“زاواكەی و ژنبراكەی ئەردۆغان كاری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیان كردووە”
2023-03-28 13:35:10
درەو:
راپۆرتی: رۆژنامەی قەراری توركی
"زاواكەی و ژنبراكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبێ تەندەر كاری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیان پێدراوەو بەشێك لە نەوتەكەیان بە وڵاتی ئیسرائیل فرۆشتووە، عێراق دۆسیەكەی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دژی توركیا بردەوە، توركیا بڕی (ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلار غەرامەكراوە، بەهۆی رەوانەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی ووردی رۆژنامەی (قەرار)ی توركی لەسەر كەیسی نەوتی هەرێمی كوردستان
🔹راپۆرتەكەی رۆژنامەی قەراری توركی
ئەنقەرە بەهۆی هاوكاری لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سزایەكی توند سزا درا، كە دەیویست بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی باكوری عێراق ڕاستەوخۆ بۆ جیهان بخاتە بازاڕەوە، بۆیە توركیا لە لایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ ماوەی 2014-2018 بڕی (یەك ملیار و 400 ملیۆن) دۆلار غەرامە كرا، وەزارەتی وزە بەبێ ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكە وتی پابەندی بڕیارەكە دەبین و پارەكە دەدەین، ئەمەش جێگای سەرسوڕمان بوو كەبۆچی كۆمپانیایەكی تایبەت پارە پەیدا بكات بەڵام سزاكە لە گیرفانی میللەتەوە بدرێت؟
عیراق زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری دەوێت
نەجدەت پامیر، شارەزای وزە دەڵێت "توركیا لەگەڵ بارزانی ئەم كارەیان ئەنجامداوە كە پێچەوانەی هەردوو دەستووری عێراق و بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە". پامیر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: ئەنقەرە پەیوەندی لەگەڵ بارزانی باش بوو بۆیە ئەم كارەی كرد بەڵام دەبێت بپرسین كێ سودمەند بووە لە قازانجی ئەم كارە؟ ئەو قەرەبووەی عێراق داوای دەكات زیاتر لە 30 ملیار دۆلارە كێ دەیدات؟ لە پارەی ئەو باجە دەدرێت كە ئێمە دەیدەینە دەوڵەت بەهۆی هەڵەی ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
حكومەتی عێراق لە ساڵی 2014 بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە توركیا نەوتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەكردووە بێ ئەوەی رەزامەندی عێراق وەربگرێت، حكومەتی ناوەندی بەغدا داواكارییەكەی گەیاندە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس و سكاڵای یاسایی لەسەر توركیا تۆماركرد، عێراق لە دۆسیەی ناوبژیوانییەكەدا سەركەوت كە لە ساڵی 2014 لە دژی توركیا تۆماری كردبوو بە بیانووی ئەوەی كە ئەنقەرە رێگەی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە نەوت لە بۆری نەوتی كەركوك – جەیهان هەناردە بكات، رێكەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی پێشێل كردووە، رۆژی شەممە عێراق بردنەوەی ئەو دۆسیەیەی لە دادگا راگەیاند، دوای بڕیارەكەی دادگا هەناردەكردنی نەوتی لەلایەن حكومەتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی كوردستانەوە راگرت.
رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی هێڵی كەركوك – جەیهانەوە ڕەوانەی توركیا دەكرێت، 75 هەزار بەرمیل لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە بەرهەم دەهێنرێت و 370 هەزار بەرمیلیش ئەو نەوتەیە كە هەرێمی كوردستان دەریدەهێنێت، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، توركیا بە نووسراو عێراقی ئاگاداركردووەتەوە كە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكات.
شاندێك دەچێتە توركیا
بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: “لەم نزیكانە شاندێك (لە وەزارەتەوە) سەردانی توركیا دەكەن و لەگەڵ دەسەڵاتداران كۆدەبنەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی نوێ بۆ هەناردەكردنی نەوتی دەرهێنراو لە باكوری عێراق كە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی تەریب بێت، لە بەیاننامە فەرمییەكەی وەزارەتی نەوتدا ئاماژە بەوە كراوە، بەردەوامی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی تێرمیناڵی جەیهانەوە و پابەندبوونەكانی كۆمپانیای نەوتی گشتی عێراقی سۆمۆ بەرامبەر بە كۆمپانیا نەوتییەكانی دیكە لەو كۆبوونەوانەدا كە بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت تاوتوێ دەكرێن.
سزاكە ساڵانی 2014-2018 دەگرێتەوە، سكاڵای دووەمیش بۆ دوای ئەو ماوەیە بەردەوامی هەیە
دوای ئەوەی حكومەتی ناوەندی عێراق دۆسیەكەی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دژی توركیا بردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق هەناردەكردنی نەوتی بۆ توركیا راگرت، لە كاتێكدا توركیا لە دۆسیەی ناوبژیوانی نەوتدا بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار غەرامەكراوە، ئەم سزایە ماوەی ساڵانی 2014-2018 دەگرێتەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەر ئەو بابەتە ڕایگەیاندووە كە بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی توركیا ناچار بووە نزیكەی یەك ملیار و نیو دۆلار بداتە عێراق و ئەم سزایە تەنها ماوەی ساڵانی 2014-2018 دەگرێتەوە، دۆسیەی ناوبژیوانی دووەم كە ماوەی دوای ساڵی 2018 دەگرێتەوە بەردەوامە، هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە كە پێشبینی دەكرێت لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم دۆسیەیە یەكلایی بكرێتەوە.
ئەنقەرە دەبێت لە ڕووسیا و ئێرانەوە هاوردە بكات
سەرچاوەكان ڕایانگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس كاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەمەش بەندە بەو ماوەیەی بۆری كەركوك-جەیهان دادەخرێت ، مانەوەی هێڵی كەركوك-جەیهان بە داخراویی نادڵنیایی گەورە بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەكات.
كۆمپانیای HKN Energy كە بنكەكەی لە داڵاسە و لە ناوچەكەدا كاردەكات، لە نامەیەكدا كە ساڵی ڕابردوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریكای ناردووە ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەناردەكردنی نەوت بوەستێت ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڕووخێت.
ئێمە و بارزانی پێشێلكاریی دەستووریمان ئەنجامداوە
نەجدەت پامیر پسپۆڕی وزە دەڵێت، بڕیارەكە شتێكی سەرسوڕهێنەر نەبووە، هاردەكردنی نەوت پێچەوانەی بڕگەكانی دەستووری عێراق ئەنجامدراوە، دەستوور دەڵێت، "سەرچاوەكانی ژێرزەوی و سەرچاوە هایدرۆكاربۆنییەكان هی هەموو خەڵكی عێراقە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە كام ناوچەیەی عێراق بەرهەم دەهێنرێن". لە دەستووری عێراقدا هاتووە: “هەناردەكردن و هاوردەكردنی هەموو ئەمانە لەژێر دەسەڵاتی سۆمۆدایە كە دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەتی عێراقی فیدراڵییە"، هەروەها بڕیارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارنامەی 1483 و 1546ی هەیە، بەم پێیە حكومەتی عێراق دەتوانێت نەوت لە هەر شوێنێكەوە بەرهەم بهێنرێت هەناردەی دەرەوەی بكات و داهاتی ئەو نەوتەش دەخرێتە سەر حسابی سندوقی گەشەپێدانی عێراق لە بانكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان.
دوای لێبڕینی تێچووەكان داهاتەكە دەدرێتە بانكی ناوەندی عێراق، لەسەدا 17ی داهاتەكەی بۆ باكوور و لەسەدا 13 بۆ ناوەڕاست و لەسەدا 70 بەسەر دانیشتووانی عێراقدا دابەشدەكرێت. حكوومەتی عێراق بەرپرسە لەوەی ئەو كارە ئەنجامبدات.
لێرەدا سێ سەرپێچی هەیە، یەكەم: پێشێلكردنی دەستووری عێراق هەیە، دووەمیان پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، سێیەمیشیان پێشێلكردنی ڕێككەوتنی بۆری نەوتی خاوی عێراق و توركیایە، كاتێك سەیری بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنە دەكەین كە لەگەڵ حكومەتی عێراق واژۆمان كردووە، لە مادەی حەوتەمدا هاتووە، "لایەنی توركیا گەرەنتی پرۆسەی گواستنەوە و باركردن لە نێو خاكی توركیادا دەكات، لایەنی توركیا بەتەواوی پابەندی ڕێنماییەكانی لایەنی عێراقی دەبێت لە ناوەندەكانی عەمباركردن و هەناردەكردن و تێرمیناڵەكە سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو لە عێراقەوە". بەپێی ئەم ڕێككەوتنە، دەبێت پابەندبین بە ڕێنماییەكانی لایەنی عێراقییەوە.
عێراق 30 ملیار دۆلاری دەوێت
لایەنی عێراقی ساڵانێكە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەهۆی داعش لەلایەك و كۆنترۆڵنەكردنی خاكی وڵاتەكەی خۆی بەشێوەیەكی دروست لەلایەكی دیكەوە، توركیا ئەم دۆخەی قۆستووەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ بارزانیدا باشە بۆیە عێراق لە ساڵی 2014ەوە بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام دۆخەكە بەو شێوەیە هەر بەردەوام بووە تا بە یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كە پارەیەكی زۆرە سزادراوین، ئایا پارەی سزاكە كێ دەیدات؟ دەبێت بپرسیت كێ پارەكە بەدەست دەهێنێت؟ تۆ مەحكومیت بە دانی یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كە باجی هەڵەكانتە، لە ڕاستیدا ئەو قەرەبووەی لایەنی عێراقی داوای دەكات زیاتر لە 30 ملیار دۆلارە، كاتی ئەوە هاتووە بڵێین ئەوەی بەسەرماندا هاتووە بەڕاستی شەرمەزارییەكی تەواوەتییە.
كۆمپانیاكان تەنها بۆ چەند رۆژێك توانای عەمباركردنی نەوتیان هەیە
دوابەدوای ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری سیلان، كۆمپانیاكانی گڵف كیستۆن پترۆلیۆم، جینێل ئینێرجی و دی ئێن ئۆ ڕایانگەیاند كە ئەو نەوتەی بەرهەم هێنراوە بەشێوەیەكی كاتی هەڵدەگرن، كۆمپانیای DNO ی نەرویجی كە نەوت لە ناوچەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقدا بەرهەمدەهێنێت، دوای بڕیارەكە دەستی بە گواستنەوەی نەوتی دەرهێنراو بۆ تانكەكانی عەمباركردن كردوە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆگاكانی عەمباركردنی نەوت تەنها بۆ چەند رۆژێك توانای هەڵگرتنی نەوتی هەیە، DNO لە راگەیەندراوەكەیەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە بەردەوامیی هەناردەكردنی نەوت".
ئەلبەیراك نەوتی كوردستانی بە ئیسرائیل فرۆشتووە
ئایكوت ئەردۆغدو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، لە لێكۆڵینەوەكانیاندا سەبارەت بە گەندەڵی وزە لە ساڵی 2015دا، روبەڕووی كۆمپانیاكانی ئار ئینێرجی، زیرڤێ هۆڵدینگ و پاوەرترانس بوونەتەوە، بێرات ئەلبایراك زاوای ئەردۆغان و زیا ئیلگەن برای هاوسەرەكەی ئەردۆغان لەنێو ئەو كەسانەدا بوون كە پشكیان لەم كۆمپانیایانەدا هەبووە، ئەردۆغدو ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو ئیمتیازانەی كە بەو كۆمپانیایانە دراوە، زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵك كەوتووە.
ئەردۆغدو بانگەشەی ئەوەی كرد كە كۆمپانیای چالیك هۆڵدینگ كە خاوەنەكەی بێرائەت ئەلبایراك زاوای ئەردۆغانە لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای پاوەر ترانس بووە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی نایلۆن بووە و پارەی ڕەشی لێ كڕدراوە، ئەردۆغدو دەڵێت كۆمپانیای پاوەر ترانس بەبێ تەندەر كاری گواستنەوەی نەوتی كوردی پێدراوە، ئەم كۆمپانیایە ڕەزامەندی حكومەتی ناوەندی عێراقی وەرنەگرتووە و ئەم نەوتەی بە ئیسرائیل فرۆشتووە.
ئایا پارەی ئەو غەرامەیەی كە دەبێت بدرێت پارەی باوكتە؟
پەرلەمانتاری ئیزمیری پارتی IYI لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆی رایگەیاند " ڕێككەوتنی نهێنی واژۆ كراوە بۆ هەڕەشەكردن لە ئاسایشی نەتەوەییمان لە پێناو سوودگەیاندن بە هەندێك كۆمپانیای خاوەن ئیمتیازاتی تایبەت".
نەجدەت پامیر شارەزای سیاسەتی وزە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دەڵێت، ساڵانێكە دەنووسین كە كارەكانت دژی دەستووری عێراق و ڕێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیایە ئەمە ئێستا دۆخەكەیە ئایا ئەم پارەیە دەبێ بدرێت، پارەی باوكتە؟
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا كاتییە، هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بە هیچ شێوەیەك ڕاناگیرێت، چونكە ئەمە پرۆسەیەكی یاساییە و سەرلەنوێ دەستپێدەكاتەوە.
حەملان ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر یاسای بودجە و نەوت و غاز گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كاتییە و بەم نزیكانە دەستپێدەكاتەوە. لەلایەكی دیكەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر سەبارەت بەو پرسە لێدوانێكی دا و ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكانی ئەم دواییە لەگەڵ بەغدا بنەمای چارەسەركردنی ئەو كێشەیە سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتی. بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، بەم نزیكانە وەفدێكی حكومەت لە هەولێرەوە سەردانی بەغدا دەكات.
راپۆرتەكەی رۆژنامەی قەراری توركی
https://www.karar.com/guncel-haberler/birileri-goturdu-cezasi-millete-1737746