دادگای باڵا بڕیار لەسەر پەرلەمانی كوردستان دەدات
2023-03-28 13:01:31
(درەو):
سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ماوەی (100) رۆژە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە، پێشبینی دەكرێت ئەمە دواین دانیشتن بێتو دادگا بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوە، ئەگەر دادگا بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كوردستان بدات، دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە بكرێت.
سبەینێ جارێكی تر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی ئەو سكاڵایە كۆدەبێتەوە كە لەدژی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە.
سكاڵاكان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانو (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو لە (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست.
یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە ماوەی (100) رۆژە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایەو هێشتا یەكلانەكراوەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بڕیارە دانیشتنی سبەینێ دواین دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بێت لەبارەی سكاڵاكان دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانو چیتر دادگا بڕیاردان لەسەر كەیسەكە دوانەخات.
ئەگەر سبەینێ دادگا بڕیاری كۆتایی رانەگەیاند، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا دوای راگرتنی دانیشتنەكانی دادبینی لەبارەی ئەم كەیسە، بڕیارەكەی بە نوسراوێك ئاشكرا بكات.
ئەگەر دادگا درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەنادەستوری ناوببات، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت خولی ئێستا پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم هەمواربكاتەوەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كارابكاتەوە، لەم حاڵەدا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پەنا بۆ یاسای هەڵبژاردنی پێشوو ببەنو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە ببات، ئەمە لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لە زیانی یەكێتیو لایەنەكانی تردایە كە خوازیاری گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، چونكە یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنو بەشێوازی یەك بازنەیی جاران، جارێكی تر دەرفەتی ئەوە بۆ پارتی خۆش دەكات بەكورسی كۆتای پێكهاتەكانەوە، رێژەی 50+1ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات.
سەرباری ئەمە، هەڵوەشاندنەوە پەرلەمانی كوردستان لایەنە سیاسییەكان ناچار دەكات، بەربەست لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا دروست نەكەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموار نەكردوەتەوەو كۆمسیۆنیش كارا نەكراوەتەوە.
لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە.
بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتاییو پارتیو یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن.
پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری 2022 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، جگە لە فراكسیۆنی پارتیو یەكێتیو گۆڕانو پێكهاتەكان كە دەنگیان بۆ درێژكردنەوە داوە، فراكسیۆنەكانی ترو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشێوازی جیاواز لە پەرلەمان كشاونەتەوە یاخود بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە.
ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆو شەڕی داعشو قەیرانی سیاسی ناوخۆیی.