ئێمە ئەنفالکراین، ئێوە چیتان کرد
2021-04-22 08:25:43
سەلیم كۆیی
(واز لە وتاری سەر شاشەکان بێنن و روفاتی کەس و کارمان بۆ بێنەوە)
سەرەتا بەپێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر ئەوەی تاکە شتێک هانی دابم لەسەر ئەم پرسە بنوسم ئەوەیە کەبەهۆکاری ئەوەی خۆم کەس وکاری ئەنفالم ولەنزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە و ئازاریانم ئەگەرنا لەڕوانگەی سیاسی و خوێندنەوەی واقیعی دەسەڵاتی کوردی و حزبایەتی لەم هەرێمە هیچ ئومێدێکیان نەهێشتۆتەوە و بارودۆخەکە بەجۆرێک شپرزەو ئاڵۆزکراوە وەک دەڵێی لەوە خراپترە بەنوسین بخرێتەڕوو ! بەڵکو پڕۆسەی ئەنفال کراوە بەئامرازی دەستکەوت بۆ حزب و دەسەڵات.
ڕاستی ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە دیار بوو خوێنی ئەنفال کراوان بە هەدەر چوو،ئەوە بێخەمی بەرپرسانی شۆڕش و کوردایەتی بوو پێش پڕۆسەی ئەنفال کوردستانیان کردە مەیدانی جەنگی عێراق و ئێران ، چەندجار! عێراق ئێرانی لە بەسرەو فاو دەردەکرد کەچی ئێوە لە کوردستان داخلتان دەکردەوە هێنایەوە، ئەوە جگە لە لێدانی کەرکوک و هێنانی سوپای پاسداران بۆ ناو هەڵەبجە و چەند شوێنێکی تریش وەک بڵێی پێشتر نەخشەی بۆ دانرابێ کە ناوچەکە ئاوای لێ بکرێ،مەگەر دەتانویست خەبات و کوردایەتی بە سوپای پاسدارانەوە بکەن، کوردستان و خەڵکی بەش مەینەتی دێهاتەکانیش بەردەوام لەژێر هێرش و هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ و ژیانی کولەمەرگی ناو کونە تەیارە و خزمەت کردنی دوشۆرش دورلە هەموو خزمەت گوزاری یەک جێبهێڵن و لە کۆتایی دا و لە پاداشتی ئەو هەموو ناخۆشی یە سەرانی شۆڕشگێڕ و حیزبەکان تەنانەت ئامادە نەبون ئاگاداری یەک دێهاتیش بکەنەوە کەحزبی بەعس بەرنامەیەکی نەگریس و گەڵاوی لەم جۆرەی هەیە، لەکیمیابارانکردنی هەڵەبجە بیانوتان ئەوەبوو کەئاگاداری پێش وەختەتان نەبوە کیمیاباران دەکرێت، ئەی بۆ ئەنفال چی دەڵێن؟! ئەنفال هەشت قۆناغ بوو لەماوەی شەش مانگ دا ئەنجام درا بۆ ئامادە نەبون یەك دێ یا ناوچەیەك ئاگادار بکەنەوە؟!
ئێستا چی لە تاجەگوڵینەی درۆینە بکەین کە ئەوەش لە سەر قوتوت و موچەی بڕاوی ئەو خەڵکە یە! یادی سی و سێ ساڵ چی دەگەیەنێت کە تاکو ئێستا روفاتەکان هەر لە بیابانەکان و ناوەڕاستی عێراقن ، کەس وکاری ئەنفال چاوەڕوانی کامە ژیانی شایستە بێ کەنیە ،ئاخر زۆربەی زۆری کەس و کاری ئەنفالکراوان لە حەسرەتی چاوەڕوانی دا کۆچی دواییان کرد ،سی ساڵ بەس نی یە کە نەتان توانی ئەو خەڵکە لەژیانی کولە مەرگی رزگار بکەن.
ئاهی مزلومیەتی ئەنفال کراوان سەران و بکەری ئەو تاوانە گەورەیە بوو کە تەخت و تاراجی لە حیزبی بەعس تێکداو و بەهیچ شتێکی خۆیان رانەگەیشتن بۆیە تا ماون دەبێت بەو دەردەوە بناڵێنن، ئێوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردی واز لە وتاری سەر شاشەکان بێنن و روفاتی کەس و کارمان بۆ بێنەوە تا ئێمەش بە حەسرەتی ئەوانەوە سەرنەنێینەوە لەژیانی شایستەی ئێمە گەڕێن کە نایبینین ژیانی شایستە بۆخۆتان.
سڵاو لەڕوحی سی وسێ سالەی ئەنفالکراوان بێت چاوەڕوانی تەرمی پیرۆزتانین.