رۆژنامەگەری کوردی لە پاشەکشەدایە
2021-04-22 18:41:59
سالار مەحمود
رۆژنامەگەری کوردی هێشتا لۆکاڵیە
دوای چارەک و سەدەیەک هێشتا رۆژنامەگەری کوردی لە دامێنی پرسی نیشتمانیدایە. سەرەڕای بونی یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و یاسای چاپەمەنی. ئەم کایە تەژیە لە کێماسی. زمانی رۆژنامەوانی ناڕێکخراوەو کایەکە کەرتبوە بەسەر گروپ و حیزب و باڵەکانیدا. کاریگەری ئەم کەلێنانە بەسەر ژیانی گشتیەوە دیارە. زۆر جار وا هەست دەکەی رۆژنامەگەری لەبەرەی نەیاری ئازادیە گشتی و تاکەکەسیەکانە، لەبەرەی فراوانبونی توندوتیژیەکانە. سەرەڕای فرەیی کەناڵ و تۆڕەکانی پەخش و بڵاوکردنەوە سەرباری هەبوونی رۆژنامەنوسی کارامەو دەم و خامەی بەبڕشت پاشەکشەی زۆر هەیە لە ئاستی دەستگرتن بەبەهاکان. زمانی جیهانی و گەردوونی ونە لەناو میدیای کوردستانداو لەبازنەی داخراودا هەر خۆبەخۆ دەنگە دەنگ دەبیسترێت نەک گفتوگۆ.
حکومەت و دەسەڵاتە گشتیەکان بێ کاریگەرو ئامانجن لە بایەخدان بە پاراستنی بێلایەنی کەناڵەکان و، نەبوونی کەناڵی فەرمی بۆشاییەکی ترە.
لەکاتێکدا حوکمڕانان کەناڵی تایبەت بەخۆیان هەیە لەسەر سامان و خەزێنەی گشتی بەڕێوە دەبرێن.
ئەم پرسە پێویستی بە توێژینەوەو ئینجا هەڵوەستەکردن هەیە، بەمژارکردن لەلایەن ناوەندە ئەکادیمیەکانەوە کە ئەوانیش هێشتا بێ سەنگن لە گۆڕینی پارسەنگەکان.
بەپێوەری زانستی میدیا دوو ئەرکی سەرەکی هەیە لەبەجێهێنانیدا دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم.
یەکەم گەیاندنی زانیاری و بەدواداچوون،
دووەم دروستکردنی رای گشتی.
بەداخەوە میدیای کوردی بێبەریە لەبەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.