هەڵبژاردنەكەی تشرین
2021-04-24 19:19:27
یاسین تەها
سەرجەم ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق (10 تشرینی یەكەمی 2021) بەباشی بەڕێوەدەچن، بەڵام هێشتا بارودۆخی ئەمنی لە وڵات دەستەبەری ئەنجامدانی لەوادەی دیاریكراو ناكات.
هەڵبژاردنی پێشوو (2018) لە دۆخێكدا بەڕێوەچوو كە حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان بە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەوە (موقاوەمەی ئیسلامی) لە ترۆپكدابوون و پاڵەوانی شەڕی داعش بوون، بەڵام لەدوای تشرینی 2019 وێنەیان دووچاری شەمزاندن هاتووە و بڕێكی زۆر چڕژی تێكەوتووە، ئێستا لەلایەن بەرەی نەیارییانەوە لە هێزە مەدەنی و تشرینییەكان وەك ڕێگر و سەرانە وەرگر و بارگرانی بۆسەر دەوڵەت وێنا دەكرێن، هەر لەبەر ئەمەش ئەو گروپانە زۆر لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەیە نین و ناوبەناو بەمانۆڕی چەكداری هەڕەشەی ڕاگرتنی دەكەن.
هەڵبژاردنەكە بۆ پەرلەمانە و لەسەرانسەری عێراقدا گشتییە، بەڵام بەوپێیەی هەمیشە شیعەكان خاوەن خوانی پێكهێنانی حكومەتن، پێكهاتەكانی كورد و سوننە زیاتر رۆڵی تەواوكەر دەبینن. چەقی ململانێكە لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوردایە، سەدرییەكان بەخەونی 100 كورسی و سەرۆكایەتی وەزیران، لیستی پالێوراوەكانی خۆیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كرد، مالیكیش بڕستی لەخۆی بڕیوە تا بتوانێت بگەڕێتەوە یان لەوە زیاتر پاشەكشە نەكات، عەبادیش ناوبەناو خۆی نمایش دەكاتەوە و خۆی وەك چارەسەر دەخاتەڕوو، دنیایەك پرسیاریش لەبارەی پرۆژەی سیاسی سەرۆك وەزیرانی ئێستاش (كازمی) هێشتا چاوەڕوانی وەڵامن، نزیك لە بەرەكەی ئەویش عەمار حەكیم لەناو كورد و سوننە خەریكی هاوپەیمانێتییە بەهیوای سەركەوتن بە ڕێگایەكی نوێ.
ئەم هەڵبژاردنە لەبەر خاتری خۆپیشاندەرانی تشرین شەش مانگ بەر لەوادەی دەستوریی خۆی ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەو حیزبانەی لە هەناوی ئەم ڕەوتە جەماوەرییە لەدایكبوون هێشتا دوودڵن لەبەشداریكردن و پرسیارێكیان هەیە: گریمان ئێمەش براوەبووین ئایا "چەكی بەرەڵا" لێدەگەڕێ هیچ هەنگاوێك بنێین؟ بەم هۆیەشەوە مشتومڕی گەرمی ئەمانە بەشداریكردن یان بایكۆتكردنە و ناڕازییەكانیان پاش بێنەو بڕۆیەكی زۆر یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسەیان دواخست بۆ مانگی ئەیلول.
هەڵبژاردنی ئەمجارە هەندێ تایبەتمەندیی هەیە لەوانیتر ناچێت، ململانێكە لەنێوان گەنجە توڕەو ناڕازییەكانی شیعە و هێزە سیاسییە تاقیكراوەكانیاندایە، لەنێو حوكمڕانەكانیشدا شانەخڕێ و بەریەككەوتنی گەورە لەنێوان دوو باڵە سەرەكییەكەی شیعەیە: سەدر و حەشد، لەدەرەوەی ئەوانیش هێزە چەكدارە وەلائییەكان تارمایی و سێبەریان بەسەر بارودۆخەكەدا زاڵە و ئەگەرچی بەشداریی ناكەن بەڵام وەك عەرەب دەڵێت "نائامادەی ئامادەن".
لەكوردستان و ناوچەكانیتری عێراق چیتر باوی هاوپەیمانێتی نەتەوەیی و تایفی گەورە نەماوە، لە یاسای هەڵبژاردنیشدا دەرفەت هەیە بۆ كاندیدی سەربەخۆ و ناوچەیی ئەگەرچی مەرجەكانی قورسە، بەم پێیەش لە 2021 دەبێت خەم و بەرنامە لۆكاڵییەكان بەسەر دروشمە گەورە سەرانسەرییەكاندا زاڵ بن كە لەدوای 2003 وەرزەكانی هەڵبژاردن پێ بەڕێدەكرێت، بەڵام لە عیراقدا هەمیشە یاریكەرە سیاسییە بەهێزەكان توانایان هەیە سەرجەم ناونیشان و ناوەڕۆك و چەمكەكان لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە.