Draw Media

عێراق داوا دەكات هەرێم نەوت رادەستی "سۆمۆ" بكات

عێراق داوا دەكات هەرێم نەوت رادەستی "سۆمۆ" بكات

2023-03-26 15:37:15


(درەو): 
لە یەكەم كۆبونەوەی دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس، وەزیری نەوتی عێراق پێشنیارەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی رەتكردەوە، ئێستا حكومەتی فیدراڵ بەپێی رێككەوتنی بودجە مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناكات، داوای رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكات بە كۆمپانیای "سۆمۆ"، سەرباری ئەمە جەخت  لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكات. دوو رۆژی داهاتوو جارێكی تر وەفدەكەی هەرێم  دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد. 
رۆژێك دوای راگەیاندنی هەواڵی پابەندبوونی توركیا بە بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم. 
وەفدەكەی هەرێم پێكهاتبوو لە هەریەكە لە (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەوەكالەت، (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، (فارس عیسا) سەرۆكی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغداد، هەرسێ نوێنەرەكەی هەرێم سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانن، لە وێنەكەدا (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)یش دەبینرێت، بەڵام راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق ناوی نەهێناوە.
وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراقیش جگە لە (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوت، پێكهاتوبوو لە (بریكاری وەزیری نەوت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت- بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری دابەشكردن- بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت- بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی- بەڕێوەبەری راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی حكومەت‌و چەند بەرپرسێكی تر) 
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە دوو سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هەولێرو بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق‌و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە بە وەفدەكەی هەرێمی راگەیاندووە:" ئێمە پابەندین بە بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق‌و بڕیاری ئەمدواییەی دادگای پاریس، دەبێت هەرێمی كوردستانیش پابەندبێت‌و ئەمە لەبەرژەوەندی هەرێمدایە". 
(درەو) زانیوەیەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا كە یەكەم كۆبونەوەی وەفدی هەرێم بوو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پاریس، وەفدی هەرێم چەند ئۆپشنێكیان خستوەتەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتی هەرێم لەم قۆناغەدا، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ئۆپشنەكانی رەتكردوەتەوە". 
بڕیارە وەفدی هەرێم لەماوەی دوو رۆژی ئایندەدا جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ بەغدادو پێشنیازی نوێ لەگەڵ خۆی ببات. 
ئەوەی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر كردووە ئەوەیە، هەرێم پابەند بێت بە ناوەڕۆكی رێككەوتنی ساڵی 1973ی نێوان عێراق‌و توركیا سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوت. 
كرۆكی ئەم رێككەوتنە دەڵێت" دەبێت حكومەتی توركیا پابەند بێت بە رێنمایی لایەنی عێراقی سەبارەت بە جوڵەی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە عێراقەوە بۆ سەرجەم ناوەندەكانی ئەمباركردن، گلدانەوە‌و وێستگەی كۆتایی". 
ئەمە بەواتای ئەوەدێت هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات. 
هەرێمی كوردستان لە رێككەوتنی پرۆژە یاسای بودجەی 2023-2024-2025 قایل بووە بەوەی داهاتی نەوت لە حساب بانكییەكدا دابنێت كە حكومەتی فیدراڵ چاودێری بكات، بەڵام رێككەوتنەكە رادەستكردنی نەوت بە "سۆمۆ" لەخۆناگرێت.
داواكردنی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای "سۆمۆ"، بەواتای ئەوە دێت لەدوای دەرچوونی حوكمی دادگای پاریسەوە لەبەرژەوەندی عێراق، ئیتر وەزارەتی نەوت بەپێی ئەم دۆخە نوێیە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات نەك رێككەوتنەكانی پێشتر. 
سەرباری ئەمە، وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی بڕیاری ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای باڵای فیدراڵی راگەیاندووە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت دەبێت هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.  
ئەم پەرەسەندنە لەكاتێكدایە لە سەرەتای شوباتی رابردووەوە وەفدی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆدان سەبارەت بە ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌و هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا بەڵێنی بە كورد داوە لەماوەی (6) مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غاز رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ پەسەندكردنی، پارتی‌و یەكێتیی بەم مەرجە بەشدارییان لە حكومەتی نوێی عێراق كردووە، بەڵام ماوەی (5) مانگ لە تەمەنی حكومەتەكە تێپەڕیوە، هێشتا رێككەوتن لەسەر رەشنوسی كۆتایی یاسای نەوت‌و غاز نەكراوە. 
لەدوای پابەندبوونی توركیا بە بڕیاری دادگای پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسەر داوای بەغداد، ئێستا ئیتر وەزارەتی نەوتی عێراق دەرفەتی ئەوەی بۆ هاتوەتە پێش لە یاسای نەوت‌و غازدا پێشنیازەكانی خۆی بەسەر وەفدی هەرێمدا بسەپێنێت. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راپۆرتێكدا كە دوای گفتوگۆكانی دوو مانگی رابردوو لەگەڵ وەفدی هەرێم ئامادەی كردووە،  رێژەی 67%ی خواستەكانی وەفدی هەرێمی لە یاسای نەوت‌و  غازدا رەتكردوەتەوە‌و نایەوێت ئەم مافانە لە یاساكەدا بە هەرێم بدرێت: 
•    هەرێم خۆی نەوت بفرۆشێت
•    هەرێم بۆری نەوتی تایبەت بەخۆی هەبێت
•    ئەنجومەنی نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان هەبێت
•    هەرێمی كوردستان یاسای نەوت‌و غازی تایبەت بە خۆی هەبێت (ئەم یاسایە لە 15ی شوبای 2022 لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەڵوەشێندرایەوە)
یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دواین چانسە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سەروەری خۆی بكات بەسەر سامانی سروشتی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لەم یاسایەدا حكومەتی فیدراڵ خواستەكانی خۆی جێگیر بكات، پرۆسەی نەوت‌و غاز لەڕووی یاساییەوە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی بەغداد،  ئەمە رەنگە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بێت لە پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداد كە دیار نییە دواتر بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand