شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات
2021-08-23 20:55:05
ئاراس فەتاح
شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات، ئەم ڕستە بەناوبانگە گوزارشت لە قۆناغێکی تاریکی شۆڕشی فەرەنسیی دەکات. کاتێک پارێزەری ناوداری فەرەنسی پییەر ڤێرنو، پاش لەسێدارەدانی هاوڕێکانی کە سەر بە گروپی ژیروندییەکان بوون، پەلکێش دەکرێت بۆ سەر سەکۆی سێدارە، هاواریکرد و گوتی: هاونیشتیمانیان، مەترسییەکی گەورە لەگۆڕێدایە کە شۆڕش وەکو (ساتورن) بەرە بەرە هەموو منداڵەکانی خۆی بخوات و لەکۆتاییشدا ستەمگەرایی بەهەموو نەهامەتییەکانیەوە لەدایکبێت. بێگومان ساتورن هێمایە بۆ ئەو خوداوەندە یۆنانییەی کە گوایە هەموو منداڵەکانی خۆی خواردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەزموونی زۆرێک لە شۆڕشەکان، ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە شۆڕش لە قۆناغێکدا وەکو ساتورن، منداڵەکانی خۆی دەخوات. ئەم کردەی خواردنە، بەتۆمەتی خیانەت لە شۆڕش یان لە حیزب یاخود لە سەرۆک دەستپێدەکات و بە لە وڵاتدەرکردن، یان بە گرتن یاخود بە کوشتن کۆتاییدێت.
گەر لەمڕۆدا مەترسییەکی راستەقینە هەبێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان تەنها ئینفلاتی ئەمنیی نییە، بەڵکو دەرکەوتنی سەرەتاکانی کەوتن و داڕمانی ناوەکیی ئەزموونی حوکمڕانی نەوەی دووهەمە لە هەرێمی کوردستاندا کە لە دابەشبوونی زیاتر و قووڵتری کۆمەڵگای ئێمە بۆ چەندین هەرێمی سیاسیی و لۆکاڵیی و شەخسیی و سەربازیی جیاوازدا، بەرجەستەدەبێت.
شۆڕش لە هەرێمی کوردستانیشدا تەنها بە خواردنی منداڵەکانی خۆی کۆتایینەهات، بەڵکو ئێستا لەقۆناغێکی مەترسییدارتردایە، چونکە نەوەی دووهەمی ساتورەکان خەریکی خواردنی یەکتر و منداڵانی دەوروبەری خۆیانن. ئەوەی ئێستا لە شاری سلێمانییدا دەگوزەرێت و ئەو کەشە نائارامییە سیاسیی و سەربازیی و دڵەڕاوکێ کۆمەڵایەتییەی تیایدا دروستکراوە، پیادەکردنی مۆدێلێکە لە دۆخی ناکاوی ڕانەگەیەنراو "حالة طوارئ غير معلنة" کە هەموومان لە سەردەمی بەعسەوە تا دەگات بە جەنگی ناوخۆیی پێی ئاشناین.