ئەو ساتەی واقیع لاسایی خەیاڵ دەکاتەوە
2021-08-17 14:35:39
هیوا فایەق
ئەو ڤیدیۆیەی لەخوارەوە دامناوە و دڵنیام زۆربەی زۆرتان بینیوتانە، ئەوەندە شۆکهێنەرە مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە چەند جارێک سەیری بکاتەوە تا بزانێت تا چەند ئەوەی دەیبێنێت دیمەنێکی ڕاستەقینەیە. ئەوەندەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کۆمەڵێک هاوڵاتی ئەفغانی لە هەوڵی ئەوەدان هەرچۆنێک بووە شوێنی خۆیان لەسەر ئەو فڕۆکە ئەمرییکیەدا بکەنەوە کە کارمەندەکانی خۆی لەترسی توندوتیژی دەسەڵاتی تالیبان دەگوێزێتەوە.
ئەوەی شوێنی باوەڕکردن نییە بە چاوی خۆت بینینت، ئەوەیە کە خەلکێکی زۆر دەیانەوێت هەرچۆنێکە لە دەرەوەی فرۆکەکە و لەکاتی ڕۆشتیندا ڕابکەن تا فریای ئەوە بکەون خۆیان بە بەشی دەرەوەی فرۆکەکدا هەڵبواسن و وەکو ئەو خەڵکەی لە ناو فڕۆکەکەدان ڕزگاریان بێت. ئەم هاوڵاتیانە دیارنین چ کارەن، بەڵام ئەمە وامانلێناکات دیمەنێکی لەم چەشنە ناخمان نەهەژێنێت و واقمان وڕنەمێنێت بەدیارییەوە.
زۆربەی زۆرمان یان ئەگەر خۆشمان بەشداریمان لە ئاوارەبوون وهەڵهاتن لە ترسی کوشتن و بڕین نەکردبێت، ئەوە چەندها دیمەنی جۆرا و جۆرمان بینیوە لەکاتی ئاوەرەبووندا، وەک سەرما و گەرما و برسێتی و ڕۆشتنی دورو درێژ لەژێر بەفروباراندا یان گەرمای پرۆکێنەر، یاخود بەتانییەک بە پشتمانەوە ، منداڵی بچوک بەباوەشەوە و تا ڕادەی لێکدابڕان لە خێزانەکەت و ڕووداوی مردن. یاخود خۆ ڕزگارکردن لە ڕێی ئۆقیانوس و دەریاکانەوە کە پڕە لەمەترسی و سەرکێشی، بەڵام هیچ نەبێت ئومێدێک هەیە بۆ ڕزگاربوون، دەشێت هیچ ڕوونەدات و نەخنکێیت لە ئاوەکەدا، بگەیتە ئەو شوێنەی ویستووتە پێی بگەیت.
بەڵام ئەو دیمەنەی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ لە ڤیدیۆکەدا دەیبینین، من تاکو ئێستا لە هیچ ڕوداوێکی تری سەر ئەم زەمینە بەم شێوازە نەمبینیوە، دەکرێت ئەمە شوکێکی مێژووی گەورە بۆخۆی تۆمار بکات، چونکە مەگەر ئەم جۆرە دیمەنانە بە تەنها لە فیلمە ئاکشنە بێماناکانی مارڤێڵ و هاوشێوەکانیدا ببینین، یان مەگەر لە زنجیرەی فیلمە کارتۆنی وەک ( عەدنان و لینا) دا بێتە بەرچاومان. بەڵام لەو فیلماندا ئەوانەی کاری خۆ هەڵواسین بە تەیاردا بەئەنجام دەگەێنن سوپەر هیرۆن و خەڵکانی ئاسایی نین، چەندەها تەکنیک و فێڵی سینەمایی تێدا بەکار هاتووە تاوەکو قەناعەت بە بینەرەکانی بکات ئەوەی دەیبینێت ڕوداوێکی ڕاستەقینەیە، وەک ئەو ئاکشنانەی تۆم کروز لە فیلمی Mission impossible دەیکات، یان وەک ئەو دیمەنە دروستکراونەی لە زنجیرە فیلمەکانی جەیمس بۆندا هەیە، یاوەخود وەکو عەدنان کە پەنجەکانی قاچی بە قەراغی باڵی فرۆکەکاندا دەنوقێنێنێت تاوەکو نەکەوێتە خوارەوە.
ئاخر هەموو ئەوانەی لە ئەفغانستان خۆیان بەباڵی یان پارچەیەکی تەیارەکەدا بۆ ڕزگاربوون هەڵدەواسن، هیچ هیوایەک و مەنتیقێک بۆ ئەوە نادۆزیتەوە لە کاتی فڕینی تەیارەکەدا خۆی بگرێت و نەکەوێتە خوارەوە، وەک ئەوەی کە بینیمان دووکەسیان دەکەون و دیاریش نییە چەند کەسیتری بەسەرەوەیە و چارەنووسیان چی لێدێت، خۆ ئەمە دەریا و ئۆقیانووس نیە خۆتی لێبدەیت بەخۆت بڵێیت هەرچۆنێک بێت ڕەنگە هیوایەک بۆ ڕزگار بوون هەبێت، ئاوارەبوون نییە بەو شاخ و کێوانەوە ئەگەر چەند ڕۆژێکیش بەپێ بڕۆیت هیوای ئەوەت نەبێ قومێک ئاوت چنگ نەکەوێ.
ئەوەی ئەو دیمەنەی ئەفغانستان پێمان دەڵێت، تەنها کردن و کوشتنی ڕەمزی هاوڵاتیانی ئەفغانستانە کە وەک ووڵاتی خۆمان بەشی هەرە زۆری لە هیچ زەمەن و دەسەڵاتێکدا خێریان لەخۆیان نەبینیوە، لە هەموو گۆڕانکارییەکاندا ئەوان هەر زەرەرمەند بوون، بگرە کراونەتە قوربانی تا سیاسیەکان لە بۆنە تراژیدییەکان و هەروەها بۆ بەردەوامی لە دزیکردنەکانەکانیاندا تەوزیفیان بکەنەوە، هیچ شتێکیان چنگ نەکەوت کە ژیان و گوزەرانیان بەقەدەر ئەوە بۆ باش بکات کە چاوەڕییان کردوە، بۆیە دەگاتە ئەوەی خۆی بەباڵی تەیارەیەکدا هەڵبزەنێ یان فۆرمەکانی تری ڕزگاربوون تاقیدەکاتەوە تا ڕزگاری بێت. جگە لەمانە دوێنێ لە ڕێگەی پەیامەکانی دەرهێنەری سینەمایی (سەحەرا کەریمی)، هەروەها ڕۆمانووسی ئەفغانی (خالیدی حوسەینی) تێدەگەین چ کارەساتێک و تراژیدیایەک لە ڕێی بزووتنەوەی تالیبانەوە لە ئەفغانستاندا ڕوویداوە و ڕوودەدات، هۆکارەکانیشی حکومەتە فاشیل و گەندەڵ و بێسەر و بەرەکەی ئەو وڵاتەیە و پاشان تەنهاکردن و بەشوودانی ئەفغانییەکانە، دەست لێبەردانانیانە لەلایەن ئەمریکایەوە، هەموو فەشەلی حکومڕانی ئەو وڵاتەش لە ئەستۆی ئەمریکایە کە ئەگەر لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بوبێت ئەوا لە ڕووی سیاسیەوە تەواو دۆڕاوە، باوەڕیش ناکەم هێنانەوەی هیچ تەبریرێک لەژێر ناوی هەر ستراتیژێکی سیاسەتی ئەمریکی پاساوێکی ئینسانیبێت تا ئەم بێ ئابڕوییەی ئەمریکا پینە بکات، (وەک ئەوەی بوترێت ئەمە سیاسەتەو ئیتر شتی ئاوها لە سیاسەتیشدا ڕوودەات و دەبێت ئاسایی بێت).
هەمان سیناریۆ بۆ عێراقیش مومکینە ڕووبدات لە دوای كشانەوە و دۆڕاندنی ئەمریکا، بەڵام بە فۆڕم و دیمەنێکی جیاواز، ئەویش بەهۆی ئەم نوخبە سیاسییە فاشیلەی حوکمی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، بەلایەنی کەمەوە پێدەچێت دۆخی وڵاتەکە لەمەی ئێستا خراپتر بێت کە دەگوزەرێت.