Draw Media

پارتی چاوی لە كورسی سەرۆككۆماری عێراقەو كاندیدیشی هەیە

پارتی چاوی لە كورسی سەرۆككۆماری عێراقەو كاندیدیشی هەیە

2018-05-16 14:05:42


(  درەو میدیا)
وەك نەریتێكی سیاسی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە لە عێراق لە نێوان ( كورد سەرۆك كۆمار و و شیعە سەرۆك وەزیران و سوننە سەرۆكی پەرلەمان) دابەشكراوە، لە ناو هێزە كوردییەكانیشدا لە سێ خولی رابردوودا ( 2005 ، 2010 ، 2014 ) بۆ یەكێتی بووە، ئێستاش یەكێتی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئامادە كردووە و بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا"  یەكێتی دەیەوێت بۆ ئەو پۆستە ( د. لەتیف رەشید ) ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی، كاندید بكات.
بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان كە زۆرترین كورسی لایەنە كوردییەكانی هەیە، لەدوای تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە دەوترا پۆستی سەرۆك كۆمار لەبری پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئێستا چاوی لە كورسی سەرۆككۆماری عێراقە، زانیارییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی نیازی كاندیدكردنی  نەجمەدین كەریمی هەیە بۆ ئەو پۆستە، لەلایەك دەیەوێت قەرەبووی هەڵوێستەكانی نەجمەدین بكاتەوە لە پرسی ریفراندۆمدا كە هاوهەڵوێستی پارتی بوو، لەلایەكیش ئەگەرچی  نەجمەدین كەریم لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لابراوە بەڵام لە ئەندامێتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ماوە و كۆنگرە بڕیاری كۆتایی لێدەدات، بۆیە پارتی دەیەوێت وای نیشان بدات كە كەسێكی یەكێتی كردوەتە سەرۆك كۆماری عێراق. 

بیرهێنانەوە
.............................................
سەرۆك كۆماری عێراق لە دەستوردا  
بەشی دووەم
[ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن]

مادەی (66)
      دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی فیدرالی لە سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێكدێت، و بە پێی دەستور و یاسا دەسەڵاتەكانی پیادە دەكات.

لقی یەكەم: سەرۆك كۆمار

مادەی (67)
      سەرۆك كۆمار سەرۆكی وڵات و نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەند بوون بە دەستورو پارێزگاری لە سەربەخۆییو سەروەریو یەكێتیو پاراستنی خاكی عێراق بە پێی بڕگەكانی دەستور.

مادەی (68)
      پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرۆك كۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەكەم: لە عێراق لە دایك بووبێت و دایك و باوكی عێراقی بن.
دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو كردبێت.
سێیەم: ناوبانگێكی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاكێـتی و سەرڕاستیو دادوەریو دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراو بێت.
چوارەم: حوكم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات.
مادەی (69)
یەكەم: خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە پێی یاسا ڕێكدەخرێت.
دووەم: هەڵبژاردنی جێگرێك یان زیاتر بۆ سەرۆك كۆمار بەپێی یاسا ڕێكدەخرێت.
مادەی (70)
یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەران لە نێو پاڵێوراواندا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی 3/2 دەنگیئەندامەكانی.
دووەم: ئەگەر هیچكام لە پاڵێوراوان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا كێبەڕكێ‌ لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا ئەنجام دەدرێت كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو كەسەش زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێ‌ لە دەنگدانی دووەمدا بە دەبێت بە سەرۆك كۆمار.
مادەی (71)
      سەرۆك كۆمار لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا سوێندی دەستووری دەخوات بەو شێوەیەی لە مادەی (50) ی دەستووردا هاتووە.
مادەی (72)
یەكەم : ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار چوار ساڵەو، دەكرێت تەنها بۆ یەك جاری تر هەڵببژێردرێتەوە.
دووەم : 
‌ڕ.     ماوەی كاری سەرۆك كۆمار بە كۆتاییهاتنی خوولی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی دێت.
‌ب. سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ‌و ئەنجامدانی دانیشتن، بەو مەرجەی سەرۆك كۆماری نوێ‌ هەڵببژێردرێت لەماوەی سی (30) ڕۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنەوە.
‌ج. ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەر هەر هۆیەك بەتاڵ بوو، سەرۆكێكی تر هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوكردنی ئەو ماوەیەی كە ماوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.
مادەی (73)
سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەی هەیە:

یەكەم: دەركردنی لێبووردنی تایبەت لەسەر ڕاسپاردەی  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەمەرجێك ئەوانە نەگرێتەوە كە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی  نێودەوڵەتیو تیرۆرو گەندەڵی داراییو ئیداریەوە حوكمدراون.
دووەم:پەسەندكردنی پەیماننامەو ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران.
سێیەم:پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران دایدەنێن،  یاساكانیش بە بەپەسەندكراو دەژمێردرێن پاش تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆك كۆمار.
چوارەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران  بۆ كۆبوونەوە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی دیاریكراو بەمەرجێك لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەكات.
پێنجەم: بەخشینی نیشانەو مەدالیا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەگوێرەی یاسا.
شەشەم : پەسەندكردنی باڵوێزەكان.
حەوتەم: دەركردنی بەیاننامەی كۆماری.
هەشتەم : پەسەندكردنی حوكمی لەسیدارەدان كەلەلایەن دادگا تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت.
نۆیەم : هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی پرۆتۆكۆلیو ئاهەنگ گێڕان.
دەیەم: هەر دەسەڵاتێكی تر كەلەم دەستوورەدا دیاریكرابێت.
مادەی (74)
   موچەو دەرماڵەی سەرۆك كۆمار بە پێی یاسا دیاریدەكرێت.
ماددەی (75)
یەكەم: سەرۆك كۆمار بۆی هەیە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی بە نووسراو پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات، دەست لەكاركێشانەوەكەش لەپاش حەوت ڕۆژ لە پێشكەشكردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران كاری پێدەكرێت.
دووەم: یەكێك لە جێگرەكان جێی سەرۆك كۆمار دەگرێتەوە لەكاتی ئامادەنەبوونیدا.
سێیەم: لەكاتی نەبوونی سەرۆك كۆمار لەبەر هەرهۆیەك، جێگر جێگای دەگرێتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەبێت سەرۆكێكی نوێ هەڵببژێرێت لەماوەیەكی دیاریكراو پاش چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك كۆمار بەمەرجێك لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەكات.
چوارەم: لەكاتی نەبوونی سەرۆك كۆماردا، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جێگای دەگرێتەوە ئەگەر سەرۆك كۆمار جێگری نەبوو. دەبێت سەرۆكێكی نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەیەكی دیاریكراودا بەمەرجێك لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەكات لەبەرواری بەتاڵبوونی ئەو پۆستەو بەگوێرەی بڕگەكانی ئەم دەستوورە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand