Draw Media

ئایین و ده‌ركه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا

ئایین و ده‌ركه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا

2021-04-24 18:18:36


ئومێد قه‌ره‌داخی

به‌ درێژایی ماوه‌ی ساڵانی دوای راپه‌رین ، ئیسلامی سیاسی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بتوانێت  یه‌كێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رێته‌وه‌ ، یان ژماره‌یه‌كی زۆری كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات  ، به‌ڵام ئیسلامی سیاسی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتو بوو  ئیسلامی ئایدۆلۆژیكراو بكات به‌ ئیسلامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ، ئه‌و نۆرم و به‌هایانه‌ی  ئایدۆلۆژیای ئیسلامی هه‌یه‌تی وه‌ك هه‌قیقه‌تی ئیسلام نیشانبدات  و بیكات به‌ به‌شێكی گرنگ  له‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی مسوڵمان له‌ كوردستان ، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له‌ناو ئێمه‌دا  وه‌ك روئیای مسوڵمان و  به‌های ئیسلامیی گه‌ڵاڵه‌یه‌ و  ئیش ئه‌كات و له‌سه‌ر هه‌موو روداوكان كاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌ ، له‌ راستیدا  به‌شێك نییه‌ له‌وئیسلامه‌  رۆحیی و مه‌عنه‌وییه‌ی به‌درێژایی سه‌دان ساڵ مرۆڤی كورد پێی ئاشنا بوه‌ ، به‌ڵكو ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی سیاسیه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین رێگه‌وه‌ خۆی سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر هۆشیاری گشتی مسوڵماناندا و ورده‌ ورده‌ بوه‌ به‌ ئیسلامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ،   له‌ رێگای ماكینه‌یه‌كی ئیعلامی زه‌به‌لاحه‌وه‌ ، له‌ رێگای مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان   گوتاری زۆربه‌ی مه‌لاكانه‌وه‌ ،له‌رێگا مێدیای ئیسلامگه‌راییه‌وه‌ ، هوشیاریی  تاكی ئاییندار  به‌ ته‌واوی پڕكراوه‌ له‌ ئایدلۆژیای ئیسلامی رادیكاڵ، گوتاری میدیای ی كوردی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له‌ پرسی ئاییندا بوه‌ به‌ گوتارێكی ئیسلامگه‌رایی ته‌واو، زمانی قسه‌كردنی نوخبه‌ی رۆشنبیر و ئه‌كادیمی كاریگه‌ر بوه‌ به‌ ئایدیلۆژیایه‌،  لێره‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌ ئه‌بینین كه‌ ئه‌ندام و كادری حزبێكی وه‌ك یه‌كێتییه‌ یان پارتییه‌، یان گۆرانه‌ به‌ڵام رێك وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ ئایین تێگه‌یشتوه‌ ، وه‌ك ئه‌وان ده‌رباره‌ی دیارده‌كان هه‌ڵویست وه‌ر ئه‌گرێت .
 له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ ،  دامه‌زراوه‌یی په‌روه‌رده‌یی له‌ كوردستان شكستێكی گه‌وره‌ی خوارد ، نه‌ قوتابخانه‌ و نه‌ زانكۆكان نه‌یانتوانی دامه‌زراوه‌یی په‌روه‌رده‌یی بن و بتوانن له‌سه‌ر بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی مۆدێرن  تاكه‌كه‌س په‌روه‌رده‌ بكه‌ن ، له‌ بنه‌ره‌تدا حكومه‌ت نه‌یتوانی  بینای فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی مۆدێرن بكات و ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ له‌ كادری په‌روه‌رده‌یی قوتابخانه‌ و دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ره‌نگبداته‌وه‌ و دواتریش خوێندكار و تاكی كوردی پێپه‌روه‌رده‌ بكرێت ، حزبكات خاوه‌نی هیچ په‌روه‌رده‌یه‌كی سیاسی نه‌بوون ،خاوه‌ن هیچ روئیا و فكرێكی سیاسی نه‌بوون ،  هه‌موو ئه‌م بۆشاییانه‌ له‌ رووی په‌روه‌رده‌ییه‌و ئیسلامی سیاسی پریان كردوه‌ ، ئایدلۆژیای ئیسلامی سیاسی  سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی  ئایدۆلۆژیاكه‌ی خۆی  وه‌ك هه‌قیقه‌تی   ئیسلام بخاته‌ ناو هۆشیاری گشتیه‌وه‌ ، سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارته‌  نا ئیسلامیه‌كانیشدا ، ئێستا  تێگه‌یشتنی  سوپایه‌ك له‌ ئه‌ندامی پارته‌  به‌حساب عه‌لمانییه‌كان له‌ ئایین هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه‌ كه‌ له‌ ئیسلامی سیاسیدا هه‌یه‌ ،  عه‌قڵی ئه‌و هه‌مان عه‌قڵی كادرێكی ئیسلامی سیاسیه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی كاردانه‌وه‌كانیاندا هه‌ستی پێده‌كه‌ین،
 ئه‌م ئایدۆلۆژیا ئیسلامییه‌ سیاسه‌ كه‌ ئیدی به‌هیواشی بوه‌ به‌ ئیسلامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ،  هه‌میشه‌ شتێكی ده‌وێ زیاتر له‌ ئازادی خۆی ، شه‌ڕی ئه‌و بۆ  به‌رگری نیه‌ له‌ ئازادی خۆی ، به‌ڵكو بۆ سه‌پاندنی هه‌موو به‌هاكان و نۆرمه‌كانی خۆیه‌تی به‌سه‌ر ئه‌ویدی جیاواز و به‌سه‌ر فه‌زای گشتی كۆمه‌ڵگادا ،   ئه‌یه‌وێ هه‌موو دیارده‌ و ده‌ركه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ ره‌نگی خۆی ره‌نگ بكات ،  ئایدلۆژیای ئیسلامی سیاسی دژ به‌ هه‌موو شتێكه‌ جگه‌ له‌ خۆی  ، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووشدا دژ به‌ هه‌موو شتێك كاردانه‌وه‌یان هه‌بوه‌ و هه‌وڵی یه‌كره‌نگكردنی  هه‌موو كۆمه‌ڵگایانداوه‌ ،  تۆ سه‌نج بده‌ ، دژ به‌ گۆرانی و هونه‌رن(  په‌لاماردانی كلیپه‌كه‌ی ماریا هه‌ورامی  به‌ نموونه‌  و ناوبردنی به‌له‌شفرۆش) ، دژ به‌ په‌یكه‌ر و ره‌سمن( شكاندنی په‌یكه‌ره‌كانی پاركی ئازادی به‌ نموونه‌ ) ، دژ به‌ سه‌ما و ره‌شبه‌ڵه‌كن ،  دژی نه‌ورۆزن و به‌ جه‌ژنی  ئاگرپه‌رستی ئه‌زانن ، دژی مه‌سیحیه‌تن و به‌ لاده‌ری ئایینی ئه‌زانن ، دژی جووله‌كه‌ن و به‌ دوژمنێكی هه‌میشه‌یی ئیسلامی ئه‌زانن ، دژی شیعه‌ن و به‌ مونحه‌ریفیان ئه‌زانن ،  دژی یه‌زیدین و له‌ ئاست به‌ كه‌نیزه‌ككردن و جینۆسیایدی ئیزدییه‌كان بێده‌نگن ، ئه‌مانه‌ و زۆری تر

  دامه‌زراوه‌ی ئایینی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا و پێش ساته‌وه‌ختی هاتنی ئیسلامی سیاسی ، دامه‌زراوه‌یه‌كی رۆحی بوه‌ و ئه‌گه‌ری به‌هێزی كرانه‌وه‌ی تیدا بوه‌ ، كاتێكیش سه‌ده‌ی بیست خۆی ده‌كات به‌ ماڵ و ژیانی ئێمه‌ دامه‌زراوه‌ی ئایینی كوردستان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی توند نیشان نادات ، قوتابخانه‌ دێت و جێگا به‌ حوجره‌كان لێژ ئه‌كات ، زانسته‌كانی فیزیا و كیمیا و كۆمه‌ڵناسی دیت و روئیای ئینسان بۆ ژیان و كه‌ون ئه‌گۆرن و دامه‌زراوه‌ی ئایینی هیچ شه‌رێك به‌رپا ناكات و  هیچ به‌ریه‌ككه‌وتنێكی توند روو نادات ،  ئافره‌تی سفورر دێت سه‌رده‌می پۆشینی  له‌چك ماڵئاوایی ئه‌كات و دامه‌زراوه‌ی ئایینی كاردانه‌وه‌ی توندی نابێت ، به‌كورتی  مۆدێلی ئایینداری كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ شێوه‌یه‌یكی ئیجابی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته‌  كۆمه‌ڵایه‌تی و زانسیته‌ نوێییه‌كانی مۆدێرنه‌ مامه‌ڵه‌ ئه‌كات و هیچ به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ئه‌وتۆ روونادات كه‌ جێگای باس بێت ، به‌ڵام كاتێك ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی دێت و هێواش هێواش خۆی ئه‌كات به‌ ئیسلامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆی ده‌سه‌پێنێت  به‌شه‌ۆ هۆشیاری ئایینداری به‌شێك له‌ مرۆڤی ئایینداری ئێمه‌دا، ئیدی به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز گه‌وره‌ترین شه‌ر و په‌لاماردان رووئه‌دات ، بوونی ته‌نوره‌یه‌كی كورت به‌سه‌ بۆ دروستبوونی فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌، بوونی سه‌مای كور و كچێك له‌ ناوه‌ندی شار ، به‌سه‌ بۆ په‌لاماردانی هه‌موو ئازادییه‌كی شه‌خسی، به‌ناوی پاراستنی ئادابی گشتی و ئایین و به‌هاوه‌ ، یه‌ك جۆر به‌های دیاریكراو كه‌ به‌های ئایدۆلۆژیای ئیسلامییی سیاسیه‌ ئه‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگادا
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand