Draw Media

تاڵیبانی ئەمڕۆ ڕیشی درێژ فەرزناکات!

تاڵیبانی ئەمڕۆ ڕیشی درێژ فەرزناکات!

2021-08-17 05:15:32


حسێن عەلی شەریف

کێشەی گەورەی ئەم میدیای کوردیە بە فەیسبوکیشەوە، ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی بەبێ زانیاری قسە لەسەر ڕوداوی ڕۆژئەکەن، بەتایبەتی ڕوداوەکانی جیهان.
ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئەفغانستان ڕووئەدات، بەوشێوە ئاسان نیە کە ئێمەی کورد بەبێ زانینی هیج زمانێکی تر جگە لەکوردی بەباشی لێی تێبگەین.
زۆرینەی زۆری ئەو شیکردنەوانە و نیشاندانی زۆرینەی وێنە و ڤیدیۆکان، بە تەواوەتی واقعی سەر زەوی لە ئەفغانستان نیشان نادەن.
ئەمەی ئێستا لە ئەفغانستان ڕووئەدات، زنجیرەی چوارەمی وەرزی شەشەمە!
بۆ ئەوەی لە ڕوداوەکانی ئەم زنجیرەیە تێبگەیت ئەوە ئەبێت زنجیرەکانی تری ئەو درامایەت بینیبێت!
تاڵیبانی ئەمجارە ڕیشی درێژ فەرزناکات!
ئەمە قسەی هاوڕێ ئەفغانیە ڕۆژنامەنوسەکەمە، کە دیارە لەم ڕستەدا دەیان ئاماژە و کۆدی تایبەت هەیە کە ئەبێت لێی تێبگەین!
هەڵەی گەورەیە کە ئێمە تاڵیبانی ئەمرۆ لە چاوی تاڵیبانی دوێنێوە تەماشا بکەین.
تاڵیبانی ئەمڕۆ تەنها ئەفغانیەکان خۆیانن و عەرەبی جیهادی و توندڕەویان تێدا نەماوە.
تاڵیبانی ئەمڕۆ لانی کەم هەتا ئێستا  هاوشێوەی ئەو حوکمە ئیسلامیانەی تری وەک داعش و  قاعیدە نیە، ئەمە بەپێی ئەو ڕێکەوتنەیە کە ڕێگە بەتاڵیبان دراوە بگەڕێتەوە سەر حوکم.
ئەگەر لە لێدوانی سەرکردایەتی تاڵیبانی ئەمڕۆ وردبینەوە، تێئەگەین کە لانی کەم تاڵیبانی ئەمڕۆ(درۆ بکەن یان ڕاست) نایانەوێت نمونەیەکی لە تاڵیبانی پێش یانزەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ نیشانبدەن.
ئەوان بە ئاشکرا ئەڵێن کە ئەیانەوێت پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ چواردەور و جیهاندا هەبێت و نایانەوێت لە دوونیا داببڕێن!
گەڕانەوەی تاڵیبانی ئەمڕٶ زۆر جیاوازترە لە گەڕانەوەی تاڵیبانی دوێنێ.
گەرانەوەی دوێنێ لە ناو گەرمەی شەری براکوژی و خۆکوژی گروپە ئەفغانیەکانی سەرکوتوی جەنگی دژ بە سۆڤیەتدا بوو، بەڵام گەڕانەوەی ئەمڕۆ لە کەشێکی ئارامی بێ تەق و تۆقدا ڕوویداوە، ئەمەش گەڕانەوەکەی زیاتر ئاسان و بێگرفت کردووە.
پۆلیس و سەبازانی حکومەتی پێشوی ئەفغانستان بە جلە سەربازیەکانیانەوە هێشتا لە ئەرکەکانی خۆیاندان، بەڵام لەژێر فەرمانی سەرکردە نوێکانی هێزەکانی تاڵیباندان.
لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتەدا تەجاوز نەکراوەتە سەر دام و دەزگا حکومیەکان و تەسفیەی حساب نەکراوە.
تەنانەت تاڵیبان ڕێخۆشکەری کردوە بۆ دەربازبوونی هەموو بەرپرسە حکومیەکان، ئەوەشی کە بریاری مانەوەی داوە بەڵیندراوە کە لەژێر حوکمی نوێی ئەو حکومەتەی کە تاڵیبان بەڵێنی بە پێکهێنانی داوە، بەردەوامی بە کارەکانی خۆیان بدەن.
زۆرینەی زۆری ئەو ڤیدۆیانەی کە نیشانئەدەن خەڵک ئەکوژرێت و خەڵک هەڵئەواسرێت، ڤیدیۆی کۆنن و دوورن لە ڕاستی  ڕوداوەکانی ئەمڕۆی ساحەی ئەفغانستان.
زۆرێک لە دیمەنی ئەو ڤیدیۆ تازانەش کە بڵاوئەکرێنەوە، چیرۆکەکانی بەئەنقەست ئەگۆڕدرێن.
زۆرینەی زۆری ئەوانەشی قسە لەسەر دۆخی ئێستای ئەفغانستان ئەکەن دوو بەرەن.
بەرەیەکیان بە خەیر و شەڕ دژی بزوتنەوەی تاڵیبانن و بەهیچ شێوەیەک دان بە باشەیاندا نانەن و هەر لە هەوڵی ئەوەدان کە تاڵیبان وەک داعش و قاعیدە نیشانبدەن.
بەرەیەکیشیان هەرچی پۆخڵەوات و خراپەکاری تاڵیبان هەیە لەژێر سۆزی ئیسلامیبووندا نابینن و دڵیان پێخۆشە.
ئەوەی کە ڕوونە خەڵکی ئەفغانستان بە چاوێکی دوژمنکارانەوە ناڕواننە تاڵیبانی ئەمڕٶ، هۆکارەکەش ئەوەیە کە هێندە خراپەکاری و گەندەڵیان لە حکومەت و بەرپرسە سەربازی و ئیداریەکانی پێشوو بینیوە کە شەیتانیشیان پێ قەبوڵە نەک تاڵیبان.
وەک ئەڵێن  ئەوەی دانی بیەشێت تەنها خۆی لە ئازاری دانئێشەکە تێئەگات!
هێشتا زووە بڕیار لەسەر تاڵیبانی ئەمرۆ بدرێت، وەکچۆن دژایەتیکردنیان ناحەقیە ئاواش وەسفکردنیان بەهەمانشێوەیە.
بزوتنەوەکە لانی کەم ساڵێک لە حوکمداری پێویستە بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە خۆیان واتەنی بەنیازی ئەمارەتێکی ئیسلامی میانڕەون کە تیایدا هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئەفغانی تیایدا بەشداربێت.
ئەڵبەتە دامەزراندنی هەر دەوڵەتێکی دینی (هەردینێکبێت) نمونەیەکی باشی حوکمداری نابێت لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، بەڵام بۆ ئەفغانستانێکی پەیوەست بە دین، ڕەنگە هەر ئەوەندەی ئەمارەتە شیعەکەی ئێران کارەساتبێت!
بە تێروانین بۆ تەواوی ڕووداوەکانی ئەم وڵاتە لە سەرەتای جەنگی سۆڤیتەوە هەتا ئەمڕۆ، تاکە شتێک کە ڕوونبێت ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکاریانە بەدەستێکی دەرەکی ئەجوڵینرێت و بەرژەوەندی زلهێزەکان چۆن بخوازێت هەرئەوە ڕووئەدات.
ئەوەشی کە هەتا ئێستا نیمچە ڕوونە ئەوەیە کە وەکچۆن دروستبوونی دەوڵەتێکی بەهێزی شیعە زەرورەتێکبوو بۆ زلهێزەکان، ئاواش دروستبوونی دەوڵەتێکی سونەی چەکداری بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێزی هەردوو جەمسەرەکەی سونە و شیعە زەرورەتە.
با پەلە نەکەین و چاوەڕێبکەین کە ڕوداوەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەڕوات کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر لەسەری پێکهاتوون ، یان جارێکی تر بزوتنەوەی تاڵیبان هەڵەی جاری پێشوو دووبارە ئەکەنەوە و لەو خەتە لائەدەن کە بۆیان کێشراوە؟!
با چاوەڕوانبین

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand