نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆککۆمار و د.بەرھەم بۆ سەرۆکی ھەرێم!
2021-04-23 14:10:23
تەنیا کوردی
خەڵکێکی زۆر بە سیاسییەکانیشەوە دەپرسن، ئایا نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ؟ ھەتا لە بەغدایش شەقامی عێراقی بەخێرھاتنیان کردووە لە ھێزە سیاسییەکانەوە تا رای گشتی و چالاکوانان؛ ھەموو دەڵێن خۆت فێری زمانی عەرەبی بکە! ئەم رستەیە بۆ ئەوەیە کە بەغدا بەخێرھاتنی سەرۆکی داھاتووی کۆمار دەکات، ھەتا بەر لە دانانی سەرۆککۆمار کە د.بەرھەم ساڵح و د.فوئاد حوسێن کاندید بوون، موقتەدا سەدر دوای کرد کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆککۆمای عێراق بێت و پیشنیاری بۆ کرد کە بەماوەی یەک سەعات ھەموو ھێزە سیاسییەکان خۆشحاڵ دەبن، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ڕەتیکردەوە کە ئەم پۆستە وەربگرێت و، د.بەرھەم ساڵح کرا بە سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ.
پرسیارەکە لەوەدایە کە ئایا بارزانییەک دەبێ سەرۆککۆماری عێراق بێت؟ بەڵێ بەتەکید دەبێت، چونکە عێراقێک ئەگەر بنەمای فیدڕاڵی خۆی جێگیر بکات و لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوازن و تەوافق سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ئەبدەیت بکاتەوە بۆچی نا؟ ھەروەک لە دەسپێکی حوکمڕانی دوای رژێمی سەددام، کاک مەسعوود بارزانی لەوێ لە ئەنجوومەنی حوکمدا سەرۆکایەتی عێراقی کرد.
لە دیمانەی دوێنێی شەوی کەناڵی شەرقیە کاتێ لە نێچیرڤان بارزانیان پرسی دەبیتە سەرۆککۆمار؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی، بۆ نا! بەڵام لە ئێستادا بیرم لەم بابەتە نەکردووەتەوە!!.."
کە دووبارە لێیان پرسیەوە وەڵامی نێچیرڤان بارزانی ئەمەبوو؛ "سهرۆك كۆماری عێراق شتێکی کەم نییە، شەرەفێکی گەورەیە، لە هەر پێگەیەک بتوانم خزمەتێک بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكهم، ئامادهم، بەڵام به ڕاستى ئێستا و لهم كاتهدا بەرنامەیەکی وا لە ئارادا نیيە."
کەناڵە پرسیارەکە دەگۆڕێت، ئەمجارە دەڵێ، چاودێران لهوباوهڕهدان كاك نێچیرڤان بارزانی له سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان سهركهوتوو بووه، بهڵام ئهگهر بوو به سهرۆكی حكوومهتی فيدراڵى، ئایا لهو ئهركهیدا سهركهوتوو دهبێت؟
واتە لە سەرۆککۆمار بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ؟ ئەمە ھەر پرسیار و دیدگای کەناڵی شەرقییە نییە، بەڵکوو ھێزە سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێ نێچیرڤان راکێشنە بەغدا..
نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، تەحەدیاتی عیراق گەورەن و کەم نین، ئەوەی ئێستا جهنابى سهرۆك كۆمار بۆ بهرژهوهندیی عێراق دهیكات، کارێکی زۆر باش دهكات، ئەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح پیێ كرابێت تا ئێستا کردوویەتی، بێگومان هەرکەسێکیش ببێتە سهرۆك كۆمار چاوەڕوانی ئهو تهحهدیاتانه دهكات، بەڵام هەموومان دەبێت پێكهوه یارمەتیی سهرۆك كۆمار بدەین، یارمەتيی سهرۆك وهزیران بدەین بۆ ئەوەی بتوانن كارهكانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەن.
نێچیرڤان بارزانی ئەگەر ببێتە سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ ئەوا د.بەرھەم ساڵح دەبێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەم دوایەدا لە بابەت بودجەی پەسەندکراوی عێراقی فیدڕاڵ، بەرھەم ساڵح لە سێبەردا کاری زۆری کرد و بەھەموو ھێزێکەوە لە پشتی گەیشتن بەم رێککەوتنەی نێوان ھەولێر و بەغدا جوڵەی کرد.
لە داھاتووی عێراقدا تایبەت دوای ھەڵبژاردن، شێوازی ھاوپەیمانی لە عێراقدا دەگۆڕێت، کورد و سونەو شیعە ھاوپەیمانێتی نوێ دەبەستن، کە لە ئێستادا سەدرییەکان بۆ ئەم ھاوپەیمانە دەست پێشخەرن و عەمار حەکیم و ھادی عامریش لەسەر ھێڵن، سونەکانیش.
ھەروەک نێچیرڤان بارزانی لە پەیامیدا دوو بنەمای جێگیر و روونی بۆ رای گشتی عێراق بەیان کرد؛
یەکەم، کورد لە قوڵایی ستراتیژی عێراقدا مافەکانی خۆی دەوێ و لەگەڵ لۆژیکی ئێستادا مامەڵە دەکات..
دووەم، پێشکەوتنی عێراق واتە سەقامگیری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام کامە عێراق؟ عێراقێکی فیدڕاڵی ھاوسەنگ لە شەڕاکەت و ئامادە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
بۆیە ھەر ھاوپەیمانێتییەک لە داھاتوو لە ژێر چەتری نەھێشتنی رق و کینەی سیاسی دا دەبێ خۆی بنووسێتەوە. ئەگەر بنەمایەکی جێگیر لە عێراقدا بۆ سیستەمی فیدڕاڵی کەوتە جوڵە، تەکید کەشێکی نوێ لە عێراق دروست دەبێت، سەرۆککۆمار ئەوکاتە کاک نێچیرڤان بێت، یان کاک بەرھەم بمێنێتەوە، یانیش پۆستەکان ئالۆگۆر بکرێن سەرۆککۆمار و سەرۆکی ھەرێم، گرینترینیان وەک کاک نێچیرڤان دەڵێ، دامەزراوەیی بوون گرینگە، کە ھەمیشە جەخت لە عێراقێکی بنەما جێگیری فیدڕاڵ لەسەر حوکمڕانی تەندروست دەکاتەوە.
ھەرخۆیشی عێراقییەکان تێدەگەن، نێچیرڤان بارزانی لە کوێ بێت، ئاشتەوایی لەو شوێنەدا بوونی دەبێت، چونکە کاریزمای نێچیرڤان لەوەدایە کە ھێزی خولقاندنی پێکەوە ژیانی ھەیە، ئەمەش یەکێک لەو زەروورەتەیە کە ئێستای عێراق پێویستی پێیەتی. ھەر لە پۆستی سەرۆککۆمار نا، بەڵکوو لە ھەرێمەوە دەتوانێ ھێزە سیاسییەکانی عێراق کۆ بکاتەوە، ھەمیشە راوێژیش لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم وەردەگرێ، وەک لە چەند رۆژی رابردوو ھەمان کاری کرد و دووبارەو چەند بارەیش دەیکاتەوە.