سەرەقەڵەمێک بۆ ئەگەرێک..
2021-04-21 12:24:36
چالاك ئاغجەلەری
بەئاوڕدانەوە لە مێژووی دینی ئیبراهیمی و راکێشانی کێشمەکێشە سیاسیەکان و تێوەگلانی بە بابەتی جیاوازی لە مەعرفە و گەیاندنی ئیلهامی خوداکەیان، زۆرێک کێشە و گرێی نەکراوەی بەجێهێشت کە تائەم ساتەش هەر لەو کێڵگە ڕەقەدا تۆوەکەی ئەچێنن ، بێجگە لە ڕق و رووبەڕووبوونەوە هیچی لێ سەوز نەبووە، هەرچەندە ئەم ئەربابە پەیامبەرانە خوێنی یەکترن کە یەکێکیان سەر بە نەوەی ئیسماعیلە کە ئیسلامە و ئەوەی تریان سەر بە نەوەی یەعقوبە کە یەهودە لە کاتێکدا هەردووک لە خۆێنی ئیبراهیمن، ئەو کێڵگە ڕەقەش پێیدەڵێن فەلەستین یان پالەسیتاین.
بەگێڕانەوە و گرێدانی ئەم مێژووە بۆ سەرهەڵدانەوەی کێشەکە بە نەمانی دەوڵەتی عوسمانی دێت کە ٤٠٠ ساڵ ئەو خاکەی لەژێر دەست بوو کەسێک نەبوو دەنگی خاوەندارێتی بەرزبکاتەوە لەمەڕ ئەو زەویە کارەسات هێنە، بەکۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ساڵی ١٩١٧ بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جوەکان درا لەسەر زەوی فەلەستین ، ئەم ئایدیایەش لە دایک بووی رەهەندی ئینگلیزبوو وەک براوەی جەنگ کارتەکەی خستە سەر مێزی بەشە بەشێنە و ئاکام دوای ئەو هەموو بەرهەڵستیەی نەوەی ئیسماعیلەکان، نەوەی یەعقوبی گەیشتنە خواستی خۆیان ساڵی ١٩٤٥ دەوڵەتی جوویان بۆ دەمەزراند بە ناوی ئیسرائیل.
لەم ساڵەوە دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بەهێزتر دەبوو، سەرباری کۆی ئەو ئاستەنگ و دژایەتیانەی بەرامبەری کرا وە یاخود ئەم بەرامبەر دژەکانی دەیکرد، ئەمەش بە پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەسەر جەم بوارەکاندا، کار گەیشتە ئەوەی ئەم دەوڵەتە ٨ مليۆنیە ببێتە خاوەن ٨ کڵاوەی ئەتۆمی ، ئەمەش بۆ خۆی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەر هێرشێک بەروو ڕووی ببێتەوە.
بە تێپەڕینی ساڵەکانی شەڕی سارد ،پێگە و مەکانەتی ئەم دەوڵەتە بۆ ڕۆژئاوا گەرمتر و پڕ بایەختر دەبوو هەرچەندە لە شەڕی نۆکەندی سوێسی ساڵی ١٩٥٦ بەرامبەر میسر ، ئەمریکا پشتیوانی نەکرد بەڵام پێگەی جيۆپۆلەتیکی هێند بەهێز بوو وەک پێگەی ستراتیژی بلۆکی ڕۆژئاوا خەسڵەتی گرتبوو، هەرچەندە ئەم گەرمو گوڕییە لەگەڵ ڕوخانی دیواری بەرلین ساردبوونەوەیەکی باشی بەخۆوە دی بەڵام لە بەهێزی خۆی چاوەکانی لەسەر لا نەچوون!!
کێشە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەخیر دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی ڕەشی وەک داعش ئەستێرەی جووەکانی گەشتر کردەوە و هەروەها پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئآشتی نێوان عەرەب-ئیسرائیل خاڵێکی بەهێزی ترە کە ئەمڕۆ دەوڵەت لە دوای دەوڵەت دەستی ئاشتی درێژ دەکەن بۆ جووەکان و ئەو شەرابە تاڵە( لە ئەجندای فیکری ناسیونالیزمی عەرەبدا) نۆش دەکەن ، کە کێشەی نێوانیان پێویستی بۆ دونیابینیەکی ترە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکاندا، ئەوەی ماوەتەوە دەست بۆ ئەوە ئاشتیە درێژ بکات دەوڵەتی عێراقە!، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی هەژموونی ئێرانگەرا ڕێگەکە پڕ هەڵدێرە لەم پەیوەندیە کە پێی ئەچێت حەوزەی نەجەف و سیستانی مەیلیان لێبێت ئەو ئاراستەیە بگرن ، ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە ئێران لە حاشیەدا بێت.
سەرە قەڵەمیش مەرج نیە سەتا سەت بۆ چوونەکە بپێکێت، بەڵام شرۆڤەیەکە بۆ ئەگەرێکی دوور مەودا هەروەها پاپای فاتیکانیش بەشێکە لە سیناریۆکە!!