بێبەهاكردنی ژیان و پیرۆزكردنی مردن لەململانێیەكاندا
2021-04-23 13:22:41
د. كامەران مەنتك
مردن پڕۆسەیەكی سروشتیە، لەگەڵ پڕۆسەی لەدایك بووندا لەدیك دەبێت، لەنێوان لەدایك بوون و مردندا هێڵێكی باریك هەیە، كە پێی دەگوترێت ژیان، كاروانی گەشەسەندنی مرۆڤ لەسەر ئەو هێڵەدا لەدایك بەڕێوە دەچێت، گەمە سیاسیەكانیش بە هەمان شێوە لەسەر هەمان هێڵ دەگوزەرێن و هەندێك دەیانەوێت لەپێناو درێژە پێدان بەو قۆناغەو هێنانەدی بەختەوەری ، مردن وەك ئامڕازێك لەپێناو مانەوەی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵام مردنی خۆیان نا بەڵكو مردنی خەڵكانی تر!. بۆیە مردن، كە خاڵی كۆتایی ژیانێكی سروشتیە و گەڕانەوەیە بۆ دۆخێكی ترو گەڕێكی تر، زۆرینەی هەرە زۆری مرۆڤەكان لێی دەترسن، لەبەرئەوەی سروشتی مرۆڤ وایە لە هەموو ئەو شتانە دەترسێت، كە ئەو دیو پەردەكەی لا روونیە!. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ترسە زۆر جار جوان دەكرێت و هانی خەڵك دەدرێت بۆئەوەی لەجیاتی درێژەپێدان بەژیان بەخۆشحاڵیەوە نەك تەنیا بەرەو مردن هەنگاو بنێن بەڵكو بەكارێكی پڕ شكۆو قارەمانانەشی ببینین. ئەو جۆرە مردنە لەئاینەكان و كەلتوورە شۆڕشگێریەكاندا زاراوەی شەهیدبوونیان بۆ داناوە، ئەو زاراوایە بەشێوەیەك پیرۆزكراوە، كە وا لە خەڵك دەكەن بەراكردن بەرەو مردن هەنگاو بنێت، كە ئەمە پێچەوانەی سروشتە، لەبەرئەوەی پڕۆسەی ژیان دەكەوێتە سەر ئەو هێڵەی لەنێوان لەدایك بوون و مردندا هەیە، بۆئەوەی پڕۆسەكە بەشێوەیەكی سروشتی بەڕێوەبچێت، بنەماكە ئەوەیە مرۆڤ بەشێوەیەكی سروشتی هەنگاوەكانی دوای لەدایك بوون ببڕێت و بەسەر هێڵەكەدا رەتبێت تا دەگاتە خاڵی كۆتایی، واتە مردنەكە، كورتی و درێژی هێڵەكە، واتە ئەو رێگایەی لەنێوان خاڵی یەكەم(لەدایك بوون) و خاڵی دووەم (مردنەكەدا) هەیە هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی ئەویش پڕۆسەیەكی پوختی سروشتەو هەندێك مرۆڤ بەهێزو هەندێكی تر بێهێزو هەندێك لەشساغ و هەندێكی تر بەكۆمەڵێك نەخۆشیەوە ژیان دەگوزەرێنن. ئەم دۆخە لەنێو هەموو بوونەوەرەكانی تر بە وەستاوو (داروبارەكان) بزۆكیانەوە(ئەوو بوونەوەرانەی تر، كە لەشوێنێكدا سەقامگیر نین، یا بەقاچەكانیان دەجولێنەوە یاخود بە باڵەكانیان دەفڕن، لەنێویشیاندا مرۆڤ.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لەو باسەدا ئەو یاریانە، كە لەسەر هێڵەكانی ژیان دەكرێت لەپێناو نزیك كردنەوەی مردن بۆ هەندێك كەس بە مەبەستی درێژكردنەوەی ژیانی هەندێكی ترە. كەواتە بەشێك لەمرۆڤەكان هانی خەڵكانی تر دەدەن لەپێناو مانەوەو درێژكردنەوەی ژیانی ئەواندا بمرن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین رێگاو شێوازی جیاجیا بەكاردەهێنن و مردن لە پڕۆسەیەكی سروشتی دەكەنە ئەفسانەیەكی پڕ لە قارەمانیەتی، لە هەمان كاتدا ئەگەر مردنی كەسانی تر نەكەوێتە خزمەت مانەوە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەوان، ئەوا مردنەكە هێندە ناشیرین و قێزەون دەكەن، بەشێوەیەك نەدرێت مەراسیمی لەگۆڕنان و شاردنەوە، بۆ وەك جەستەی مرۆڤێك بۆ كەسە مردووەكە ئەنجام بدرێت، وەك ئەوەی سۆفركلیس لە شانۆنامەی ئەنتگیونا باسی دەكات.
سیاسەتمەداران و سەرمایەداران و پیاوانی ئاینی، هانی مرۆڤەكانی تر دەدەن بۆ ئەوەی هێلەكەی ژیانی خۆیان بپچڕێنن و لەپیناو گەیشتن بەو بەهەشتەی بۆیان دروست دەكەن و ئەو نیشتمانەی بۆیان دادەتاشن و ئەو ئازادیەی خۆیان لێیان زەوتكردوون، بمرن و ژیانی سروشتی خۆیان نەژین. واتە لەژێر دەیان بچم و ناوی جیا جیادا بە بێئەوەی بەخۆیان بزانن ژیانی خۆیان بكەنە قوربانی بەرژەوەندیەكانی ئەوان و لەپەنای بەهەشت و نیشتمان و ئازادیدا، ژیانی خۆیان لە پیناو مانەوەو خۆشگوزەرانی بەرژەوەندیەكانی ئەواندا بەخت بكەن!.
بەداخەوە كەلتووری خۆشەویستكردنی مردن و خۆزگە خواستن بەمردن، لەناو كورددا ئێجگار بەهێزەو تەنانەت لەناو ئەدەب و رۆشنبیری و گۆرانی كوردیشدا رەنگی داوەتەوەو برەوی پێدراوە. كەم گۆرانی هەیە ئەوەی تییا نەبێت، كە كاكی گۆرانیبێژ حەز نەكات كاتێك تێر لە باڵای یاری رادەمێنێت، گیانی شیرینی دەرنەچێت، (راستە مردن ناخؤشە بەڵام ئاواتی منە!). ئەم بیركردنەوەیە ئەفسانەییە بێڕێزیكردنە بەرامبەر خودی پڕۆسەی ژیانەكە، چونكە ژیانە سروشتیەكە واناخوازێت لە یاری رامیێنێت و گیانی دەربچێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە وادەخوازێت، كە تا كۆتایی هێلەكەی ژیان لەگەڵیدا بمینێتەوەو بەو هۆیەوە بەختەوەری و ژیانێكی ئاسوودە بەدەست بێنێت!. كام گەنجی كورد هەبووە خەون بەوە نەبینیت لەسەر چیایەكەوە نەوەستابێت و تفەنگی لەدەست نەبێت و بەرگری لەوڵاتەكەی بكات و لەولاشەوە یارەكەی چركە ساتی ئاویكەو مردنەكەی ببینێت!. بڕۆ ناوچیرۆك و ئەفسانەو لاوك و حەیران و گۆرانی گوردی بەدەیان نمونەی لەو بابەتەت بەرچاو دەكەوێت.
لەراستیدا ئەوە نەخۆشیەكە لەبیركردنەوەو پیویستی بەچارەسەری هەیە، بەرامبەر ئەوەی، كە چین و توێژو خەڵكانی سیاسەتمەدارو بەناوئایندار مردن خۆشەویست دەكەن، پێویستە رۆشنبیران و هزرمەندان مردن بخەنەوە چوارچێوەی پڕۆسە سروشتیەكەی خۆیەوەو رێگا نەدەن، هیچ كەسێك ژیانی كەسانی تر لەپێناو مانەوەو درێژەپێدان بەژیانی خۆی بەكاربێنێت، هێندەی پەیوەندی بە تاكی كوردیشەوە هەیە، دەبێت هان بدرێت و فێری هونەری ژیان بكرێت نەك هونەری مردن، لەبەرئەوەی تاوەكو لە بەهای ژیان تێنەگات هەرگیز ناتوانێت بەهای مردنەكەی بزانێت، چونكە ئەمانە هەمووی بەیەكەوە كۆی پڕۆسەیەكی تەواوە، (لەدایك بوون، ژیان و ئینجا مردن)، بەم چەشنە ژیان دەكەوێتە پێش مردنەكەو ئاسایی دەبێت ئەگەر لەپیناو مانەوەو ژیانەكەدا مردنیش هەڵبژێردرێت، ئەوكاتە بابەتەكە دەكەوێتە دووتوێی خەباتكردن لەپیناو مانەوەدا نەك مردن لەپیناو ژیانی فریوبازو سیاسی پیاوە ئاینی و ئایدیۆلۆژیستە ساختەچیەكانەوە!.