Draw Media

کاتێک کابوول دەکەوێت 

کاتێک کابوول دەکەوێت 

2021-08-16 05:17:03


پەیڕەو ئەنوەر

پێناچێت کابوول بکەوێت! بەتایبەت کاتێک ئەمەریکا بڕیاردەدات ٥٠٠٠ سەرباز بنێرێتەوە بۆ راگرتنی کابوول. ئەڤغانستان زیاتر لە ٤٠ ساڵە وەک کۆمەڵگەی دوای جەنگ و ململانێ Post Conflict Society دەردەکەوێت. سەرەتا سۆڤیەت لە جەنگی سارددا دەیکات بە مەیدانی جەنگ. دواتر تاڵیبان! لەکۆتاییدا ئەمەریکا دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە مۆدێرنی بکاتەوە. تا ئەم چرکە ساتە چەکدارانی تاڵیبان لەهەموو گۆشە و لایەکەوە لە پێشڕەوی، هێرشکردن و گلدانەوەی پانتاییدان. ئەم لاوازبوونەوەی حکومەتی ئەڤغانستان چەندین مانا دەبەخشن! گرنگترینیان:
١-بنیاتنانەوەی ئەڤغانستان لەناوخۆ خەیاڵ و فووتێکردنێکی گەورە بوو. ئەمەریکا و هاوپەیمانان پاڵنەربوون بۆ بنیاتنان، رێکخستنی کۆمەڵگە و پەیوەندیکردن بە دۆخی مەدەنیبوونەوە! وێنەکە لای حکومەتی ئەڤغانی شتێکی تر بوو. هیچ ویستێک نەبوو بۆ چوونە نێو ئەوم پڕۆژەوە! کایەی سوپا و سەربازی باشترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لەم پڕۆسەیە. ٣٠٠٠٠٠ سەرباز وەک ناو و موچە لەسەر کاغەز ئامادەیە بەڵام سەربازی فیزیکی و لەمەیدان کەمینەیەکی زۆر کەمن. ئەم دۆخە لە دەوڵەتی کرێخۆردا بووە بە دیاردە. عیراق بەهەمان مۆدێڵ رۆژانە سەربازی سەر کاغەز بەرهەمدەهێنێت. 
٢-نەتوانرا دەوڵەتسازی Building State و ناسنامە سەربخرێت لەو وڵاتەدا. هیچ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نەیتوانی دۆخی مەدەنیبوون بێنێتەکایەوە. وەک تۆماس هۆبس دەڵێت<مرۆڤ گورگی مرۆڤە> هەموو گڕووپەکانی ئەڤغانستان هەڵگری ناسنامە و چوارچیوەی فکری جیاوازن و لەکاتی گەیشتن بەدەسەڵاتدا دەبن بە گورگی یەکتر. هەوڵدرا لەسەرەوە دیمۆکراسی بنیاتبنرێت، لەسەر ئاستی سندوق و فۆڕمی دەنگدان بەبێ بیرکردنەوە لە فەرهەنگی دیمۆکراسی! لەماوەی ٢٠ ساڵدا دەکرێت لەدامێنی کۆمەڵگەوە فەرهەنگێک دروست بکەیت دوو تیمی فوتبۆڵ بەشێوەیەکی دیمۆکراسی ددان بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی یەکتر دابنێن. مەودای نێوان ئەڤغانستان و ئەمەریکا چەند کاتژمێرێکە بەڵام لەڕووی فەرهەنگی سیاسییەوە سەدان ساڵە. خەرجکردنی پارە بەتەنها لەسەرباز بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان سەرباز و کایەی مەدەنی ناتوانێت گەشەپیدانی سیاسی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. 
٣-فۆڕمی پەیوەندی نێوان <ناوەند و پەراوێز> گۆڕاوە. دەکرێت رۆڵ بە هێزە هەرێمییەکان بسپێردرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشیاییەکە. کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەوە ناسراوە هەڵگری دینامیکییەت و گۆڕانی بەردەوامە، پرە لە جوڵە و رووداوی لەناکاو و تازە. چین، تورکیا و پاکاستان و چەند یاریزانێکی تر خۆیان ئامادەکردووە بۆ گەیشتن بە ئەڤغانستان بەتایبەت ئەو وڵاتە لەڕووی جیۆپۆلەتیک و چەند بوارێکی ترەوە زیندووە. چیڕۆکەکە بەرەو ئەوە دەچێت هێزە هەرێمییەکان ئاسایش و ململانێ هەرێمییەکان بەڕیوەببەن و ئەمەریکاش لەسەرووی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتییەوە پارێزگاری لە بەهاکانی بکات و نەهێڵێت لاوازتر بن و کاڵ ببنەوە. دیارە سەرباز بەلای ئەمەریکاوە چیتر ناتوانێت لەدەرەوە سیستمەکە بپارێزن! لەدیدی ئەوان شوێنی سەرباز ناوەوەی ئەمەریکایە نەک دەرەوەی. 
کابوول ناکەوێت بەڵام وانەیەکی گرنگە بۆ ناوچەکە، بۆ عیراق و وڵاتانی تر بەچەندین ماناوە: مەرج نییە بەها سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، پاڵپشتی هێزەکان، هاوسۆزی و هاوبەشبوونیان هەمیشە لەگەڵتدا بمێنێتەوە و راگری پایەکانی سیستمە ناوەکییەکە بن. جیهان لەگۆڕاندایە، بازاڕ و بنەمای جیۆپۆلەتیکی لەگۆڕاندان. پێگە و ناسنامە بۆ هەموو کیانێکی سیاسی لە کارلێکە سیاسییەکانی دێت! چۆن دەزگاکانت دروستدەکەیت، فۆڕمیان پێدەبەخشیت، مانا و ئەرکیان پێدەسپێریت و دواتر بەرگری لە مانەوە و دیمۆکراسیبوونی و ئۆتۆنۆمبوونیان دەکەیت. کابول نەیتوانی ئەم ئەزموونە بۆ خۆی گلبداتەوە، ناتوانێت خۆی رابگرێت لەبەرامبەر تاڵیبان. دیارە تاڵیبان ئەمڕۆ خۆی کراوەتر پیشاندەدات. دوور لە رادیکاڵیەت! گوایە ئێستا خۆی تازەکردۆتەوە و رێز لە مافی پێکهاتە و ژن و تۆلیرانس دەگرێت و گوێگرتن لە میوزیک ئاساییە. ئەڤغناستان بەرەو ئەوە دەچێت وەک دوو یەکە، سیستم و ناوەندی سیاسی لەیەک وڵاتدا دەربکەوێت بەردەوام لە قۆناغی جەنگ و پێکدادان بمێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand