سێ رۆژە نەوتی هەرێم راگیراوە رۆژانە (22) ملیۆن دۆلار زیانی كردووە
2023-03-27 08:24:52
درەو:
ماوەی سێ رۆژە نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركیا راگیراوە، رۆژانە (22) ملیۆن دۆلار و سێ رۆژەكە (66) ملیۆن دۆلار زیانی كردووە.
لە نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە، لە ماوەی ئەو سێ رۆژە هەرێمی كوردستان رۆژانە (22) ملیۆن دۆلار و سێ رۆژەكەش (66) ملیۆن دۆلار زیانی كردووە.
تێكرا نرخی نەوتی برینت بازارەكانی جیهان بە (74) دۆلار بووە، هەرێمی كوردستان بە (19) دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت، واتا هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (55) دۆلار دەفرۆشێت.
بەپێی نوسراوی رەسمی بەڕێوەبەری نوسینگەی باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركی لە كاتژمێر (12:35) خولەكی رۆژی 25/3/2023 نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە.
واتا تا ئەمڕۆ سێ رۆژە راگیراوە، هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت لە ئێستادا بەرمیلێك نەوت (55) دۆلار دەكات واتا رۆژانە دەكاتە (22) ملیۆن دۆلار و سێ رۆژەكە دەكاتە (66) ملیۆن دۆلار.