Draw Media

ئەفغانستان

ئەفغانستان

2021-08-21 09:33:45


دانا حه‌مه‌عه‌زیز

لەڕوی دەریاوە، ئەفغانستان یەکێکە لە شوێنە بەرزەکانی سەر زەوی. ڕوبەرەکەی (٦٥٢ هەزار) کیلۆمەتر دوجایە، واتە نزیکەی ئەوەندەو نیوی عێراقە، دانیشتوانەکەی (٤٠ ملیۆن)ە. نیوەی خاکەکەی شاخ و تاشە بەردە، زنجیرە شاخەکانی بە چەندین لوتکەی بەرزی سەرو حەوت هەزار مەتریی سەرنجڕاکێش بەرەو ئاسمان هەڵکشاون، (نەو شاخ) بڵندترین لوتکەیە کە بەرزیەکەی (٧٤٩٢ مەتر)ە.

ئەفغانستان، هەرچەندە هەژارو بێ دەرامەتە، بەڵام جوگرافیایەکی سیاسی گرنگی هەیە، ئەکەوێتە نیوان پاکستان و ئێران و سێ کۆماری سۆڤێتی جاران (تاجیکستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان)، لە خۆرهەڵەتیشەوە بە درێژایی (٧٦ کیلۆمەتر) لەگەڵ چیندا هاوسنورە.

ئەفغانستان پێکهاتەیەکی دیمۆگرافی ئاڵۆزی هەیە، لە ٤٢% پەشتون، لە ٢٧% تاجیك (فارس)، لە ٩% هەزارە (فارسی زمان)، لە ٩% ئۆزبەکی، لە ٤% ئەیماقی، لە ٣% تورکومان، لە ٢% بەلوج، لە ٤% پێکهاتەی تر. لە ٩٩.٨% خەڵکی ئەفغانستان موسڵمانن، کەمینەیەکی بچوکی هیندۆس و سیخ و بودی هێشتا لە ئەفغانستان ماون. فارسی و پەشتون (هەردوکیان سەر بە گروپی زمانی ئارین) زمانی فەرمی وڵاتن. هەموو دانیشتوانی ئەفغانستان فارسی ئەزانن. فارسی ئەفغانستان کە بە (داری) ناسراوە، چ لەڕووی وشەو چ لە ڕووی فۆنەتیك و دەربڕینەوە، لە فارسی ئێران نزیکترە لە زمانی کوردییەوە.

هەزارە، مەزڵومترین پێکهاتەی ئەفغانستانە، مەزهەبیان شیعەیەو ڕوخساریان خڕەو لەشیوەی خەڵکی خۆرئاوای چینن. روخسارو مەزهەبیان بۆتە مایەی کەساسی بۆیان، هەمیشە وەك هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرێ، بەردەوام سوکایەتیان پێئەکرێ و چەندینجار دوچاری لەناوبردن بونەتەوە.

ئەفغانستان، بەدریژایی مێژووی نوێ، مەیدانی ململانێی نێوان بریتانیاو ئیمپراتۆریەتی ڕوس بووە، هەرچەندە وڵاتێکی ناجێگر بووە لەڕوی سیاسییەوە، بەڵام سەر بە هیچیان نەبووە. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە ئەوکاتەی کەریم خانی زەند حوکمی ئێرانی گرتە دەست، ئەفغانستان بوو بە شانشین و تەنانەت بۆ ماوەیەك حوکمی پارێزگای خوراسانی ئێرانیشی ئەکرد. تا سەدەی هەژدە، ئەفغانستان ناوی خوراسان بوو. دوای کۆتایی سێەم شەڕی ئەفغان و بریتانیا، ساڵی ١٩١٩ ئەفغانستان بوو بە شاننشینێکی تاڕادەیەك جێگیر، ئەمانوڵا خان بۆ ماوەی دە ساڵ، نادر شا بۆ چوار ساڵ و حەمە زاهیر شا بۆ چل ساڵ پاشای ئەفغنستان بوون. ساڵی ١٩٧٣ حەمە داود خان کودەتای بەسەر حەمە زاهیر شای ئامۆزایدا کردو ئەفغانستانی کرد بە وڵاتێکی کۆماریی، داود خان کابرایەکی دکتاتۆر بوو بە پشتیوانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێت، بانگەشەی ئەوەی ئەکرد کە ئەفغانستان ئەکاتە وڵاتێکی مۆدێرن!

نیسانی ١٩٧٨ نور موحەمەد تەرەقی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی گەل، بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤێت، کودەتایەکی خوێناوی بەسەر داود خاندا کردو خۆیی و بنەماڵەکەی لەناو برد. دوای ئەوە یەکێتی سۆڤێت بۆ جێگیرکردنی ڕژێمکی کۆمۆنیستیی، گەورەترین هێزی سەربازیی لە ئەفغانستان جێگیر کردو وەك کۆماری شانزەیەمی یەکێتی سۆڤیت مامەڵەی لەگەڵ ئەم وڵاتە ئەکرد، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەپارەو بەچەك پشتیوانی گروپەکانی موجاهیدینی ئەکرد. موحەمەد نەجیبوڵا دوا سەرکۆماری کۆمۆنیستی سەر بە مۆسکۆ بوو.

ساڵی ١٩٨٩ دوای پاشەکشەی سوپای سۆڤێت لە ئەفغانستان، کۆمارە کۆمۆنیستییەکە سەرباری پشتیوانی ماددی و سەربازیی سۆڤێت و دواتر ڕوسیا، بەرەو ڕوخان ئەڕۆیشت. ساڵی ١٩٩٢ کە هیزی موجاهیدەکان بەسەرکردایەتی بورهانەدین ڕەبانی سەرۆکی حیزبی جەماعەتی ئیسلامیی و گوڵبەدین حیکمەتیار سەرۆکی حزبی ئیسلامی گەیشتنە کابۆل، نەجیبوڵا دەستی لەکارکێشایەوە، ویستی بەرەو هیندستان بفڕێ بەڵام بۆی نەکرا، بۆیە هەر لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە کابۆل مایەوە تا سالی ١٩٩٦، کە ساڵی ١٩٩٦ تالیبان هاتنە سەر حوکم، یەکەم کەس نەجیبوڵا یان کوشت.

زۆرینەی دانیشتوانی ئەفغانستان لەخوار هێڵی هەژارییەوەن. ئەم وڵاتە جگە لە کشتوکاڵێکی سەرەتایی و خراپ، خاوەنی سەرچاوەیەکی ئابوری نیە، سامانە سروشتییەکانیشی بەردەست نین یان دەرهێنانیان گرانە. بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هەر لەسەر پشتیوانی دارایی وڵاتان ژیاوە. ئێستا، سەرچاوەی دارایی ئەفغانستان، کۆمەکی ئەمریکاو ئەوروپایە. بەپێی ڕێکكەوتنی ئەمریکاو تاڵیبان، ئەگەر تاڵیبان لاساریی و ناجسنی نەکات، ئەو کۆمەکانە ئەشێ بەردەوام بن!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand