لەیلا !
2021-04-21 08:51:14
حسێن عەلی شەریف
لە شەوانی كۆتانەهاتووی باكوری نەرویجدا، لە چاوەڕوانی درێژخایەنی كەمپە دورەدەستەكەدا، لەیلا تاكە ڕۆشناییەك بوو بۆ هەمومان !
خەندەیەكی جوانی هەمیشەییو تیشكی چاوە سەوزەكانیو ڕوخساری ناسكی سەدەف ئاسای، ئەو دیمەنانە بوون كە تەواوی دانیشتوانی كەمپەكە وزەیان لێوەرئەگرت.
لەیلا هەموو (موزڵیم)ەكانی خۆشئەویست، بەڵام لەبەرانبەر غەیرە موسڵمانەكاندا خۆی لائەداو نەیئەدواندن!
هەر كەسێكی تازە ئەهاتە كەمپەكە، لەیلا لێی ئەپرسی: یو موزڵیم؟
ئیتر بە دیندارو بێدینەوە، بە ماركسیو عەلمانیەوە، بە كۆمۆنیستو ئیسلامیەوە بە كوردو ئەفغانیو سۆماڵیەوە هەر هەمومان لەبەرانبەر پرسیارەكەی لەیلادا ئەمانگوت: یەس ئایم ئە موسلیم!
جوانیو میهرەبانیەكەی لەیلا، ئامرازێك بوو بۆ ئەوەی كە بێدینەكانیش ڕێز لە دیندارەكان بگرن.
لەمانگی ڕەمەزاندا ئەوانەشی بەڕۆژو نەبوون لە ڕوویان نەئەهات لەبەرچاوی لەیلا نان بخۆن!
كە نوێژیشی ئەكرد دەستەكانی جار جار ئەگرتو جاری واش ئەبوو لە كاتی خوێندنی ئەلحەمدودا بەدەنگی بەرز ئەیگووت:
ئەلهەمدو لیلاهی رەبول ئالەمین ئەلرەهمانو رەهیم، هەردوو دەستەكانیشی بۆ ئاسمان بەرز ئەكردەوە.
دیمەنی لەیلا لەكاتی نوێژكردندا كە بەشێوەی خۆی ئەیكرد هێندە جوانبوو كە هەمومانی ئەوەستاندو سەری پێ ئەكردینە خوار.
ئەو ئەگەرچی جگە لە زمانی چیچانیو ڕوسی هیچ زمانێكی تری نەئەزانی، بەڵام تەنها بە خەندەو میهرەبانیەكەی لە هەمومان ئەگەشتو هەموشمان لەو ئەگەشتین.
ئەو ڕۆژەی ئەبو مەروانو ژنەكەی هاتنە كەمپەكە، پێچەوانەی لەیلا جگە لەهەندێك عەرەب سڵاویان لەكەسی تر نەئەكرد.
ئوم مەروان سەراپای داپۆشراو بوو، عەقڵو خەندەو ڕێزگرتنی بەرانبەریشی هەمانشێوە!
لەیلا هەموو ئەوانەی كە بە زمان ئەیانگوت ئایم ئە موسلیم، بە براو خوشكی خۆی ئەزانیو هەرگیز شتەكانی تر بۆ گرنگ نەبوو.
ئوم مەروان تەنها ئەو ژنانەی بە موسڵمان ئەزانی كە وەك خۆی داپۆشراو بوون، ئەبو مەروانیش جگە لە هەندێك كەس تەواوی دانیشتوانی بە كافر ئەبینیو كێشەی گەورەی لەگەڵ كوردە كافرەكانی (خۆی گوتەنی) دۆستی ئیسرائیلدا هەبوو.
ئەوەی لێی ئەترساین ئەوە بوو كە ڕویدا، ئوم مەروانو لەیلا بوون بە هاوڕێ.
ئیتر لەوێوە پرۆسەی ئەبێتو نابێتو جائیزەو ناجایزەو قەبوڵەو قەبوڵ نیە دەستی پێكرد.
بەر لە هاتنی ئەو ماڵە فەلەستینیە، لەیلا خودای لەڕێگەی هزرو بیركردنەوەی خۆیەوە ئەناسیو عیبادەتی بەپێی ویستی دڵ ئەكرد، بەڵام دواتر خودایان لەڕێگەی دەقو یاسای مرۆڤەكانەوە پێناساندو عیبادەتیشیان لەڕێگەی قیلو قالەوە فێركرد.
لەیلا لە خوشكە میهرەبانەكەی خۆی گوتەنی (موزڵیمەكانەوە) گۆڕا بۆ ئەو ژنەی كە جگە لە ماڵ ئەبو مەروان مەرحەبایی كەسی تر نەكات.
لەیلا پێشوتر بەزمانە چیچانیەكەی خۆی قسەی لەگەڵ خودا ئەكردو ئەشیتوانی قسەكانی لە دڵیەوە بخاتە سەر زمانی، بەڵام كە دواتر فێریانكرد بە عەرەبی دۆعاكانی بكات، ئیتر جگە لەچەند داوایەكی بچوك كە بەهەڵە لە زمانیەوە ئەهاتە دەر هیچی تری نەئەتوانی.
فێریانكرد كە دەستی ڕاستی بخاتە سەر دەستی چەپو لەسەر ناوكەی بیانگرێت، كە ئەشی پرسی بۆچی ئەبێت وابكەم؟
پێیان ئەگووت شەرع گوتویەتی !
لەیلایەكی ئیمانداری جوان ڕۆشتو لەیلایەكی دینداری داخراو هاتە جێگای!
لەیلایەكی مرۆڤدۆستو خوداناسی جوان ڕۆشتو لەیلایەكی دورەپەرێزو دڵتەنگو ڕوودرژ هاتە جێگای!
ئەو لەیلای كە بێدینەكانیش ڕێزیان لێئەگرتو شەرمیان لێئەكرد ڕۆشتو لەیلایەك هاتە جێگای كە ئیتر كەس گرنگی پێنەدات !
لەیلا ئیمانداربوو، بەڵام كردیان بە دیندار!
باڵەكانی لەیلا لە كاتی ئیمانداریدا هێندە گەورەبوون كە ئەیتوانی بەئاسانی بگاتە لای خودا، بەڵام كاتێك كە ئەوان ڕێگای خودایان بۆ دیاریكرد ئیتر لەو باڵندە باڵكراوە ئەچوو كە تەنها چەند بستێك توانای بەرزبوونەوەی لە زەوی هەبێت!
لەیلا سەد ڕێگەی هەبوو بۆ ناسینی خوداو بۆ خوداپەرستی، كەچی ئەوان نەوەدو نۆ ڕێگایان لێ داخستو تەنها یەك ڕێگایان بۆ هێشتەوە.
بەدەست خۆم نەبوو لە دۆخی لەیلادا بیرم ڕۆشتەوە بۆ ئەو ساڵانەی تێكەڵی ئەبو مەروانە كوردەكان بووم، ئەو پیاوانەی كە عیبادەتی نەنە خەجێو خاڵۆ موستەفامیان بە عیبادەتی هەڵە ئەزانی، بەهۆی شێوەی دەستگرتنو قاچدانانی كاتی نوێژ.
بیرم بۆ لای ئەو پیاوانە ڕۆشتەوە كە هەرچی ڕێگای خودا پەرستیە لە مرۆڤی ئەسەننەوە تەنها ئەو ڕێگا بە قەبوڵ ئەزانن كە خۆیان دیاری ئەكەن.
لای ئەو پیاوانەی كە عیبادەت لایان تەنها خۆ برسیكردنو نوێژكردنەو ناشتنی نەمامو چارەسەری نەخۆشو دروستكردنی سەیارەو ئامێری پزێشكیو تەلەفۆنو فڕۆكە بە عیبادەت نازانن.
بیرم لەو پیاوانە كردەوە كە هانی خەڵكی ئەدەن لە پێناوی خودادا مرۆڤ بكوژێتو ڕقی لە خەڵكانی تر بێت، لەكاتێكدا ئەبوو فێریان بكردایەن لەپێناوی خودادا ژیانی خەڵكمان ڕزگار بكردایەو لەپێناوی خودادا خەڵكیمان خۆش بویستایە!