Draw Media

 تالیبان و ئێران هاوپەیمانن یان دوژمن ؟

 تالیبان و ئێران هاوپەیمانن یان دوژمن ؟

2021-08-14 10:54:06


عەبدولڕەحمان راشید- رۆژنامەی شەرقولئەوسەت
وەرگێرانی: فازل حەمەڕەفعەت
باوەڕوایە رژێمی ئەفغانستان وەكو ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین، بەر لە كۆتایی ساڵ بە حكومەت‌و پەرلەمان‌و سیاسەتەكانییەوە كۆتایی بێت، رەنگە بەر لەم وادەیەش، سوپای ئەمریكا‌و وڵاتانی هاوپەیمان هەمویان كشاونەتەوەو كۆتاییان بە ماوەی 20 ساڵ بوونی سەربازی خۆیان هێنا، كە گەیشتە نزیكەی (150 هەزار) سەرباز لە رەگەزنامە جیاوازەكان، پاشان كورتبووەوە بۆ شكستهێنان لە یەكخستنی وڵات لەژێر دەسەڵاتێكی ناوەندیدا. 
كشانەوەی ئەمریكا ئاشتی بە ئەفغانییەكان نابەخشێت، بەڵكو بۆشاییەك دروست دەكات كە رەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی جەنگ لەچەند بەرەیەكەوە، پێدەچێت ئێران یەكێك لەو بەرانە بێت، ئایا دۆخە نوێیەكە مەترسییە لەسەر ئێران ؟ ئایا تالیبان دوژمنێكی ئاسایی رژێمی تارانە ؟
سنوری ئێران لەگەڵ ئەفغانستان نزیكەی (هەزار) كیلۆمەترە، ئەم سنورە زۆر درێژە، بەسە بۆ ترساندنی رژێمی ئێران لە دۆخی ئەفغانستان، چ ئەوەی دۆخێكی سەقامگیر بێت لەژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تالیبان یاخود شەڕی ناوخۆیی رووبدات. دیارنییە كاروبارەكان چۆن دڕۆن، بەڵام هەڵەیە شیكاریی پەیوەندی ئەو هەرێمە بە جیهانەوە، ساكار بكرێتەوە. 
رەنگە تالیبان دوژمنێكی دڕندەی ئێران بێت، بەرەی شەڕێكی خوێناوی بكاتەوە‌و ئەو تاڵاوە بە رژێمی ئێران بچێژێت كە خۆی بە وڵاتانی وەكو عێراق‌و یەمەنی كردووە‌و دەیكات، وای لێبكات بۆ یەكەمینجار بكەوێتە دۆخی بەرگیركردنەوە.
تالیبان ئەو هاوپەیمانەی كە ئێرانییەكان ئارەزووی دەكەن‌و چەندین ساڵ دژی ئەمریكییەكان لە ئەفغانستان پشتیوانیان كردووە، جیاوازی مەزهەبی هەیە، تالیبان سوننەمەزهەبە‌و دژی رژێمی "وەلی فەقیه"ی شیعەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی هەڵێنجانی ئەوە بكرێت ململانێ لەنێوان ئەو دوو دراوسێ توندڕەوەدا روودەدات، بەتایبەتیش كە تالیبان لە ساڵانی بەر لە دورخستنەوەی لە دەسەڵات پاش هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ی دژی ئەمریكا كە لە ئەفغانستانەوە پلانی بۆ داڕێژرا، پشتی بە پشتیوانییەكانی ئێران دەبەست، ئێران پاڵپشتی سەربازی پێشكەشی بزوتنەوەكە كرد، سنوری خۆی بۆ ئەو سەركردانەی "قاعیدە" كردەوە كە هەڵاتبوون، باوەڕوایە ئەیمەن زەواهیری كەسی دووەمی قاعیدە پەنای بردوەتە ئێران‌و ساڵانی رابردوو لەوێ ژیاوە، دەوترێت مردووە‌و هەر لەوێ بەخاكسپێردراوە. هەروەها ئێران چاودێری خێزانی ئوسامە بنلادنی كرد‌و هێشتاش پاڵپشتكاری سەرەكی "حەماس"‌و "جیهادی ئیسلامی"یە لە فەلەستین كە هاوپەیمانی جەماعەتی "ئیخوان"ن. دیارترین سەركەوتنەكانیشی لە عێراق بەكارهێنانی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوننە‌و رێكخراوە توندڕەوەكانی عێراق بوو دژی هێزەكانی ئەمریكا. ئێران‌و تالیبان ماوەی چەندین ساڵ هاوپەیمان بوون‌و رەنگە ئەم هاوكارییە بەردەوام بێت، لە كانونی یەكەمی رابردووەوە سەردانی وەفدەكانی تالیبان بۆ تاران چڕبووەتەوە‌و پێشتریش رێبەری باڵا بە ئاشكرا ستایشی تالیبانی كرد. 
نامەوێت لە حوكمدان لەسەر تالیبان‌و سیاسەتەكانی بەشێوەیەكی گشتی‌و بەتایبەتی هەڵوێستی لەبارەی تارانەوە پەلە بكەم، بەڵام رابردوو شاهیدی دانایی بۆ بزوتنەوەكە نادات‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێمی ئێراندا بەبێلایەنی نامێنێتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی دوو گروپی ئایدۆلۆژی ئاینیی چەكدار، كە بە هاوكاری یاخود جەنگ كۆتایی دێت.
بەداخێكی زۆرەوە پێشبینی جێگیركردنی ئاسایش‌و كۆتایهاتنی ململانێ ناكرێت، جا حكومەتی ئەفغانستان بمێنێتەوە یاخود تالیبان دەست بەسەر كابولی پایتەخت‌و حوكمدا بگرێت، ركابەریی لەنێوان زلهێزەكاندا گەرمتر دەبێت، ئەفغانستان یەكێك لەو ناوچە كەمانەی جیهانە كە چینییەكان‌و روس‌و ئەمریكییەكان ركابەرێتی تێدا دەكەن، هێزی ناوچەیش هەن وەكو پاكستان‌و هیندستان‌و ئێران كە هەژمونی لۆكاڵییان لەوێ هەیە‌و دەیانەوێت بیپارێزن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand