزترە لەگەڵ ئەو رێژەیەی هاوڕابوون لەگەڵ بەرگری لە خاک تا ئاستی خۆبەکوشتدان (٦٢%). هەرچی ئەوانەن کە دەڵێن: بوونم وەک هاوڵاتیەکی عێراقی پێ باشترە لە بوونم وەک هاوڵاتی هەر وڵاتێکی تر رێژەکەیان ٦٥% دەبیت واتە هەمان ئەو رێژەیەی کە شانازی بە عێراقیبوونەوە دەکەن، لێرەدا پێویستە مرۆڤ هەڵوەستەیەک بکات و بپرسێت چی وادەکات خەڵکی هەرێم پێیانباش بیت سەر بە عێراق بن لە کاتێکدا عێراق لەو پاشەگەردانیەدایە، بەدەر لە هەستی تایفی و جیاکاری نەتەوەیی و بەعەرەبکردنی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و بڕینی بودجەی هەرێم و هەوڵدان بۆ داگیرکردنەوەی هەرێم لە ٢٠١٧ و پێشتر و هەوڵدان بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێم! هەمیشە باسی ئەوە دەکرێت کە کوردەکان یادەوەرییان لاوازە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەگەڵ عێراق روودەدات هێشتا بەردەوامە و مێژوو نییە تا ببێتە یادەوەری.
v. مانەوە لە وڵات لە هەموو بارودۆخێکدا:
ئایا خەڵکی هەرێم ئامادەن لەم وڵاتە بمێننەوە یا دەیانەوێ وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن؟ دیارە کە خەڵکێکی زۆر دەیانەوێ کۆچ بکەن و ئەو مەیلەش نەشاردراوەتەوە، هەروەها بە پراکتیکیش هەر کاتێک دەرفەتێکیان دیتبێت کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکی کۆچیان کردووە بۆ نموونە کۆچ بۆ ئەلمانیا لە ٢٠١٥ و گردبوونەوە لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس-پۆڵەندا لە ٢٠٢٠. پرسیارەکەی ئێمە لێرەەدا ئەوەیە: چەندە هاوڕای لەگەڵ ژیان و مانەوەت لە وڵات لە هەر بارودۆخێکدا بێت؟ دەردەکەوێت ئەوانەی دەیانەوێت لە هەموو بارودۆخێکدا لە وڵات بمێننەوە و لە وڵات بمرن رێژەیان ٦١% دەبێت و لەبەرامبەریشدا نزیکەی ٣٩% ئەو ئامادەییەیان تێدا نییە.
هەروەها لە پرسیارێکی هاوشێوەی دیکەدا کە دەڵێت: ئایا تاچەند لەگەڵ ئەم دەربڕینە هاوڕای؛ من منداڵەکانم لە ئێستا و داهاتووشدا لەسەر ئەوە هاندەدەم کە لەم وڵاتەدا بژین و بمێننەوە؟ دەردەکەوێت ٧٣% لەگەڵ ئەوەدان و ٢٧% لەگەڵ ئەوەدا نین. ئەگەر پرسیاریش بکرێت لەوەی بۆ رێژەی ئەمانە زیاترە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا لەم پرسیارەدا تەنیا باسی هاندان دەکرێت، لە کاتێکدا لە پرسیاری پێشوو ئەگەری ئەوە هەیە کە بارودۆخێکی ناڵەبار رووبدات وەکو شەڕ یان کارەساتی سروشتی یان قەیرانێک لە قەیرانەکان. ئەوەی لە ئەنجامی ئەو دوو پرسیارەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کەوا زیاتر لە ٢٥% هاوڵاتییان هاوڕانین لە مانەوە یان هاندان بۆ مانەوە لە وڵات، رێژەیەکی بەرزە.
vi. هەڵمەتی ئیمانیی:
وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بەوە کرد کە هەڵمەتێکی ئیمانی هەیە لە هەرێمی کوردستان و بە جیددی کار بۆ ئەوە دەکرێت لەلایەن هەندێ گروپ و لایەنی جیاجیاوە کە رەنگە لە مێژووی ئێمەدا هەوڵی بەو شێوەیە نەدرابێت . یەکێک لە نیشانەکانی چەقاندنی ئەو هەموو تابلۆیانەیە لەسەر رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان کە لەسەریان نووسرایە (سبحان الله، الحمد لله ولا إله إلا الله). دوو حاڵەتی دیکەی دیاری ئەو هەڵمەتە بەحیجابکردنی بەکۆمەڵی کچانە و پێشبڕکێی لەبەرکردنی قورئانن. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو هەڵمەتە کاریگەرتر بێت لە راگەیاندنەکاندا پیشاندەدرێت و لە سۆشیال میدیادا بانگەشەی بۆ دەکرێت و بە شێوەی جیاواز دەخرێتە بەرچاوان. ئێمە لە راپرسییەکەماندا لەبارەی ئەو دوو دیاردەیە پرسیارمان کردبوو کە خەڵکەکە نەک تەنیا چەندە لەگەڵ ئەو دوو دیاردەیەدان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشن کە لە راگەیاندندا پیشاندەدرێت؟ دەردەکەوێت بەرێژەی زۆر بەرز لەگەڵ ئەوەدان. نزیکەی ٩٧% لەگەڵ پێشبڕکێیەکانی لەبەرکردنی قورئاندان و هەروەها نزیکەی ٨٥% لەگەڵ حیجابکردنی بەکۆمەڵی کچان و پیشاندانیانن لە میدیا.
vii. رێوڕەسمی ئایینی دیکە:
کۆمەڵێک رێوڕەسمی ئایینی دیکە هەن کە بە گرنگمان زانی پرسیاریان لەبارەوە بکەین . سێ لەو دیاردانە ئەوانەن کە لە کۆمەڵگادا پێشتر باوبوون، ئەوانیش مەولوودی پێغەمبەر، پرسەی مردوو و سەردانی مەزاری پیاوچاکان، لە دیاردە نوێیەکانیش پرسیارمان لە عومرەکردن کرد. عومرەکردن و هاندان بۆ عومرە کە تەنیا سونەتێکە بەشێکە لە هەڵمەتی ئیمانی لەلایەک و بۆ خەڵکانێکی بازرگانیش کە سەرقافڵەن سەرچاوەی پارەپەیداکردنە. هەرسێ رێورەسمەکەی دیکە (مەولوودی پێغەمبەر، پرسەی مردوو و سەردانی مەزاری پیاوچاکان) کە سێ رێوڕەسمی ئایینی ئیسلامی کۆنن لە ناو کورداندا لە ژێر کاریگەری ئیسلامی سیاسیدا لە پاشەکشەدان. دوو رێوڕەسمی مەولوودی پێغەمبەر و پرسەی مردوو بە بیدعە لەقەڵەم دراون و سێیەمیش سەردانی مەزاری پیاوچاکان کە هەندێ جار و لای هەندێ کەس تا ئاستی کوفر بەرزکراوەتەوە، بەڵام عومرە، چونکە بەشێکە لە هەڵمەتی ئیمانی بەردەوام هاندەدرێت، بۆیە نزیکەی ٩١% نموونەکە دەلێن ئەگەر دەرفەتیان هەبێت دەیانەوێت عومرە بکەن. هەڵبەت بەشێکی ئەوە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ کەمی خەرجی عومرە لەلایەک و سەفەر لە لایەکی دیکە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێم ئەو دەرفەتەیان نەبووە سنوورەکانی هەرێم ببڕن، بۆیە ئەو سەفەرە بۆ ئەوان رەنگە گرنگ بێت.
viii. پارێزگاکان و سێکوچکەی ناسنامە:
سەبارەت بە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کە دوو پارێزگا دوو پارێزگا بەسەر دوو زۆنەکەدا دابەشبوون، لەبەر ئەوەش کە لە نێوان دوو زۆنەکەدا وەکو پێویست پرۆسەی تێکەڵبوونەوەکە بە ئەنجام نەگەیشت، لە زۆر بابەتدا هەست بە جیاوازییەکان دەکرێت . هەوڵماندا بزانین ئەو پرسانەی سەرەوە لە پەیوەندیدا بەو پارێزگایانە هیچ جیاوازییەک پیشاندەدەن دەرکەوت لە بابەتی شانازیکردن بە عێراقیبوون هەست بە جیاوازی ناکرێت بەڵکو رێژەکانیان لە نێوان %٦٤ و ٦٦% دایە، بەڵام لە بابەتی شانازیکردن بە کوردبوون هەست بە جیاوازی دەکرێت وەک لە وێنەی خوارەوەدا دیارە. پارێزگای دهۆک لە شانازیکردن بە کوردبوونەوە لە پێش پارێزگاکانی دیکەیە و ئەو هەستە نزیکەی ٩٥% دەبیت، لە پارێزگای هەولێر دەگاتە نزیکەی ٨٨% و لە پارێزگاکانی سلێمانی-هەڵەبجەش ٨٠%
سەبارەت بە دوو برگەی هاوڕابوون لەگەڵ بەرگریکردن لە نیشتیمان تا ئاستی خۆبەکوشتدان و بەرگریکردن لە ئایین تا ئاستی گیانفیداکردن، دەبینین سەبارەت بە بڕگەی تایبەت بە ئایین جیاوازی هەست پێناکرێت لە نێوان پارێزگایەکانی هەرێم، بەڵام کاتێک بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان دێتە پێش پارێزگای دهۆک بە پێش پارێزگایەکانی دیکە دەکەوێت و بە ڕێژەیەکی بەرزتر کە دەکاتە نزیکەی ٨٢% هاوڕان لەگەڵ بەرگریکردن لە خاک، لە کاتێکدا ئەو هاوڕابوونە بۆ بەرگریکردن لە خاک لە سلێمانی-هەڵەبجە دەکاتە کەمتر لە ٥٠% و پارێزگای هەولێریش دەکەوێتە نێوان دهۆک و سلێمانی-هەڵەبجە بە ڕێژەی ٦٦%.
ئەنجامگیری
1. ناسنامەی کوردبوون ئەگەرچی هێشتا بەهێزە (بە لەبەرچاگرتنی ئەو جیاوازیەی لە پارێزگا جیاوازەکان هەیە)، بەڵام دوو ناسنامەکەی دیکە (عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی) لە گەشەسەندنێکی خێراو بەهێزدان.
2. بەهێزبوونی ناسنامەکانی عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی دەبنە هۆی لاوازبوونی ناسنامەی کوردبوون و دواکەوتنی پرسی کورد.
3. بەهێزبوونی ناسنامەی عێراقچییەتی کاریگەری دەبێت لەسەر باڵادەستبوونی زیاتری ناوەند و دەستبردن بۆ هەمواری دەستوور بەمەبەستی کاڵکردنەوەی فیدرالیەت و سەربەخۆیی هەرێم.
4. بەهێزبوونی ناسنامەی ئیسلامگەرایی و سەلەفیزم دەبێتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادی تاکەکەسی و بەهای پێکەوەژیان و لێبووردەیی.