Draw Media

لە ئەگەری پۆست ئەمریکای عێراقدا..

لە ئەگەری پۆست ئەمریکای عێراقدا..

2021-08-21 09:15:23



چالاك ئاغجەلەری 

کەوتنی ئەفغانستان لە چاوتروکانێکی سیاسیدا ، کۆی ئەگەر و پێشهاتەکانی ناوچەکەی توشی شلەزانێکی چاوەڕان نەکراوکردەوە بەتایبەت ئەو چاوەڕوانیەی  سەردارە سیاسیەکانی  ناوچەکە بۆ ئەمریکا هەیانبوو ، چاوەڕوانیەک لەو بەخشینە سیاسیەی ئەمریکا بۆ چەند دەیەیەکە سفرەی سیاسی و ئابوری زێڕێنیانی بۆ فەراهەم کردوە، دیارە بۆخۆی ئەم مەست بوونە پڕ لە سەفایە تەواو لە درەوەی دوکانە سیاسیەکانیانی جیا کردۆتەوە لە فەزای بنچینەیی خەڵکانی سیڤیل ، ئەو سیڤیلەی خەونەکانی خۆیان لە بەدیهێنانی سیڤیلازیشنێکی تەندروست شایستە بە ژیانی ئەمڕۆ  بەردەوام دنێژنە نێو ئەو سندوقانەی ( سندوقی دەنگدان) کە وەک گۆڕستانی خەونەکانیان حساباتی سیاسی لەسەر تەبەنی ئەکەن.

ئەمڕۆش هەمووچاوەکان لەسەر عێراقن ، ئاخۆ لە ئەگەری ئەو جوڵە سیاسیەی ئەمریکا کە جارێکی تر ئەفغانیەکانی دیایەوە دەست قەدرێکی نادیار ، ئەبێت بۆ عێراق چی لەگەڵ خۆی ڕابماڵێت ، هاوکات ئەستێرەی کێ و کام لە گروپ، لە ئاسمانی پڕ کێشمەکێشی  ووڵاتی نێوان دوو رووباردا بگەشێتەوە؟
زۆرێک لەو هۆکارانەی لە ئەفغانستان بوونیان هەبوو لە پەیوەند بە بەڕێوەبردنی ئیداری و تێوەگلانیان تا بینە قاقا لە گەندەڵی  بەزیاتر لە عێراقدا  هەیە . ئەم مۆتڤە خوێندنەوەکان بۆ پۆست ئەمریکا لە عێراقدا دەداتە دەست هەمان قەدەر  کەئەفغانیەکان بۆ چەند رۆژێکە  لە ژێر باڵیدا هەناسە ئەدەن.

بەرگە گرتن بۆ ئەم ئەگەرە ( بەجێهێشتنی ئەمریکا)، پشت بە چەند هۆکارێک دەبەستێت لە عێراقدا، یەکەم دەوڵەتداری تەندروست ئەمەش لەو ئاگاییەوە سەرچاوە دەگرێت کە هێزە سیاسیەکان قودرەتی ئەو تێگەیشتنەیان هەبووبێت لە پەیوەند بە خوێندنەوەی بەرامبەر لە چواچێوەی ژیانێکی مەدەنی دوور لەهەر ئیحتواکردن و فەرزکردنی رەئی ئەم گروپ بەسەر ئەوەی تردا لە چوارچێوە نەخشە کێشراوەکەی عێراقدا ( نەتەوە و ئاین و مەزهەب) ، دیارە لای هەموو تاکێکی عێراقی ڕوونە لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە، کێشە قەومی ومەزهەبیەکان بوونە پێخوڕی ئەحزابی سیاسی بەگشتی، هەر بۆیە هەرچی مەدرەسەی سیاسی قەومی ، ئاینی، مەزهەبی گائیفی هەیە  وەڵامدەرەوی ئەو فەراغە سیاسیە/عەسکەریە نابن کە ئەمریکا لە دوای خۆی لەگەڵ جێ پێیەکانیدا  دەمێنێتەوە.

ئاکام لە ئەگەری ئەو روودانە سیاسیە هەرچی ووڵاتانی ئێران و تورکیایە باشترین سوودمەند دەبن لەم شلەژانە ، بە تایبەت تورکیا زۆر وێڵی دەرچەیەکی ئابورییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو تسونامیە سروشتیەی  ئەمساڵ بەرۆکی گرت ، دیارە ئێرانیش جارێکی تر دەرگای فەرزی قەراراتی سیاسی لە عێراقدا دێتە سەرپشت .
ئەوەی بتوانێت رێگەش بە بازاڕە سیاسیە بگرێت گەڕانەوەی ئەو سەتاها ملیار دۆلارەیە کە سیاسیەکان  لە بانکە نێودەوڵەتیەکان دایانناوە، هاوکات گەڕانەوە بۆ چەمکی ئاشتی و یەکتر قبوڵکردن لە چواچێوەی ووڵاتدا، کە ئەم ئەگەرەش  زۆر لاوازە بە هۆکاری بیرتەسکی و کورتبینی ژیانی سیاسی  دەسەڵاتدارانی عێراق بە عەرەب و کورد و ئەوانی تریشەوە.
هەرچی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە  هەیە ، هەژموونی شلەژانەکە قورس تر دەکەوێتەوە، ئەگەر چی پێشتر بیریان لە هەنگاوە کتوپڕەکانی سیاسەتی جۆ بایدن نەکردبێتەوە ، لە مڕۆ بەدوا بێشک بن لە هەر ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو، پێویستە لەسەر دەسەڵاتی کوردی وورد دیراسەی ئاڵنگاریە  کتوپڕەکان بکەن، بە نەتیجە نەدەستوری عێراق و نەچانسی سیاسی بەدەردیان دەخوات، هەرچی دەستورە هێز توانستی کۆی گۆڕانکاریەکانە بەدەستورەوە، هەروەها چانسی سیاسی بۆ  هێزە سیاسیە کوردیەکان تاقی کراوەتەوە و جارێکی تر خەڵکی کوردستان بەو فۆرمەی کە ڤێرژنی کوردایەتی و چەسانەوەی نەتەوە وەک مۆتڤی بەردەوام بوونی لە  چلەکانی  سەدەی رابوردوەوە کەوتە سەرپێ و ئیدامەی بە ژیانی سیاسی خۆی دا تاوەکو ئەمڕۆ ،  بەڵام ژیانی سی ساڵی ژێر دەسەڵاتی ئەم نوخبە حوکمڕانە ئەنجامێکی ترمان پێدەدات تاوەکو ئەندازەی یاخبوون لە نیشتمان و کاڵبوونە و باوەڕبوون بەپرسی کورد، هەروەها ئاراستە سیاسیە دەرەکی و ناخۆییەکان دژەبەرەی هەرێمی کوردستانە ،  لە مڕۆ بەدواوە ئەرکی دەسەڵاتە عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند بکەن و ببنە بەشدارێکی سەر ڕاست لە عێراقدا. بۆ دەوڵەتانی دراوسێش دەکرێت  پەیوەندیەکانیان لە چوارچێوەی دەستوری عیراقیدا بێت ، کۆی پەیوەندیە حزبیە ژێر بە ژێرەکان خزمەت بە سەقامگیری سیاسی ناکات، ئەنجامەکەی پێش ماڵوێرانی خەڵکەکە سەری خۆیان دەخوات!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand