Draw Media

چالاك ئاغجەلەری بەئاوڕدانەوە لە مێژووی دینی ئیبراهیمی و راکێشانی کێشمەکێشە سیاسیەکان و تێوەگلانی بە بابەتی جیاوازی لە مەعرفە و گەیاندنی ئیلهامی خوداکەیان، زۆرێک کێشە و گرێی نەکراوەی بەجێهێشت کە تائەم ساتەش هەر لەو کێڵگە ڕەقەدا تۆوەکەی ئەچێنن ، بێجگە لە ڕق و رووبەڕووبوونەوە هیچی لێ سەوز نەبووە، هەرچەندە ئەم ئەربابە پەیامبەرانە خوێنی یەکترن کە یەکێکیان سەر بە نەوەی ئیسماعیلە کە ئیسلامە و ئەوەی تریان سەر بە نەوەی یەعقوبە کە یەهودە لە کاتێکدا هەردووک لە خۆێنی ئیبراهیمن، ئەو کێڵگە ڕەقەش پێیدەڵێن فەلەستین یان پالەسیتاین. بەگێڕانەوە و گرێدانی ئەم مێژووە بۆ سەرهەڵدانەوەی کێشەکە بە نەمانی دەوڵەتی عوسمانی دێت کە ٤٠٠ ساڵ ئەو خاکەی لەژێر دەست بوو کەسێک نەبوو دەنگی خاوەندارێتی بەرزبکاتەوە لەمەڕ ئەو زەویە کارەسات هێنە، بەکۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ساڵی ١٩١٧ بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جوەکان درا لەسەر زەوی فەلەستین ، ئەم ئایدیایەش لە دایک بووی رەهەندی ئینگلیزبوو  وەک براوەی جەنگ کارتەکەی خستە سەر مێزی بەشە بەشێنە و ئاکام دوای ئەو هەموو بەرهەڵستیەی نەوەی ئیسماعیلەکان، نەوەی یەعقوبی گەیشتنە خواستی خۆیان ساڵی ١٩٤٥ دەوڵەتی جوویان بۆ دەمەزراند بە ناوی ئیسرائیل. لەم ساڵەوە دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بەهێزتر دەبوو، سەرباری کۆی ئەو ئاستەنگ و دژایەتیانەی بەرامبەری کرا وە یاخود ئەم بەرامبەر دژەکانی دەیکرد، ئەمەش بە پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەسەر جەم بوارەکاندا، کار گەیشتە ئەوەی ئەم دەوڵەتە ٨ مليۆنیە ببێتە خاوەن ٨ کڵاوەی ئەتۆمی ، ئەمەش بۆ خۆی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەر هێرشێک بەروو ڕووی ببێتەوە.   بە تێپەڕینی ساڵەکانی شەڕی سارد ،پێگە و مەکانەتی ئەم دەوڵەتە بۆ ڕۆژئاوا گەرمتر و پڕ بایەختر دەبوو هەرچەندە لە شەڕی نۆکەندی سوێسی ساڵی ١٩٥٦ بەرامبەر میسر ، ئەمریکا پشتیوانی نەکرد بەڵام پێگەی جيۆپۆلەتیکی هێند بەهێز بوو  وەک پێگەی ستراتیژی بلۆکی ڕۆژئاوا خەسڵەتی گرتبوو، هەرچەندە ئەم گەرمو گوڕییە لەگەڵ ڕوخانی دیواری بەرلین ساردبوونەوەیەکی باشی بەخۆوە دی بەڵام  لە بەهێزی خۆی چاوەکانی لەسەر لا نەچوون!! کێشە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەخیر دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی ڕەشی وەک داعش ئەستێرەی جووەکانی گەشتر کردەوە و هەروەها پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئآشتی نێوان عەرەب-ئیسرائیل خاڵێکی بەهێزی ترە کە ئەمڕۆ دەوڵەت لە دوای دەوڵەت دەستی ئاشتی درێژ دەکەن بۆ جووەکان و ئەو شەرابە تاڵە( لە ئەجندای فیکری ناسیونالیزمی عەرەبدا) نۆش دەکەن ، کە کێشەی نێوانیان پێویستی بۆ دونیابینیەکی ترە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکاندا، ئەوەی ماوەتەوە دەست بۆ ئەوە ئاشتیە درێژ بکات دەوڵەتی عێراقە!، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی هەژموونی ئێرانگەرا ڕێگەکە پڕ هەڵدێرە لەم پەیوەندیە کە پێی ئەچێت حەوزەی نەجەف و سیستانی مەیلیان لێبێت ئەو ئاراستەیە بگرن ، ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە ئێران لە حاشیەدا بێت. سەرە قەڵەمیش مەرج نیە سەتا سەت بۆ چوونەکە بپێکێت، بەڵام شرۆڤەیەکە بۆ ئەگەرێکی دوور مەودا  هەروەها پاپای فاتیکانیش بەشێکە لە سیناریۆکە!!


حسێن عەلی شەریف لە شەوانی كۆتانەهاتووی باكوری نەرویجدا، لە چاوەڕوانی درێژخایەنی كەمپە دورەدەستەكەدا، لەیلا تاكە ڕۆشناییەك بوو بۆ هەمومان ! خەندەیەكی جوانی هەمیشەیی‌و تیشكی چاوە سەوزەكانی‌و ڕوخساری ناسكی سەدەف ئاسای، ئەو دیمەنانە بوون كە تەواوی دانیشتوانی كەمپەكە وزەیان لێوەرئەگرت. لەیلا هەموو (موزڵیم)ەكانی خۆشئەویست، بەڵام لەبەرانبەر غەیرە موسڵمانەكاندا خۆی لائەداو نەیئەدواندن! هەر كەسێكی تازە ئەهاتە كەمپەكە، لەیلا لێی ئەپرسی: یو موزڵیم؟ ئیتر بە دیندارو بێدینەوە، بە ماركسی‌و عەلمانیەوە، بە كۆمۆنیست‌و ئیسلامیەوە بە كوردو ئەفغانی‌و سۆماڵیەوە هەر هەمومان لەبەرانبەر پرسیارەكەی لەیلادا ئەمانگوت: یەس ئایم ئە موسلیم! جوانی‌و میهرەبانیەكەی لەیلا، ئامرازێك بوو بۆ ئەوەی كە بێدینەكانیش ڕێز لە دیندارەكان بگرن. لەمانگی ڕەمەزاندا ئەوانەشی بەڕۆژو نەبوون لە ڕوویان نەئەهات لەبەرچاوی لەیلا نان بخۆن! كە نوێژیشی ئەكرد دەستەكانی جار جار ئەگرت‌و جاری واش ئەبوو لە كاتی خوێندنی ئەلحەمدودا بەدەنگی بەرز ئەیگووت: ئەلهەمدو لیلاهی رەبول ئالەمین ئەلرەهمان‌و رەهیم،  هەردوو دەستەكانیشی بۆ ئاسمان بەرز ئەكردەوە. دیمەنی لەیلا لەكاتی نوێژكردندا كە بەشێوەی خۆی ئەیكرد هێندە جوانبوو كە هەمومانی ئەوەستاندو سەری پێ ئەكردینە خوار. ئەو ئەگەرچی جگە لە زمانی چیچانی‌و ڕوسی هیچ زمانێكی تری نەئەزانی، بەڵام تەنها بە خەندەو میهرەبانیەكەی لە هەمومان ئەگەشت‌و هەموشمان لەو ئەگەشتین. ئەو ڕۆژەی ئەبو مەروان‌و ژنەكەی هاتنە كەمپەكە، پێچەوانەی لەیلا جگە لەهەندێك عەرەب سڵاویان لەكەسی تر نەئەكرد. ئوم مەروان سەراپای داپۆشراو بوو، عەقڵ‌و خەندەو ڕێزگرتنی بەرانبەریشی هەمانشێوە! لەیلا هەموو ئەوانەی كە بە زمان ئەیانگوت ئایم ئە موسلیم، بە براو خوشكی خۆی ئەزانی‌و هەرگیز شتەكانی تر بۆ گرنگ نەبوو. ئوم مەروان تەنها ئەو ژنانەی بە موسڵمان ئەزانی كە وەك خۆی داپۆشراو بوون، ئەبو مەروانیش جگە لە هەندێك كەس تەواوی دانیشتوانی بە كافر  ئەبینی‌و كێشەی گەورەی لەگەڵ كوردە كافرەكانی (خۆی گوتەنی) دۆستی ئیسرائیلدا هەبوو. ئەوەی لێی ئەترساین ئەوە بوو كە ڕویدا، ئوم مەروان‌و لەیلا بوون بە هاوڕێ. ئیتر لەوێوە پرۆسەی ئەبێت‌و نابێت‌و جائیزەو ناجایزەو قەبوڵەو قەبوڵ نیە دەستی پێكرد. بەر لە هاتنی ئەو ماڵە فەلەستینیە، لەیلا خودای لەڕێگەی هزرو بیركردنەوەی خۆیەوە ئەناسی‌و عیبادەتی بەپێی ویستی دڵ ئەكرد، بەڵام دواتر خودایان لەڕێگەی دەق‌و یاسای مرۆڤەكانەوە پێناساندو عیبادەتیشیان لەڕێگەی قیل‌و قالەوە فێركرد. لەیلا لە خوشكە میهرەبانەكەی خۆی گوتەنی (موزڵیمەكانەوە)  گۆڕا بۆ ئەو ژنەی كە جگە لە ماڵ ئەبو مەروان مەرحەبایی كەسی تر نەكات. لەیلا پێشوتر بەزمانە چیچانیەكەی خۆی قسەی لەگەڵ خودا ئەكردو ئەشیتوانی قسەكانی لە دڵیەوە بخاتە سەر زمانی، بەڵام كە دواتر فێریانكرد بە عەرەبی دۆعاكانی بكات، ئیتر جگە لەچەند داوایەكی بچوك  كە بەهەڵە لە زمانیەوە ئەهاتە دەر هیچی تری نەئەتوانی. فێریانكرد كە دەستی ڕاستی بخاتە سەر دەستی چەپ‌و لەسەر ناوكەی بیانگرێت، كە ئەشی پرسی بۆچی ئەبێت وابكەم؟ پێیان ئەگووت شەرع گوتویەتی ! لەیلایەكی ئیمانداری جوان ڕۆشت‌و لەیلایەكی دینداری داخراو هاتە جێگای! لەیلایەكی مرۆڤدۆست‌و خوداناسی جوان ڕۆشت‌و لەیلایەكی دورەپەرێزو دڵتەنگ‌و ڕوودرژ هاتە جێگای!  ئەو لەیلای كە بێدینەكانیش ڕێزیان لێئەگرت‌و شەرمیان لێئەكرد ڕۆشت‌و لەیلایەك هاتە جێگای كە ئیتر كەس گرنگی پێنەدات ! لەیلا ئیمانداربوو، بەڵام كردیان بە دیندار! باڵەكانی لەیلا لە كاتی ئیمانداریدا هێندە گەورەبوون كە ئەیتوانی بەئاسانی بگاتە لای خودا، بەڵام كاتێك كە ئەوان ڕێگای خودایان بۆ دیاریكرد ئیتر لەو باڵندە باڵكراوە ئەچوو كە تەنها چەند بستێك توانای بەرزبوونەوەی لە زەوی هەبێت! لەیلا سەد ڕێگەی هەبوو بۆ ناسینی خوداو بۆ خوداپەرستی، كەچی ئەوان نەوەدو نۆ ڕێگایان لێ داخست‌و تەنها یەك ڕێگایان بۆ هێشتەوە. بەدەست خۆم نەبوو لە دۆخی لەیلادا بیرم ڕۆشتەوە بۆ ئەو ساڵانەی تێكەڵی ئەبو مەروانە كوردەكان بووم، ئەو پیاوانەی كە عیبادەتی نەنە خەجێ‌و خاڵۆ موستەفامیان بە عیبادەتی هەڵە ئەزانی، بەهۆی شێوەی دەستگرتن‌و قاچدانانی كاتی نوێژ. بیرم بۆ لای ئەو پیاوانە ڕۆشتەوە  كە هەرچی ڕێگای خودا پەرستیە لە مرۆڤی ئەسەننەوە تەنها ئەو ڕێگا بە قەبوڵ ئەزانن كە خۆیان دیاری ئەكەن. لای ئەو پیاوانەی كە عیبادەت لایان تەنها خۆ برسیكردن‌و نوێژكردنەو ناشتنی نەمام‌و چارەسەری نەخۆش‌و دروستكردنی سەیارەو ئامێری پزێشكی‌و تەلەفۆن‌و فڕۆكە بە عیبادەت نازانن. بیرم لەو پیاوانە كردەوە كە هانی خەڵكی ئەدەن لە پێناوی خودادا مرۆڤ بكوژێت‌و ڕقی لە خەڵكانی تر بێت، لەكاتێكدا ئەبوو فێریان بكردایەن لەپێناوی خودادا ژیانی خەڵكمان ڕزگار بكردایەو لەپێناوی خودادا خەڵكیمان خۆش بویستایە!  


پەیكار عوسمان (کوشتنی سیاسەت) کاتێ کە ئێمە پێمانوایە، سیاسەت یەعنی فڕو فێڵ و دزی و درۆو، ئیتر لەسەر ئەرزی واقعیش، هەر سیاسەتێکی لەو جۆرەمان ئەبێ و ناکرێ سیاسەتێکی ئەخلاقییمان هەبێ، لەکاتێکدا هەر خۆمان بڕوامان وایە کە سیاسەت شتێکی نائەخلاقییە. ئێمە لە تێگەیشتنمانەوە بۆ سیاسەت، سیاسەتمان کوشتووەو هەر لەوێشەوە ئەتوانین زیندوی بکەینەوە. سیاسەت یەعنی هاتنە دەرەوەی تۆ لە خۆت و کرانەوەت بە ڕووی ئەوانیترو فەزای گشتیدا. جا تۆ لە کوێ ی خۆتەوە دێتە دەرەوە؟ لە ئیرادەو ئاگایی و بەرپرسیارێتییەوە، یان لە ئەنانیەت و حەزی سوڵتەو بەرژەوەندییەوە؟ لەڕاستیدا ئەوە هاتنەوە دەرەوەی یەکەمیانە کە خودی سیاسەتە، ئەگەرچی هاتنە دەرەوەی دووەمیان باڵادەستە. باڵادەستبوونی دووەمیشیان ناکاتە ئەوەی کە ئیتر ئەوە شتەکەیە، وەکچۆن ئەگەر بە ڕۆژدا پەردەکان دادەیتەوە، بەوە دنیا نابێتە شەو. (کوشتنی ئەخلاق) ئەخلاق ئەوەیە کە عەقڵ و دڵ و ویژدان پشتگیری ئەکاو خۆی خۆیەتی و شتێکی تر ئەو نیە. کاتێك کە شتانێكی ترمان لێئەبێ بەو، ئیتر ئەخلاق ئەمرێ. تەنیا لەوێشەوە زیندو ئەبێتەوە، کە خۆمان لە بەدیلەکانی بتەکێنین و هۆشیاربینەوە بە خودی خۆی. خۆی ئەوەیە کە ناوەکیی و گشتییە. ناوەکییە چونکە لەناو خۆتدایەو تۆ هەر ئەونەی کە مرۆڤیت، ئیتر هەڵگری مرۆڤبوونیشیت. گشتییە چونکە مرۆڤبوون لەناو هەمووماندایە، کە ئەوەش عەدالەتی خوداو یەکسانیی ئێمەیە. بەڵام بەدیلەکانی ئەخلاق، ئەوانەن کە ناوچەیی و کاتی و دەرەکیین، یەعنی ئەشێ تۆ لەناو خۆتدا، بزانیت کە شتێك ڕەبتی بە ئەخلاقەوە نیە،، کەچی لە دەرەوەی تۆدا، کۆدەنگییەکی کۆمەڵایتی و نەریتی هەیە لەسەر ئەوەی کە شتەکە بابەتی ئەخلاق بێت! (کوشتنی خودا) کاتێ تۆ لەناو بەشە غەریزییە ئاژەڵییەکەی خۆتدا گیرئەخۆیت و خوداش دائەبەزێنیت بۆ ئەوێ، ئیتر ئەوە تەنیا کوشتنی ئەو نیە، بەڵکو کوشتنە بە سوکایەتی پێکردنیشەوە! حەزە سێکسییەکان، حەزی سوڵتەو زاڵێتی، پاڵنەرە غەریزی و سایکۆلۆژییەکان، داواکارییە نەریتی و کۆمەڵایەتییەکان.. ئەمانە هەن و بەشێکن لە ئێمە، بەڵام بەشە ئاگاکە نا. سادەترین ناسین و ڕێزگرتنیش لە خودا، ئەوەیە کە لینکی ئێمەو ئەو، لەڕێگەی بەشە ئاگاکەمانەوەبێت. کاتێکیش کە دین ئەبێت بە دوژمنی ئەم بەشەمان و کاری ئەبێت بە بێهۆشکردن و لێدانی عەقڵ، ئیتر ئەوە خواکوژی و پچڕانی لینکەکەیە. (کوشتنی مرۆڤ) کە سیاسەت کوژراو خاڵیکرایەوە لە ڕەهەندە ئەخلاقییەکەی. کە ئەخلاق کوژراو خاڵیکرایەوە لە خۆی و پڕکرا لە بەدیل و شەبیهەکانی. کە ئاگایی کوژراو هەر لەوێشدا خودا نێژرا. ئیتر سێکوچکەی مرۆڤبوون "جوانی و چاکی و ڕاستی" ئەمرێ. ئیتر ستەم و فەساد، جێگای چاکبوون ئەگرێتەوەو جەهل و وەهم، جێگای ڕاستی ئەگرێتەوەو جوانی ساختەو ڕووکەشیی، جێگای خودی جوانی ئەگرێتەوە. (کوشتنی کۆمەڵگا) کە مرۆڤبوونیش مرد، ئیتر کۆی شتەکان پێکەوە پاشەکشێ ئەکاو ئەوە وەهمەو ڕاست نیە، کە تۆ پێتوایە لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژیاوە لەدواوەیت، بەڵام لە ڕووی ئەخلاق و خێزانەوە حاڵت باشە. بەڵکو لەڕاستیدا، سیاسەت و هونەرو زانست و ئەخلاق و خێزان و کۆی کایەکان، هەمووی پاکێجێکەو پێکەوە هەڵئەکشێ و دائەکشێ. (کوشتنی ژیان) کە کۆمەڵگاش مرد، ئیتر جەنگەڵ دەستپێئەکاو ساحەکە تەنیا هێزو کەڵبەی تیائەمێنێ و لێرەشەوە ژیان ئەمرێ. ئاخر فەزای ژیان هەر ئەوەیە کە حەق حوکمی ئەکاو فەزای مەرگیش هەر ئەوەیە کە هێز حوکمی ئەکات. (ژنکوشتن) کاتێکیش کە هێزو زاڵێتی، لەبری عەقڵ و حەق، سەروەرە، ئیتر ژن نابێتە هاومرۆڤی پیاو، بەڵکو ئەبێتە تەرەفی لاوازی هاوکێشەکەو بەشیشی هەر کوشتن و ستەملێکرانە. ئەمەش کۆتایی نایەت، تا کۆی تێگەیشتنمان بۆ سیاسەت، بۆ ئەخلاق، بۆ دین، بۆ مرۆڤ، بۆ ژیان، بۆ سێکس، بۆ شەرەف.. نەگۆڕین. یەعنی لەڕاستیدا ژنکوشتن تەنیا کاری پیاو نیە، بەڵکو کاری کۆی عەقڵیەتی کۆمەڵگاو ژینگەکەیەو ئەبێ کۆی ئەوەی کە هەیە بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش بە دەسەڵات و ڕاگەیاندن و پەروەردەو یاساو مەلاو ڕۆشنبیرو هەموومان ئەکرێت.. بەڵام لە هەموو ئەو بوارە گشتییانە گرنگتر، ئەوە کە "من تۆ" خۆمان ئەو شتەی ناو سەرمان بخەینە ئیش و بیرێکی تر لە شتەکان بکەینەوە،، بەو هیوایەی کە عەقڵ ڕێگایەکی ترمان پیشان بداو لەوێشدا، ئیتر ئیرادەمان لە کۆتی نەریت و کۆمەڵگا وەرگرینەوەو بکەوێتەوە دەست خۆمان. مەبەستم خۆمانی مرۆڤ و ئازاد. (خۆکوشتن) کە شتەکانی دەرەوەی تۆ، مانایان نەماو یەك یەك بە بەرچاوتەوە کوژران، ئا لەوێدا هێشتا تۆ ماویت و تۆ دەستپێئەکەیت. بەجۆرێك کە لە عەقڵ و ئاگاییدا، ئەتوانی ماناو پێناسەیەکی تریان بدەیتێ و زیندویان بکەیتەوە. کاتێکیش کە ئەمە ناکەیت، ئیتر تۆش لەگەڵیاندا ئەمریت. کە خۆشت ئەکوژیت، تەنیا ئیعلانی ئەو مردنە ئەکەیت! ئەو کاتەی کە هەموو شتێك کۆتایی دێت، تۆ هێشتا کۆتاییت نەهاتووەو شتێك لە تۆدا هەیە، کە هەرگیز کۆتایی نایەت. بەڵام تۆ خۆت و ئەو شتە ناناسیت و هەموو ژیانت لێئەبێت بە عالەمە دەرەکییەکە، بۆیە لەگەڵ کۆتایی ئەودا، تۆش کۆتاییت دێت و خۆت ئەکوژیت. (کوشتنی دووەم) بەمجورە، وڵاتی ئێمە، وڵاتی کوشتنەکانەو هەموو شتەکانمان کوشت. تەرمی سیاسەت و هونەرو ئەخلاق و دین و مرۆڤ و هەموو حیکایەتەکان لەوناوەدا کەوتووەو شتێکیش هاتووە، یاری بە تەرمەکانیان ئەکاو جارێکی تریش ئەیانکوژێتەوە. ئەو شتە ناوی ڕاگەیاندنەو بۆ ڕاگەیاندنیش، تەنیا یەك وشەی سێ پیتیم هەیە: "یەع".


پەری مامەسێنی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە رێژەی ترسناک بەرزبۆتەوە، رۆژی نیە چیرۆکێکێ تری کوشتنی ئافرەتان روبەری میدیاکان نەگرێت کوردستانی عێراق یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە هێشتا کوشتنی ناموسی تێیدا بڵاوە .  بە وتەی رێخراوی وادی لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٧ زیاتر لە ( ١٢) هەزار ژن لە کوردستانی عێراق کوژراون لە ٢٠٠٧ وە تا ئەمرۆ بە دەیان ھەزارانی تر چۆتە سەر ئەو ژمارەیە ھەرچەند ئاماریکی روون بەردەست نیە.  بەداخەوە دووبارە بوونەوەی ئەم کارەساتانەو بەردەوامیان وایکردووە کە ببێتە هەواڵێکی ئاسایی و هیچ کاردانەوەیەکی جیدی و هەمەلایەنە بەرامبەر ئافرەت کوشتن بوونی نەبێت. زۆر جار یاسای دژە ژن بێدەنگی بەرامبەر ئەم کردەوانە دەکات و بەو پێیە رێگە بۆ دووبارە بوونەوەیان خۆش دەکات. ئاستی ترسناکی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ناموسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە نەک تەنیا یاسادانانی بەهێزتر بەرامبەر بە تاوانەکانی سەر بە ڕەگەز بەڵکو سەپاندنی و سزایەکی بەهێزتر دەبێت ھەبێت تا ئەو دیاردە ناشیرینە ریگای لێ بگیریت. لە عەقڵییەتی زۆربەی خێڵە عێراقی و کوردییەکاندا ، بیرۆکەیەک هەیە کە کاتێک ژنێک دەکەوێتە خۆشەویستی پیاوەوە یان پەیوەندیەکی پتەوی لە دەرەوەی هاوسەرگیریدا هەیە ، دەبێت هەم ژنەکە و هەم پیاوەکە بکوژرێن بۆ ئەوەی شەرەفی خێزانە بەڕێزەکانیان " پاک " بکەنەوە کۆتایی هێنان بە کوشتنی ناموسی لە کوردستانی عێراق ، بریتی دەبێت پشتگیری کردن لە یاسایکی توند دژی بکوژ دواتر کارکردن لە گۆڕینی عەقڵییەتی خەڵک بە پارێزەر و دادوەر و پۆلیسەوە . ھەمومان ھاوراین کە ئەوە ئەو عەقڵییەتانەی کە پێویستە بگۆڕێن  ژنان دەیانەوێت ژیانێکی خۆش بژین لە ناو گۆمەلگادا.  


رێبوار كه‌ریم وه‌لی راستییه‌كه‌ی جوابی ئه‌و پرسیاره‌ دوو لایه‌نی هه‌یه‌: یه‌كیان مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسی و ئه‌وی دیكه‌یان مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌. به‌ درێژایی مێژووی كوردستان له‌ ململانێ و شه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ڵ رژێمه‌كانی ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت زلهێزه‌كانی وه‌كو ئینگلیزیش، قه‌ت مه‌رجه‌عییه‌تێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆ درووست نه‌بووه‌ كه‌ بتوانێ له‌ ململانێی ناوخۆییدا، قسه‌ی كۆتایی بكات، چونكه‌ هه‌میشه‌ مه‌رجه‌عه‌كان خۆیان ته‌ڕه‌فێكی به‌هێزی ململانێی سیاسی بوونه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ نه‌یاره‌كانیان یان ئه‌وانه‌ی وه‌كو ئه‌وان بیر ناكه‌نه‌وه‌ ته‌سفییه‌ بكه‌ن.  * هه‌میشه‌ لاقێكی سیاسه‌ت له‌ ناوخۆدا له‌نگ بووه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌ هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا، سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا داوای گرنتی كردنی پێگه‌ی سیاسی و حوكمڕانیی خۆیان كردووه‌. كه‌سانێك ئه‌گه‌ر ویستبیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی ئه‌وان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا بكه‌ن، به‌ جاش و خائین وێنا كراون. * له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا، جگه‌ له‌ مه‌رجه‌عییه‌تی ئایینی و مه‌زهه‌بی، مه‌رجه‌عییه‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆكردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك تاكه‌ كه‌سدا باوی نه‌ماوه‌، چونكه‌ عاقیبه‌ته‌كه‌ی دیاره‌؛ ئه‌و كه‌سه‌ بیه‌وێ یان نه‌یه‌وێ هه‌ر به‌ره‌و تاكڕه‌وی ده‌ڕوات و قه‌تیش ناتوانێ به‌ یه‌كچاو سه‌یری هه‌موو كۆمه‌ڵگا بكات. بۆیه‌ مه‌رجه‌عی پایه‌داری هه‌موو میلله‌تێكی ئازاد و دیموكرات بریتییه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ به‌ ده‌نگدانی راسته‌وخۆی خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێردرێن. مه‌رجه‌عی هه‌ره‌ باڵای هه‌موو وڵاتان ده‌ستوور و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ كه‌ بچینه‌ی قانوونه‌كانی وڵات و جێبه‌جێبوونیان زامن ده‌كه‌ن. * پڕوپاگه‌نده‌ و پێداگری له‌سه‌ر درووستكردنی مه‌رجه‌عییه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان و ته‌سلیمكردنی هه‌موو بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان به‌ یه‌ك كه‌س، له‌ هیچ شوێنێكی دنیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، یه‌كسانی و عه‌داله‌تی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناڕازیی به‌رهه‌م هێناوه‌ و ئه‌وانیش یان هه‌وڵی رووخاندنی مه‌رجه‌عیان داوه‌، یانیش مه‌رجه‌عێكی دیكه‌یان بۆخۆیان درووست كردووه‌. * زروفی كوردستان وا ده‌خوازێت كه‌ به‌ زووترین كات بیر له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی هاوچه‌رخ بكرێته‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا هه‌وڵه‌كانی رابردوو بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور زیندوو بكرێنه‌وه‌. ده‌ستوورێك كه‌ ببێ به‌ مه‌رجەعی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌رك و مافه‌كان و، دیاریكردنی هه‌موو چوارچێوه‌كان. ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی حزبه‌كان ده‌ربهێندرێت و دادگایه‌كی ده‌ستووریی دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی حزبه‌كان دروست بكرێت. هێز و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ كه‌ به‌ قانوونه‌ به‌ركاره‌كانی په‌رله‌مان درووست كراون و ئیجماعی سیاسییان له‌سه‌ره‌.


کارۆخ خۆشناو دوێنێ پێنج وڵاتی زلهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستێکی پڕ بایەخ و روون و ئاشکرایان نواند بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ئەم جۆرە هەڵوێستە ئەگەر کرداری بەدوادا بێت گرنگیەکی تایبەتی هەیە و دەکرێت هاوشان و هاوشێوەی (لۆبیکردن) وەبەرهێنانی دیپلۆماسی تێدا بکرێت، چونکە ئەم بەیاننامانە زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (140) و ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) و دانانی سنوورێک بۆ هێرشی میلیشیاکان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی هەرێم، لەبەرئەوەی ئەم میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئەگەرچی لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان (ئەمەریکا و عێراق) ئەمەریکا بڕیاریدا هەموو هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێڕاق بکشێنێتەوە و تەنها راهێنەر و راوێژکاری سەربازی (لەسەر داوای حکومەتی عێراق) بهێڵێتەوە، ئەم بڕیارەش بەمەبەستی بڕینی بەهانەی گرووپ و میلیشاکان بوو، بۆ ئەوەی هێرش و فشارەکانیان کەمبکەنەوە و کەشێکی ئارام ساز بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کە بڕیارە لە مانگی (10)ی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەم هەوڵەی ئەمەریکا سوودی هەبێت، چونکە هێرشی میلیشیاکان لە دوای ئەم بڕیارەی ئەمەریکا نەک تەنها نەوەستاون، بەڵکو زیادیشیان کردووە. رەفتارەکانی ئەم میلیشیا و گرووپانە لە شەش ساڵی رابردوودا سەلماندوویانە کەوا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ داعش، چونکە هەمان رەفتار و میکانیزم و ئامانج و ستراتیژیان هەیە، کە بریتییە لە هێرشکردنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و تێکدان و شێواندنی ئاسایشی هەرێم، بۆیە دەکرێت بڵێین داعش و ئەم گرووپ و میلیشیانە دووڕووی یەک دراون! لە چوارچێوەی ئەم بەیاننامە و هەڵوێستەی ئەم پێنج وڵاتەدا دەکرێت بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن، تاکو فشار لە حکومەتی بەغدا بکەن و چاودێر بن لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسی ئەو گرووپ و میلیشیانە لە سەر هەرێمی کوردستان و لە جێگایاندا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بکرێن. ٭(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)


عەبدولرەزاق شەریف  من نازانم پیاوانی ئاسایش‌و هەواڵگری هەرێم شەوی كەوتنی درۆنەكەی فڕۆكەخانەی هەولێر چۆن‌و چەندیان ئاگادارو چەن لە خەمی هەولێرو هەرێمەكەدا بون، بەڵام رۆژانی دواتر دەركەوت كە هەمویان كەمتەرخەم‌و خەمساردن، وەك هەر روداوێكی تیرۆر یان تەقینەوەی ئاسایی وەریانگرت‌و وێڵیانكرد، حكومەت‌و حیزب‌و پەرلەمانیش بەچەند وتارو بەیاننامەیەكی سەركۆنەكردن تفی خۆیان كردو رۆیشتن، هەمو ئەوانەش كە لە بەرژەوەندیان بو بە بكەرەكانیشەوە بە كەریمی تێپەڕین.  ئێمە چیمان خوێندەوە !؟ دوای ئەو روداوە چیتر !؟ -  هیچ كەس‌و دەزگاو شوێنێك لە هەرێم ئەمین نیەو ناتوانرێ لە هێرشی درۆنی دوژمنەكانمان بپارێزرێ. -  ئاسایش‌و دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم نەیانتوانیوەو ناتوانن لە مەحكەمترین شوێنی هەولێر كە فڕۆكەخانەیە، رێگری لە كاری گروپەكانی هاوكارو پشتیوانی  دوژمن بگرن، بە كەماڵی ئیسراحەت لە چەندین شوێنی جیاوازەوە، لە ئان‌و ساتی تەقینەوەكەدا (وێنەی ڤیدیۆیی)یان گرتوەو بڵاوكردۆتەوە. -  سەروەری‌و خاوەندارێتی هەرێمی كوردستان بەدەست هەر دەوڵەتێكەوەیە كە بیەوێت، كورد خۆی نەبێت. -  سیستەمی خۆپارێزی لە موشەكی زەمینی‌و ئاسمانی لە هیچ شوێنێكی هەرێمدا نیە. -  بیانییەكان، خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق وەك سەرزەمینی خۆیان‌و مەیدانی شەڕی دوژمنەكانی خۆیان ئەبینن‌و پێناسە ئەكەن.! هاوزەمان هیچ بیرو پرۆژەیەكیان بۆ پاراستنی كوردو زامنكردنی مافەكانی كورد لە عێراقدا نیە. -  حەشدی شەعبی‌و چەكدارو بێ چەكی حیزب‌و لایەنە عێراقیەكان، لە جەنگ‌و شەڕی سەرزەمینی كوردستان چ دژی كورد بیكەن یان دژی هێزە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان بەشدارو ئاسودەو خۆشحاڵ ئەبن. -  كۆماری ئیسلامی ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە پلەیەكی باڵاو دەستی هەڕەشەی بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەستی گفتوگۆی توندترو بەهێزتر كردوە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەیان ئەمەی بەئاشكرا رایگەیاندوە. دەزگا دەوڵەتییەكانی تریشیان هەرێمی كوردستانیان لە سەرزەمینی برادەرو دۆستەكانیانەوە گۆڕیوە بۆ سەرزەمینی دوژمنەكانیان.  -  توركیە، جگە لەو روبەرەی هێزەكانی خۆیان تیایدا، بە ئازادی جموجۆڵ ئەكەن، هەمو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بە مۆڵگەی تیرۆریستان پێناسە دەكات. -  هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیان، بیر لە یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان لەسەر خاكی عێراق‌و كوردستان ئەكەنەوە، نەخشەی خۆپارێزی‌و تەسفیەی نەیارەكانیان، سەرلەبەر گۆڕانكاری بەسەردا دێت‌و هەرگیز وەك هەفتەی پێش درۆنە ئاگراوییەكە نابن. هەمو ئەوانەو چیتر ...؟ -  ئەبێت دڕدۆنگی‌و ئاگاداری‌و هەتا هەڕەشەكانی هەرێم لەمڕۆوە روو لە حوكمدارانی بەغدا بێت، نەك پەیوەندی‌و نامە گۆڕینەوەی موجامەلەو هاوسۆزی‌و پێكەوەیی ... -  بە ئاشكراو راشكاوی لەگەڵ گشت هێزە بێگانەكان، هەرێمی‌و نێودەوڵەتیەكان، لەسەر پاراستنی ماف‌و ژیانی خاك‌و خەڵكی هەرێمی كوردستان قسە بكرێت‌و پەیامی رون‌و ئاشكرایان پێ بگەیەندرێ‌و دڵنیایی دەستەبەربكرێ، گەر نا .! داوایان لێبكرێت ئۆردوی سەربازی‌و هەواڵگریان بپێچنەوەو هەرێمی كوردستان جێبهێڵن. نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپاش لەم پەیامە ئاگادار بكەنەوە. -  پرۆژەی نەخشەو پاراستنی سەربازی ئەم نیوە هەرێمەی كە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە كوردستانیەكاندا ماوە، بدرێتە دەست ئەفسەرەكانی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگەو بە پەلە دور لە دەستی حیزبەكان جێبەجێی بكەن. -  بە یاداشتێك تەواوی ماف‌و داواكارییەكانی كورد لەعێراقدا، بە دیاریكردنی سەقفێكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنیان، لە رێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە بدرێت بە حكومەتی عێراق. -  تەواوی وەزیرو كاربەدەستەكانی نوێنەرایەتی هەرێم لە عێراقدا بكشێنەوە تا جێبەجێكردنی ئەو یاداشتەی پێشكەشی بەغدا ئەكرێت. -  لە ناوخۆماندا، حوكمڕانی هەرێم لە دەستی گروپێكی گەمژەو نەزاندایە، لەسەریاندراوەو ئەژنۆیان لە گەچ ئەگرن..! بێ ئاگان تەنانەت لە روداوەكانی ناوخۆی كوردستانیش، كە بە ئاگایان ئەهێنیتەوە، لەجیاتی سوپاس، جنێو بارانت ئەكەن ..!! وەك ساڵانی پێشو، وەك دوێنێ‌و وەك ئەمڕۆش بە قسەو راوێژی چەند دەڵاڵێكی بازاڕی نەوت‌و هەواڵگری نێونەتەوەیی‌و بەرژەوەندیخوازی ناوخۆ ئەكەن .! كاردانەوەی ئەم كارە بەوان ناكرێ، شەڕ لەبەر دەرگایەو گەر بەو تاس‌و حەمامەی پێشو بەردەوامبن، دیسان وەك بەڵاكانی پێشترو وەك شانزەی ئۆكتۆبەر لە ناوخۆدا، ئەكەونە جنێودان‌و پەلاماردانی یەكتری‌و دواجار ئەبێ بڵێین (بەڵا لەخۆتان).  


ئارام سەعید هاوڕێیان، ناتوانین لەمێژووی کوردستاندا سەردەمێک بدۆزینەوە کە تیایدا دەسەڵاتێکی قەزایی بەهێز و سەربەخۆ هەبووبێت،هەمیشە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پارتی و یەکێتی بوون خۆیان دادوەرەکان دادەمەزرینن و پلەیان بەرزدەکەنەوە وبودجەیان دابین دەکەن وهیچ جیاکردنەوەیەکی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا بوونیی نیە.  وەک دەزانن دەسەڵاتی قەزایی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیستمە سیاسیەکەی هەرێم و هەمیشە بەرگری لەوەدەکات کە هاوڵاتی گوێرایەڵی دەسەڵات بێت، ئەو دادوەرانەی لەحکومەت ناڕازی بن سزادەدرێن یان دەگوازرێنەوە لە شوینەکانی خۆیان، لەرووی پێشەییەوە نایەڵن پێش بکەون. هەربۆیە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەیەویت رۆژنامەنوس و ئەوانەی بە ئازادی رای خۆیان دەردەبرن بکاتە سیخوری بێگانە دادگاکاش ناچاردەکەن بەدوایاندا واپۆلێنیان بکەن کە ئەوانە دژی بەرژەوەندی حکومەت کاردەکەن... ئەمە سەرەرای ئەوەی هەندێ جار تەنگە نەفەسی سیاسیەکان ئەوەندە زۆرە نایەڵن کەیسەکە بگاتە دادگا و خۆیان رێوشوێنەکان دەگرنە بەر لە کوشتن و رفاندن و ئەشکەنجەی زۆرێک لە رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان. کە تا ئێستاش یەک کەیسی ئەو تاوانانە لە دادگا ئەنجامی نەبوە و کەس لێپرسینەوەی لێ نەکراوە لەسەر ئەو تاوانانە.  لەسەردەمی شەری ناوخۆی حزبەکان و ململانێکانیاندا میدیا و دادگایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا، هەرچەندە ئەو سەردەمە بەسەرچوە بەڵام هێشتا ژمارەیەک لەسیاسیەکان بە ئەقڵی ئەو سەردەمە بیر دەکەنەوەو ئەوەی لەبەرژەوەندی حزبەکەیان قسە نەکات ئەوا خیانەتکارەو دەبێت بە سیخور تۆمەتباربکرێت، ئەم بیرکردنەوەیەی سیاسیەکان کە هەموو رایەکی ئازاد بە خیانەتکار دەزانێت لە هەرێمیکدا کە خۆی دەیان کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، لەهەرێمێکی ئاوا لەرزۆکدا نەک بەرەوباشی ناروات بگرە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەروات و تا دێت متمانە بە دادگا و سیاسیەکان نامێنیت و بەرەو ئایندەیکی خراپ دەیبات.   ئەگەر دادگا و دادوەرسەربەخۆ نەبن ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی ئەوانەوە یاسا بەشێوازی خۆیان جێبەجی دەکەن، ئەوکات بەئارەزوەکانیان کار دەکەن و ویژدان وجودی نامێنێت. بێگومان ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتی نابێت، دیموکراسیەت ئەدۆڕێت و ئازادی نامێنێت، بیریاران دەڵین" مێژووی کۆمەڵگاکان بریتیە لەمێژوی یاسا و دادپەروەری و گەر ئەو دوانەی لێ دەربێت ئەوا بریتی دەبێت لە میژووی دڕندەیی و زوڵم" بەبێ بونی دادپەروەری و دادگای سەربەخۆ لۆژیکی هێز دەکەوێتە کار، ئەوەی بەهێزە یاساکانی خۆی دەسەپێنێت، خۆی تۆمەتەکان دروست دەکات و دایان دەتاشێت بەو شێوەیەی لە بەرژەوەندیانە، بەخوێندنەوەی هۆبز  مرۆڤ وەک گورگ وایە بۆ مرۆڤی هاوڕێی ئەگەر پەیمانی کۆمەلایەتی و کۆمەڵگە نەبێت، مرۆڤ مومارەسەی نادادپەروەری دەکات. ناکۆکیی و ململانێی خراپ روودەدات و کۆمەڵگە سەقامگیری نامێنێت هەرکەس بریاڕ لەسەر ئەوی تر دەدات وەک ئەوەیە گەلە گورگێک بەردەیتە ڕانە مەڕێک، بۆیە بونیی دادگا ودادپەروەری گرنگە بۆ کۆمەڵگە... لەولاتە دیموکراسیەکاندا تەنانەت لەکاتی جەنگ وئاڵۆزیە گەورەکانیشدا دەسەڵاتداران دەستیان نەبردوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی ورێگەیان نەداوە بەخۆیان دەستوەردان بکەن.    یاسا و دادگا دەبێت لەدەستێکی ئەمیندا بێت و بۆئەوەی پرۆسەی دادگایکردن دادپەروەرانە بێت پێویستە ماف بدرێت بەوانەی تۆمەتباردەکرێن، چەندین دەستەی قەزایی جیاواز بۆی هەبێت وردبینی بکات و رێگە بگرن لە رودانی هەڵەو کەموکورتی قەزایی. چونکە لەبنەرەتدا یاسا بۆ پاراستنی قوربانیان و سزادانی تاوانبارانە بەڵام کە سیاسیەکان دادگا دەگرنە دەست ئەم هاوکێشە هەڵدەگەرێتەوە و قوربانیان تاوانبار دەکرین وتاوانباران ئازاد دەبن، ئەوەش تەمەنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە کورت دەکاتەوە، چونکە هاوڵاتی هیچ متمانەیەکی بەو سیاسیانە نامێنێت کە نادادپەروەرن.  ئازادی رادەربرین ئەوە ناگەیەنێت کە رۆژنامەنوس پارێزبەندی هەبێت لە داوا و شکاتی یاسایی، چونکە ئەو رۆژنامەنوسەی راستی بشێوینیت و بە دەستی ئانقەست روماڵیکی ناراست بکات ئەوە ئەو لایەنەی زەرەرمەند بیت مافی خۆیەتی داوای یاسای لەسەر بکات، بەلام رێزگرتن لە ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا مانای ئەوەیە نوخبەی سیاسی و کۆمپانیاکان نابێت دەسەڵاتی قەزایی و دادگا بەکاربهێنن بۆ گرتن و راونانی ئەو رۆژنامەنوسانەی رەخنە دەگرن و لەریگەی دادگاوە تۆڵەیان لێ بکرێتەوە لەسەر نوسینەکانیان.


د.كامەران مەنتك    ماوەیەكە لەریگای رۆكێت و دوێنی شەویش لەرێگای فڕۆكەی درۆنەوە هێرش كرایە سەر هەولێر، ئەو هێرشە بەردەوامانە لەماوەیەكی كەمدا واتای ئەوەیە هەولێر خەریكە دەبێتە گۆڕەپانێكی شەڕی نوێ و لەچوارچێوەی ململانێیەكی جیهانی و قۆناغێكی هەستیاروو یەكلاییكەرەوە سەنتەر دەگرێت! بۆچی هەولێر دەكرێتە گۆڕەپانی شەڕ. یاخود بە واتایەكی تر ئایا قۆناغێكی تر لە ململانێیە جیهانیەكان دەستیپێكردووە، كە هەولێر لەو ململانێیەدا دەكرێتە گۆڕەپانی شەڕێكی نوێ؟ ئەوەی لەهەولێر دەگوزەرێت رەهەندێكی جیهانی و هەرێمی هەیەو دەرهاویشتەی ئەو گؤانكاریانەیە، كە لە هاوسەنگی هێزی جیهانی هاتۆتە ئاراو دێتە ئارا. ئەگەر لە روانگەیەكی جیۆستراتیژی و فراوانە سەیری  ئەو ناوچە هەستیارانەی ئۆراسیا بكەین، كەهۆكاری گرنگ و یەكلاییكەرەوەن لە ململانێیە جیهانیەكان!. بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی، بۆمان دەردەكەوێت هەموو ئەو ناوچانە لەگرژیەكی ترسناكدان و ئەگەر هەر هەڵەیەكی بچووك لە ئیدارەدانی ئەو ململانێیە بكرێت، رەنگ بێت شەڕێكی جیهانی لێبكەوێتەوە، كە تەڕو وشك بەیەكەوە بسوتێنێت.   بۆئەوەی بەوردی لەو شرۆڤەكردنە تێبگەین، بەكورتی ئاماژە بۆ ئەو گۆڕانكاراینە دەكەم، كە لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەسەر سیستەمی جیهانی داهاتووە. دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات، كە سیستەمی تاكجەمسەری تیادا راگەیەنراو ئەمریكا خۆی وەك براوەی شەڕی سارد پیناسە كرد، دوای ئەوە لە ساڵی 2002 ئەفغانستان و لە ساڵی 2003 راستەوخۆ ئێراقی داگیركرد، دوای ئەوە لەرێگای سوود وەرگرتن و بەكارهێنانی ئەوەی پێی دەگوترێت بەهاری عەرەبی، لە باكووری ئەفریقاوە ئەو رژێمانەی روخاند، كە دەكەوتنە مەداری سۆڤیەتی پێشوو و وەك میسرو لیبیاو پاشان بەرەو سوریا هات، كە بنكەیەكی گرنگی سۆڤیەت بوو لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، تاكە پێگەی روسیا بوو، كە لەسەر ئەو دەریایە بۆی مابووەوە.  بەم چەشنە ئەمریكا هەوڵیدەدا لە سنوورەكانی باشوورەوە روسیا ئاووڵوقە بدات، شان بەشانی ئەمەش لەرێگای هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وە دەیویست لە رێگای چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژیەوە، لەوانە هاوبەشی رۆژهەڵات، خۆی بگەیەنێتە بن دیوارەكانی روسیا، ئەم هەڵوێستەش بەردەوام بوو، تاوەكو لە ساڵی 2008 روسیا پەلاماری گورجستانی داو هێڵی سووری بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانی ناتۆ دانا، بەڵام ئەو ململانێیە بەردەوام بوو، تاوەكو لە ساڵی 2013 هەوڵەكانی ناتۆ گەیشتە ئۆكرانیاو لە لوتكەی ڤیلیزۆسی ناتۆ (2013) قسە لەسەر ئەوە كرا، ئۆكرانیا رێكەوتننامەی هاوبەشی رۆژهەلات ئیمزا بكات و دواتر ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمە وایكرد روسیا راستەوخۆ لەساڵی 2014 نیمچە دورگەی كریم بە وڵاتەكەی بلكێنێتەوە، پاشان پەڕیەوە بۆ سوریاو لە ساڵی 2015 خۆی لە سوریا هەڵقورتاند، بەمەش هاوسەنگیەكە لە بەرژەوەندی روسیا شكایەوەو گەڕانە دواوەی ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیپێكردو گەڕێكی تر لەشەڕی ساردی نوێ دەستیپێكردەوە. ئەو ململانییانە لە هەموو شوینیك بەردەوام بوو، وادیارە ئێستا قۆناغی دووەمی هەڵمەتی بەرەی هاوپەیمانی روسی دەستیپێكردۆتەوەو دەیانەویت بە یەكجاری ئەمریكا لەو ناوچەیە دوور بخەنەوە، بۆیە دەبینین لە ئۆكرانیا، كە دەكاتە دەروازە روسیا بۆ ئەوروپاو لە تایوان و لەناوچەی كەنداو لە رۆژئاواو باشووری كوردستانیش خەریكە گرژیەكان گەرمتر دەبن و ململانێیەكان چڕتر دەبێتەوە. هێندەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیە، دیارە ناوچەی سەوز كەوتۆتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێران، ئێرانیش هاوپەیمانیكی نزیكی روسیایە لە شە،ی ئەمریكاة هەولێریش كەوتۆتە ژێر هەژموونی توركیا، ئەویش وەك ئەندامێك لەناتۆ دەبێت پاڵپشتی هەولێر بكات، بەڵام دۆخەكەیە لێرەدا رێك پێچەوانەیەو توركیا لەریگای روسیاو ئێرانەوە دەیەوێت، هەولێر بكاتە گۆڕەپانی شەڕو بۆ ئەوەی هەردوو هەرێمی كوردی لەباشوورو رۆژئاوای كوردستان لەناو بەرێت! كەواتە ئێستا هەولێر و قامشلۆ، بوونەتە، یاخود خەریكە دەكرینە چوارگۆشەی قەیرانەكان و ئەگەری ئەوەی هەیە شەڕی گەورەی تیا دابگیرسێت، توركیا دەیەوێت، ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، لەدواجاردا ئەگەر ئەمریكا وەك چەند ساڵی پێشوو گڵۆپی سەوزی بۆ دابگیرسینێت و بەرامبەر مانەوەی توركیا لە هاوپەیمانی ناتۆ سازش لەسەر مەسەلەی كورد بكات، ئەو كاتە شەڕەكە بە تەنیا دژی كورد دەبێت و زەرەرمەندی یەكەمیش لێی كورد دەبێت. لەبەرئەوەی ئەمریكا ئەمریكا چیتر توانای ئیدارەدانی جیهانی نەماوەو دەیەوێت وەكو قۆناغی یەكەمی شەڕی سارد، لەریگای هاوپەیمانەكانیەوە (توركیا) ئەو ناوچەیە لەژێر هەژموونی خۆی بهێڵیتەوە و ئاوی رووی خۆی بپارێزێت و ناوچەكە جێبهێڵێت، كە ئەمەش یەكیكە لە ئەگەرە بەهێزو ترسناكەكان، چونكە بە هەموو پێوەرەكانی هێز ئەمریكا لە پاشە كشەدایە، بۆیە روودانی شەڕێك لە رۆژئاوای كوردستان ئەگەریكی بەهێزە!  هێندەی پەیوەندی بەهەولێرەوە هەیە، راستە وەك هاوپەیمانی توركیا خۆی نیشان دەدات و واتیدەگات، كە توركیا دەیپارێزێت، بەڵام توركیا وەكو دەستكەوتیكی كورد سەیری ئەو هەرێمە دەكات نەك دەستكەوتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدایە، كە بە هەر سازشكردنێك بێت و هەرچەندەی تێبچێت، ئەو هەرێمەش هەڵبوەشێنیتەوە، ئەگەر بۆی بلوێت ویلایەتی لەژێر دەسەلاتی خۆی بهێڵێتەوە وەك ئەوەی روسیا بەرامبەر نیمچە دورگەی كریم كردی و ئێستاش دەیەویت بەرامبەر كۆی ئۆكرانیای بكات، ئەگەر بۆشی نەلوا ئەوا بەناوی یەكپارچەیی خاكی ئیراق، ئەگەر بەشێوەیەكی رەمزیش بێت بە ئیراقی بلكێنێتەوە. چونكە وەك دەیان و سەدان جار بەرپرسە توركەكان راشكاوانە دەیڵێنەوە، ئەوان دژی  هەر قەوارەیەكی كوردین ئەگەر لە ئەفریقاش بێت!.   لاوازبوونی پێگەی دەسەڵاتدارانی كوردی لەسەر ئاستی نیودەولەتی و هاتنە پێشەوەی مامەلەكردن لەگەڵ ئێراق بە پلەی یەكەم لە ئێستادا، دەرواە یەكە دەتوانین ئەو خویندنەوەی تیادا بسەلمێنین!.


پەیكار عوسمان گومانی تیانیە، کە جینۆسایدو کارەساتەکان، بورکانێك لە سۆزو عاتیفە ئەتەقێننەوەو دنیایەك زەرەری مادییش ئەدەن.. بەڵام دیوە عاتفی و مادییەکە، تەنیا ئاستێکی نزمی شتەکەیەو ئەم بابەتە ئاستی باڵاتری هەیە کە بۆی هەڵکشێین! کە ئەڵێم دیوە عاتفییەکەی نزمە، مەبەستم سوکایەتی نیەو ناڵێم شاعیرەکان شیعرەکان نەنوسن و گۆرانیبێژەکان نەیلاوێننەوەو کەسوکارەکان نەگرین.. کە ئەشڵێم ڕەهەندە مادییەکەی نزمە، مەبەستم ئەوەنیە کە زیانلێکەوتووان قەرەبوو نەکرێنەوەو ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین نەکرێ.. نا هەردووکی پێوستە. بەڵام تا ئێرا، پلەی یەکەمی قادرمەکەیەو پێویستە سەرکەوین بۆ پلەکانی سەرتر. لەڕاستیدا شین و شەپۆڕە عاتفییەکەو کڕوزانەوە مادییەکە، لەوە دەرچووە کە تەنیا پلەیەکی پەیژەکەبێت. بەڵکو بووە بە هەموو پەیژەکەو ئیتر ئێمەش هەر لە خوارەوەی شتەکەداین و هەنگاومان نەناوە بۆ سەرەوەو بۆ پلەکانی تری تێگەیشتن لە جینۆسایدو کارکردن لە سەری. یەعنی پلەی یەکەم گرنگەو ناکرێ بازبدەین بەسەریدا. بەڵام هەر بەقەت خۆی گرنگە، نەك بەقەت هەموو پەیژەکە. یەعنی ئەوە گرنگە کە شتەکە، لە ڕەهەندە عاتفی و مادییەکەوە، حەقی خۆی بدەینێ و تا ئێرا "ژیانە". بەڵام کە ئەم ڕەهەندە، سەری ڕەهەندەکانی تر ئەخوات، ئیتر ئەوە مەرگ و گەوجاندنەو ئەبێ بوەستێنرێ! لە ئێستادا، شین و شەپۆڕو کەشە عاتفییەکە، بابەتێکی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانی نیە.. بەڵکو تەنیا بابەتی فریودان و خۆشاردنەوەی ستەمکارە خۆماڵییەکانی ئیمڕۆیە، لەپشتی ستەمکارە بێگانەکانی دوێنێوە! چارەسەر نەکردنی جانبە مادییەکەو هێشتنەوەی خەڵکەکەش لە دۆخی کڕوزانەوەدا،، ڕاهێنانێکی سی ساڵەی خەڵکە، لەسەر دەستپانکردنەوەو بێ ئیرادەیی و کەسایەتی تێکشکاو! بۆیە پێویستە هەڵکشێن بۆ دۆخە باڵاکەی هەڵەبجەو ئەنفال. ئەمەش تەنیا بەوە ئەبێ، کە حەڵقە عاتیفییەکەی کۆتایی پێبێنین و حەڵقە عەقڵییەکەی دەستپێبکەین. حەڵقە عاتفییەکەی، وەکو حەڵقەی تورکی وایە، سی ساڵە ئیش ئەکاو سی تریش تەواو نابێ. ئەگەریش ئەوە نەخەینە ژێر پرسیارەوە، حەڵقە عەقڵییەکەی هەرگیز دەستپێناکات! لەم پرسەدا، دەسەڵات لەسەر وەتەری "کڕوزانەوە"و شین و شەپۆڕ، عەزفی خۆی ئەکاو موعارەزەش لەسەر وەتەری "کڕوزانەوە"و توڕەبوون. سەیرکە کڕوزانەوە لە هەردوکیا هاوبەشە. یەعنی هەردوکیان لەوێدا وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر تێکشکاویی ئێمە ئەکەن! سەیرکە شین و توڕەبوونیش هەردوکی هەر لەناو عاتیفەدایەو ئەوان بە هەردوکیان کەشێکی سایکۆلۆژیت بۆ دروست ئەکەن و یاری بە دەروونت ئەکەن،، بۆئەوەی هەر بێ هۆش بیت و نەچیتە قۆناغی عەقڵیی و ئاگایی شتەکە! "بت" چەقبەستنی کۆمەڵگایە لە شتێکدا. کاری عەقڵیش شکاندنی ئەوەیە کە کۆمەڵگای تیا چەقیوە. مەسەلەن کە کۆمەڵگا لە بێدەنگیدا چەقی، ئیتر کاری عەقڵ دەنگهەڵبڕینە لە جەهل و ستەم و فەساد. بەڵام کە کۆمەڵگا لە دەنگەدەنگ و چەلەحانێ و شەڕەجنێودا گیریخوارد، ئیتر کاری عەقڵ بێدەنگی یان جۆرێکی ترە لە دەنگ. ئاخر دۆخی چەقین، هەر ئەوەیە کە ئیتر دەنگێکی تیانەماوە، ئەگەرچی پڕیشبێ لە دەنگەدەنگ! دەسەڵات دزیی نیەو ناڕەزاییش جنێودان نیە. خراپترین شتی پارتی و یەکێتی، ئەوەبوو کە سیاسەتیان یەکسانکرد بە دزی و درۆو بە شتێکی جیا لە ئەخلاق. خراپترین شتی موعارەزەش، ئەوەبوو کە سیاسەت و بوێریی و ئازادی یەکسان کرد، بە جنێودان بە دوو حیزب. ئێستا ئەشکەوتی سیاسەتی ئێمە، بەس ئەم دوو دەنگە ئەداتەوە، کە هەردوکی نادەنگەو هیچیان دەنگی عەقڵ و ئەخلاقی سیاسی نین! لەڕاستیدا "دەنگ" تەنیا دەنگی عەقڵەو دەنگی عەقڵیش ئەوەیە کە تیشك ئەخاتە سەر نادیارەکان و پرسیار ئەخاتە سەر پرسیارلێنەکراوەکان. لەڕاستیدا "دەنگی سیاسی" تەنیا ئەوەیە کە لینکێك لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا دروستئەکاتەوەو لەو دۆخی جیایی و دابڕاوییە ڕزگاریان ئەکات. پەیوەست بە هەڵەبجەو ئەنفال، بۆ ئەوەی شتەکە بەرزکەینەوە بۆ تێگەیشتنێکی باڵاتر، گرنگە لەو یارییە ڕزگاری بکەین، کە سی ساڵە حیزبەکانی دەسەڵات پێوەی ئەکەن. لەو یارییەش ڕزگاری بکەین، کە چەن ساڵێکە حیزبەکانی موعارەزە پێوەی ئەکەین. بەڵکو جارێکی ترو لە دەرەوەی ململانێ و بەرژەوەندیدا، سەیرێکی کۆی وێنەکە بکەینەوەو تەواوی گۆشە نادیارەکانی بخەینە بەر باس و ڕوناکیی تەنیا بە ئامانجی تێگەیشتن. بە ئامانجی ڕاستی و بە ئامانجی بیناکردنی داهاتوو. ئاخر نە داهاتوو لەسەر درۆو شاردنەوەی مێژوو بینائەکرێ. نە ڕاستیش هی ئەوەیە بکرێتە کەرەستەی ململانێ و چەلەحانێکانی ئەمڕۆو هەرکەس بە هەوای خۆی مێژوو بنوسێتەوە. بەڵکو ڕاستی خۆی، ئامانجی عەقڵەو عەقڵیش شتەکان لەسەر ڕاستی دائەمەزرێنێ و لەسەر درۆ بینا هەڵناچنێ! مەسەلەن (بەبێ پاکانەکردن بۆ دوژمن)و (دوور لە چەلەحانێ و ململانێکانی ئێستا)، گرنگە پەنجە بخرێتە سەر هەڵەو سەهم و بەشی حیزبەکان، لە تاوانەکانداو ئەم گۆشە تاریکەی مێژوو ڕوونبکرێتەوە. بۆئەوەی لەمەولا هەرچی کڵاشینکۆفێکی گەڕی هەڵگرت، چەپڵەی بۆ نەکوتین و شاری خۆمان کاول نەبێ و خەڵکی خۆمان نەخەینە بەردەم ئەگەری جینۆساید. ئەرێ ئەو تەقوتۆقە موخابەراتییەی، کە بە پشتی دوژمی ئەلف، دژی دوژمنی بێ، هەڵئەگیرسێ، ئەوەیە شۆڕشی گەلێکی مەزڵوم؟ دواتر هەردو دوژمن و شۆڕش، هەرسێکیان پێکەوە، شارو گوندەکان کاولکەن و خەڵکەکەی بخەنە بەردەم ئەگەری کۆکوژی، بەجدی شۆڕش ئەوەیە؟ جا شتێك هەیە پێ ی ئەوترێ "شۆڕش". تا پرسیار نەخەینە سەر ئەو شتەو تێگەیشتنێکی تری بۆ دروست نەکەین، شۆڕشی ڕاستەقینەی ئێمە دەستپێناکاو دنیای ئێمە ناگۆڕێت. شۆڕش لە مانایەکیدا یەعنی گۆڕانکاری ڕیشەیی. بەڵام ئەم وشەیە لە عەقڵی کوردیدا، خۆی بووە بە چەقبەستنێکی ڕیشەیی و بە بەربەست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی هۆشیارانەدا! شتێكی لە شۆڕش تازەتریش لە زیهنی ئێمەدا پەیابووە، پێیئەوترێ "ناڕەزایی". تایپێکە لە هاتوهاوارو چەلەحانێ و جنێودان و یەکسانکراوە بە فەزیلەتی سیاسی و بە بوێرێ و بە ئازادی و بە زۆر شت.. تا ئەوە نەخەینە ژێر پرسیارەوە، ناڕەزایی ڕاستەقینە لە دنیای ئێمەدا دروست نابێ و ئەمە دیوەکەی تری ڕازیبوونە بە دۆخی هەیی و مانەوەی! شتێکیش لە یادەوەری و ویژدانی ئێمەدا هەیە، پێیئەوترێ هەڵەبجەو ئەنفال. تا تێگەیشتنێکی تری بۆ دروستنەکەین و لەوێدا فاکتەرە ناوخۆکانی دەستنیشان نەکەین، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هەیەو کراوەیە! بەڵێ تێگەیشتنێکی نوێ ی ئێمە، لە جینۆسایدو کارەساتەکانمان، ئەبێ لەوێوە دەستپێبکات، کە شتەکە فاکتەری ناوخۆشی هەیەو ئەگەر دەسەڵاتی دوژمن و فاکتەرە دەرەکییەکانیشمان نەبێ، لانیکەم ئەبێ فاکتەرە ناوخۆکانی بدۆزینەوەو چارەسەربکەین. لێرەشدا مەبەستم (هۆشیاربوونە بە خۆ) نەك جەڵدی زات و ستایشی دوژمن و خودنەفرەتی، کە ئەمەی دووەمیان، ڕێك دیوەکەی تری جەهلە بە خۆ! ئاخر "نامۆبوون لە خۆ" دوو جۆری هەیە. جۆرێکیان ئەوەیە کە ناتوانێ پرسیار بخاتە سەر خۆی و هۆشیاربێت بە هەڵەو کەموکوڕییە ناوەکییەکانی. جۆرێکیشیان لەبری تێگەیشتن لەخۆ، زەڕبی لێئەداو ئەخلیسکێ بۆ قۆناغی ڕقبوون لە خۆ. بە نەفەسیك ئەکەوێتە کوتینەوەی خۆی، کە ئەچێتەوە سەر نەفەسی دوژمن. جا ئەم دووانە، یەکەمیان جەهلە بە خۆ، دووەمیان خراپترین و توندترین لێکەوتەو کاردانەوەی جەهلەکەیە. یەعنی جەهلترە! لەنێوان (کوێری و خۆنەبینین) لەلایەك و (دێزیی و پاکانەکردن بۆ دوژمن) لە لاکەی ترەوە، (کوردبینی و خۆناسین) هەیە. لەوێشەوە چاوێکمان بۆ دروست ئەبێت، کە ئیتر دوژمن و دنیاکەو سیاسەت و شۆڕش و جینۆسایدو مێژوو.. باشتر ببینین و ئایندەیەکی ڕوونیش تەنیا لەو چاوەوە دەرئەکەوێ. ئێمە ئەبێ تێبگەین لەوەی کە، خۆدروستکردن لە خۆناسینەوە دەستپێئەکاو ئەگەر لەوێوە دەستپێنەکەین، هیچ دروستناکەین و هەرچیش دروستکەین ڕووخاوە.


عەدنان زێباری  {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ} [البقرة:183] هەیڤا رەمەزانا پیرۆز قوتابخانەکە زۆر تشتان نیشا مرۆڤی ددەت. پەیامەکە بو خو زڤرینا مروڤان کە چاکسازیی کارێن خوە بکەین . نیشا کومەڵگەهێ ددەت کە بەرەڤ پەروەردە و فێرکرنەکا راست و دروست بچن ، دبێژیتە مە ڤێت هەر تشتی باشتر بکەین ژ بەرێ. ڤێجا رێکا زمان، دل ،دەست .... هتد کە دڤێت هەر کەس ژ مە پاراستی و سەلامەت بیت. رەمەزان وانەکە بۆ رۆژیگران کو فێری زۆر تشتان ببن. ژ بلی واجبەکێ ئائینی کو ئەو ژی ڤەگەریانە بۆ لایێ خودێ و گوهداریکرنا فەرمانێن وی دەرگەهەکێ سەرەکیە بۆ ل خۆ زڤرین و چاکسازیێ. دیسان لایەنێ ئابووری و ‌ئاشتەڤایا کۆمەڵایەتی باشتر دکەت. مخابن زۆر کەس دپەیاما ڤێ هەیڤا پیرۆز نەگەهشتینە یان ب دروستی کار پێ ناکەن. ژ ڤێ هەیڤێ چ وانەکێ فێر نابن و ویژدان و ناخێ وان نالڤیت و دەستێ هاریکاریێ درێژ ناکەن. ژ بەر هندێ ل خۆ نازڤرن و بەردەوامن ل سەر کارێ نەدروست. بگرە زۆر کەس ڤێ ب دەلیڤە دبینن ب تایبەت بۆ کارێ بازرگانی و خەلکی نێچیر دکەن. گرنگترین ژ وان خالا ب کرداری کە مرۆڤ فێری دبیت و نیشا مروڤی ددەت ب کورتی و پۆختی ئەویش ئەڤەیە: نیشا مرۆڤی ددەت کو دڤێت ئەم ل ئێک و دوو ببورین، کومەڵگە پێتڤی لێبورینە کو ئێک و دوو هەمبێزبکەین، سەرەرایی جیاوازیان لێ وازئینان ژ دووبەرەکی و تاوانێن رابردوو دەرمانە بۆ چارەسەریان.کۆمەلگەهێ مە ئەڤرۆ پتر هەر رۆژ پێتڤی لێبورینە ب تایبەت هێزێن سیاسی دگەل هەڤدوو چونکی تێکچونا پەیوەندیێن وان مللەتەک دبیت قوربانی. مرۆڤ تێدا فێری هاریکاریێ دبیت کو ئەو ژی ‌دانا زکاتێ یە بۆ کەسێن پێتڤی و هەژار. ئەڤرۆ زۆر وەڵات کەفتینە ناڤا قەیرانێن ئابووری ب جۆرەکێ زۆر کەس دنالن ژ پەیداکرنا پاریەکێ رۆژانە. هەرێما کوردستانێ کو تویشی قەیران بوویە ، موچەیێن موچەخورا دەمێن خو ناهێن ، دیسان دەرفەتێن کاری کێم بوونە ، هاتنا هەیڤا رەمەزانێ و دانا زکاتێ تا ئاستەکێ باش پێتڤیێن خەلکی هەژار پر دکەت، ب ڤێ رێژا هەژاری بەرەڤ کێمتر دبەت.  زاڵبون ب سەر حەزو ئارەزویێن خوە ، زکێ برسی سپێدێ هەتا مغرب، دویرکەفتن ژ شەهوەتان. ڤێ وانێ مرۆڤ فێری دبیت کو پێداچوونا نەفسا خوە بکەت، مروڤ دیرکەڤیت وان حەزێن خو یێن نەدرووست ئانکو ڤێت عەقل یێ زاڵ بیت سەر دلی. هەروەسا بیرا مرۆڤی دئینت کو پتر دەستێ هەژار و نەدارا بگریت، بیرا مرۆڤی دئینت کو نابیت ئەم نیعمەتێن خودێ ژبیر بکەین و دڤێت هەر سوپاسدار بین. دویرکەفتنا مرۆڤی ژ هەر جۆرە تاوانەکێ، ڤێجا چ ب رێکا جەستەیی بیت وەکی دزی یان شەڕ .... هتد ، یان ب رێکا دل و ناخێ مرۆڤی بیت وەکی دروو، کەرب، کین، نەڤیان .... هتد. ب ئەنجامدانا ڤێ ژ بلی کو خودایێ خوە دێ ژ خوە رازی کەیی، دیسان دێ پتر سیستەمێ کومەلگەهی رێکخیت کە مروڤ بەرەڤ ئاڤبوون بچیت ، دەمێ مروڤ باش ئاڤابوون دێ وەڵات ئاڤەدان بیت ، دیسان دێ دەروون و روحا تە مرتاح بیت، دێ ڤیان و خۆشەویستی کەڤیت ناڤا کۆمەڵگەهی، کومەڵگەهەکێ نموونە دێ دەرکەڤیت، بگرە ئاستێ تاکە کەسی هەتا دەسەڵاتێ بەرەڤ گۆڕانکاری و چاکسازیێ دچن. دێ پەروەردەکا دروست پەروەردەبیت و فێرێ هەر تشتێ باش بین ، دێ دویرکەڤین ژ هەر تشتەکێ نەشرین و نەتەندروست. سۆپاس بو بڵاوکردنی ئەم گوتارە


زمناکۆ ئیسماعیل      سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ ٢٠٢١ بوو، لەڕێگای تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، هاشتاگی (دەبێت گردی یارە سەوز بکەینەوە)، م - راگەیاند، ئەم هاشتاگە دەورێکی باش و پەرچەکردارێکی باشی هەبوو، دژ بەو سەرمایەدارانەی کەگەرەکیانبوو، گردی یارە داگیر بکەن و بیکەن بەشوقەو بەڤێلاو بیفرۆشنەوە بەخەڵکی هەژار، پاش راگەیاندنی هاشتاگی  (دەبێت گردی یارە سەوز بکەینەوە)، هەرسێ رۆژی ٢٩ و ٣٠ و ٣١ ی ئازارمان وەک رۆژەکانی سەوزکردنەوەی گردی یارە دەستنیشانکرد، لەو سێ رۆژەدا ٢٩ کۆمەڵە و رێکخراوو گروپی شاخەوانی و دەستە و کەسایەتی بەشداربون، کۆی گشتی ئەندامە خۆبەخشەکانی بەشداربوو، پێکهاتبون لە ٤٠٠ هاونیشتیمانی، کە توانرا بەهێزی ماندوبونی ئەو ژمارەیە لەبەشداربوان، هەزارو ٣٨٣ نەمام لەگردی یارە بڕوێندرێت، لەهەمانکاتدا، توانرا راگر بۆ زۆربەی نەمامەکان دابنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەئامێری تایبەت، چاڵ بۆ نەمامەکان لێدران و لەپاش ڕوواندن بەتەنکەر ئاو بۆ نەمامەکان هێنران و تێر ئاوکران، لەپاشاندا گردی یارە لە خۆڵ و خاشاک و پیسبونی خاک و ژینگەکەی خاوینکرایەوەو پاشماوەی پیسبونی ژینگەکەی خرایە شوێنی تایبەت، هەتا ئێرە دڵسۆزی بێ ووێنەی خەڵک و هاووڵاتی و هاونیشتیمانی بوو، بەڵام خەمساردی و بێ خەمی دەسەڵات و حکومەتیش نائومێدو نیگەرانی نەکردین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوانیش روو لەگەرمی بنێن و بێنە نێو پایانی ئەم گۆڕەپانی کار کردنەو ببنە جێبەجێکاری داواکارییەکانمان، کە خۆی دەبینێتەوە لە  یەکهەم: چاککردن و بوژاندنەوەی کارێزی وەستا شەریف، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەم کارێزە ئاوەکەی کراوە بە سێ بەشەوە، هەندیکی بەفیڕۆ دەڕوات، هەندێکی دیکەی لەڕێگای تەنکەرەوە دەفرۆشرێت، هەندێکی دیکەی دراوە بەگۆڕەپانێکی وەرزشی نزیک گردی یارە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئاو بدرێت بەدارەکان و دەبێت چالاکوانان لەڕێگای خێر خوازییەوە کۆمەک بۆ کڕینی ئاو بکەن بۆ ئەو دارانە، ئەمە جێگای نیگەرانییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم هەڵەیە چاک بکەنەوەو ئاوی دارەکان لەڕێگای قەتراندن دابین بکەن، چونکە ئەگەر وا نەکەن، ئەوکات هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ بوژاندنەوەی ئەو گردە دراوە بەزایە دەچێت. دووهەم: گردی مامەیارە بۆ ماوەی ساڵێک بخرێتە ژێر چاودێری راستەوخۆی پارێزگاری سلێمانی و لیژنەیەکی پێکهاتووی ژێر چاودێری پارێزگار و شارەوانی و قائیمقامییەت، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئەو گردە لەڕووی ژینگەییەوە ببوژێتەوە، چونکە ئێستا ئەو گردە بێخاوەنە، من بەدواداچونم بۆ کردووەو هەردوو بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دارستان دەڵێن لەلای ئێمە نییە، ئەی کەواتە ئەو گردە لەلای کێیە و سەر بەکێیە؟!، هەر بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە لیژنەیەکی تایبەت سەرپەرشتی ئەو شوێنە بکات وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا. سێهەم: پاش وەرگرتنەوەی ئەو گردەو دارستانەکەی، دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە کەمتر نەبێت لە ساڵێک، تەلبەند بکرێت، بەمەبەستی ئەوەی کە نەهێڵدرێت خەڵکانێکی نا بەرپرس، زیان بەو نەمامە تازانە بگەیەنن، وەک چۆن پاش سەوزکردنەوەو ڕوواندنەوەی نەمامەکان لەم رۆژانەی دوایدا، زیاتر لە ٣٠ نەمام زیانی پێگەیشتووەو هەندیکی هەڵکێشراوەو دزراوە. چوارهەم: دابینکردنی کارگوزار بۆ گردی یارە و سەرپەرشتیار و ئەندازیاری کشتوکاڵی، پێشترو زیاتر لە ٣٠ کارگوزار لەسەر دارستانی گردی یارە دامەزراوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی زۆرێک لەوانە، خانەنشین بوون و کەس نەخراوەتەوە جێگای ئەوان. پێنچهەم: خزمەتکردنی نەمام و زەوی ئەو ناوچەیە وەک پارکێکی میللی رەسەنی جوان و دانانی کورسی  و دروستکردنی پەرژینی جوان بەدەوری ئەو گردە هاوشێوەی پەرژینە شارستانییەکان، هەرچۆن بۆ پارکی ئازادی و شوێنەکانی دیکە کراوە. شەشهەم: دانانی نەخشەیەک بۆ جوانکردنی گردی یارە لەڕووی هونەری، وەک دروستکردنی شانۆی کراوەی هاوینەی شێوە رۆمانی و چاککردن و بوژاندنەوەی مەلەوانگەکە و گۆڕینی بۆ فۆڕمێکی دیکەی هونەری، بەنمونە ئەگەر بڕیار وایە ئەو مەلەوانگەیە چاکنەکرێتەوە، بکرێت بە شوێنێکی هونەری و نمایشی جیاوازی کارە هونەرییەکانی تیادا بکرێت. حەوتهەم خاڵ و کۆتایی: دانانی روناکی لەنێو پارکەکە و تەنەکەخۆڵ بۆ شوشە و بۆ پلاستیک و بۆ پیل و پێکهاتە کارەبایی و ئەلەکترۆنییەکان بەجیا، لەگەڵ جێبەجێکردنی مافی کەسانی کەمئەندام لەنێو پارکی یارە و کارێزی وەستا شەریف لەپاش دروستکردنی  ئەمانە چەند خاڵ و تێڕوانێکی کەمی ئێمەیە، کە بەئاسانترین شێوەو کەمترین بودجە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو جۆرە لەجێبەجێکردن، بەتەنها هێزی بیرکردنەوەو هێزی بڕیاردان و هێزی سەپاندنی دەوێت، ئەمانەش کاتێک دێنە بەرهەم، کەحکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەری خۆ جێی سلێمانی و پارێزگارو قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و هەریەکە لەبەڕێوەبەرایەتییەکانیان، دڵسۆزی بنوێنن و لەو بێخەمییەی نێو پرخەی خەویان، رابپەڕێن و کاری مەیدانی و مەدەنی و یاسایی بۆ بکەن، ئەگەر وانەکەن ئەوا، گردی یارە و مێژوویەکی دێرینی ئەم شارەو پارێزگای سلێمانی، بۆ خۆمان خۆش و دەبێت بەژێر پێی سەرمایەدارانەوە.  


كاردۆ محەمەد  گۆران لە بەشداری حکومەت دا بە نیەتی ئەوەی  لە دەسەلات بێت یا ئۆپۆزیسۆن ،لەوبەرنامە وبەلێنەی بە خەلکی داوە،پاشگەز نابێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، رێکەوتنێکی  باشی کرد. زورینەی ئەوانەی لە هەوڵی چاکسازی نائومێد بون،   لە راگەیاندنی کارنامەی حکومەت .جەختیان لەجێبەجێ کردنی دەکردەوە ..  گرنگ ،سەلمێندراوە،ئەگەر قسە لەسەرچاکسازی و چاکەو گۆرانکاری بیت ،بە لایەنیک ناکریت بە هەموان دەکرێت .باس لەقسەو دروشم بازی و پروپاگەندە  ناکەم، !  تا هەنوکە ،هەنگاوەکان بە ئامانجی چاکسازی لە کوێ نراوە، ،توانراوە چی بکریت ؟بیگومان خەلک لە کۆتاییدا لەمەحەکی راستیگۆیمان دەدات .ئەسلی مەبەست ؛دو پرسی ناو ریکەوتنی گۆران و پارتی ،بە نەزەرەم لای  گۆران روحی رێکەوتنەکەیە، بە جێ بە جی نەکردنی پرسیاری لا دروستکردم !دوبەندەکە، یاسای چاکسازی دانانی سندوقی داهایی نەوتە .کە چی دوای دوساڵ  لە رێکەوتن  وئامادەکردنی پرۆژە یاساوچەندین موناقشە و گفت وگۆی فەرمی تازە بە تازە ،لایەنی بەرانبەر باسی زەرورەت نەبونی پرۆژە کەویاسایەک بۆ چاکسازی دەکات، پەرلەمان پەسەند بکات.لە کاتیکدا رێکەوتن سیاسی کراوە، پرۆژەکە ئامادەیە . جێی تیرامانە ،پاساوهێنانەوە بۆ رەتکردنەوەی  بە دامەزراوەگەلێک، خۆییان لە ناو قەیران دەژین و دادەدادیانە لەو رۆژگارەی تێیکەوتون ،.تێبینی وسەرنجیان هەیە،لەسەر پرۆژە یاسەکە. ئاستەنگ لە بەردەم  یاسای چاکسازی دروست دەکەن .خۆ بە هەلە بردن ،چاونوقاندن لە ئاست  راستیە کان .دوای حکومرانی سی سال ، هەبونی حکومرانیەکی پرلە تەنگژە لە بەرێوەبردن وکەڵەکەبونی قەیران لەهەمو ئاستەکاندانەک چاکسازی، شۆرشی چاکسازی دەوێت. لەبەرئەوەی  نەبونی شەفایەت و  گەندەلی ولاتەکەی دازراندوە. بە دامەزراونەکردنی ولات و نەبونی سەروەری یاسا و دادی کۆمەلایەتی پەرێشانی کردوە ،با لە یەکنەخستنی هێزی چەکدار و دامەزراوەکانی تر  گەرێین . مەترسی دو ئیدارەیی هەمو ررۆژێ سەر دیقانێمان لەگەل دەکات .لەم رۆژانەی دوایدا،لە گفت و گۆی پرۆژەی چاکسازی پاشەکشەیەکی زەقم بینی ،وەکوئاستەنگێکی گەورەیەلە جێ بە جێ کردنی خواستی چاکسازی لەبەر ئەوەی گۆرانکاری لە عه قلى سياسمان روینەداوە،   بە هەمان رێسای کاتی تەنگانە براین  ،وەکی دی ناتەباین .بە ناو ی نیشتیمان و هاولاتیبون حیزبرانی دەکەین،  بە عه قلى سرينه وەی یەکتر کارو  مامەلە  ده كه ين.هۆکارەکەش ئیرادە ی چاکسازی لاوازو متمانەسفرە.


کاروان عەلی شامار دوای دەیان كۆبوونەوەو چاوەڕوانی و، هەڵای بەردەوامی ئیعلامی و هەڵچنینی ئومێد لەسەر رێككەوتن و بانگەشەكردن بۆ كۆتایهاتنی قەیرانی دارایی و لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، دواجار حکومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا رێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادی وەک دەستکەوتێکی گەورەو باش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی كوردستان راگەیاند، لەبنەڕەتدا رێکكەوتنەکە غامزو دەڵەمەبوو، وە بەجۆرێک داڕێژرابوو کە دۆخی کوردستان بەمجۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەمەش لەكاتیكدابوو كە بەهۆی هەڵای ئیعلامی و دروستكردنی ماركێتین بۆ ریكلامكردن و پیشاندانی سەركەوتنی شاندی هەرێم وایكرد كە ئومێدێکی گەورە لای خەڵك و بەتایبەت موچەخۆران دروست بكەن، بەمەش دەبوو حکومەتی ھەرێم مولزەم بێ بەوەی کە گوزەران و ژیانی ھاوڵاتیان جێگیر بکات و مووچەش بەبێ پاشەکەوت و لەکاتی خۆیدا دابەشبکات، وەلێ بە چەند رۆژێک لە دوای رێکكەوتنەکەو لێدوانی ھەریەک لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی ئەو ڕاستیە سەلمێندرا کە لێبرینی مووچە بۆ ھەمیشە بەردەوام دەبێت و تەنھا سودی رێكکەوتن لەگەڵ بەغداد شەرعیەتدانی زیاتر بوو بۆ فرۆشتن و ھەڕاجکردنی نەوتی ھەرێم و شاردنەوەی گرێبەستە نەوتیەكان، واتە بەم رێکكەوتنە پارتی دیموکراتی كوردستان كەئێستا حاكمی موتڵەقی هەرێمە و سەرجەم جومگە هەستیارەكانی حكومرانی لەلایە بێ چەندوچوون  دەستکراوەتربوو لە تاڵانکردن و بەھەدەردانی سامانی گشتی لەپێناو بەرژەوندی ماڵبات و حیزبەکەیاندا! ئەگەر كەمیك بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، بەچاوخشاندنێك بە رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغداد ئەو راستیە خۆی بەرجەستە دەكات كە حکومەتی ھەرێم ئیلتیزامی بەرێككەوتنەكانەوە نەكردوەو ئامادە نەبووە كرۆكی ریككەوتنەكان وەك خۆیان جێبەجێبكات، بەمەش لەلایەک حکومەتی عیراق متمانەیەکی بە حکومەتی ھەرێم نەماوە، لەلایەکی دیكەش ھاونیشتیمانیان یەقین بوون لەوەی کە رێککەوتن بکرێ و نەکرێ، نرخی نەوت چەن بەرزتر ببێتەوە، دۆخی خەڵک و مووچەخۆران ھەروەک خۆی دەبێت و گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ بەسەر ژیانیاندا نایەت، بۆ ئەمساڵیش ئەگەرچی رێکەوتنەکە دڵخوازی شاندی دانوسانکاری ھەرێم بوو، بەڵام ھیچ گەرەنتییەک نیە ھەرێم ئیلتیزام بە یاسای بودجەوە دەکات یاخود نا، لەھەردوو ئەگەردا ئاڵنگارییەکان بەردەوام دەبن و ژیانی خەڵک باشتر لەوەی ئێستا نابێت ! خوڵاصەی كەلام، لە تەواوی کابینەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دا ئاشتی ھەورامی راستگۆترین بەرپرس بووە لەگەڵ ھاوڵاتیاندا، کاتێک لەسەروبەندی شەشەمین دیداری مێریدا و لەساڵی (٢٠١٥)دا، وتی "ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت ببێتەوە بە سەد دۆلاریش ئەوا قەیرانەکان چارەسەرنابن"، بەم لێدوانەی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان بە زمانێکی سادە و بێ ھیچ رتوشێک پێی وتین کە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ھیچ کات لە خەمی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیاندا نین، چەندە دۆخی ئابوریی و نێوانی ھەرێم و بەغدا باشترببێت، ئەوا ئاسۆی باش بوونی ژیانی خەڵک کەمتر دەبێتەوەو دەلاقە و کەلێنی زیاتر لەنێوان ھاولاتیان و بەرپرسان دروست دەبێت.


د. كامەران مەنتك   ئەگەر بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، ئەنفال تاوانێكی مرۆڤایەتی بوو بێت بە تەوێڵی رژێمی بەعس و ئەوانەی یارمەتیاندا لكابێت، ئەوا دوای رووخانی ئەو رژێمە ئەنفال شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆ دەسەلاتداری كوردی، كە نەك هەر هیچ هەڵوێستیكی بەرامبەر بەشێكی زۆر لەو تاوانبارانە نەبوو، بگرە لە پەنای خۆشی داڵدەی دان و لەتوووڕەیی خەلكی كوردستان و تەنانەت دادگاكانی حكومەتی نوێی ئێراقیش پاراستوونی!. داڵدەدانی ئەو جۆرە تاوانبارانە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا كەمەو خۆی لەخۆیدا بەشداریكردن و پاڵپشتیكردنە لەو تاوانە، دەتوانین بڵێین لەڕووە یاساییەكەشەوە ئەوەی تاوانبارێكی لەو جۆرە دالدە دەدات و بەرگری لێدەكات، وەك هاوبەشێكی ئەو تاوانە هەژمار دەكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمانزانی بەشێكی زۆر لەو تاوانبارانە بوونە هێزی چەكداری حیزبە باڵا دەستەكانی كوردستان و دوای رووخانی رژێمی بەعسیش شارەكانی كوردستان، لەوانە پایتەختی هەریم كرایە مۆڵگەی تاوانبارانی ئەنفال و ماڵ و مندالەكانی ئەو تاوانبارانە!. ئەو هەڵوێستەی سەركردایەتی كورد هەرگیز ناكەوێتە خانەیی لێبووردەیی و برەودان بەئاشتی كۆمەڵایەتی وەك بانگەشەی بۆ دەكەن و دەیانەویت نیشانی خەڵكی بدەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە جگە لەخیانەتێكی نیشتمانی هیچ خوێندنەوەیەكی تر لەخۆوەناگرێت.  ئەرمەنەكان لەهەموو دونیا بەدوای تاوانبارانی جینۆسایدی ئەرمەنەكانەوە بوون و تا بە سزای گەلیان نەگەیاندن ئۆقرەیان نەگرت، جوولەكەكان تا ئێستاش بەردەوامن لەگەڕان بەدوای ئەو تاوانبارانەی لە هۆلۆكۆستی جولەكەكان بەشداریان كرد، بەڵام سەركردەكانی كورد لەپاڵ خۆیان حەشاردان و دەستیان بەسەریانداهێنا!. ئەم دۆخە پرسیاری گوماناوی و سەرسوڕهێنەر لای تاكی كورد دروست دەكات!، دەبێت هۆی ئەو هەڵوێستە پڕ شەرمەزاریانەی سەركردایەتی كورد چی بێت؟ جێگای داخە بڵێم بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی رۆژانەو ساڵانە لەمیدیاكاندا بڵاو دەكرێنەوە، زیاتر و زیاتر لەوە نزیكمان دەكاتەوە، كە ئەوانەی خۆیان وەك حزبی سەرەكی و سەركردایەتی كورد لەباشوور نیشانی خەلك دەدەن، بەشێوەیەك لەشێوەكان لینكێكیان لەو تاوانە گەورەیە هەیەو تێیەوە گڵاون، ئەگینا ئەو هەڵوێستە پڕ شەرمەزاریە هەرگیز ناكەوێتە خانەی لێبووردەیی، لەكاتیكدا هەموو ئەوە دەزانین ئەوانە لەسەر تەپۆلكەیەكی وشك و برینگ هەزاران گەنجی كوردیان كوشت و بەكوشتن دا.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand